بۆ چی دەبێت گەلی کورد بکرێتە قوربانی کێشە و ململانەی سیاسی نێوان وڵاتان! محەممەد سولێمانی

قەیرانە سیاسی و ئەمنیەکانی سوریە و ئێراق و تورکیە بۆیە دێنە نێو خاکی کوردستان هەتا بەهەموویان پیلانی لە نێوبردنی ئەزموونی سیاسی و کۆتای بە حوکمڕانی کوردی لە ناوچەکەدا بێنن.

دوژمنی خاك و خوێن، ئەگەر خۆی بەدۆستیشت پێشانبدات، هەرگیز دڵسۆز و پشتیووانی خواستە سیاسی و نیشتیمانیەکان لە کورد ناکات. بۆیە ڕێبەرانی کورد دەبێت چاو گوێیان کراوەتر لە ساڵانی ڕابردووبێت، دراوسێکانی کوردستان هیچ کامیان بەدڵ پشتگیری لە کورد ناکەن و بۆیە دەبێت زۆر بە وشیاری خۆیان لە گەڵ رووداوەکاندا بەرنە پێشەوە و بۆ ئەوەی نەکەوینە نێو بەرداشی ئەو مل ملانەی لە شکڵ و فۆرمی نوێدا سەری هەڵداوە.
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لوێشدا بەشەکانی کوردستان خەریکە دەبن بە جێگای یەك لایکردنەوەی مل ملانەی نێوان زلهێزەکانی دونیا و ئەو ناوچەیەی کە روبەری جوگرافیاکەی کوردستانی لێهەڵکەتووە،بە هۆی ستراتیژی و بەرژەوەندی ئابووری هێندێك وڵات دەیان هەوێت کۆی قەیرانە جیهانیەکان بۆ پاراستنی هاوسەنگی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بگوازنەوە بۆ نێو خاکی کوردستان بەمەبەستی یەكلایکردنەوەی کێشەکان لە قازانجی خۆیاندا. دروستبوون و پەرەگرتنی داعش بە دڵنیایەوە بەهاوکاری و پشتیووانی دوژمنانی گەلی کوردپەرەیگرتووە و داگیرکاریەکانی کروپی تیرۆریستی داعش لە سووریا و ئێراقدا کە بەشەکانی کوردستانیشی خستە ژێر مەترسی دوژمن کارانەی خۆی و، بەڵام گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە گیان و خوێن کوردستانی لە دەستی داعش پاراست. هەرێمی کوردستان کە لە گەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی ئێراقدا هاوبەشی سیاسی و ئابووری و بەڕیوەبردنیان پێکەوە هەیە و، گریبەستێکی دیاریکراوی سیاسی و نەتەوەیان لە سەر ئەرزی واقعدا پێك هێناوە و ، ئەو قەیرانەی داعش بەدوایخۆیدا هێناوە لە ناوچەکەد، بەدڵنیایەوە زیانی زۆر گەورەی بەژێرخانی ئابووری و گەشەکردنی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتانە گەیاندوە کە داگیریانکردوە یان پەرەیان بە کێشە و ئالۆزی سیاسی و ئەمنیداوە. داعش لە ڕێگای بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی نیشتمانی گەلان و دروستکردنی ئاژاوە و نائەمنی ، گەلێك قەیرانی ناهەمواری بەرهەم هێناوە و ئاسایش و ئارامی خەڵك و ناکۆکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و دورستبوونی قەیرانی گەورەی ئابووری کە بەگشتی وەك مەترسی و هەڕەشەی دیار لە سەر ژیانی هاو وڵاتیان ئەژمار دەکرێن، لە سوریە و ئێراق ، بە هەرێمی کوردستانیشیەوە، فشاری زۆری لە سەر ژیانی هاونیشتمانیان دروستکردوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا پێویستە کەمێك لێی بڕوانین و سەرنجی بدەینێ و بەچاوی لێكدانەوە و هەڵسەنگاندن تێیڕامێنین، ئەو خاڵە جەوهەری و گرینگەیە کە” بۆچی دەبێت خاکی کوردستان بەدرێژای مێژووی سیاسیەوە، وەك نەتەوەیەكی گەورەو بندەست و بێ وڵات ببێتە شوێنی یەك لایکردنەوەی کۆی ئەو کێشە و ناکۆکیانەی کە زلهێزەکان و داگیرکەرانی خاکی کوردستان لە نێوانیاندا دێتەکایەوە “. بۆ چی هەر دەبێت گەلی کورد بکرێتە قوربانی کێشەو ململانەی ئەو هێزانەی کە هەوڵی خۆسەپاندن و بەرفراوانترکردنی هێزی خۆیان دەدەن. پاش پێکانی فڕۆکە شەرکەرەکەی روسیا بە هۆی هێرشی ئاسمانی تورکیە و کوژرانی فڕۆکەوانەکەی، لە سەر سنووری نێوان سوریە و تورکیەدا( کوردستان) ئەو دەرفەتەی بۆ روسیا پێك هێنا کە بەکردەوە بێتە نێوکایەکە بۆ لێدان و لە ناوبردنی داعش کە هاتنەناوەی روسیا بە دوومەبەست بوو.
یەکەم: روسیا ویستی ئەو دەرفەتە لەدەست نەدات بۆ ئەوەی خۆی بەسەر ناوچەکەدا فەڕز بکاتەوە و سنوورێك بۆ ئەمریکا و هاوپەیمان دابنێت و سوریە لە مەترسی پێلانەکانی تورکیە بپارێزێت.
دوو: روسیا زۆر زیرەکانە قەیرانی کەوتنەخواری فڕۆکەی وڵاتەکەی وەك فشار و دوورخستنەوەی تورکیە لە قەیرانی سوریەدا بەکار هێنا و چەند جارێك بەجیدی هەڕەشەی لە تورکیە کردوە و ئەو بەڵگانەیشی خستنەروو کە هاوپەیمانی تورکیە و داعش دەسەلمێنێت.
بەڵام ئالۆزیەکان بەوە کۆتایان پێنەهات و بەودوایانە حکوومەتی تورکیەش هێزێکی زۆری لە نزیك “موسڵ” دا جێگرکردوە و هاتنی هێزی ئەو وڵاتە بۆ نێو خاكی کوردستان، لێکدانەوە و تەفسیری جیاجیا و دژ بەیەکی بەدوایخۆیدا هێناوە. هەتا حکوومەتی ئێراق بە پشتیوانی کریملین ماوەی ٤٨ کات ژمێری بۆ چوونەدەری لشکری تورکیە دیاریکردوە و کە پێناچێت ئەو ئۆڵتوماتیمەیش دەسەڵاتدارانی ئانکارا بترسێنێت و هێزەکانیان لە ئێراقدا پاشەکشێ پێبکەن.
کورد پاش سەرهەڵدانی ئەو ئالۆزیانە خەریکە لە نێوخۆیدا تۆشی چەند گۆتاری و کێشە و ئالۆزی نێوخۆی دەبێت وبە جۆرێك رفتار دەکەن وەك ئەوەی نەیاری یەکتری بن و بەو جۆرەش دوژمن و پیلانەکانیان کە لە دژی گەلی کورد دایانڕشتووە لە بیر دەکەن. دیارە ئەو پیلان گێڕیەی کە داعش بەدوایخیدا هێناوە، سەرەتا و بەرلەهەر شتێك داگیرکەرانی کوردستان بۆ لە نێوبردنی ئەزموونی حوکمرانی سیاسی کورد لە هەرێمی کوردستان بە زیریکیەوە پشتیووانیان لە بەرفراوانبوونی قەڵەمڕەوی گروپی تیرۆریستی داعش کردوە و بە شێوەی جۆر بەجۆر هاوکاری و چاوساغیان بۆکردوە. گەلی کورد و سەرکردایەتی سیاسی لە هەلومەرجێکی ئەتۆدا ئەرکی زۆر گرینگ و هەستیاری دەکەوێتە سەرشان و دەبێت بە گیانی کۆدەنگی و هاوپشتی، هاوکاری و یامەرمەتی یەکتری بدەن و بۆ ئەوەی بەسەر نەیارانیاندا سەربکەون، پێویستە کێشە نێوخۆیەکانیان وەلابنێن ولاپەرەیەکی نوێ لەپەیوەندیەکانیاندا هەڵبدەنەوە. ئەگینا بە یەکتری تاوانبارکردن هیچ لە بابەتی مەوزوعی مەسەلەکە ناگۆڕێت. ئەو ئالۆزیانەی کە بەمدوایانە بەرۆکی خەڵکی کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی کوردی گرتۆتەوە، ئەگەر بێت و زۆر بەوشیاری هەڵسوکەوتی لە گەڵدا نەکرێت و لەسەر ئەساسی بەرژەوەندی گشتی نەتەوەی بیرکردنەوەی لەسەر نەکرێت، ئەو دەسکەوتانەی بەدەست هاتوون دەکەونە ژێر مەترسی لە نێوبردن.