خالید عەزیزی: حیزبی دێموکڕات حیزبی دۆینێ‌، ئەمڕۆو حیزبی سبەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێک کۆتایی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی ١٦ی خۆی ڕاگەیاند. کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، “کۆنگرەی ٧٠ ساڵ تێکۆشان” بە دروشمی “خەبات بۆ گشتگیرکردنی گوتاری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پشتبەستن بە یەکگرتن‌و هاوپێوەندی” ڕۆژی شەممە، ١٧ی ڕێبەندان دەستی بە کارەکانی کردو، شەوی چوارشەممە، ٢١ ی رێبەندان کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
لە رێوڕەسمی کۆتایی کۆنگرەشدا کە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ ی ڕێبەندان بە بەشداریی سەدان کەس لە کادرو پێشمەرگەو ئەندامانی حیزب بەڕێوەچوو، کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وتارێکی پێشکێش کرد.
کاک خالید عەزیزی لە سەرەتای قسەکانیدا سڵاوی بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی‌، تێکۆشەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی، چالاکانی سیاسی‌و مەدەنی‌و‌؛ بنەماڵەی شەهیدان‌و زیندانیانی سیاسی بەتایبەتی ناردو، ڕوو بە بنەماڵەی شەهیدان گوتی پەیامی ئێوە بۆ یەکبوونەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشت‌و لە کۆنگرەدا بوو بەباس‌و کۆنگرەی ١٦، ڕێبەریی حیزبی دێموکڕاتی ڕاسپاردوە کە وەک جاران بە هەست بە بەرپرسایەتیی زیاتر لەو پێناوەدا تێبکۆشێ؛ ڕوو بە زیندانیانی سیاسیش گوتی: ئێمە ئێوەمان لەبیر بوو، ئێوە لە زیندا‌ن‌و ئێمە لە کۆنگرەو هەر دوو ئەو مەیدانە تەواوکەری ئەو خەباتەن کە بە هەموومانەوە بەڕێوەی دەبەین.
سکرتیڕی گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاماژە بە گرتنی ١٦ کۆنگرە لە مێژووی ٧٠ ساڵەی تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا ڕوو بە خەڵکی کوردستان گوتی: کۆنگرەی ١٦ ی حیزبی دێموکڕات زۆر بڕیار و ئەرکی بۆ سەرخستنی خەبات دەستنیشان کردوەو هەمووانی لە پێناودا ئەرکدار کردوە، بەڵام ئەوە هەر بە ئێمە جێبەجێ نابێ، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە حیزبی دێموکڕات حیزبی خەڵکی کوردستانەو هەر بە جەماوەری کوردستانیشە دەتوانێ ئەرک‌و بەرنامەکانی بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە بباتە پێشێ کە لە سەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد بۆ ئێمە بەجێ ماوە.
کاک خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە دروشمێکی کۆنگرە، واتە؛ ” حیزبی دێموکرات حیزبی دۆینێ، ئەمڕۆ و حیزبی سبەی خەڵکی کوردستان” کردو لەو پێوەندییەدا گوتی: ئێمە بە داهاتووی حیزبەکەمان، بە داهاتووی خەباتی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشبینین.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە پێداگری لەسەر ڕۆڵی لاوان‌و خوێندکاران لە بەرەو پێشبردنی خەباتی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران باسی لە فرەڕەهەندیی خەباتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کردو تەئکیدی ئێمە لە سەر سیاسەتی ئەو ماوەیەمان ئی ئەوە نییە کە هیچ گومان‌و دوودڵییەکمان لەسەر ماهییەتی کۆماری ئیسلامی هەبێ، ئێمە ئەزموونی ٣٧ ساڵ هەڵسوکەت لەگەڵ کۆماری ئیسلامیمان هەیە، ئێمە لە زۆر بواردا ئەو حکومەتەمان تاقی کردۆتەوە؛ بۆیە ئێمە هەموو لایەنەکانی خەبات دەگرینە بەر بۆیەوەی مەیدانی خەباتی خۆمان لە دژی ئەو رێژیمە بەرینتر بکەینەوەو بە شێوازی جۆراوجۆر بەرەوڕووی بینەوە.
کاک خالید عەزیزی لە درێژەی باسەکەیدا گوتی پڕۆژەی سەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەیە کە لە کوردستان خەڵک لە بەرامبەر وێژمان‌و سیاسەتی حیزبەکەیان، واتە حیزبی دێموکڕات بێ تەفاوت ڕابگرێ‌و هەروەها لە گەمەی ناوچەییدا جۆرێک بجووڵێتەوە پرسی کورد لە ئێران لە پەراوێز بخا؛ ئێمە نابێ رێگە بەوە بدەین و ئەوە ئێمەین کە دەبێ کە بابەتەکانی خۆمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێنینە گۆرێ.
کۆنگرەی ئێمەش بە بایەخدان بەو بابەتانە کۆمەڵە بڕیارو راسپاردەی دەستنیشان کردوە تا بە هاوکاریی هەموومان بەڕێوەی ببەین.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات لە درێژەی باسەکەیدا باسی لە بابەتی “ڕاپرسی”ی لە کوردستانی ئێران‌و هاتنە بەرباسی ئەو بابەتە لە کۆنگرەشدا کردو گوتی: ئێمە ئارەزوومان دەکرد حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وەک حیزبێکی قانوونی لە ئێرانێکی ئازادو دێموکڕاتیکدا بە ئاشکرا تێکۆشانمان هەبا و لە دروستکردنەوەی ئێران و کوردستاندا دەوری خۆمان گێڕابا، هەروەها ئارەزوومان دەکرد ئەو حیزبە کە بۆ ئیدارەی وڵات دروست بووە، رێبەریی ئەو ئیدارەو بەڕێوەبەرییەی لە کوردستان کردبا؛ ئەگەرچی لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێمە بە ئاشکرا لە کوردستان حزوورمان نییە، بەڵام گوتارو قسەو سیاسەتی ئێمە لە نێو کۆمەڵانی هەراوی خەڵکدا لایەنگری هەیەو خەڵکی کوردستان خۆی تێدا دەبیننەوە. بیرۆکەی ڕێفڕاندۆمیش بەو مانایە نییە کە ئێستا بە کردەوە جێبەجیی بکەین، بەڵام ئەو بیرۆکەیە پاشخانێکی دەوڵەمەندی هەیە کە ٧٠ ساڵ تێکۆشان بۆ خەباتی نەتەوەیی و تاقیکردنەوەی هەمو شێوازەکانی خەباتە.
جا بۆیە مادام کۆماری ئیسلامی ئێستاش حاشا لە پرسی کورد دەکا، ئیدارەی کوردستان بە خەڵکی خۆی ناسپێرێ، سیاسەتی سەرکوت‌و زەبرو زەنگی گرتۆتە بەر، لە کوردستان بەشێکی خەڵک بە هۆی نەتەوەیی وەڵا دەنێ، بەشێکی بەهۆی دینی‌و بەشێکی هەم بەهۆی دینی‌و هەم بە هۆی نەتەوەیی پەراوێز دەخا، ئەوە مافی خۆمانە کە لە نیو خۆی وڵاتدا، لە نێو کۆڕو کۆمەڵەکاندا، بە نووسین و لە مێدیادا بڵێین کە مادام هیچ رێگایەکیان بۆ نەهیشتووینەتەوە جیا لەوەی باسی ڕێفراندۆم بێنینە گۆرێ.
کاک خالید عەزیزی لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە پرسی دێموکڕاتەکان کردو گوتی کۆنگرەی ١٦ی حیزب بە گرینگیی زۆرەوە سەرنجی داوەتە داوای کۆمەڵانی خەڵک‌ بۆ یەکگرتنەوەو هەر لەو پێوەندییەشدا کۆمیتەی ناوندیی ڕاسپاردوە کە لەوە بەدوایەش تێبکۆشی لە بەر ڕووناکایی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکڕات پرسی یەکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بباتە پێشێ.
کاک خالید عەزیزی گوتی بۆ ئێمە ئەوە گرینگە کە لە حیزبێکدا بەیەکەوە کار بکەین کە ئەو حیزبە حیزبی هەموومان بێ، هەمومان هەست بەوە بکەین کە ئەندامی حیزبێکین کە بەبێ فەڕق‌و جیاوازی هەست بە ئەمنیەتی سیاسی، حقوقی‌و فەردی بکەین‌و کاتێک دەتوانین ئەو پڕۆسەیە سەربخەین کە لە هەر دوولای دێموکرات بەو چەشنە بیر بکەینەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا مامۆستا ئاشق شێعرێکی بەسۆزی بۆ بەشداران خوێندەوەو هونەرمەند ئاوات بۆکانی مەقامێکی پێشکێش بە بەشداران کرد. پێشکێشکردنی چەپکەگوڵی یەکیەتیی ژنان لەلایەن سۆیلا قادری‌، سکرتێری ئەو ریکخراوەیەو؛ چەپکە گوڵی بنەماڵەی شەهیدان لەلایەن سەیدزادە هەدیە حوسێنی؛ خوێندنەوەی شێعر لەلایەن ئەحمەد قادری‌و سەردار زەنگەنە، دوو شاعیری خاوەن هەستی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕات چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمە بوون.
هەروەها لەلایەن بەڕێوەبەریی کۆنگرەی ١٦ی حیزبەوە خەڵاتی ڕێزلێنان بەسەر کۆمەڵێک هاوڕێیانی حیزبیدا دابەش کرا کە لە سەرخستنی کاروباری کۆنگرەدا ئەرکیان وەئەستۆ گرتبوو.
جێژنی کۆتایی کۆنگرەی ١٦ بە شایی‌و شادیی بەشداران‌و دەنگی خۆش‌و گۆرانییەکانی ئاوات بۆکانی تا کاتی دیاریکراوی خۆی درێژەی پێدرا.