بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بارەی کۆتایی هاتنی کۆنگرەی شازدەیەم

لە ڕۆژانی ١٧-٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٤(٦-١١ی فێورییەی ٢٠١٦)دا کۆنگرەی شازدەیەمی حیزبی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی ٧٠ ساڵ تێکۆشان) لە ژێر دروشمی “کەلکوەرگرتن لە هەموو بەستێن‌و شێوازەکانی خەبات بۆ گشتگیرکردنی گوتاری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەپشت بەستن بە یەکگرتن‌‌و هاوپێوەندی” بەڕێوە چوو. کۆنگرەی شازدەیەم لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتی‌دا کە نوێنەرانی ژمارەیەک لە حیزب‌و ڕێکخراوەکانی کوردستان‌، دەیان کەسایەتیی میوان‌، ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان‌و پیاوانی خاوەن ڕابردووی نێو ڕیزەکانی حیزب‌و پەیامنێرانی کۆمەڵێک لە ڕاگەیەنەکان تێی‌دا بەشدار بوون، بە وتاری تێکۆشەری لە مێژینە، ڕێزدار فەتاح کاویان، کرایەوە. دواتر سکرتیری گشتیی حیزب وتارێکی پێشکەش کرد‌و لە سەر مێژوو‌و ڕۆڵی حیزبی دیموکرات‌و گرنگیی ئەم کۆنگرەیە بۆ بەشداران دوا. هەر لەو ڕێورەسمەدا جگە لە بەرنامەی هونەری کە بە خۆشیی پێکهاتنی کۆنگرەی شازدەیەم ئامادە کرابوو، کۆمەڵێک پەیامی پیرۆزبایی کە لە لایەن ڕێکخراو‌ و کەسایەتییە بیانی، ئێرانی ‌و کوردستانییەکانه‌وه‌ بۆ کۆنگرە هاتبوون، خوێندرانەوە.
کۆنگرەی شازدەیەم لە ماوەی چوار ڕۆژ کۆبوونەوە‌و کاری چڕ‌وپڕو باسی زیندوودا، ئەرکە دیاریکراوەکانی خۆی سەرکەوتوانە، جێبەجێ کرد. لە یەکەم دانیشتنی کاریی کۆنگرە دا، ڕاپۆرتی کۆمیتەی ئامادەکردنی کۆنگرەی شازدەیەم پێشکەش کرا‌و، دوای ئەوەی بەشداران تێبینی‌و پرسیارەکانی خۆیان لە بارەیەوە خستە ڕوو‌و وڵامی پێویستیان درایەوە، ئەم ڕاپۆرتە لە لایەن کۆنگرەوە پەسند کرا.
دووهەم بڕگەی کاری بەرزترین ئۆرگانی حیزب، بۆ باس لە سەر ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرە تەرخان کرابوو. لە سەرەتای ئەم بەشەی کاری کۆنگرەدا، سکرتێری گشتی بەڕێز خالید عەزیزی هەڵبژاردەیەک لە ڕاپۆرتەکەو پوختەی چەند باسێکی پێشکەش کرد.
ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی دوای ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە هەلومەرجی نێودەوڵەتی‌و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌ لە سێ تەوەری سەرەکی پێک هاتبوو. تەوەری یەکەم کە تەرخان کرابوو بۆ ئێران، تیشکی خستبووە سەر بابەتەکانی بنەما‌و ناسنامەی دەسەڵات لە ئێران، کۆماری ئیسلامی لە گەمەی نێودەوڵەتی‌و ناوچەییدا، پرسی ناوکی، کاریگەریی بارودۆخی ئابووری‌و کۆمەڵایەتی لە بەستێنی سیاسیی‌دا، فەزای سیاسی‌و جووڵەی مەدەنی لە نێوخۆی ئێران‌و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی. تەوەری دووهەمی ڕاپۆرتی سیاسی کە تایبەت بوو بە کورد، ڕوانینە بنچینەییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بارەی پرسی کورد بە گشتی‌و پرسی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە تایبەتیی گرتبوە خۆ. لەم چوارچێوەیە دا خوێندنەوەی ئەم حیزبە بۆ پێگەی کورد لە ئێران، پێناسەی جوغرافیای خۆرهەڵات، پێوەندیی کورد‌و تورکی ئازەری، ئایین لە خۆرهەڵاتی کوردستان‌دا، تەوژمی باری ئابووری‌و کۆمەڵایەتی، فەزای سیاسی‌و جموجۆڵی مەدەنی لە خۆرهەڵات‌دا، خرابوونە ڕوو. هەر لەم تەوەرە دا، باسێکی جیا بۆ پرسی کورد لە باشوور، باکوور وخۆراوای کوردستان تەرخان کرابوو.
تەوەری سێهەم‌و لە ڕاستی دا گرنگترین تەوەری ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی ڕوانین‌‌و هەڵوێستەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی گرتبووە خۆ کە لە چەند باسی گرنگ پێک هاتبوو. ئامانجی سیاسیی حیزب‌و ئاقاری خەبات‌و شێوەکانی یەکێک لەو باسانە بوو کە پڕژابووە سەر پرەنسیپی ڕۆژهەڵاتتەوەری، خەباتی سیاسی‌و مەدەنی لە نێوخۆ، چالاکیی پێشمەرگە‌و پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و دەوڵەتی مەرکەزی، بواری دیپلۆماسیی تێکۆشانی حیزب. باسێک لە باسەکانی ئەم تەوەرەش تەرخان کرابوو بۆ هاوپێوەندی‌و هاوخەباتی لە نێوان حیزبی دیموکرات‌و لایەنە سیاسییەکانی دیکە کە پێک هاتبوولە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، لایەنە کوردستانییەکان، کۆنگرەی نەتەوەیی، هاوکاریی نیوان حیزبەکانی خۆرهەڵات‌و سەرئەنجام پێوەندیی نێوان حیزبی دیموکراتی کوردستان و حدکا. لە دوایین باسی ئەم تەوەرەشدا، بیلان و دوورە دیمەنی خەبات‌و تێکۆشانی داهاتووی حیزبی دیموکراتی کوردستان، خرابووە بەر سەرنجی کۆنگرە. ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی دوای چەند کۆبوونەوە‌و دەوڵەمەند کرانی بە سەرنج‌و ڕەخنە‌و تێبینییەکانی بەشدارانی کۆنگرە، پەسند کرا. بە هەڵسەنگاندنی بەشدارانی کۆنگرە، ڕوانینی مەبدەئیانە، ڕاشکاوبوون‌و سروشتی ڕەخنەگرانە‌، لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕاپۆرتە سیاسییە بوون‌و بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.
کۆنگرە لە ڕۆژی دووهەمی کارەکانی‌دا، چووە سەر پێداچوونەوەی بەرنامە‌و پێڕەوی نێوخۆ. لە دەسپێکی ئەم بڕگەیەی کاری کۆنگرەدا، گرووپی ڕاسپێردراوی کۆمیتەی ئامادەکردن بۆ چاوخشاندەوە بە بەرنامە و پێڕەو، ڕوونکردنەوەی پێویستی لە بارەی شێوازی کاری خۆیان‌و ئالوگۆڕەکانی نێو بەرنامە‌و پێڕەو، پێشکەشی بەشدارانی کۆنگرە کرد. لە ماوەی چەند دانیشتنی ڕۆژانی دووهەم‌و سێهەمی کاری کۆنگرە، بەشداران لە ڕەوتی باس‌و بەشدارییەکی چالاکانەو زیندوو لە سەر فەسڵ بە فەسڵی بەرنامە وپێڕەوی نێوخۆی حیزب‌، ئاڵوگۆڕی پێویستیان تێدا ئەنجام داو پەسندیان کرد.
کۆنگرەی ٧٠ ساڵ تێکۆشان، لە ڕۆژی سێهەمی کاری خۆی‌دا، هەر وەها گوێی بۆ ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی پارێزگاری لە پێڕەوی نێوخۆ، هەلبژێراوی کۆنگرەی پازدەیەم ڕاگرت. لەم پێوەندییە دا هەم ئەندامانی کۆمیسیۆنی ناوبراو، هەم بەشدارانی کۆنگرە، کۆمەڵێک سەرنجیان لە سەر پێویستیی گرنگیدانی ئۆرگانە حیزبییەکان بە ڕەچاوکردنی پێڕەوی نێوخۆ‌و هەر وەها بایەخدان بە ڕاسپاردە‌و تێبینییەکانی ئەم کۆمیسیۆنە هێنایە بەر باس‌و ڕێبەریی داهاتووی حیزبیان بۆ لە بەرچاوگرتن‌و جێبەجێکردنیان، ئەرکدار کرد. لە درێژەی ئەو بەشەی کاری کۆنگرە دا، ئەندامانی کۆنگرە دەنگی متمانەیان بە ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە دایەوە‌و هەتا کۆنگرەی داهاتوو، ئەرکی پاریزگاری لە پێڕەوی نێوخۆیان پێ سپاردنەوە.
کۆنگرەی شازدەیەم، ماوە‌و دەرفەتێکی باشیشی دا بە هێنانە بەرباسی خالە بەهێز‌و لاوازەکانی تێکۆشانی حیزب لە بوارە جۆراوجۆرەکان‌دا‌و پێشنیارکردنی ڕێکاری بە سوود بۆ باشکردن‌و زیاتر بەرەوپێشبردنی تێکۆشانی حیزبی. ئەندامانی کۆنگرە زۆر بە ڕاشکاوی لە سەر کەموکووڕی‌و لاوازییەکانی چالاکی‌و تێکۆشانی حیزب، هەر وەها لە سەر دەسکەوتەکان‌و خالە بەهێزەکانی کاروباری پێشمەرگایەتی‌‌و هەڵسووڕانی تێکۆشەرانی حیزب لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات، تێکۆشان‌و ڕۆڵی حیزب لە بەستێنی پەرەپێدانی خەباتی مەدەنی، جێگە‌و پێگەی ژنان لە تێکۆشانی حیزبی‌و بەڕێوەبەریی دامەزراوەکانی حیزب، کاروباری حیزب لە بوارەکانی ڕێکخستن، پێوەندییە دیپلۆماسییەکان، راگەیاندن، دارایی‌و ماڵی، ڕێکخراوە سینفییەکان، پەروەردە‌و فێرکردن‌و هتددا، قسەیان کرد.
کۆمیسیۆنی بڕیارەکانی کۆنگرە، لە ژێر ڕووناکایی باسەکانی ئەم بڕگەیە‌و بڕگەکانی دیکەی کاری کۆنگرەی ٧٠ ساڵ تێکۆشان‌، بڕیارنامەیەکی لە چەندین خاڵ دا گەڵالە‌و ئامادە کردبوو کە لە ڕۆژی چوارەمی کاری کۆنگرە دا، خرایە بەر نەزەر‌و دەنگی بەشداران. کارکردن لە سەر ڕێکاری ڕێفراندۆم وەک یەکێک لە ڕێکارەکانی چارەسەری پرسی کورد لە ئێران، لێکدابرانەکان‌و جێگەیان لە مێژووی حیزب‌دا، پرسی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان، چالاککردنی خەبات‌و تێکۆشان لە نیوخۆ‌و دەرەوەی وڵات‌و لە هەموو بەستێنەکان‌دا، بەهێزکردنی گوتاری نەتەوەیی‌و گیانی یەکگرتن‌و هاوپێوەندی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و کۆمەڵێک پرس‌و بابەتی گرنگی دیکە، لە چوارچێوەی بڕیار‌و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی شازدەیەم دا، نەزەر‌و دەنگی کۆنگرەیان بۆ وەرگیرا‌و جێبەجێکردن و کارپێکردنیان خرایە سەر شانی ڕێبەریی هەڵبژێراوی کۆنگرەی شازدەیەم.
پرسی هەڵبژاردنی ڕێبەری‌و سکرتێری داهاتووی حیزب، یەکێکی دیکە لەو ئەرکە گرنگانە بوو کە کۆنگرەی شازدەیەم بە وردی‌و بە بایەخپێدانەوە هێنانیە بەر باس‌و بڕیاری پێویستی لە سەر دان. کۆنگرە داوای زۆربەی کۆنفرانسەکانی پێوەندیدار بە کۆنگرەی شازدەیەمی بۆ بەردەوامیی هاوڕێی بەڕێز خالید عەزیزی لە پۆستی سکرتێری دا، خستە بەر باسی ئەندامان‌و بەشدارانی خۆی. کۆنگرەی شازدەیەم دەنگی متمانەی دایەوە بە ڕێبەریی هەڵبژێراوی کۆنگرەی پازدەیەم‌ومانەوەی بەڕێز خالیدی عەزیزی لە پۆستی سکرتیری‌داو، ئەرکی ڕێبەریکردن‌و بەڕێوەبردنی حیزب هەتا کۆنگرەیەکی دیکەی پێ سپاردنەوە.
لە ڕۆژی چوارەمی کۆنگرە‌دا، هەروەها کۆمەڵێک لەو پەیامانە خوێندرانەوە کە بە نوێنەرایەتیی کۆنگرەو لە لایەن کۆمیسیۆنی پەیامەکانی کۆنگرەوە بۆ لایەنە جۆراوجۆرەکان، ئامادە کرابوون‌و دەنگی کۆنگرەیان بۆ وەرگیرا. شایانی وەبیرهێنانەوەیە لە ماوەی چوار ڕۆژ کاری کۆنگرە‌دا، دەیان پەیام کە ڕێکخراو‌و کەسایەتییە بیانی، ئێرانی‌و کوردستانییەکان بە مەبەستی پێرۆزبایی‌و بە نیشانەی هاوپیوەندی‌و هاوخەباتی بۆ ئەم کۆنگرەیان ناردبوون، خوێندرانەوە‌و بوونە جێگای سەرنج‌و پێشوازیی بەشدارانی کۆنگرە.
بەم جۆرە، کۆنگرەی شازدەیەم (کۆنگرەی ٧٠ ساڵ تێکۆشان)، پاش چوارڕۆژ کار‌و کۆبوونەوە‌و باسکردن‌و بیروڕاگۆڕینەوە‌و جیبەجێکردنی هەموو ئەرکە دیاریکراوەکانی، بە دوای پەسندکردنی چەندین بەڵگەنامەی گرنگ‌‌و دانی کۆمەڵێک بڕیار‌و ڕاسپاردە‌و ڕێنوێنی، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا. هەر بەم بۆنەیەشەوە پێشنیوەڕۆی پێنجشەممە٢٢ی ڕێبەندان لە ساڵۆنی کۆبوونەوە گشتییەکان لە بنکەی دەفتەری سیاسی، ڕێورەسمی کۆتایی هاتنی کۆنگرە، بەڕێوەچوو. لەم ڕێوڕەسمە دا هاوڕێی تێکۆشەر خالید عەزیزی،سکرتێری گشتیی حیزب، وتارێکی لە بارەی پەسندکراوەکان‌و پەیام‌و راسپاردەکانی کۆنگرەی شازدەیەم‌و ئەرکی لەمەودوای تێکۆشەران‌، ئەندامان‌و سەرجەم ڕێکخراوەکانی حیزب لە نێوخۆ‌و دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد‌و هەموانی بۆ خەبات‌و تێکۆشانی یەکگرتووانەو شێلگیرانە بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئەو ئەرک‌و ئامانجانە راسپارد کە حێزبی دیموکراتی کوردستان، ٧٠ سالە لە پێناویان دا قوربانی دەدا. لەو ڕێوڕەسمە دا هەر وەها ئەو بەشە لە هاوڕێیانی حیزب کە لە ماوەی پێکهاتن‌و بەردەوامبوونی کۆنگرە‌دا زۆرترین ئەرکیان کەوتبووە سەرشان، ڕێزیان لێ گیرا.
پێویستە بگوترێ کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێراوی کۆنگرەی شازدەیەم، ڕۆژی شەممە ٢٤ی ڕێبەندان بە بەشداریی ئەندامانی ئەسلی‌و جێگری ئەم کۆمیتەیە، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی پێک هێنا. ئەم کۆبوونەوەیە، هەڵسەنگاندنی کاروباری کۆنگرەی شازدەیەم‌، دیاریکردنی گرنگترین کارەکانی کۆمیتەی ناوەندیی دوای کۆنگرە‌و باسێک لە هەڵبژاردنی ٧ی ڕەشەممەی داهاتووی ئێرانی خستبووە دەستووری کاری خۆیەوە. لە سەرهەر کام لەو بابەتانە، باسی تیرو تەسەل کرا‌و بڕیاری پێویست لە بارەیانەوە درا.
پەسندکراوو بڕیارەکانی ئەم کۆنگرەیە کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە تێکۆشانی داهاتوومان‌دا دەبێ، بە زوویی دەخرێنە بەرچاوی هۆگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان. کۆمیتەی ناوەندی بە بۆنەی پێکهاتنی کۆنگرەی شازدەیەم، پیرۆزبایی گەرمی خۆی پێشکەشی هەموو تێکۆشەران، ئەندامان‌و دۆستان‌و دڵسۆزانی حیزب دەکا. سوپاسی زۆریشمان بۆ ئەو پشتیوانی‌و هاوپێوەندییە کە خەڵکی کوردستان‌و دۆستان‌و دڵسۆزانی حیزب، لە دەوروبەری کۆنگرە‌و لە ماوەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەدا، لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان پێشانیان دا. هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەین کە دڵگەرم بەو پشتیوانی‌و هاوپێوەندییە جێگای شانازییە‌و بە ڕێنوێنی وەرگرتن لە پەسندکراوەکان‌و بڕیار‌و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی ٧٠ ساڵ تێکۆشان، شێلگیرتر لە پێشوو‌و، بە هێز‌و تینوگوڕێکی زیاترەوە، بۆ وەدیهێنانی ئاواتە لە مێژینەکان هەنگاو دەنێین.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێراوی کۆنگرەی شازدەیەم
٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٤
١٥ی فێورییەی ٢٠١٦