هەستیاری و مەترسی. جەماڵی عەڵیاڵی

دوو چەمکی جیاواز بەڵام زیاتر هاوتەریب دەگەڵ یەکترن. ئەو دوو چەمکە پێویستیان بە دۆخی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ ئەوەی کە وەک دیاردەیەکی زیاتر نەخوازراو بکەونە بەر چاوی مرۆڤ. بزاوی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد پێوەندێکی تایبەتییان بەو دوو چەمکەوە هەیە، ئەوەش خۆی لە خۆیدا نەخوازراوە بەڵام بە پێی یاسای گۆڕینەوەی وزە لە ناوبەین “ماددە”، پەیکەر، بوونەوە، سیستەم، مەنتیقی و خوازراوە. بابەتی بەرچاوی خۆێنەری بەرێز، کوورتە باسێک لە سەر ڕەنگدانەوەی ئەو دوو چەمکە لە ژیانی کۆمەڵایەتی کوردستان لە ڕوانگەی نووسەرەوە.
لە سەرەتا، نووسەر بۆ هاسانکاری لێک تێگەیشتن ناوبەین خۆی و خۆێنەر، لێکدانەوەیەکی خێرا لە سەر واتای ئەو دوو چەمکە دەخاتەوە بیری خۆێنەری بەرێز. مرۆڤەکان تووشی مەترسی دەبن ئەگەر “شتێک”ی نەناسراو لە سەر ڕێگەیان شین بێتەوە و ئەوان نەزانن چۆنی مامڵە دەگەڵ بکەن. کاتێک زانیاری لە سەر “شتە” نامۆیەکە کۆکرایەوە، ئەوسا ئێتر کەس هەست بە مەترسی لە لایەن شتەکە ناکات. هەستیاری لە کات و شۆێنی جیاواز دەتوانێ واتای جیاوازی هەبێت. دوو جەمسەری زەق و دیار لەو بوارەدا یەکەم ئەوکاتەیە کە مرۆڤ هەست دەکات کە لەوانەیە دیاردەیەک بێتە ئاراوە. دووهەم کاتێکە کە مرۆڤ هاوتەریبی “کات”ی حازر نیە، یان لە پاشە یان لە پێش. ئەو دوو حاڵەتە باسی جیاوازی خۆی هەیە و لەو کوورتە نووسراوەیەدا چ جێگەیەکی نیە.
با بگڕێینەوە سەر ئەرزی واقیع. ئاڵوگۆڕەکانی ئەو دووایییانە زیاتر چاوەڕوان نەکراون. بەر لەوەی کە داعەش شکەستی پێ بێت، داگیرکەر، داعەشێکی دووهەمی ساز کرد بە ناوی حەشدی شەعبی. ئێستا کە داعەش خەرێکە دە قولینچکێک دەخزێ خەریکە داعەشێکی سێهەم ساز دەکرێ. داگیرکەری ئێرانی هەوڵی سازدانی سپای پاسدارانی عێراقی هەیە. هەر ئەو داگیرکەرە بەشێک لە خاکی باشووری داگیرکرد بۆ ئەوەی کە مۆڵگەی سوپایی لەسەر سازکات و لەوانەیە مۆڵگەیەکی ئاسایی نەبێت. هەر ئەو داگیرکەرە لە نامرۆڤانەترین شێوازەکان کەڵک وەردەگرێ بۆ ئەوەی کە گەلی کوردمان لە ڕۆژهەڵات زیاتر سەرقاڵی خۆخۆری بکات.
شەڕی مان و نەمان بۆ داگیرکەر لە باکوور هەتا دێت و زیاتر پەرە دەستێنێت. گوند و باژێرەکانی باکوور جگە لە وێرانی کۆبانێ چیتر ناخاتەوە بیر. هەر ئەو داگیرکەرە پێگە و پلەی خۆی لە ئاستی ناودەوڵەتیدا بە تەواوی لە دەس داوە و چاوەڕوانی ئەوەیە کە مۆعجەزەیەک بێت و ڕزگاری بکات.
لە ڕۆژئاوا مەزنترین ئەزموونی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین خەریکە پێنجەمین ساڵی خۆی تێپەڕ دەکات، ئەو ئەزموونەی کە دڵە ڕاوکێی خستۆتە ناو گشتی داگیرکەرانی کوردوستان.
لە باشوور دەسەڵاتی هەرێم پاش ٢٥ ساڵان، یەک لە دەی سەرکەوتنەکانی ڕۆژئاوایان مسۆگەر نەکرد! ئەگەر سازەو ڕێکخراوەی باشوور چ مشوورێکیان لە بەڕێوەبەرایەتیدا نیە ئەی چۆن توانیان پێشەنگی خەباتی دژی بەعس بکەن؟ ئەو خەڵکە گشتیان چەورەو زەبەلاح نین! کەواتە، پێویستە لە ڕوانگەی تر سەیری واقیع بکەین بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕاستییەکان تێبگەین، ئەوش باسێکی ترە لە دەرەوەی ئەو بابەتە.
لە ئاستی ناودەوڵەتییەوە، کەم کەس هەیە کە باسی کوردستانی نەبیستبێ یاخود هەستی بە بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی لە ناو گەلی کوردمانی نەکردبێت. کۆمەڵێک سەرکەردەی ناسراو بە ڕاشکاوی باس لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن. بە پێی شایەتی مێژوو، تا ئێستا نەبووە کە نەتەوەی کوررد ئەوەندە پان و بەرین لە ئاستی جیهانیەوە وەک ئەکتەرێک خۆی دیاری کردبێت، نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناویندا ڕۆڵ و پێگەی خۆی هەیە بەو مەرجەی لێوەشاوەیی بکارهێنانی هەبێ! قسەکە زۆر دەق و زەقە! بەڵام جگە لە ڕاستی چیتر نیە! کارتێکەری فەرهەنگی داگیرکەر کە بە ناوی “زانست” دەرخواردی نەتەوەی کوردیان داوە، زۆر گرانتر لەوەیە کە هەستی پێ دەکرێت. ئەوەندەی کە زۆربەی هێزە سیاسیەکان کەوتوونەتە ریزەکانی دوواوەی ئەو پڕۆسەیەی کە بە هەڵەداو بەرەو پێش دەڕوات! ئەو دیاردەیە بەداخەوە لە ڕۆژهەڵات و لە باشوور زۆرتر بەرچاوە. لە لایەکەوە داگیرکەر لە تەریک کردنەوەی هێزە سیاسییەکان سەرکەوتووە. لە لایکی ترەوە، داگیرکەر لە دابڕاندنی زۆربەی هێزەکانی سیاسی لە گەلەکەمان، سەرکەوتووە. ئەوە دەبێتە هۆکارێک بۆ دیاردەی نەخوازراوی وەپاش کەوتن. وەکوو یاری شەترەنج زۆربەی هێزەکانی سیاسی ڕۆژهەڵات، نۆرەیان پاش داگیرکەرە، واتە داگیرکەر ناڕاستەوخۆ مەجبووریان دەکات بە حەرەکەتێک کە داگیرکەر دەخوازێ! لێرەدا سنووری هەستیاری و مەترسی لە بەر چاوی مرۆڤەکاندا تێک دەچێت و دەبیتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە مرۆڤەکان هەست بە هەستیاری و مەترسی بکەن بەڵام نە لە کاتی خۆیدا و نە لە شۆێنی خۆیدا! ئەوە دەبێتە بە هاوکێشەیەکی بیرکاری کە چ حەللێکی نیە جگە لە قەڵەمبازێکی مەزن بەرەو پێش. ئەوەیە دۆخی هەنووکەیی کوردوستان! پێویستی بە قەڵەمبازێکی گەورە وەکوو پێداویستێکی بە پەلە هەتا دێت و زیاتر دەبێت، ئەو قەڵەمبازە گەورەیە تەنیا یەک چارەی هەیە، بە ڕای نووسەر جگە لە یێکێتی نەتەوەیی ئیتر هیچ چارەیەکیتر نەماوە، هەر هەنگاویتر،هەڵەیە و بەس! نووسەر پێشووتریش باسی ئەوەی کردووە کە یێکێتی نەتەوەیی یاخود هەر ناوێکی لەسەر بنێن، پێداویستی بەپەلەی هەنووکەییە و ئەو یێکێتی نەتەوەییە دەتوانە لە زۆرینەی هێزەکانی سیاسی پێک بێت. بناخەی یێکێتی نەتەوەیی، دڵخوازی و ئارەزوومەندانەیە، کەس مافی ئەوەی نیە کە لایەنیتر مەجبوور بەوە بکات. نووسەر لە سەر ئەو باوەڕەیە کە یێکێتی نەتەوەیی دەتوانێ زۆرینەی هێزەکانی سیاسی و بەو پێوەرە، زۆرینەی نەتەوەکەمان و زۆرینەی کوردوستنانیان لە دەورێ خۆ، کۆ کاتەوە. پێکهێنانی یێکێتی نەتەوەیی هەتا زووتر بێ هەر درەنگە.
جەماڵی عەڵیاڵی ٢٦-٠٦-٢٠١٦