یادی ٤٠مین ڕۆژی کۆچی دوایی فەرماندەی بە وەج ولێهاتووی دێمۆکرات و کوردستان، سەروان چەکۆ رەحیمی

لە یادی چلەمین رۆژی کۆچی نا بەوەختی ئەستێرەی پڕشەنگداری ئاسمانی خەبات و بەربەرەکانی، سەرکردەی بێوێنەو خەباتکاری لە مێژینەو ماندوویی نەناس، ڕۆڵەی وەفاداری حیزب و گەل، ئومێدو هیواو پشتیوانی بە ئەمەگی هاوسەنگەران و دڵسۆزانی گەل و ولآت، مامۆستاو سەروەرمان، هاورێ و برای هەمیشە لە دڵدا زیندومان، کاک سەروان چەکوی سەربەرزو قەت لە یاد نەچوو.

کاکە گیان بە کۆچی ناوەختت خەم و خەفەتێکی گرانت خستە دڵی هەمو ئەویندارانی ڕیگای ئازادی و رزگاری کوردستانەکەت. دیارە هەموو کۆچێک بە دەردە بەڵام خەم و بارگرانی ئەم کۆچەی تۆ بێ سنوورە.

بریا دیبات منال و پیر هەموو خەڵکی ژێر، نزیک و دوور هەموو بە کۆچی ناوەختت ماتەمین بوون، دڵ پڕ لە خەم ، چاو بە فرمێسک. لە مەهاباد شاری پێشەوا و شوینی لە دایک بوونت، لە سنە و لە شنۆ شوێنی فەرماندەهیت، لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە هەندەران، هەر پەیمان نوێ کردنەوەبوو بە دڵگەرمی و وەفاداری و ئەمەگناسی بە رێبازت.

تۆ مژدە بووی ، تۆ هیوا بووی ، تۆ ورە بووی، تۆ هەمیشە وەک باران بە پیت و بەر، پڕ لە بەرهەم، وەک کێوەکانی کوردستان سایە خۆش و دڵنشین بووی. تۆ لە ئەخلاق و کرداردا نموونە و لە سەر بووی. باوەڕت بە خەبات و سەرکەوتنی شۆڕش وەک قەندیل قورس و قایم، تۆ وەک هەڵۆ بەرزەفڕی و ئاوێنەی باڵانوێنی “چۆن بژی نەک چەندە بژی”. تۆ نامری، تۆ لە مردن بەهێزتری. منالە شیرینەکانت، هاوسەرە بە

ئەمەگەکەت، زۆر بە ورەن و وانەکانی خۆڕاگری و ئەوینداری و وەفاداری بە نیشتمان دەڵێنەوە. ئەمڕۆکە بە پانایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، قوتابیە پێشمەرگەکانت بە نرکەی شێرانە و ورەبەرزانە بە خوێنی گەشیان، “جەزیرەی بە ناو ئارامیشی” دڵڕەشان تێک دەدەن و خەو و ژیانیان دەشێوێنن. دڵنیا بە گەلەکەت هەرگیز ڕێگا نادا کەسانی بێ ئیرادەو سست مەرام ئەو رێبازەی تۆ گرتووتە لارێ بکەن و ڕێگا و ڕێبازی تۆو ڕێبەرانی شەهید هەر بەر دەوام و دەڕێژەی هەیە و دەبێ.

تۆ نامری تۆ لە مردن بەهێزتری

پڕشنگدار و سەرکەوتوو بێت خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد بۆ ئازادی و رزگاری