حدکا نامۆ نیە بە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، وڵاتی فرەنەتەوەی ئێران! محەممەد سلێمانی (2)

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بەدرێژای مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی، بەپێی قۆناخ و هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی ئێران و کوردستان، ستڕاتیژی سیاسی و تاکتیکەکانی بزووتنەوەی نیشتیمانی لە پێناوی بەدی هێنانی مافی سیاسی گەلی کورد دەست نیشانکردوە و بڕیارەکانی بەدڵنیایەوە شوێنی کاریگەری لەسەر بەرەوپێشچوونی شێوەکانی تێکۆشانی خەبات لە نێوخۆی کوردستاندا هەبووە. بووژانەوە و پەرەپێدان، بە خەباتی چەکداری بەدژی حکوومەتی تیرۆریستی ئاخوندی ئێران، دیاردەیەك نیە کە گیروگرفت بخاتە بەردەمی وتووێژی ئاشتی ئەگەر هات و دەسەڵاتی تاران ئەو دەرگای بەروی چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەی لە وڵاتدا بکاتەوە. ئەوەی ڕاستی بێت تائێرەش ئەو بابەتە وەك مەسەلەیەکی مەحاڵ و نەزۆك دێتەبەرچاو و بەرویەکەیتریشدا، ئێمە لە کۆمەڵگایەکی دێمۆکراتیك و ئازاد و پێشکەوتووی ئەوتۆدا ناژێن کە شێوەکانی خەباتی سیاسی و مەدەنی بخەینە پێشەوە.
نۆروێژیەکان کاتێك پاش هەرەسهێنانی ئیمپڕاتۆری ” ناپیلۆان” بێ ئاگاداری و ئامادەبوونیان دەخرێنە سەر قەڵەمڕەوی سۆید و ئەو بە حەڵاڵ زانینەی دەسەڵاتی سۆێدیەکان، تا ساڵی 1905ی زایینی درێژەی دەبێ و بێ ئەوەی گولە لە لولەی چەك دەربچێت، دەسەڵاتی سەربەخۆی وڵات بۆ نۆڕوێژیەکان دەگەڕیتەوە و ئێستا وەك دوو وڵاتی دراوسێ و برای باش لە گەڵ یەکدیدا پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. ” بەڵام هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات توشی هەڵەی گەورەی سیاسی و ڕێکخراوەی دەبن، ئەگەر بێت و توێژینەوەی ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتیەیان نەکردبێ کە خەباتی لێدەکەن”. ئەوماوەیە زۆر کەس و لایەن پێیانوایە حدکا بە دەست لە پشتدان و هاندانی هێندێك وڵات و هێزی سیاسی کوردی، کردەوە چەکداریەکانیان بەدژی ڕێژێمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردۆتەوە. دیارە لە ڕابردووشدا ئەو پڕوپاگەندانەمان لەسەر حیزبی خۆشەویستی خەڵکی کوردستان زۆر جاران بەرگوێ دەکەوت، بەڵام بە هۆی سیاسەتی ڕاست و دروستی حیزب ئەو مەسەلانە و بووختان و پروپاگەندەی بێجێ،وەك بڵقی سەرئاو بوونیان نەدەما.
حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هەر وەك لە بەرنامە و ستڕاتیژی سیاسی و نەتەوەیدا هاتووە، بەردەوامدەبێت لە سەر خەبات و تێکۆشانی هەتا بەدی هێنانی مافی سیاسی بۆ خەڵکی کوردستان. سیاسەتی حیزب ئەوەبووە لە ڕابردوو ئێستادا کە ڕێگای چارەسەرکردنی پرسی سیاسی و نەتەوەی گەلی کورد بە توندوتیژی و شەر ناکرێ و دەبێت بە دیالۆگ و ئاشتی چارەسەربکرێ. ئەو شەڕە حکوومەتی ئاخوندی بەدرێژای مێژووی دەسەڵاتی ئەو نیزامە کۆنەپەرست و تیرۆریستە بەدژی خەڵکی کوردستانی ڕاگەیاندوە و گەلی کورد تەنیا بۆ خۆپاراستن، پەنای بردۆتە بەرچەك. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام زەمینەی خەباتی سیاسی و چەکداری هەیە و ئەگەر سەیری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی ئەو بەشەبکەین، دەبینین کە ی حیزب ویستبیەتی تێکۆشانی چەکداری پەرەی پێدراوەتەوە. ئەوەش راستە ڕێژیمی ئاخوندی ئێران ئێستا لە قۆناخی بەهێزی خۆیدایە و، لە رووسەربازییەوە ناکرێ بەراوردی هێزبکرێ لە گەڵ هێزە شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرەکانی کورد. بەڵام ئیرادەی گەل و بیروباوەڕی نەتەوەی و ڕزگاریخوازی ئەو دەرفەتەی پێك هێناوە کە کورد لە بەرانبەر ئەو ڕێژیمە گەوەرەو بە هێزەدا خەبات بکاو بوەستێتەوە. خەباتی چەکداری هەرگیز نابێت وەك کۆسپ و تەگەرەی سەر ڕێگای وتووێژ و دیالۆگی سیاسی سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەی لە ئێراندا لێکبدڕیتەوە. لە سەرەتای گفتووگۆکانی نوێنەرایەتی کورد لە گەڵ حکوومەتی ناوەندی، لە کوردستان خەباتێکی بەربڵاو و چڕی چەکداری لە ئارادابوو و دانیشتن و کۆبوونەوەی بێ ئاکامیش ئەنجامدەدران. لە ڕاستیدا شەهید بوونی پۆلێکی دیکە لە کادر و پێشمەرگەکانی دێمۆکڕات لە قۆناخی بێدەنگی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاند گەلێك جێگای داخ و حەسرەتە، بەڵام ڕزگاری و بەدی هێنانی ماف، بێ قوربانیدان و گیان بەختکردن بەدی نایەت. گەلی کورد لە گەڵ ڕێژیمێکی ئەوتۆ دڕندە و دژی گەلی و دژبە ماف و ئازادیە دێمۆکڕاتیکەکان بەرەورووبۆتەوە کە لە گەڵ هیچ ڕێسا و یاسەیەکی گشتی ئاشیانە هەڵناکا و بەردەوام بەدوای فیتنە و پەرەپێدان بە ئاڵۆزی و بارگرژیدایە. کارو چالاکیە سیاسی و چەکداریەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ئێستادا زۆر لە جێگایخۆیدایە و ناکرێ چاوەڕوانی بکرێ کەی هێزێکی دەرەکی ئەو حکوومەتە لەسەر دەسەڵات لابدات. زیندووکردنەوە و پەرەپێدان بە تێکۆشانی سیاسی و چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەستانەوەیە لە بەرانبەر سەرکوت و ستەمی سیاسی و نەتەوەی کە ڕێژیمی ئێران هەر لەسەرەتاوە ڕەوای خەڵکی کوردستانی بینیووە. بە دڵنیایەوە کۆمەلانی هەرواوی خەڵکی کوردستان بە دڵ و روحیەی ساڵانی ڕبردوویەوە پێشوازی لە ڕۆڵەکانیان لە نێو قوڵای کوردستان دەکەن. دەمێکە حیزبی ئێمە و ئەندامان و لایەنگرانی بەو ئاکامەی گەیشتوون کە حکوومەتی ناوەندی زۆر دژوارە بە رێگای ئاشتیدا ئاوڕێك لە مەسەلەی کورد بداتەوە. ئەگەر فشاری نێو خۆی و دەرەوەی لەسەر دروست نەکرێت و چاوەڕێی ئەوەبکرێ، داخوا کەی بەخێراخۆیان هەوڵدەدەن لە گەڵ کورد دابنیشن و مافیان لە چوارچێوەی دەستووری وڵاتدا بگوونجێنن، ئەو لێکدانەوەیە سیاسەتێکی بەتەواوی هەڵەیە و ناکرێ ئەوە لە حکوومەتی ئاخوندی ئێران چاوەڕوانبکرێ. لانیکەم لە قۆناخی سیاسی ئێستادا کە ڕێژیمی ئێرانی تێدایە.
محمد سلێمانی