رێککەوتنی ئەو جارەی رووسیەو ئەمریکا چ قازانج و زەرەدێکی بۆ سوریە هەیە. رەحمان ئیبراهیم زادە

ئەو ڕێککەوتنە لە سەر چییە؟ ئەو رێککەوتنە لە سەر مەسەلەی سوریە لە دوو خاڵ دایە، خاڵی یەکەم راگرتنی شەر لە نێوان دەوڵەتی سوریە و هەموو ئەو رێکخراو و گروپانەی کە لە ناو شاری حەڵەب و دەوروبەرن.

خاڵی دووهەم، عەمەلیاتی نیزامی هاوبەشی روسیە و ئەمریکا لە سەر بەشێک لە گروپەکانی وەکوو گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و جبهەی فەتحولشام کە پێشتر بەناوی جبهەی نسرت کاریان دەکرد. روسیە و ئەمریکا هەر دووکیان دەیان هەوێ لەو ڕێککەوتنە کەڵک وەرگرن و هەرکەس لەبەری خۆیەوە فشاری زیاتر بۆ گرووپە توندرەوەکانی ئیسلامگرای ئیفراتی بێنن و هێزی خۆیان تاقی بکەنەوە و مودیریەتی ناوچەکە بخەنە ژێر هێژموون و ئوتوریتەی خۆیانەوە کە دەمێکە شەریان لە سەرە.
هەڵبەت نابی لە بیرمان بچێت کە ئەو ڕێککەوتنە ئاڵوگۆرێکی ئەساسی لە سیاسەتی رۆسیە و ئەمریکا دا لە رۆژهەلاتی نێوەراست دا پێک ناهێنی، لە بیرمانە کە لە مانگی فێوریەی ئەوساڵ دا رێککەوتنێکی دیکەی هاوشێوە لە نێوان ئەو دوو وەڵاتە دا ئیمزا کرا کە بەشی زۆری خاڵەکانی هەر وەکو هی ئەو جار دەچێت، تەنیا جیاوازیان ئەوەیە کە لە هی مانگی فێوریە دا بریاری عەمەلیاتی هاوبەشیان نەدابوو. کە هەر دووک وەڵاتەکە زۆر پێشتریش لە دوو ئیتلافی نێودەوڵەتی دا لە گەڵ داعش شەریان دەکرد.
ئیستا وا چاوەروان دەکرێت کە ئەو دوو وەلاتە لە سەر زەربە لێدانێکی هاوبەش لە جەبهەی شام رێککەوت بن. ئیستا خراپ نیە کە بزانین جبهەی شام چییە؟ ئەو گرووپە بە هێزترین گرووپە کە بە دژی دەوڵەتی سوریە شەر دەکات. جەبهەی شام بە پێچەوانەی گرووپەکانی تر زۆر مونەزەم و بە بەرنامە کار دەکات و زەربەی خۆیان دەوەشێنن و لە بەرنامەکانیان دا سەرکەوتووترن، ئەو کەسانەش کە پەیوەست بە ریزەکانی جەبهەی شام دەبن دەبێ دەورەی باش ببینن. بەشێک لە گرووپەکانی موخالیفی دەوڵەتی سوریە لە بەرەیەک دا دەگەڵ جەبهەی شام یەکیان گرتبوو، خاڵێکی گرینگی رێککەوتنی ئەو جاری روسیە و ئەمریکا ئەوە بوو کە بتوانن ئەو دەستە و گروپانەی رەگەڵ جەبهەی شام کەوتوون دوریان بخەنەوە ئەوانیش دەست لە شەرو خوێن رێژی هەڵگرن یان لە هەڵوێستێکی مێژووی دا تێکەل بە جەبهەی شام ببن و بەو شێوە دەستی روسیە و ئەمریکاش ئاواڵا دەبی بۆ لێدانی جەبهەی شام. ئەوە یەکێک لە موفادەکانی رێککەوتنی ئەو جارە بوو.
جەبهەی شام هەمان جەبهەی نسرەیە کە لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٦ دا ناوی خۆیان گۆری و بوون بە جەبهەی فتحولشام، لەو تاریخەوە رایانگەیاند کە چیتر خۆیان بە شاخەی القاعیدە لە سوریا ناناسێنن، زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو گرووپە بە تاکتیک ناوی خۆی گۆریوە بۆ ئەوەی بتوانن گرووپی‌تر تێکەڵاوی خۆیان بکەن و لە سوریە و عێراق مەیدانی دەستەڵاتیان گەورەتر بکەن. بەڵام ناوگۆرینی ئەو گرووپە نەیتوانی هیچ ئاڵوگۆرێک لە سیاسەتی رووسیە و ئەمریکا لە قەباڵی خۆیان دا پێک بێنێ، یەک لە شکستەکانی رێککەوتنی مانگی فێوریە ئەوە بوو کە هیچ یەک لە وەڵاتەکان نەیان دەزانی سەر زەوی ژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپە چەندە و چەند گرووپی تر هاوکاری جەبهەی شام دەکەن، بەڵام سەرچاوەکان باس لە وەدەکەن کە روسیە و ئەمریکا ئێستا خاکی ژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپانەی بۆ روون بۆتەوە و دەتوانن هاوئاهەنگ مەسیری ژێر دەستەلاتی جەبهەی شام بۆردوومان بکەن. ئێستا جەبهەی شام رووبەرووی عەمەلیاتی هاوبەشی رووسیە و ئەمریکا بۆتەوە و گرووپەکانی‌تریش کە هاوکاری شام دەکەن هەرەشەیان لێکراوە.
بەو ڕێککەوتنە چ ئاڵوگۆرێک لە سوریە دا پێک دێت؟ ئەو ڕێککەوتنە هەواڵێکی خۆشە بۆ دەوڵەتی سوریە. لە بەر ئەوەی کە ئێستا گەورەترین و بە هێزترین گرووپی موخالیفی دەوڵەتی سوریە جەبهەی شام لە گەڵ ئیتلافی نێودەوڵەتی روسیە و ئەمریکا رووبەروویە، لە لایەکی ترەوە دوژمنی بەهێزتری پێشوی دەولەتی ئەسەد کە داعش بوو دەگەڵ هێزێکی بەرهەڵستکاری بەهێزتر واتا دوو ئیتلافی نێودەوڵەتی روسیە و ئەمریکا رووبەروو دەبێ. ئەمما لەو نێوە دا دەوڵەتی سوریەش دەگەڵ زۆر کەم و کۆری رووبەروو دەبێ لە دەرەجەی یەکەم دا راگرتنی ئاگربەس بە مانای ئەوە دێت کە ئیتر ئەو دەوڵەتە زۆر لاواز بووە توانای ستاندنەوەی شوێنە داگیرکراوەکانی نەماوە و ئەو شوێنانەی داگیریش کراون پێی وەرناگیرێنەوە و کۆنترۆڵی وەڵاتی بە تەواوی پێ ناکرێ.
لە راستی دا ئەو خاڵە شامیلی حاڵی گرووپەکانیش دەبێت کە نە توانیویانە حکوومەت بە چۆک دابینن و سەرزەوی ژیر کۆنترۆڵی خۆیان ئارام راگرن و خەڵک رازی بکەن. ڵێرەدا پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە کە دەوڵەتی ئەسەد پێش ئیتلافی روسیەو هاوکاری ئێران وەزعی زۆر لە ئێستا خەراپتر بوو، ئێستاش ئەو دەوڵەتە دەگەڵ کەمی هێزی سەربازی رووبەروویە و ناتوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆشی بە تەواوی بپارێزێ چ بگات بە شوێنەکانی‌تر کە زۆر دەمێکە لە ژیر دەستی دا نەماون.
ئەو ڕێککەوتنە چ سودێکی بۆ دوارۆژی سوریە دەبێ؟ شەری زلهێزەکانی جیهان بە دژی دوژمنانی دەوڵەتی سوریە شتێکی تازە نیە، رێککەوتنەکانی قەدیمیش هەر لەو راستایە دابوون، لە لایەکی تریشەوە ئەو دوو ئیتلافە بەهێزە نێودەوڵەتیە ناتوانن سەر زەوی ژێر دەسەڵاتی یەکتر کۆنترۆل بکەن، نەتیجەتەن سوریە رووبەرووی دابەش بوونێکی جیدی دەبێتەوە. لە راستی دا هیچ ئیعتیمادێک لە نێوان روسیە و ئەمریکا دانیە و هەموو رۆژێ بە جۆرێک لە جۆرەکان یەکیان یەکی تاوانبار دەکات بە پێشێل کردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان، هەر بۆیە چاوەروان دەکرێت ئەو ڕێککەوتنە زۆر دەوام نەکات و شکست بێنێ. بەڵام شکستی ئەو ڕێککەوتنەش فەرقی زۆر نابێ دەگەڵ هی مانگی فێوریە بۆ سوریە چوونکا سوریە زۆرتر پشتی بە ئێران بەستووە تا روسیە و ئەمریکا. لە هەر حاڵ دا ئێستا رووسیە و ئەمریکا پێکەوە بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی شەر دەکەن هەر چەندی سوریە خۆی لە رووسەکان بە نیزیکتر دەزانێ و ئەمریکا بە داگیرکەر، بەڵام بە باوەری من ئەوەی کە دەتوانێ دەوڵەتی ئەسەد لە مەرگ ڕزگار بکات دەوڵەتی مەلاکانی ئێرانە و کەسی تر .
ئامادەکردنی رەحمان ئیبراهیم زادە