بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندی بە بۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

خەڵکی دێموکراتپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

هۆگران و دڵسۆزانی دێموکرات لە هەموو بەشەکانی کوردستان!

دۆستان و پشتیوانانی حیزبی دێموکرات لە ئێران و سەرانسەری جیهان!

تێکۆشەران، ئەندامان، لایەنگران، و سەرجەم ئەو کەسانەی حیزبی دێموکرات بە ڕووگەی هیواکانی خۆیان دەزانن!

وەک دەزانن حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەمساڵ لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژدا، ٧٥ ساڵەی دامەزرانی خۆی دەکاتە جێژن. بەم بۆنەیەوە پێشەکی پیرۆزبایی ئەم یادە لە هەمووی ئێوە دەکەین کە مانەوەی حیزبی دێموکرات و بەردەوامبوونی لە سەر خەبات بۆ ئامانجەکانی، قەرزداری فیداکاری، دڵسۆزی، پشتیوانی و هاوکاریی بێدریغتان لە گەڵ ئەو حیزبە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکان‌دایە. هەر وەها پیرۆزبایییەکی گەرم و تایبەت پێشکەشی بنەماڵەکانی شەهیدان، بەندییە سیاسییەکان، کەم ئەندامان، تێکۆشەرانی دێرین و پێشمەرگەکانی سەر بە حیزبی دێموکرات دەکەین کە گیانبەخشین و خۆڕاگریی ڕۆڵەکان و ئازیزانیان و، وەفاداریی خۆیان بە حیزبەکەیان، سەری حیزبی دێموکراتیان بە بەرزی و، خەباتەکەییان بە نەپساوەیی و بەردەوامی هێشتووەتەوە.

٧٥ ساڵ لەمەوبەر، پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، لە سەر بناغەی “کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان” (ژ.ک) و بە ئامانجی ئامادەکردنی ڕێکخراوێکی سیاسیی وەڵامدەر بۆ ڕێبەری و ڕێکخستنی خەباتی نەتەوەی کورد لە هەلومەرجی سیاسیی نوێی ناوچەکەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانیان دامەزراند. ئەم حیزبە بە پێشەوایەتیی قازی محەممەد، کەمتر لە ٦ مانگ دوای پێکهاتنی، کۆماری کوردستان، یەکەم دەسەڵاتی نەتەوەیی مودێرنی کوردی لە چوارچرای شاری مەهاباد ڕاگەیاند و، شەخسی پێشەواش وەک سەرکۆماری کوردستان، قۆڵی لە ڕێبەریکردن و ئیدارەی کۆمار و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەو کۆمارە هەڵماڵی. ئەگەر دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە هەلومەرجی ئەو کات، بە شایەدیی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی لە سەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان، وەرچەرخان و نوختەگۆڕانێکی گرنگ لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا بوو، پێکهاتنی کۆماری کوردستانیش، ڕووداوێکی نەتەوەیی و سیاسیی ئەوەندە گەورە بوو کە سەرەڕای تەمەنی کورتی، شوێنەوارێکی قووڵی لە سەر خەمڵاندنی ناسیۆنالیزمی کورد و ڕێبازی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بەجێ هێشت.

لەو قۆناغە لە مێژووی حیزبی دێموکرات‌دا، زۆر ڕێچکە، کردەوە و ئەزموونی پڕشنگداری دەسەڵاتدارەتی و، چەندین دەسکەوت و چەمکی نەتەوەیی و شوناسخوازانە هەن کە حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان داهێنەر و خوڵقێنەریان بوون. بە خۆشیەوە لەمێژساڵە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش ئەو سامانە بە هی خۆیان دەزانن و، بە شانازییەوە سوودی لێ وەردەگرن. ڕاستە لاوازیی ڕێژیمی شایەتی و بوونی هێزەکانی وڵاتانی بێگانە لە نێو ئێران و لە ناوچەکە لە سۆنگەی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە، هەلومەرجێکی لەباری بۆ گەشانەوەی هەست و بیر و تێکۆشانی سیاسی و نەتەوەیی لە نێو کوردی ڕۆژهەڵات‌دا خوڵقاند. بەڵام ئەوەش ڕاستییەکی سەلمێندراوە کە سەرچاوەی هەر دووی ئەو ڕووداوە سیاسییە گەورانە، نیاز و پێویستیی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و هەڵقوڵاو لە ئیرادە و بڕیاری ڕووناکبیران و تێکۆشەرانی کورد بوو. ئەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، پاش تێپەڕینی ٧٥ ساڵ بە سەر دامەزرانیان‌دا، هەر وا ڕووگە و خواستی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و، سەرەڕای هەموو هەوڵی سەرکوتکەرانە و پیلانی دوو ڕێژیمی شایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نێو نەچوون و، هەتا ئیستاش گەشانەوە و بووژانەوە بە خۆیانەوە دەبینن، باشترین بەڵگەن بۆ قائیم‌بەزات­بوونی ئەم بزووتنەوە ڕەوایە.

٧٥ ساڵە خەباتی ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕانەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی خاوەن ڕێژیمی سەرەڕۆ و دیکتاتۆری ئێراندا، درێژەی هەیە. ٧٥ ساڵە حیزبی ئێمە، بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جەرگەی ناوچەیەکی گەمارۆدراو بە پیلان و گەلەکۆمەگیی ڕێژیمە سەرکوتگەرەکان و هاوپەیمانەکانیان­دا، ڕێبەری دەکا. ٧٥ ساڵ لە مەیداندا مانەوە و شەکاوە ڕاگرتنی ئاڵای خەبات بۆ ئامانجە پیرۆزەکان و مافە ڕەواکانی نەتەوەیەک، بێ هەبوونی ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی حیزبی دێموکرات لە نێو دڵی خەڵکی کوردستان‌دا مسۆگەر نەدەبوو. ئەو هۆکارانەی جێگە و پێگەیەکی ئەوتۆیان بۆ حیزبی دێموکرات لە نێو نەتەوەکەی‌دا دابین کردوە، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی گرنگن کە حیزبی دێموکرات هەڵگر و خاوەنیانە. لەم بۆنەیەدا جێی خۆیەتی ئاوڕێک لە هێندێک لەو تایبەتمەندییانە بدەینەوە و پێیان لە سەر دابگرینەوە.

حیزبی دێموکرات لە ڕۆژی یەکەمی دامەزرانیەوە نوێنەرایەتیی سەرەکیترین پرسی کۆمەڵی کوردستانی کردوە کە ڕزگاری لە بندەستیی نەتەوەیی و دیاریکردنی مافی چارەنووس بۆ خەڵکی کوردستان بووە. بەو هۆیەشەوە کە واقیعی تاڵی دابەشکراویی کوردستان و نەتەوەی کورد بە سەر چەند وڵاتی ناوچە و ڕەهەندە ژیئۆپۆلیتیکییەکانی ئەو پرسەی بە دروستی لێک داوەتەوە، ویست و دروشمی واقعبینانەی خستووەتە ڕوو و، خوازیاری چارەسەری ئەو پرسە لە چوارچێوەی ئێران بە شێوەی خودموختاری و فیدرالیزم بووە. وەک پێویستیی ستراتیژییەکی ئەوتۆش، هاوخەباتی لەگەڵ هێزە ئازادیخوازەکانی ئێران بە تایبەتی نەتەوە بندەستەکانی ئەو وڵاتەی لە پێناوی هێنانەسەرکاری ڕێژیمێکی دێموکراتیک کە پێکهاتەکەی و نێوەرۆکەکەی ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆرییەکانی دانیشتووانی وڵات و داخوازە بنەڕەتییەکانیان بێ، بە زەروورەتێک زانیوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەر لەو کاتەدا نەیشاردووەتەوە کە کورد یەک نەتەوەیە کە خۆی و نیشتمانەکەی، بە سەر چەند وڵاتدا دابەش کراون. نەتەوەی کورد لە تەواوەتیی خۆی‌دا، خاوەنی پرسێکی ڕەوایە کە بریتییە لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و هەبوونی کەیانێکی نەتەوەیی.

حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە پشتیوانیی لە خەباتی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بۆ بە دەستهێنانی مافە ڕەواکانی کردوە و، هەوڵی داوە پێوەندییەکی دۆستانەی لە گەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانیان، هەبێ. لێک تێگەیشتن و هاوپشتیی دوو لایەنەی نێوان ئەو هێزانە و، هاوکات دەستوەرنەدانی هێزە سیاسییەکانی هەر بەشێک لە کاروباری بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان‌دا بە ڕێخۆشکەر و دەستەبەری بوون و پاراستنی پێوەندی و هاوکاریی دۆستانە زانیوە. کاتێکیش پێویستیی خەباتەکەی، وای خواستبێ پێوەندییەکی سنوورداریشی لەگەڵ دەوڵەتێکی دراوسێ هەبێ، بە شایەدیی مێژوو و دۆکیۆمێنتەکان، ئەم پێوەندییانەی هیچ زیانێکیان بۆ بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە نەبووە و، حیزبی دێموکرات لە ئاستیان سەربەرز بووە.

باوەڕی حیزبی دێموکرات بە دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و، گرتنەپێشی شێوازی هێمنانە و مەدەنییانەی خەبات و تێکۆشان، یەک لەو بنەمایانەیە کە حیزبی دێموکرات سیاسەتی خۆی لە سەر دامەزراندوون و لە هیچ قۆناغ و سەردەمێک‌دا لێیان غافڵ نەبووە. هەر باوەڕ بەو بنەمایەش بوو کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ مەبەستی تیرۆریستیی خۆیان قۆستیانەوە و، ڕێبەرێکی گەورە و بە توانای وەک د. قاسملوویان بە ناوی وتووێژ لە داو خست و، حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کوردیان لێ بێبەش کرد.

ماوەی کورتی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری کوردستان و هەر وەها ئەو ساڵانەش کە بەرپرسیارەتیی بەڕێوەبردن و پاراستنی هێندێ ناوچەی کوردستان لە سەر شانی حیزبی دێموکرات بووە، دەیسەلمێنن کە ئامانجی حیزب لە دەسەڵاتدارەتی، سەرەڕای کۆسپ و بەربەستی جۆراوجۆر، بەشداریی خەڵک لە بە دەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان، دەرفەت پێکهێنان بۆ خۆبەڕێوەبەری، بواردان بە پلۆرالیزم و فرەیی سیاسی و ئازادیی تێکۆشان و بیرو ڕای سیاسی، خزمەتکردنی زمان و کولتووری کوردی، لابردنی کۆت و بەندی دواکەوتووانەی کۆمەڵایەتیی دژ بە ژنان، بەرەوژووربردنی ئاستی فەرهەنگیی هاونیشتمانان، دابینکردنی یەکڕیزی، تەبایی و تەناهیی نێو خەڵک، جێگیرکردنی بایەخە دێموکراتی و مودێڕنەکان و پەرەپێدانی ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان لە نێو کۆمەڵ بووە.

لە هەر دوو سەردەمی ڕێژیمی شایەتی و کۆماری ئیسلامی‌دا، حیزبی دێموکرات هەر کات دەرفەتی پێ دراوە- ڕاستەوخۆ یا ناراستەوخۆ- لە هەڵبژاردنەکان‌دا بەشدار بووە، کاندیدای هەبووە و چووەتە نێو ململانێی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی بە دەست هێناوە. تەنانەت لەم ٢٥ ساڵەی دواییدا کە ئەم حیزبە وەک پێشوو لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە ناقانوونی زانراوە و لە ژێر سەرکوت‌دا بووە، هەر کات مەجالێکی بۆ بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئێران و گەیاندنی پەیامی خۆیان بەدی کردوە، داوای لێ‌کردوون سەرەڕای ئازادنەبوونی هەڵبژاردنەکان، بە بەشداریی واتادار و لە ڕێگای سندووقەکانی دەنگدانەوە، پەیام و هەڵوێستی نەتەوەیی و خەباتگێڕانەی خۆیان بە دەسەڵاتی ئێران بگەیەنن.

حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان لە حاڵێک‌دا پتر لە ٣ دەیە ڕابردووی خەباتێکی سەخت و پڕ لەقوربانیدانیان لە گەڵ ڕێژیمی شایەتی هەبوو و، چالاکانە لە شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ئەو ڕێژیمەدا بەشدار بوون، بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، جارێکی دیکە لە گەڵ پشتگوێخرانی داخوازە لە مێژینەکانیان بەرەوڕوو بوون. حیزبەکەمان ڕێفراندۆم بۆ جێگیرکردنی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی ئێرانی تەحریم کرد، چونکە جگە لەوەی گشتپرسییەکە، خەڵکی تەنیا لە نێوان دوو سیستەمی شایەتی و کۆماری ئیسلامی‌دا سەرپشک کردبوو، هیچ نیشانەیەکی وەڵامدەربوونی نێوەرۆکەکەی لە ئاست داخوازی نەتەوەیی کورد و گەلانی بندەستی دیکەی ئێرانی پێوە دیار نەبوو. کاتێکیش هەوڵەکانی حیزبەکەمان بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد بە دیالۆگ گوێی لێ‌نەگیرا و ڕێژیمی تازە، حیزبی دێموکراتی بە هەڵوەشاوە ڕاگەیاند و، لەشکرکێشی و هێرشی سەرانسەریی بۆ سەر کوردستان دەست پێ کرد، حیزبی دێموکرات و لەگەڵ ویش‌دا هێزە سیاسییەکانی دیکە و خەڵکی کوردستان، وێکڕا بەرامبەر بەو لەشکرکێشییە ڕاوەستان.

زیاتر لە ٤٠ ساڵە حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان کەوتوونە بەر شەڕێکی داسەپاوی نابەرامبەر و، سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. حیزبی دێموکرات، کاتێک هەوڵەکانی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێران بێ ئاکام مانەوە، تەسلیمی هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی تازە نەبوو و، ڕۆڵی یەکەم و سەرەکیی لەبەرەنگاربوونەوەی پەلامار و هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمەدا کەوتە سەر شان. هەر بە تەنیا حیزبی دێموکرات نزیک بە پێنج هەزار کەس لە پێشمەرگە و تێکۆشەرانی لە ڕەوتی ئەوبەرەنگارییەدا شەهید بوون. لە ڕیزی ئەو شەهیدانەدا، دوو سکرتێری گشتی، د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و د. سادق شەرەفکەندی، دەیان ئەندامی ڕێبەری، سەدان فەرماندەی نیزامی و سەدان کادری بەوەج و هەزاران پێشمەرگە و ئەندام لە چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵ هەن. ڕێبەران، تێکۆشەران و ئەندامانی حیزب نەک هەر لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات‌، بەڵکوو لە دەرەوەی سنوورەکان، لە باشووری کوردستان و تەنانەت لە وڵاتانی ئورووپاییش کەوتوونە بەر هێرشی دڕندانە و، ئامانجی پەلاماری تێرۆریستی و پیلانی جۆراوجۆری دیکەی ئەو ڕێژیمە بوون. چڵەپۆپەی دڕندەیی ئەو ڕێژیمە بەرامبەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا،کە نیشاندەری نیگەرانی و ترسی کۆماری ئیسلامی لە پێگەی ئەو حیزبە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان‌دا بوو، هێرشی مووشەکی بۆ سەر پلینۆمی حیزب لە قەڵای دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧دا بوو.

حیزبی دێموکرات تەنیا لە دوو بڕگەی مێژووی خۆیدا – ساڵی یەکەم و دووهەمی دامەزرانی و، چەند ساڵی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران- دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی لە بەشێکی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستەوە بووە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە زۆربەی هەرە زۆری ساڵانی تەمەنیدا، تێکۆشانی ئازاد و قانوونیی لێ قەدەغە کراوە و ڕێبەری و کادری سەرەکیی بەڕێوەبەریی حیزب لە چیا و شاخەکانی کوردستان یان لە دەربەدەری بە تایبەتی لە باشووری کوردستان، ئەرکی خۆیان بەڕێوە بردوە. جێگای خۆیەتی لەم بۆنەیە‌دا بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە ئاوڕ لە دەیان ساڵ وەخۆگرتنی تێکۆشەران و خەباتکارانی ڕۆژهەڵات لە لایەن خەڵک و هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بدەینەوە. دیارە پەڕیوەبوون و گیرسانەوەی ڕێبەریی حیزب لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واقیعێکی نەخوازراوە کە دەرکەوتە و شوێنەواری نەرێنیی تایبەت بە خۆشی بۆ حیزب هەبووە، بەڵام لەسەر یەک نەبووە بە هۆی ئەوە ڕێبەریی حیزب لە بایەخدان بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک مەیدانی سەرەکیی تێکۆشان و، گرنگیدان بە پرس و کێشەکانی خەڵکەکەی وەک پشتیوانانی ڕاستەقینەی خۆی، غافڵ بێ. سیاسەتی ئەم حیزبە هەر لە کۆنەوە کەلکوەرگرتن لە هەموو شێوە خەباتێکی ڕەوا بە پێی ئیمکان و پێویستی بووە. حیزب، حزووری ڕاستەوخۆی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێبەری لەنێو خەڵکی، بە یەکێک لە گرنگترین ئەڵقەکانی بە هێزکردنی پێوەندیی نێوان خەڵک و خۆی زانیوە. حیزبی ئێمە هەر لەم ١٠-١٥ ساڵەی دوایی‌دا سەرەڕای تێچووی گیانی و لێکەوتەکانی دیکە، لەم ڕاستییە غافڵ نەبووە.

لە نێوخۆی وڵات، سەرەڕای ئەو دۆخە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرانەیەی بە سەر کوردستان‌دا زاڵ کراوە، جوغرافیای نفووز و خۆشەویستیی حیزب و چالاکی و تێکۆشانی ڕێکخستنە نهێنییەکانی، ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر و زیاتر دەبێ و ڕووبەرێکی فراوانتر دادەگرێ. ٧ دەیە و نیو تێکۆشان و قوربانیدانی حیزبی دێموکرات، ئاستی وشیاریی نەتەوەیی خەڵکەکەمانی بەرەوژوور بردوە و گیانی نەتەوەپەروەری و شوناسخوازیی تێدا بەهێز کردوون. هەوڵی ئێمە ئەوەیە چین و توێژەکانی خەڵک هان بدەین کە بۆ خاوەنداریەتی لە کێشە و گرفتەکانی خۆیان بێنە مەیدان، خۆ ڕێک بخەن و داخوازە جۆراوجۆرەکانیان بە شێوەگەلی هێمنانە بێننە گۆڕێ و لە پێناویان‌دا خەبات بکەن. پشتیوانی لە جموجۆڵی ئێعترازیی خەڵک، تێکۆشانی ئازادیخوازی و چالاکیی شوناسخوازانە و شوناسپارێزانەی چالاکانی مەدەنی و کچان و کورانی وشیاری ڕۆژهەڵات، بەشێکی گرنگ لە سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە و، لێبڕاوین لەمەودوا پتر لە سەری بڕۆین.

کاریگەریی حیزبی دێموکرات لە سەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، هەر ئەوەندە نییە کە ڕۆڵی ڕێبەر و ڕێکخەری ئەو بزووتنەوەیەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر شانە. حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە تایبەتی ڕێبەری مەزن، د. قاسملوو لە کاتی خۆی‌دا، ڕۆڵی زۆر گرنگیان لە ناساندنی پرسی کورد بە بیانییەکان و ڕاکێشانی پشتیوانیی زۆر حیزب و کەسایەتی و ناوەندی گرنگی ڕۆژاوایی بۆ لای کورددا هەبووە کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە گشتی لە قۆناغی جیاواز‌دا لە بەرهەمی ئەو تێکۆشانە دیپلۆماسییە بە نرخە سوودمەند بووە. حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە سەر تێکۆشانی دیپلۆماسی و کار لە نێوەندە نێو دەوڵەتییەکان بۆ گەیاندنی دەنگی زۆرلێکراویی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕاکێشانی پشتیوانیی نێونەتەوەیی بۆ پرسە ڕەواکەیان، بەردەوام دەمێنێتەوە.

هۆگران، دڵسۆزان و پشتیوانانی حیزبی دێموکرات!

حیزبی دێموکرات وەک بە تەمەنترین حیزبی کوردی، مافی خۆیەتی ئەگەر بە شانازییەوە ئاوڕ لە ٧٥ ساڵ خەباتی نەپساوەی پڕ لە قوربانیدانی خۆی بداتەوە، ڕۆژە پڕشنگدارەکان و دەسکەوتە گەورەکانی ئەو خەباتە وەبیر بێنێتەوە، قامک بۆ ئەو چەمک و بنەما و پرەنسیب و ڕێوشوێنە جوان و پڕ بەهایانە ڕابدێرێ کە هێناونیە نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی و کولتووری سیاسی و حیزبی لە کوردستان. لەوە کە باشترین ڕێبەران، تێکۆشەران و ڕۆڵەکانی خۆی لە سەنگەرە جیاوازەکاندا بە سەخاوەتەوە ژیان و تەمەن و گیانیان بەختی ئامانجی ڕزگاریی نەتەوەکەیان کردوە؛ سەبارەت بەوە کە مێژوویەکی خاوێنی تەژی لە خزمەت و بە دوور لە پەڵە و هەڵەی نەبەخشراوی هەیە؛ سەربەرز بێ و بە خۆی بنازێ. ڕابردووی دوورودرێژی خەبات و تێکۆشانی سەخت و خوێناوی، متمانە و ئیعتیبارێکی گەورە کە لە ئاستی نەتەوەیی وناوچەیی و جیهانی‌دا کۆی کردوەتەوە، بەرنامەیەکی سیاسیی جێکەوتوو و ڕێبازێکی نەتەوەیی و دێموکراتیی بۆ هەموو لا ناسراو کە حیزبی دێموکرات خاوەنیانە، خۆشەویستییەکی بێ سنوور کە ڕیشەی بە نێو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان‌دا شۆڕ بووەتەوە، سەرمایەیەکی بە نرخ و بێ‌هاوتای حیزبەکەمانن.

حیزبی دێموکراتی کوردستان هەموو کاتێک وەک پڕەنسیپ و بنەمایەکی نەگۆڕ ڕوانیویەتە دێموکراسی و نەک بۆ ساتێک لەو بایەخ و ڕێبازە لای نەداوە، بەڵکوو قۆناغ بە قۆناغ لە ژیانی سیاسی و ئیداریی ڕۆژانەی خۆیدا کاری لەسەر چەسپاندنی دێموکراسی، بەتایبەت دێموکراسیی نێوخۆیی کردوە و لە بەرزترین ئۆرگانی خۆیشیدا هەوڵی داوە ئەم ئەسڵە جێگیر بکا. گرتنی ١٧ کۆنگرە لە هەلومەرجی دژوار و، جاری وایە هەرە ناسکی خەباتی پێشمەرگانەدا، و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەم حیزبەدا سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.

بەڵام ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ئاوڕدانەوە لەم مێژووە پڕ شکۆیەدا، هەر سەرکەوتنەکان، دەسکەوتەکان و خاڵە گەش و پڕشنگدارەکان، نابینێ. گومانی تێدا نییە کە بڕگە و قۆناغە جیاوازەکانی ئەم مێژووە، هەڵە، کەمتەرخەمی، کەموکوڕی و شتی نەخوازراوی دیکەشیان تێدایە کە هۆیەکەی دەکرێ کەم‌ئەزموونی کادری بەڕێوەبەری، زاڵبوونی هەلومەرجی شەڕ و بارودۆخی نائاسایی بە سەر جۆغرافیای تێکۆشانی حیزب‌دا، بەربڵاویی ڕێکخراوەکانی حیزب و لاوازبوونی پەروەردە و کۆنتڕۆڵی ڕێبەری بە سەر ئۆرگانیزاسیۆنی حیزب‌دا و، ڕانەهاتن بە وێکهەڵکردن و تەحەممولی بیرورا و سەلیقەی جیاواز، یا هەر هۆکارێکی دیکە بێ. یەک لەو ڕاستییە تاڵانە، دەرئەنجامی ململانێ و ناکۆکیی نێوخۆیی لە نێو حیزبی دێموکرات‌دا بووە کە سەرەڕای ساڵانێک بەخۆوە خەریک‌کردنی فکر و هۆش و وزەی ڕێبەری، کادرەکان، پێشمەرگەکان و ئەندامانی حیزب، هێندێک جار لەتبوون و لێکدابران لە ڕیزەکانی حیزبیان‌دا لێ‌کەوتووەتەوە و، بوون بە هۆی نیگەرانی و دڵساردیی خەڵکی کوردستان. گومانی تێدا نیە هەر نەسلێک لە ڕێبەری و تێکۆشەرانی حیزب، هەر وا کە خاوەنی شانازی و سەرکەوتنەکانی سەردەمی خۆیانن، لە ئاست لاوازی و نوشوستی و لەتبوون و دابڕانەکانی ئەو سەردەمەش بەرپرسیارن. بە نۆرەی خۆمان بە داخین کە حیزبی دێموکرات لە ٧٥ ساڵەی دامەزرانی دا، هێشتا نەیتوانیوە یەکگرتوویی ڕیزەکانی خۆی وەدەست بێنێتەوە. هیوای ئێمە و هەوڵی ئێمە ئەوە بووە و ئەوە دەبێ کە ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزب بکەینە هاندەری سەرجەم تێکۆشەران و ئەندامانی هەر دوو لای دێموکرات بۆ هەرچی زووتر کەوتنەوە سەریەکی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات، بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنی یەکگرتنەوە بە خەڵکی دێموکراتپەروەری کوردستان و ئامادەکردنی ئەو حیزبە بۆ وەئەستۆگرتنی ڕۆڵی چارەنووسسازتر لە قۆناغی داهاتووی خەباتمان‌دا. حیزبی دێموکرات هەروا کە توانیوێتی شاسواری مێژووی ٣ چارەگە سەدەی ڕابردووی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەی بێ، بە مەرجی بە دەستهێنانەوەی یەکگرتوویی و دەرس‌وەرگرتن لە ڕابردووی ململانێ و ناکۆکییە نێوخۆییە زیانبارەکانی ڕابردووی، دەتوانێ شاسوار و قارەمانی گەیاندنی ئەم کاروانە بە قۆناغی سەرکەوتن بێ.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ٧٥ ساڵەی دامەزرانی ئەم حیزبەدا، سڵاوی وەفا و ئەمەگناسی بۆ ڕێبەرانی شەهید، پێشەوا قازی محەممەد دامەزرێنەری حیزب و سەرکۆماری شەهیدی کوردستان، د. قاسملوو بووژێنەرەوە و نوێکەرەوەی حیزبی دێموکرات، د. سادق شەرەفکەندی جێنشینی لێهاتوو و درێژەدەری ئەرک و بەرپرسایەتیی ئەو ڕێبەرە مەزنانە دەنێرێ. ئێمە لە ئاستی گیانی ئەوان و هەموو ئەو شەهید و نەمرانەی لە ڕێگای خزمەت بە ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات‌دا سەریان نایەوە، سەری ڕێز دادەنوێنین. گیانی شەهیدانمان و هەموو ئەوانەی دێموکرات بە ڕووگەی خۆیان دەزانن، دڵنیا دەکەین درێژەدەر و پارێزەری شانازییەکانی ئەو مێژووە پڕ شکۆیە دەبین و تا گەیشتن بە ئامانجی ڕزگاریی نەتەوەکەمان، ئاڵای خەباتی دێموکرات شەکاوە و، چرای تێکۆشانی، گەشاوە ڕادەگرین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٧٥ ساڵەی دامەزرانی‌دا بە ئیمان بە سەرکەوتنی ئیرادەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بەسەر ڕێژیمی سەرکوت و ماف‌زەوتکەری کۆماری ئیسلامی‌دا، بەڵێن تازە دەکاتەوە کە بە ئیرادەیەکی پتەوترەوە ڕێگای وەدیهێنانی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان درێژە دەدا. هاوکات دڵنیایە کە لەو پێناوەدا متمانە و پشتیوانی و هێزی لەبڕاننەهاتووی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی لە پشتە، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگرە کە کاروانی خەبات و تیکۆشانی نەتەوەکەمان بە ئەر‌ک‌وەخۆگریی ڕووناکبیران و خوێندکاران، لاوان و ژنان، چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ دەگاتە مەنزڵ.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و بنەماڵە سەربەرزەکانیان،

سڵاو له زیندانیانی سیاسیی کورد و بنەماڵە خۆڕاگرەکانیان،

سڵاو له خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان،

سڵاو له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکرات،

سڵاو له پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، باسکی بەهێزی گەل،

سەرکەوی خەباتی ڕەوا و مافخوازانەی خەڵکی کوردستان،

سەرکەوێ حیزبی دێموکراتی کوردستان.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیتەی ناوەندی

١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩

٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٠