ڕاگەیەندراو بە بۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتیی ئایینی‌و تێکۆشەری دێرینی دیموکرات مامۆستا مەلا محەممەد عوسمانی

بە دڵێکی پڕ لە ماتەمەوە ڕادەگەیەنین کە ئەمڕۆ بەیانی پێنجشەمە ٢٧ی خەزەڵوەر(١٧ی نوڤەمبری ٢٠١٦)، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک مامۆستا مەلامحەممەد عوسمانی، لە تەمەنی 81 ساڵی دا کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا مەلامحەممەدی عوسمانی ساڵی ١٣١٤ی هەتاوی لە ئاوایی نەمنجێی پیرانشار لە دایک بوو. بنەماڵەکەیان بە هۆی خوێندنی ئایینی‌و دواتر پێشەیی مەلایەتی‌ مەلا محەممەد، ناچار بوون لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەو لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی دیکە، بگوێزنەوە. ساڵانێک، ماڵیان لە ئاوایی “پەسوێ”، گیرسایەوە. بۆ ماوەی چەندین ساڵیش لە ناوچەی سەرشاخان لە گوندی “کێلێ” جێگرتوو بوون. مامۆستا مەلا محەممەد کە پێوەندیی خزمایەتی‌و دۆستانەی لە گەڵ تێکۆشەری ناودار شەهید سەید ڕەسووڵ دێهقان هەبوو، لە ڕێگای ئەوەوە، لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی (١٩٦٤ی زایینی)یەوە، هاتە ڕیزی ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان. شەرت‌و پەیمانێک کە مامۆستا مەلا محەممەد لەو ساڵەوە لە گەڵ حیزبی دیموکرات بەستی، بۆ ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵ‌وهەتا دوا هەناسەی ژیانی، لە جێی خۆی مایەوە.
b_300_220_16777215_00_images_BAYANNAMA-RAGAYANDRAW_mela_mohammad_osmani.jpgتێکۆشان لە ڕیزی ئەندامانی حیزبی دیموکرات‌داو هەڵگرتنی بیروباوەڕی نیشتمانپەروەرانە‌و نەتەوەیی‌و خەباتکارانە، کەسایەتیی ئایینی‌و کۆمەڵایەتیی مامۆستا مەلا محەممەدیان ئەوەندەی دیکە لای کۆمەڵانی خەڵک خۆشەویست کردب. ناوچەی سەرشاخان‌، لە سۆنگەی بنەماڵەکانی بابی گەورە‌و سەیدئامین کە کەسایەتیی تێکۆشەری وەک سەید ڕەسووڵ‌و مەلامحەممەدیان لێ هەڵکەوتبوو، لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمی شایەتی‌دا، ببووە مەڵبەندی حەوانەوە‌و حەشاردرانی تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات. لە دەیەکانی چل و پەنجای هەتاوی‌دا، مەلا محەممەد عوسمانی جگە لەوەی خۆی‌و بنەماڵەکەی پشتیوان‌و مەئوای کادرەکانی حیزبی دیموکرات‌و ئەندامانی ڕاکردوو لە ساواک و ژاندارمی ڕێژیمی شایەتی بوون،‌ وەکوو ئەندامێکی زانا‌و بە وەجی حیزبیش بیروباوەڕی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریی لە نێو کۆمەڵانی خەڵک دا بڵاو دەکردەوە.
لە دوای ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە زستانی ١٣٥٧دا، قۆناغێکی دیکە لە ژیانی خەباتگێڕانەی مامۆستا مەلا محەممەدی عوسمانی‌دا دەستی پێ کرد. بە هۆی باوەڕپێکراوبوون‌و دڵسۆزیی لە ڕادەبەدەر هەر وەها بە هۆی شاخاوی بوونی کێلێ و ناوچەی سەرشاخان، لە لایەن دەفتەری سیاسیی حیزبەوە، بەرپرسایەتی پارێزگاری لە تەقەمەنیی حیزبی پێ سپێردرا. دواتر وەک کادرێکی بە ئەزموون، لە کاروباری کۆمەڵایەتیی حیزب لە ناوچەی نەغەدە، ئەرک‌و بەرپرسایەتیی پێ سپێردرا. لە سالەکانی ١٣٦١ و ١٣٦٢ مامۆستا وەک ئەندامی کۆمیتەی شارستانی نەغەدە و وەک ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی و بەرپرسی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمیتەیە ناوچەی نەغەدە خزمەتی بە حیزبی دیموکرات‌و خەڵکی ناوچەکە کرد. ساڵانی دواتریش مامۆستا مەلا محەممەد لە کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی‌و بەشی قەزایی، سەر بە دەفتەری سیاسیی حیزب، ئەرک‌و بەرپرسایەتیی حیزبیی گرتە ئەستۆو هەتا کۆتاییەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی کە توانای جێبەجێکردنی کار‌و مەئموورییەتی حیزبیی هەبوو، لە کارو تێکۆشانی حیزبیدا، چالاکانە بەشدار بوو.
مامۆستا مەلامحەممەد نەک هەر ناتەباییەکی لە نیوان بیروباوەڕ‌و ئەرکی ئایینی‌و نەتەوەیی‌دا نەدەدیت، بەڵکوو بە تەواوکەر‌ی یەکتری دەزانین. ئەو باوەڕی بەوە هەبوو کە موسوڵمانی ڕاستەقینە، نابێ بەرامبەر ستەم‌و زۆرداری بێدەنگ‌و بێهەڵوێست بێ. بە تایبەتی ستەمی نەتەوەیی‌و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی، با لە ژێر ناوی ئایین‌و لە لایەن ڕێژیمێکی بە ناو ئیسلامییەوەش بێ، نابێ قبووڵ بکرێ. لە ڕوانگەی مامۆستا مەلامحەممەدوە، هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی ئازادی‌و دادپەروەری‌و ڕزگاربوون لە دیکتاتۆری‌و بندەستی، بە ڕادەی جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینییەکان پیرۆز بوو. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە بوو کە نەک هەر ڕێگری لە بەشداریی کوڕو بووک‌و کچەکانی‌و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی لە خەبات‌و تێکۆشان‌دا نەدەکرد، بەڵکوو هانی دەدان بەردەوام بن‌و شانازیی پێوە دەکردن. مەلا محەممەدی عوسمانی هەر وا کە لە شوێنی کار‌و لە نێو کۆمەڵ‌دا، مرۆڤێکی دیموکرات‌و پێشکەوتنخوازو بە کردەوە مامۆستا‌و کەسایەتییەکی شیاوی لێ فێربوون بوو، لە نێو بنەماڵەش دا پیاوێکی کراوەو بە کردەوە دیموکرات‌ بوو.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا مەلامحەممەدی عوسمانی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری ئەو کەسایەتییە بەڕێزو خەباتکارە دەکا‌و خۆی بە هاوبەشی خەم‌و ماتەمیان دەزانێ. هەر وەها هاوخەمیی خۆمان بە خەڵکی ناوچەکانی پیرانشار و نەغەدەو سەرجەم هۆگران‌و خۆشەویستانی مەلامحەممەد ڕادەگەیەنین. گیانی مامۆستای خۆشەویست، هاوڕێ و هاوسەنگەری دێرین مامۆستا عوسمانییش، دڵنیا دەکەین بە بەردەوام بوون لە سەر ڕیگا پیرۆزەکەت‌و بە لێ فێربوون لە شێلگیری‌و وەفاداری‌و زۆر تایبەتمەندیی بەرزی ئینسانی‌و شۆڕشگێڕانەت، ئاڵای خەبات بۆ ئامانجە پیرۆزەکانت، شەکاوە رادەگرین‌.
سڵاوی وەفا‌و ئەمەگناسی بۆ گیانی پاکی مامۆستای تێکۆشەر، مەلامحەممەد عوسمانی.
نەمری بۆ ناو و یادی ئەو‌و سەرجەم ڕێبوارانی هەتا سەری ڕێگای خەبات بۆ ڕزگاریی گەلی کورد.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١٧ی نۆڤامبری ٢٠١٦
٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٥