چل ساڵ خەبات و تێکۆشانی ڕادیۆ دەنگی کوردستان دەنگی دلێر و بەرحەقی پێشمەرگە

چل ساڵ خەبات و تێکۆشانی ڕادیۆ دەنگی کوردستان دەنگی دلێر و بەرحەقی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەڵکی دڵسۆز و بە ئەمەگی کوردستان پیرۆز بێ.

لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو دا ڕادیۆ دەنگی کوردستان وێرای بە جێ گەیاندنی ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەیەکانی، دەنگی بەرز و مافخوازنەی گەلەکەی بووە و لە هەموو قۆناخەکانی سەختی خەبات و پێشمەرگانە دا ڕەچەشکێن و راستبێژ و بوێری ئەم ڕادیۆیە بۆتە هەوێنی خۆشەویستی نێوان خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان.

هەموو ئەوانەی کە لەم رادیۆ دا کار و ئەرکی حیزبی و پێشمەرگانەیان بەڕێوە بردووە، لە مرۆڤە خۆنەویستەکانی گەل بوون. کارگێرانی ڕادیۆ دەنگی کوردستان، هەر لە وتارنووس و هەواڵنێر و دەنگبێژوە بگرە تا بەشی فەننی و تکنیکی و بەشی پاراستن و بەشی هەڵکردن “وەشان” و کارەکانی دیکەی یەکدڵ و یەکدەنگ و یەک نەفەس، لە ژێر گەرمای تاقەت پروکێن و تەوژمی با و باران و سەرما، لە ژێر ڕەهێڵەی بۆمبارانی فرۆکەکانی ئێران و شریخەی گوللە تۆپ و خۆمپارە و هێرشی جۆراوجۆردا کاریان کرد و خەمیان تەنیا خەمی ڕانەوەستانی رادیۆ دەنگی کوردستان بوو.

کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێبەری سەر بە رادیۆ شەو و ڕۆژیان دەکردە یەک بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا ڕادیۆ دەنگی کوردستان میوانی مووچە و مەزرا و ماڵ و دووکان و دانشگا و شوێنە گشتی‌یەکان بێ و ئەوەش لە دیارترین پەیامی شۆڕش و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.

لە چل ساڵەی ڕادیۆ دەنگی کوردستان دا جوانترین پیرۆزبایی لە کارگێرانی ئێستای ڕادیۆ، لە کارگێرانی پێشووی ڕادیۆ و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە خەمیان لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان خواردەوە و هیوادارم کە ئەوانەی زیندوون و لە هەر شوێنێکی ئەو دونیایە دەژین هەردەم ساخ و  سەربەرز بن و ئەوانەی شەهید بوون و یا کۆچیان کردووە ڕووحیان شاد و ڕێگای خەباتیان پڕ ڕێبوار بێ.

حەمەرەسووڵ کەریمی