لویس کارۆل کەڵەنووسەری چیرۆکی منداڵان. رەزا شوان

لویس کارۆل، نووسەری چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) یەکێکە لە نووسەرە بەناوبانگەکانی ئینگلتەرا و جیهان لە بواری چیرۆکی منداڵان.

(لویس کارۆل) نازناوی خوازراوی ئەدەبییەتی، هەر بەم ناوەشەوە چیرۆکەکانی و نووسینەکانی تری بڵاوکردۆنەتەوە، ناوی راستیی (چـارلز لوتۆیدیگ دۆدسون)ە.
لویس کارۆل لە (٢٧/ یونایەر/ ١٨٣٢) لە دێی (دیرسبۆری) لە شیشیار لە ئینگلتەرا لە خێزانێکی ئاینی لە دایکبووە، حەوت خوشک و چوار برابوون، لویس منداڵی سێیەمی خێزانەکەی بوو.. منداڵێکی ژیر و بەهرەمەند و داهێنەر و بزیۆ بوو، کەمێک سەر زمانی دەگرت، گوێیەکی کەربوو، فێ دەگرت، دەمارگرژبوو،بیرکزبوو، زۆر جار لەبەرخۆیەوەوڕینەی دەکرد و قسەی هەلەق و مەلەقی دەکرد، گەلێ جار شتەکان و گیانەوەرەکانی لە قەوارەیخۆیان گەورەتر یا بچووکتر دەهاتنە خەیاڵی، ئەم راستییەش لە چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیسلە لە وڵاتی عاجباتییەکان)دا رەنگی داوەتەوە، ئاژەڵەکان و باڵندەکان لە قەوارەی خۆیان گەورەترن. لویس هەر لە منداڵییەوە منداڵانی خۆشدەویست و حەزی بەوە دەکرد، کە بە چیرۆک و بە قسەی خۆش دڵخۆشیان بکات.
هەر ئەمەش لای بوو بە هەوێنی حەز و خەیاڵی نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان.
لویس کارۆل لە ساڵانی یەکەمی منداڵییدا، لە ماڵەوە فێربوو، لە تەمەنی(١٢) ساڵیدا چووە قوتابخانەی تایبەتی، لە ماتماتیکدا زۆر زیرەک بوو.. لەبەر زیرەکی لەم بوارەدا،
خەڵات کرا، کە لەسەر ئەرکی حکوومەت لە زانکۆدا درێژە بە خوێندنی ماتماتیک بدات.
لویس کارۆلی، چیرۆکنووس، رۆماننووس، شاعیر، وتارنووس، زانایەکی ماتماتیک، وێنەگرێکی فۆتۆگرافی.. بێجگە لە چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) دا، چەند رۆمانێکیتریشی نووسیوە، کۆمەڵەشیعرێکی گاڵتەئامێز و شیعری ئاسایشی نووسیوە، چەند دەستنووسێکی دەبارەی ماتماتیک و ئەندازیاری و جەبر هەیە، کە هەندێکیان تائەمڕۆش چاپ نەکراون.. لویس کارۆل، ئارەزوومەندێکی گرتنی وێنەی فۆتۆگرافیش بوو.. بە زۆریش وێنەی منداڵانی گرتووە.
لویس کارۆل لە ساڵی (١٨٥٤) لە کۆلێژی(کریست تشیرش) لە زانکۆی (ئۆکسفۆرد) بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ماتماتیکدا وەرگرت و، هەر لە هەمان کۆلیژدابوو بە مامۆستای وانەبێژی ماتماتیک، زۆربەی ژیانی لەم پیشەیەدا بەسەربرد.
لویس کارۆل چۆن چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)ی نووسی؟
لە رۆژی(٤/ یولی/ ١٨٦٢) لویس کارۆل لە گەڵ هەرسێ کچەکەی رازگری کۆلێژەکەی (کریست جۆرج هێنری لیدڵ) کە ناویای کچەکانی (رینا:١٣ساڵ) و(ئەلیس:١٠ساڵ) و
(ئیدیس:٨ساڵ) بوون.. هەموویان سواری بەلەمێک بوون و چایان دەخواردەوە و لە رووباری(تایمز)دا گەشتیان دەکرد، ئەلیس داوای لێکرد کە چیرۆکێکیان بۆ بگێڕێتەوە، لویس کارۆل کوتوپڕ بیرۆکەی چیرۆکێکی ئەندێشەیی بۆ هات، هەر (ئەلیس) شی کرد بە پاڵەوانی چیرۆکەکەی. ئەلیس داوای ئەوەشی لێکرد کە چیرۆکەکەی بۆ بنووسێتەوە.
لویس کارۆل، داواکەی ئەلیسی هێنایەدی، دوای گۆڕانکاری و زیادخستنەسەری، چیرۆکەکەی نووسییەوە و هەر خۆشی کۆمەڵێک وێنەی بۆ کێشان، لە پێشا کتێبەکەی لە ژێر ناوی (سەرکێشییەکانی ئەلیس لەژیر زەوی) دا بوو.. لە ساڵی (١٨٦٤) دا لەجەژنی(١٢) مینی لە دایکبوونی ئەلیس، کتێبە دەسنووسەکەی پێشکەش بە ئەلیس کرد.. دواتر ناوی کتێبەکەی گۆڕیبە سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)
لە ساڵی(١٨٦٥)دا سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)دا، بۆ یەکەمین جار چاپکرا.. تا ئەمڕۆ زیاتر لە سەد جار ئەم کتێبە بە زمانی ئینگلیزی چاپکراوەتەوە، ئەم کتێبە بوو بە یەکەمین کتێبی چیرۆکی منداڵان لە ئینگلتەرادا و، چیرۆکی ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان بوو بە وێردی سەر زاری منداڵ و گەورەکان لەو وڵاتەدا، لە ساڵی (١٩٣٢)دائەم کتێبە بوو بە یەکێک لە بە ناوبانگترین کتێبی چیرۆک بۆ منداڵان لە جیهاندا، یەکێکیشە لەو کتێبانەی کە زۆرترین ژمارەی لێفرۆشراوە.. تا ئەمڕۆ ئەم کتێبە وەریان گێڕاوە بۆ زیاتر لە هەشتا زمانی جیهانی.. کراوە بە فیلمی کارتۆن و بە فیلمی سینەمایی و بە چەندین زمانی جیهانی دۆبلاج کراوە.. بە شێوەیەکی ئاسانتریش داڕێژراوە و بەشانۆگەری و شانۆی بووکەڵەش، بە زمانە جیاوازەکان نمایش کراوە.
ناوبانگ دەرکردنی چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) بوو بە هاندەر بۆ لویس کارۆل. ئەوەبوو کە دەستی کرد بە نووسینی بەرگی دووەمی لەژێر ناوی (روانین لە میانەی ئاوێنەوە) یا ( روانین لە میانەی شووشەوە). کە لەساڵی (١٨٧١) دائەم کتێبەشی چاپکرد.. رۆمانێکیشی لەژیر ناوی( چەنەبازی) دا چاپکرد.
ئەلیس کێیە؟
(ئەلیس هێنری جۆرج لیدڵ) کەسێتییەکی راستییە، کچۆڵەیەکی گەنم رەنگی (١٢) ساڵان بوو، کچی عەمیدی کۆلێژی(کوست تشیریش) بوو، زۆر خۆی دەبردە پێشەوە و، خۆی لای لویس کارۆل شیرین کردبوو.(ئەلیس لیدڵ)لەو چیرۆکە کلاسیکییە بێوێنە و بێ دیالۆگانە بێزارببوو، کەدایکی بۆی دەگێڕانەوە یا دەخوێندنەوە.. بێزاری ئەلیس، بوو بە هەوێنی بیرکردنەوە و خەیاڵی لویس کارۆل، ئەم بیرکردنەوەیەش لەو چیرۆکەدا بەرجەستەبوو، کە ئەلیسیکرد بە پاڵەوانی چیرۆکێکی ئەندێشەیی فەلسەفی و لەژێرناوی(ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)دا دایڕشت.. چیرۆکەکەش بەوە دەست پێدەکا:

ئەلیس خەریکی گوڵ چنین بوو، بۆ ئەوەی تاجەگوڵینەیەک دروست بکات و بیخاتە سەری، لەم کاتەدا کەروێشکێکی گەورەی چاومێخەکی، بەروانکەیەکی لە بەردابوو، کاتژمێرێکی لە گیرفان دەرهێنا وسەیری کرد و بەرەو کونەکەی رایکرد.. ئەلیس لە دیمەنی کەروێشکەکە سەرسام بوو، چونکە پێشتر کەروێشکی وای گەورە و سەیری نەبینیبوو.. یەکسەر بە دوایدا رایکرد و کەوتە ناو لانە گەورەکەی کەروێشکەکەوە.. کە هەستایەوە لە جیهانێکی خەیاڵیی عاجباتیدا خۆی دۆزییەوە، گوڵ و ئاژەڵ و باڵدەکان لە قەوارەی ئاساییگەورەتربوون وەک مرۆڤیش دەدوان، هەموو شتەکانیش جیاوازبوون.

ئەم چیرۆکە بە چەندین سەرکێشیدا تێدەپەڕێت.. ئەوە دەردەخات کە ئەوەی لە خەیاڵدان لە راستیدانین.. ئەلیس لەم وڵاتەدا دەڕوا و دەگەڕێ و دەڕوانێت،شتی عاجباتی دەبینێت (داوەڵێک و شێرێک و پیاوێکی ئاسن) دەبینێت.. هەموویان پێکەوە دەچن بۆ لای جادووگەرێک، بۆ ئەوی یارمەتییان بدات.. شێرەکە ئازایی دەویست، پیاوە ئاسنەکە دڵی دەویست، داوەڵەکەهۆشی دەویست، بەڵام ئەلیس گەڕانەوەی بۆ ماڵی خۆیان دەویست.
جیاوازی چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان):
لویس کارۆل ئیلهامی لە ئارەزوویئەلیس و لە خودی منداڵانی ترەوە وەرگرت، کە لە چیرۆکی کلاسیکی ئامۆژگاری و پەند و تەلقین ئاسایی بێزاببوون چونکە تەنها جەختیان لەسەر رەوشت و گوێدێری و ڕێنمایی گەورەکان دەکردنەوە، یالە یاسا ولە نەریتە باوە کۆمەڵەەتییەکان لانەدەن.. خواست و خەون و ئارەزووەکانی منداڵانیان بە لاوە نابوون.
سەرکێشییەکانی(ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)چیرۆکێکی فەلسەفی و فەنتازییە، ئەم چیرۆکە خاڵێکی وەرچەرخانە لە ئەدەبی منداڵاندا، لویس کارۆل کودەتایەکی بەسەر ئەو رێباز و شێوازە کلاسیکییە چەقبستووانەدا کرد، کە منداڵان لێیانوەرست و بێزاربوون.لویس کارۆڵ جورە چیرۆکێکی جیاواز و دژەباوی نووسی، لە میانەی ئەلیسی بچکۆلەی پاڵەوانی چیرۆکەکەوە..ئەندێشە و شادی بەسەر بازوودا سەرکەوتن.. ئەم چیرۆکە متمانە و ئازادی و ئازایی بە منداڵان دەبەخشێت، کە خۆیان رووبەڕووی ئەو کێشانە ببنەوە کە دێنە رێیان، پێویستە خۆیان چارەسەر و رێگەی سەرکەوتنیان بدۆزنەوە.
ئەلیس منداڵێکی ئاساییە و هیچ توانایەی بەدەری نییە.. بەڵام لە رووبەڕووبوونەوە ناترسێت، ئەوەش رەتدەکاتەوە کە پێبەندبێت بە یاسای کەسانی تر، بە تایبەتیش گەورەکان، یا ئەوانەی لەو زەبەلاحتر و بە دەسەڵاترن.
لویس کارۆل لە ڕێی ئەم شاکارە ئەدەبییە جیهانییەی بۆ منداڵان، ناوبانگی دەرکرد.
ئەمساڵ (١٥١) ساڵ بەسەر چاپکردنی( ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان )دا تێپەڕی، بەڵام تا ئەمڕۆش، چێژ و خۆشیی ئەم چیرۆکە کاڵنەبۆتەوە، منداڵان بە پەرۆشەوە گوێی لێدەگرن یا دەیخوێننەوە، یا بە فیلمی کارتۆن و سینەمایی و شانۆ دەیبینن.

لویس کارۆل، پێش جەژنی (شەست و شەش) ساڵەی لە دایکبوونی، تووشی نەخۆشی ئەنفلۆنزایەکی قورس دەبێت، سییەکانی دەگرێتە و بریندار دەبن.. هەر بەم نەخۆشییە لە
(٤/ یونایەر/ ١٨٩٨) داکۆچی دوایی کرد.
رەزا شوان