٢٥مین کۆنگرەی ڕیکخراوی ئێس ئای، بە جێگیر کردنی خاڵێک دژ بە ئێران لە بڕیارنامەکەیدا کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا

پاش چوار ڕۆژ کاری بەردەوام و باس و ڕاوێژ و پێشکەش کردنی دەیان وتار و بابەتی گرینگ، کۆنگرەی گەورەترین ڕیکخراوی غەیرە حکومەتی جیهان، ڕیکخراوی سوسیال ئینتێرناسیۆناڵ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی، بە ئامادە بوونی زۆرینەی ئەندامانی ئەسڵی، جێگر و راوێژکارانی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە کە لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە لە شاری کارتەگینا،ی کۆلۆمبیا کۆببوونەوە دوایین وتار و بڕیارنامەی کۆتایی ٢٥مین کۆنگرەی سوسیال ئینتێرناسیۆناڵ پێشکەش کران. درووشـمی سەرەکی ئەو کۆنگرەیە ” بۆ دنیایەک لە سەر بنەمای یەکسانی” بوو. بە درێژایی ٣ کاری کۆنگرە، زۆرینەی ئەندامانی بەشداران وتار و بابەتی گرینگ و سەرنج ڕاکێشیان سەبارەت بە بارودۆخی وڵاتەکانیان و ڕەوشێ نالەباری جیهان، هەژاری و کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان پێشکەش کرد.
لە بەرنامەی کاری ڕۆژی سێهەم دا بەڕێزان ساڵح موسلیم لە پەیەدە، مەلا بەختیار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و عەزیز تالانی لە پارتی ئازاد کوردستان- سوریە وتاریان پێشکەش کرد. هاوکات بەڕێز کاک خالید عەزیزی ئەندامی ڕێبەری و سەرۆکی هەیئەتی حیزب لەو کۆنگرەیە دا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنی تایبەتی کۆنگرە دا ڕێکخست کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک فەیسبووک و تویتەر و کاناڵی تایبەتی سەتالایت بۆ هەموو جیهان بڵاو دەکرایەوە.
بەڕێز خالید عەزیزی لەو چاوپێکەوتنەش دا بۆ جارێکی دیکە هەوڵی دا سەرنجی خەڵکی جیهان و بینەرانی ئەو کاناڵە بۆ لای دۆزی رەوای کورد و پێشێلکارییەکانی ڕژیمی ئیسلامی دژ بە کورد و هەموو گەلانی ناوچەکە ڕاکێشێ.
لەو کۆنگرەیە دا چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی بەشدار بوون و هەر یەکە و لای خۆیەوە هەوڵیان دا کە لە بابەت و وتارەکانیان دا سەرنجی بەشداران بە لای دۆزی رەوای گەلەکەمان و داواکاری و ویستی کورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی ڕاکێشن. ئەو حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییانەی کە لە ٢٥مین کۆنگرەی سوسیال ئینتێرناسیۆناڵ دا بەشدار بوون بریتی بوون لە: لە رۆژهەڵاتی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کۆمەلەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
لەباشووری کوردستان
یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان
لە کوردستانی رۆژئاوا:
پەیەدە
پارتی ئازادی کوردستان – سوریە.
هەیئەتی نێردراوی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بەشێ ڕۆژهەڵات، لە وتار و دیدار و چاوپێکەوتنەکانیان دا هەوڵیان دا کە ئاگاداری زیاتر سەبارەت بە زەبر و زەنگی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەت مافی تاکی کورد لە کوردستانی بەشی ئێران و هاوکات دەستدرێژی و دەست تێوەردانەکانی ئەو ڕژیمە لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دەورووبەر و پشتیوانی بەردەوامی لە تێرۆریستی نێودەوڵەتی بۆ ئامادەبووان بە باشی ڕوون بکەنەنەوە. هەر ئەو هەوڵ و تێکۆشانەش بووە هۆی ئەوەی کە خاڵێک بۆ مەحکووم کردنی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، لە بڕیارنامەی کۆتایی کۆنگرە دا جێگیر بکرێ.
لە ڕاگەیەندراوی کۆتای دا سەبارەت بە ئێران هاتووە:
سۆسیالیست ئەنترناسیونالی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە خراپی بارودۆخی مافی مرۆڤ و مافەکانی دێموکراتیك لە ئێران دەربری. هاوکات هەر چەشنە تەبعیز و هەڵاواردن دژی کورد محکوم دەکاو پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد لە ئێران رادەگەیەنی.
پێویست بە ئاماژەیە کە لە پەراوێزی کاری کۆنگرە دا هەیئەتی حیزبی توانیان لەگەڵ چەندین کەسایەتی سیاسی و نوێنەری حیزب و ڕێکخراو و وڵاتانی بەشدار دا دیدار و چاوپێکەوتن ڕێکخەن و باس و ڕاوێژیان لەگەڵدا بکەن.
جێگەی باسە کە هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ٢٥مین کۆنگرەی ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالیست پێک هاتبوون لە هاوڕێیان خالید عەزیزی ئەندامی ڕیبەری حیزب، مەولوود سوارە ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزب لە ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالیست و کامەران باڵنوور نوێنەری حیزب لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا.

نوێنەرایەتی حیزبی دێـموکراتی کوردستان لە ئەنترناسیونالی سۆسیالیست
٥ی مارسی ٢٠١٧
کۆلۆمبیا- کارتەگێنا

بەشێک لە وێنەکانی کۆنگرەی ئینترناسیۆنال سوسیاڵیست