پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ٨ی مارس

خەڵكی تێكۆشەری كوردستان
ژنانی ئازادیخواز و دەروەستی نەتەوەی كورد
بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی نێونەتەوەیی ژنان گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە ئێوە بەشدارانی ئازیز،یەکسانیخوازانی ژن و پیاو لە سەرانسەری جیهان و بە تایبەتی ژنانی کورد دەکەین .

بەڕێزان :
خەبات بۆ ئازادی و وەدیهاتنی دادپەروەری و رێز گرتن لە بەها مرۆڤایەتیەکان مێژوویەكی دوور و درێژ، پر كەند و كۆسپ و پڕ لە گیانفیدایی و قوربانیدانی هەیە، لەو نێوانەدا خەباتی ژنان بۆ وەدستهێنانی سەرەتاییترین مافەكان و پێكهێنانی كۆمەڵگایەكی یەكسان بۆ ژن و پیاو، گەلێك لاپەرەی زێرینی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار كردووە.
یەكێك لەو رۆژە مێژووییانەی كە ژنان بە گشتی و پیاوانی پێشكەوتوو و هەڵگری بیری نوێخواز، لەچوارچێوەی خەباتی ژنان لە پێناوی سەربەستی و یەكسانیدا بەرزی دەنرخێنن، رۆژی ٨ مارس، رۆژی جیهانی ژنانە..بە ئاوەڕ دانەوەیەکی کورت لەم یادە، ئەو راستیەما
ن بۆ دەردەکەوێت کە دیاری کردنی ئەو رۆژە بۆ رۆژی نێونەتەوەیی ژنان بە چەندین قۆناخ‌و لە هەل‌و مەرجی دژوار دا بڕیاری لەسەر دراوە.
لە وەها رۆژێكدا، لە ساڵی ١٨٧٥ی زایینی، ژنانی كرێكاری كارخانەی رستن و چنینی شاری نیویۆركی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئامریكا بە نارەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە كەمیی موچە ، رێپێوانێكی هێمنانە بەرێوە دەبەن و بەداخەوە پۆلیس بەروروویان دەبێتەوە و كۆمەلێكیان لێ‌بریندار دەكات و کۆمەڵێکیان لێ شەهید دەکەن،. لەو ساڵە بەدواوە ئەم حەرەكەتە بەردەوام پەرە دەستێنێت تاكوو ساڵی ١٩٧٧ ، یونسكۆ رۆژی٨ی مارس، وەك رۆژی نێونەتەوەیی ژنان رادەگەینێت و لەو ساڵەوە هەتا ئێستا بەم بۆنەیەوە رێز لە ژنان و خەبات و تێكۆشانیان دەگیردرێت.
لەكاتێكدا ئەم ساڵ یادی ٨ی مارس دەكەینەوە كە ژنانی ئێران بەگشتی و ژنانی كورد بە تایبەتی لە سەرەتاییترین مافەكانی خۆیان بێبەشن و لەوەش زیاتر ژنانی نەتەوە بندەستەكانی ئێران وەك شارومەندی پلە ٢ لێیان دەرواندرێ‌. لە یاسای بنەرەتی حكوومەتی دواكەوتووی ئێراندا، دەیان قەید و بەند بۆ ژنان دانراوە كە لە سەرەتاییترین مافە ئینسانیەكان بێبەشیان دەكات. بەڵام بە لە خۆبوردووییی ژنان‌و کچان‌و بەرخۆدان‌و تێکۆشانیان بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا، سەرکەوتوو نەبوە، بۆیە پێویستە بە ئومێدی زیاتر بڕوانینە خەباتی مەدەنی‌و چالاکییە بوێرانەکانی ژنان لە هەموو بوارەکانی نێو کۆمەڵگای داخراو لە ئێران دا.
ئەمرۆ رۆژی پەیمان تازە کردنەوەیە بۆ خەبات بۆ ئازادی ومافەکانی ژنان . مەعلومە ئەم رۆژە رۆژی خەباتی بزوتنەوەی ژنانە دژ بە چەوسانەوەی نیزامی سەرەرۆیانەی سەرمایەداری کە لە ئەمریکا ژنان هەقدەستیان پێ نەدەدان و مافیان دەخوورا. بەڵام بەداخەوە ئەمرۆکە تەنها ژنان لە رووی چینایەتیەوە بێ مافیان پێ ناکرێت بەڵکو ئازارو ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژرێن . چەوسانەوەی ژنان لە کۆمەڵگاکاندا جیاوازە و بەشێوازی جۆراجۆر سوکایەتیان پێ دەکرێت یان دەکوژرێن . دەکرێت هەموو رۆژەکان بکەینە رۆژی نارەزایەتی دژ بە چەوسانەوەی ژنان ، بەڵام ئەمرۆ وەک رۆژێکی مێژووی سەیر دەکرێت ولەم رۆژەدا ، ژنان وپیاوانی یەکسانی خواز لەم رۆژەدا پەیمان تازە دەکەنەوە دژ بە چەوسانەوەی ژنان خەبات بکەن و هەموومان لەم ریگایەدا هەوڵ دەدەین تا مافەکانی ژنان دەستەبەر نەبێت ، نەوەستین .
بەڕێزان :
ژنانی کورد سەلماندوویانە کە تێکۆشان بۆ ئازادی و رزگاریی خۆیان لە چەوسانەوە و بێبەشی، بە بەشێکی جیانەکراوە لە خەباتی گەلەکەیان بۆ ئازادی و دابینکردنی مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی دەزانن، هەربۆیەش لە ریزی حیزبە سیاسییەکانی کورد رێکخراوە ناحکوومییەکان و بەگشتی لەهەر مەجالێکدا بۆیان بگونجێ، شان بە شانی پیاوانی کورد فیداکاری دەکەن و قوربانی دەدەن.
ئێمە وەک یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لەو یادە پیرۆزەدا وێرای بەرز نرخاندنی خەبات و تێكۆشانی ژنانی ئێران بەگشتی و كوردستان بە تایبەتی رادەگەینین كە پێویستە ئێمە ژنانی كورد یەكگرتووانە و كۆڵنەدەرانە، بە جیاوازی فیکریەوە، لە رێگای وەدەستهێنانی سەرجەم مافە نەتەوەیی و ئینسانیەكانمان هەنگاوەكانمان شێلگیرتر لە رابردوو هەڵگرین و ئاواتەخوازین بە هاوكاری سەرجەم ژنان و پیاوان و رێكخراوە مودێرن و پێشكەوتوخوازەكان كۆمەڵگایەكی یەكسان و پڕ لە جوانی بنیات بنێین.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
١٦ رەشەممەی ١٣٩٥
٠٦ مارس ٢٠١٧