کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان مام مراد هەمزەیی لە وڵاتی سوئێد.

مراد هەمزەیی خەڵکی بەردەقەل لەبەری لاجان لە ناوچەی پیرانشار کوڕی حاجی محەممەدی هەمزەی بوو. ناوبراو پێشمەرگەی هێزی ئەفشینی حدکا بوو. ساڵی ١٩٨٢ لە شەڕێکی ناوچەی نەغدە بریندار دەبێ و بە دیل دەگیرێ.

مراد سێ ساڵ لە زیندان بە برینداری و بێ ئەوەی حەول بۆ چارەسەری زامەکانی بدەن، لە زیندان رایدەگرن و کەس هیچ هەواڵێکی لە مراد نابێ و پێیان وایە شەهید بووە. دوای سێ ساڵ مراد کە برینەکانی قورس دەبن و لە زیندان پێی ڕاناگەن، لاقێک و دەستێکی دەبڕنەوە و دواتر ئازادی دەکەن. ساڵی ١٩٨٥ مراد خۆی دەگەیەنێتە نێو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرت و ئەوانیش دەینێرنە نەخۆشخانەی شۆڕش لە گوندی دەشتێوی بناری کێوی ئاسۆس لە ناوچەی قەڵادزێ. هەر ئەو ساڵە حیزبی دێموکرات، مام مراد و چەند پێشمەرگەی دیکە بۆ چارەسەر دەنێرێتە وڵاتی سوئێد و لەو کاتەوە تا رۆژی کۆچی دوایی لە شاری لینشۆپینگ لە سوئێد مایەوە.
پیشمەرگەکان مرادیان خۆشدەویست و ناویان نابوو ” مام مراد”. بەداخەوە مراد بە نامرادی و دوور لە کەس و کار و ئازیزانی لە غوربەت سەری نایەوە.
b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_mam_mrad_2.jpgبەم لەتبوونەی دوایی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مام مراد زۆری خەفەت دەخوارد و هیوای یەکبوونەوەی حیزبی دەخواست. زۆر بەداخەوە مام مراد لە یەکێک لە بنکە خزمەتگوزاری‌یەکانی پیر و بە ساڵاچووان لە شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوئێد دوای ماوەیەک نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

بە بۆنەی کۆچی دوایی مام مراد هەمزەیی پێشمەرگەی تێکۆشەری ریزەکانی دێموکرات و یەکێک لە کەم ئەندامانی سەنگەری بەرگری لە کوردستان، سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و خزم و کەس و کاری و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە نزیکەوە لەگەڵی لە پەیوەندی دابوون. ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ،

ماڵپەری گیارەنگ