لە پەراوێزی ٨ ی مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان دا. حەمەرەسووڵ کەریمی

لە مێژووی پڕ لە ڕووداو و پڕ کارەساتی دەوروبەری خۆمان و جیهان دا ، گەلێک ڕۆژ و بۆنەی جۆراوجۆر و تایبەتی هەن کە لێ وردبوونەوە و خوێندنەوە و ڕێزگرتنیان دەتوانێ ڕەنگدانەوەی تایبەت بە خۆی لە سەر کۆمەڵگای ئەمرۆی کوردستان هەبێ.

ڕێزگرتن لە بۆنەیەکی تایبەتی نە تەنیا زروورەتێکی مێژووی‌یە، بەڵکوو یادکردنەوە و ڕێزگرتنی ئەو ڕووداوە و یا ئەو مێژووە، دەبێ ببێتە دەرفەتێک بە دژی دیکتاتۆری و هاوکاتیش ووزە ببەخشێ بە هەموو ئەو کەسانەی کە خەبات بە دژی زۆرداری و چەوسانەوە دەکەن.
یەکێک لەو ڕۆژە مێژوویانەی گەلانی جیهان ڕۆژی ٨ ی مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنانە. ئەم ڕۆژە وێرای ئەوە کە باس لە خەباتی یەکسانیخوازی و ئازادی دەکات ، لە هەمان کاتدا تێکۆشەران و ئازادیخوازن ، وەبیر خەباتی لە پسان نەهاتووی ژنانی گەلانی دیکەی جیهان بۆ ئازادی ، یەکسانی و وەدیهێنانی مافەکانی خۆیان دەخاتەوە. لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوو دا ژنان بە گشتی خەباتی خۆیان ئۆرگانیزە و بە ڕێکخراو کردووە و بۆ وەدەست هێنانی مافەکانی خۆیان لە هەموو دەرفەتێک کەڵکیان وەرگرتووە. ئەمرۆ ژنان بە ئاوڕدانەوە لە ژنانی پێشەنگی وەک کلارا زیتکین کە لە ساڵی ١٩١٠ی زائینی دا بۆ یەکەم جار خۆپێشاندانی بە دژی ناعەداڵەتی و نایەکسانی و نابەرابەری ڕێکخست ، ئەوە خەباتی خۆیان چڕوپڕتر کردووە و بە بێ گوێدان بە هەڕەشە و ئازار و ئەزییەتی دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر ، خەباتی خۆیان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، ئابووری ، مەدەنی و مێدیایی دا بەو پەری لێهاتووی‌یەوە بەرێوە دەبەن.
ئەگەر لە لایەک دەسەڵاتداران بوونە هۆ و بەربەستی گەشەی کاری و هاتنە مەیدانی زیاتری ژنان، ئەوە لە لایەکی دیکەشەوە کولتوری پیاوسالاری لە کۆمەڵگا دا بۆتە هۆکارێکی دیکەی گەشەی ژنان. لە سەریەک ئێستا ژنان بە ماف و ویستەکانی خۆیان ئاشنان و زۆرێک لە ژنان قۆڵی هیممەتیان هەڵماڵیوە بۆ ئەوەی زیاتر بدرەوشێنەوە و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا شان بە شانی پیاوان و بگرە زیاتریش لە مەیدانە جۆراوجۆرەکان دا دەدرەوشێنەوە.
هەموو ئەو کۆمەڵگا جیهانی‌یانەی کە ئەمڕۆ وەک وڵاتانی پێشکەوتوو بە ئەژمار دێن ، ئەوە بێ شک ڕۆڵ و نەخش و کاریگەری ژنانی بوێری کۆمەڵگایان تێدا ڕەنگ دەواتەوە، هەر کۆمەڵگایەک بیهەوێ ژن لە پەراوێز بخات بێ‌شک ئەو کۆمەڵگایە زۆربەی دەرگاکانی ئازادی و یەکسانی بە ڕووی خۆیدا داخستوون و ئەوەش هەم کۆمەڵگاکە وەدوا دەخا و هەمیش پێشێلی جاڕنامەی گشتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە. ئەو کۆمەڵگایانەی کە ژن وەک ئامرازێک بۆ نێوماڵ و بۆ بنەماڵە چاو لێدەکەن بێ گومان ئەو کۆمەڵگایە، ناتوانێ باس لە ئازادی و لە یەکسانی نێوان ژن و پیاو بکات ، ئەمرۆ مافەکان بۆ ژن و پیاو و بۆ دانیشتووانی کۆمەڵگا لە جاران زیاتر ڕوون و ئاشکران، هەر بۆیە ژنانی جیهان بە گشتی و ژنانی کوردستان قەبووڵی نابەرابەری و نایەکسانی ناکەن و چیدی خۆیان بە پاشکۆی کۆمەڵگا و پیاوان نازانن و هاوکاتیش خۆیان نەک پێ مرۆڤی دەرەجە دوو نییە بەڵکوو لە زۆر بواردا پێشەنگی کاری هەرەوەزی و کاری ڕێکخراوەیی و کاری مەدەنین.
ئەگەر لە هەندێک وڵاتی ئیسلامی و یەک لەوان ئێران بە هۆی ئایین و کولتور و بە هۆی دواکەوتوویی ، پێش بە ڕەوتی بەرەو پێشچوونی ژنان گیراوە و نەیانهێشتووە بە ئارەزووی خۆیان لە کۆمەڵگا دا بە مەبەستی گەشە هەنگاو بەرەو پێش هەڵبێننەوە، ئەوە ژنانی بوێر و چاوکراوە بە هۆی بردنە سەری پلەی زانیاری خۆیان توانیویانە لە زۆر شوێن و لە زۆر بواردا خۆیان دەربخەن و سەرکەوتنەکانی خۆیان بە گوێی دەسەڵاتدارانی ئایینی ئێران بگەیێنن. ژنان لە ئێران و لە کوردستان دا زۆر سەردەمیانە خەبات بە دژی یاسا کۆن و دارێژراوەکانی دەستی مرۆڤ و ئایین و کولتوری دواکەوتووانە دەکەن و لە مەیدانی کردەوەدا و لە هەموو دەرفەتەکان بە قازانجی خۆیان کەڵکیان وەرگرتووە. هاتنە مەیدانی ژنان وەک مامۆستای قوتابخانە، شاعیر ، نووسەر ، ژەنیاری موزیک، گۆرانیبێژ، وێنەکێش ، وەرزشکاری بە توانا، فیلم ساز ، مێدیاکار ، خوێندکاری سەرکەوتوو ، ئەندازیار و دوکتور و جیا لەوانەش وەک ژنی بوێر و نەترس و سیاسی‌کار نیشانەی چوونە سەری پلەی زانیاری ژنان نیشان دەدا، ئەمرۆ ژنانی ڕۆشنیر و ڕووناکبیر بە هاتنە مەیدانیان ژنیان لە قوژبنی ماڵ هێناوەتە دەر و چیدی ژنان خۆیان وەک ئامرازی کاری بنەماڵە و ساحەب کار و دەسەڵاتداران نابینن.
ژنانی کورد ئەمرۆ زیاتر لە ڕابردوو هەست بە بەرپرسایەتی دەکەن و شان بە شان پیاوی کورد لە زۆر بواردا هەوڵی بێ‌وچان دەدا و وەک جاران تەنیا خۆی بە مڵکی چواردیواری ماڵەوە نازانێ و لە کاتی تەنگانە و نەهامەتی دا وێرای پیاوان بەرەو بازاری کار و بەرەو کاری سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی دەچێ و لەوەش زیاتر بە هەڵگرتنی چەکی پێشمەرگایەتی و بەرگری لە خاکی نیشتمان زیاتر ڕێگا بۆ ئازادی نەوەی داهاتوو خۆشتر دەکات. ژنانی کورد ئەمرۆ پێشەنگی خەباتێکی بەرحەق و ڕەوای گەلەکەیانن و چیدی خۆیان بە کاری لاوەکی و تاقەت پڕوکێنی ڕابردووەوە خەریک ناکەن و زیاتر لە جاران هەوڵ بۆ خۆ ڕێکخستن و خۆ دەرخستن دەدەن و هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە دەسەڵاتدارنی ئێران بە گرتن و راودونان و هەڕەشە کردن ژنان چاوترسێن بکەن و لە گرتووخانەکانیش دا ئەوپەری بێ‌حورمەتی بە کەسایەتی و بە جەستەیانەوە بکرێ.
ژنانی کورد لە پێناو وەدەست هێنانی ئازادی و یەکسانی دا قوربانی زۆریان داوە ، هەر بۆیە ئەمڕۆ بە خوێندنەوەیەکی دیکە و بە شێوازێکی سەردەمیانە هاتوونە مەیدان و هەوڵ دەدەن کە هەموو کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێگای کار و خەباتیان تەخت بکەن.
دەسەڵاتدارانی زاڵ بە سەر کوردستان دا هەمیشە هەوڵی سەرکوت کردنی گەلی کوردیان داوە و لە ماوەی سەدەی ڕابردوو دا بە هەموو شێوەیەک بۆ سەرکوتی نەتەوەی کورد بە گشتی و ژنان بە تایبەتی لە هەموو ئامرازگەلێکی نائینسانی کەڵکیان وەرگرتووە. گەلی کورد بۆ ئەوەی کەیانی نەتەوەیی خۆی بپارێزی بە درووست کردنی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی بە گژ دەسەڵاتداران و دیکتاتۆرانی سەردەم دا چۆتەوە و نەیهشتووە کە بیری ئازادیخوازی نەتەوەی کورد لە بیر ژن و پیاو و لاو و گەنجی نیشتمان بچێتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکەم حیزبی سیاسی بە درووست کردنی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی کوردستان دەرگای بە ڕووی ژنان دا کردەوە بۆ ئەوەی خەباتی خۆیان لە چوارچێوەی ڕێکخراوەیی دا بەرێوەبەرن و ئەوەش بوو بە سەر فەسڵێکی نوێ بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو ژنانەی کە ڕوانگە و بیروبۆچوونی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو ڕێکخراوەیە دا دەدیتەوە. لە دوای درووست بوونی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و خەباتی نەپساوەی ئەو ڕێکخراوەیە لە تەنیشت حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بە خۆشیەوە بە سەدان ژن و کچی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ڕێکخراوەیەدا خەباتیان بە دژی ناعەداڵەتی و نایەکسانی لە کۆمەڵگا دا کردووە و دواتریش لە ژێر هێژموونی ژنانی پێشەنگ دا چەکی پێشمەرگایەتیان لە شان کردووە.
ژنانی نێو ڕیزەکانی شۆڕش و بە تایبەت لە نێو ڕیزەکانی حدک دا، لە هەموو بوارەکانی پێشمەرگایەتی دا ، لە سەنگەری بەرگری و هێرش ڕا بگرە تا کاری قورسی نەخۆشخانە، چاپەمەنی، تەلەفونخانە، بەرێوەبەری ئۆرگان، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن ، ئەمنییەت و پاراستن دا ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان گێراوە. ژنانی نێو شۆڕش بە هەوڵ و هیممەت و ئیرادەی پتەوی خۆیان قۆناخەکانی خەباتی شاخ و کەمپیان بە سەربەرزی بڕیوە و لە هەموو ئەو قۆناخانەش دا بە لێزانی و لێبراوی خۆیان توانیویانە پلەکانی بەرپرسایەتی یەک بە دوای یەکدا ببڕن و تەنانەت لە ڕادەی سەرەوەدا و لە ڕێبەری حیزبدا جێگا و پێگەی خۆیان ببیننەوە.
هەر ڕێکخراوێکی سیاسی لە حاڵی خەبات و تێکۆشان و بەریوەبەری و دەسەڵاتدا ، ژنان وەک نیوەی کۆمەڵ لەبەرچاو نەگرێ، ئەوە بێ‌شک ئەو ڕێکخراوەیە ، ڕێکخراوەیەکی داخراوە و ناتوانێ ویست و داخوازی هەموو کۆمەڵگا وەدی بێنێ و لە هەمان کاتدا ناتوانێ ببێتە نوێنەری هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا، هەر بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی خاوەن ئەزموون و خاوەن پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا ، لە بەشێک لە بەرنامە و ئامانجەکانی خۆی بۆ یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو دا و لە فەسڵی پێنجەم دا (پڕنسیپ و ئەرکە گرینگەکانی کۆماری کوردستان ) و لە ماددەی هەژدەهەم دا : یەکسانیی ژن و پیاو دا ئاماژە بەو خاڵانەی خوارەوە دەکا و بە پشت بەستن بە باوەری یەکسانی خاڵەکان ڕوون دەکاتەوە:
١ ـ حکوومەتی کۆماری کوردستان بە لەبەر چاوگرتنی بەندەکانی پەیمانی نێونەتەوەیی بۆ نەهێشتنی هەر جۆرە هەڵاواردنێک بە دژی ژنان، دابینکردنی یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە نێو خێزان و لە کۆمەڵ دا، و لە مەیدانی کار و دەسەڵات و بە گشتی لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئابووری‌دا، بە ئەرکێکی گرینگی خۆی دادەنێ و بەرنامەی چڕوپڕ لەو پەیوەندی‌یەدا دادەڕێژێ و بەڕێوەی دەبا.
٢ ـ کەڵک وەرگرتن لە میکانیزمەکانی تەبعیزی موسبەت وەک سیستەمی کۆتا لە هەڵبژاردنی پارلەمانی دا و دیاریکردنی ڕێژەیەکی گونجاو لە پۆستە بەڕیوەبەرییەکان بۆ ژنان یەکێک لە ڕێگاکانی گەیشتن بەو ئامانجە دەبێ.
ئاماژە کردن بەو خاڵانە بۆ ئەوەیە کە ژنی کورد و ژنانی دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن بە پشت بەستن بەو خاڵانە ، زیاتر لە بیری یەکسانیخوازی حیزبی دێموکراتی کوردستان نزیک ببنەوە و هاوکات هەوڵ بۆ درووست کردنی ڕێکخراوەی مەدەنی و کاری هەروەزی بدەن و خۆیان لەگەڵ ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان ڕێکبخەن و هەموو هەوڵەکان لە تاکەوە ببنە هەوڵی گشتی و بە لێک نزیکبوونە دەتوانین کاریگەری زیاترمان لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان و ڕەوتی مێژوو هەبێ.
لە کۆتایی دا هیوادارام کە هەموو ژنانی جیهان بە گشتی و ژنانی کوردستان بە تایبەتی بە ماف و ویستەکانی خۆیان بگەن و بە درووست کردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان پێش بە هەموو نابەرابەری و نا عەداڵەتی‌یەکانی دیکتاتۆران و دەسەڵاتدارانی خۆسەپێن بگیرێ.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٦٩٩