٨ی مارس تاقە یەک رۆژە من هەر ٣٦٥ رۆژەکەی ساڵم دەوێ. وەکوو تۆ!!! نەسرین

وەک باس دەکەن چەندین ساڵ لەوە پێش لە ئامریکا چەند ژن کە لە کارخانەیەکی رستن و چنین کاریان دەکرد بۆ بەرەنگاری لەگەڵ یاسای غەڵەتی ئەو شارە کە کارکێشانی بێرادە لە ژنان بوو بێ ئەوەیکە مافێکی یەکسانیان لەگەڵ پیاوان ببێ، بە دژی خاوەنکارەکانیان هەستان و چوونە سەر شەقام و رێپێوانیان بە دژی ئەو یاسایە کە بە هەموو شیوەیەک مافی ژنی پێشێل دەکرد، کرد و داوای مافی رەوای خۆیان کرد.
ئەوکات حەق و حقووقی ژنان چەند بەرابەر لە پیاوان کەمتر بوو. و ئەوە لە حاڵێک دا بوو کە ژنانی ئەو کارخانەیە بە چەندین بەرابەری پیاوانیان کار دەکرد و هەر بۆیە بۆ داوای مافی رەوای خۆیان (کە هەمان حقوقی بەرابەری حقوقی پیاوانە)کرد.
ئەوە ماوەی چەندین ساڵە کە هەموو ساڵیک لە رۆژی 8ی مارس دا ژنانی جیهان بۆ یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە، بەڵام ئێستاش ژنانێک هەن کە نەوەک حقوقیان بەرابەر پیاوان نییە، بەڵکوو بە هەزاران شێوەش مافێان پێشێل دکرێ. ژنان هەموو کات توانیوێنە وێرای پیاوان و هەنگاو بەهەنگاوی ئەوان بچنە پێشی و لە زۆر جێگاشدا سەرکەوتووتر بن، بەڵام لە هەمان کاتدا، لە زۆر جێگا بە زەعیفە، یان رەگەزی دووهەم باسیان لێدەکرێ. توانای ژن کەمتر لە توانای پیاو نییە بەڵکوو لەوانەیە لە زۆرجێدا زیاتریش بێ ، بەڵام ئێستاش لە زۆر جێدا حقوقی پیاو بە چەندین بەرابەر لە ژن زیاترە.
لە کوردستان ژنان لە باغ و مەزرا و کورەخانە و کارگای جۆراو جۆر کار دەکەن و ماندوو دەبن، بەڵام بێجگە لە خۆراک و پۆشاک هیچ لە حاسڵی کاری خۆیان نابینن.
لە کۆمەڵگەی ئێمە دا زۆر ژن هەن لە پێویستییان بە بەشەماڵ یان میراتی بابیان هەیە، بەڵام لە ترسی قسەی دەوروبەریان ناوێرن باسیشی بکەن . من بابێک دەناسم کە بە کاری کورەخانەو بژار و دەسکەنەی ٥ کچەکەی، کەچە خانوویەکی کڕبوو و ئەوە لە حاڵیکدا بوو کە هەر ئەو کات کە دوو کچی دابوو بە مێرد و هەر دووک زاواکەی وەعزیان چەند بەرابەر لە هی ئەو باشتر بوو، بەڵام کابرا لە هەر مەجلیسیکدا دادەنیشت دەیکوت خانووەکەم بەنێو کوڕەکەمەوە دەکەم با سبەی رۆژێ زاوا لێی نەستێنن و من هەموو جارێک گەورەترین غەمم لە چاوی کچەکانیدا دەدی.
هەموو ئامۆژن و خوشک و پوور و ژنانی دەروجیران پێیان خراپ نییە که ئەو تابۆیە بشکێ و ئەوانیش بە مافی خۆیان بگەن، بەڵام چونکە دەترسێن لە کۆمەڵگا تەرد بکرێن، خۆیان لەو مەسەلەیە دوور دەخەنەوە و حازرن نانی شەویشیان نەبێ، بەڵام داوای میراتی بابیان لە برایان نەکەن کە نەوەک کەسانێکی دیکە قسەیان پێ بڵێن و تەنانەت کەس لە خۆشی ناپرسێ کە بۆ دەبێ ژنێک بۆخۆی داوای مافێک بکا کە حەقی رەوای خۆیەتی.؟ ئایا لە بەینی دوو برادا یەکیان دەبێتە حەقدار و بەشی ئەوی دیکە بدا؟
برایەکی کە بۆخۆی بەشی خوشک بدا، تەنیا لە ئەفسانەکاندا دەبیندرێن و ئەگەر ئەو ئەفسانانە بەراستیش بگەن، ئەوە هەزاران بەربەستی دیکەی لەسەر رێگا دادەبێ و ئەوە مەحاڵ دەکا. لەوانەیە باب بەشی کچەکەی جودا کاتەوە و پێ بدا کە ئەویش بەدەگمەن دەبیندرێ، بەڵام ئەو چاوەروانی‌یە لە برا ناکرێ لە حاڵیکدا ئەوە هەر ئەو خوشکەیە وێڕای براکەی و بابەکەی بگرە زیاتر لەوانیش لە ماڵی بابیدا کاری کردووە و ئەزییەتی کێشاوە، بەڵام تەنیا پێشی شەرمە کە باسی حقوقی خۆشی بکا و تەنیا بە کرینی جل و بەرگ و تیکە زێرێک قەناعەت دەکا. ئەگەر ژنێک داوای مارەیی و حەق و حقووقی خۆی کە شەرع و یاسا بۆی داناوە لە مێردەکەی بکا کە هەر لەوانەیە تەنانەت بە سووکترین شێوە لەگەڵی مامەڵە بکرێ.
بە باوەری من ئەوە یەکێکە لە هەزاران کێشەی کۆمەڵگا کە بە داخەوە پێش ئەوەی براکان بڕیار بدەن کە لە میراتی بابیان بەشی خوشک یان خوشکەکانیشیان بدەن، ئەوە لە هەر بنەماڵەیەک چەند ئامۆژن و پوور و… هەن کە نەک باوەڕیان بە مافی خۆیان نییه، بەڵکوو بەربەستی ژنانی دیکەش دەبن.
من ژنێکی دیکە دەناسم کە بوو بە قوربانیی ئەو شێوە بیرکردنەوانە و لەگەڵ ئەوەی بەشە ماڵ یان میراتی بابی کە مافی رەوای خۆی بوو و بۆی بوو بە سەرپەنای خۆی و منداڵەکانی لە رێگای شکایەت و دادگاوە وەریگرت و ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە ساڵانێکی زۆر بچێتە ژێر سەرکوب و سەرکوتی خەڵک و خزم تا ئاخری لە تەمەنی 32 ساڵی دا سەکتەی دڵ لێیدا و ببوو بە هۆی گیان لەدست دانی.
جا من نازانم بۆ ئەو شێوە ژنانە کە هەرگیز نەیان زانیوە مافی ژن چییە و هەرگیز بێجگە لە نەهامەتی ژیان هیچ شتێکی دیکەیان پێ نەدراوە و نەبڕاوا ٨ی مارس چ مانایەکی دەبێ و هەیە.؟
ئایا تەنیا لە “٨ی مارس”دا دەبی وەبیرمان بێتەوە کە ژن هەیە؟ کە ژن مافی هەیە؟ ئایا باقی رۆژەکانی ساڵ هی کێیە کاتیک ٨ی مارس رۆژی منی ژنە؟
٨ی مارس پیرۆز بی.!!