هاوخەمی بەڕیوەبەرانی ماڵپەری گیارەنگ سەبارەت بە قوربانیانی کارەساتی بوومەلەرزە لە پارێزگای کرماشان
بە بۆنەی کارەساتی سرووشتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان و گیان لە دەستدانی سەدان کەس و زامدار بوونی هەزاران کەسی دیکە و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی بە ئەمەگی پارێزگای کرماشان، لە قولایی دڵمەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی تێکرای قوربانییەکان دەکەم و خۆم بە هاوخەمی لە دەستدانی هەموو ئەو ئازیزگەلە دەزانم، هیوادارم کە زامدارانی ئەم کارەساتە سرووشتییە بە زووترین کات تەندرووستیان باش بێتەوە و ئەوانەی لە ژێر گڵ و خانووە تەپیو و ڕووخاوەکان دا ماونەوە ڕزگاریان بێ.
هەر لە ڕێگای ئەم کورتە نووسینەوە داوا لە خەڵکی بە ئەمەگ و تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەم کە لە هەر ڕیگایەکی بۆیان دەگونجێ یارمەتی خەڵکی ناوچەی کرماشان بدەن. با بە هەموومان بە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆمان هەستین و لەم وەرزە ساردەی پاییزدا یارمەتیدەری خوشک و براکانمان لە هەموو گوند و شار و شاروچکەکانی پارێزگای کرماشان بین.
سەرەخۆشی لە خەڵکی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەربەندیخان لە باشووری کوردستان دەکەم. ڕووحیان شاد.
کۆماری ئیسلامی ئێران وەک پیشەی دائیمی خۆی نەک هیچ یارمەتی بە لێقەوماو و وەبەرکەوتووانی ئەو بوومەلەرزەیەی پارێزگای کرماشان نەداوە بەڵکوو بە درۆ و بە قسە خەریکە بڵێ هەموو ئەو یارمەتیانەی کە خەڵکی شارەکانی دەوروبەر و شارەکانی دیکەی کوردستان کە کۆیان کردۆتەوە و ناردوویانە و یا گەیشتوونە شوێنی کارەساتەکە ، بکاتە ئی خۆی و ئی دەوڵەتە شەڕخوازەکەی.
وەک دەگوترێ لە زۆربەی شوێنەکان و بە تایبەت ئاوایی و گوندەکان تاکوو ئێستا هیچ کەرەسە و ئامرازێکی گەورە کە بتوانێ دیوار و دار و بەردی ڕووخاوی خانووەکان بگوازێتەوە وەکار نەخستوون و زۆرێک لە خەڵک لە ژێرخانووە تەپیوەکان دا ماونەوە و یا گیریان کردووە.
بە هەزاران کەس بە بێ ئەوەی لەم وەرزە ساردەی پاییزدا هیچ شوێنێکیان بۆ حاوانەوە هەبێ تەنیا بە چەند پەتوو و کارتۆن و زیلو و نایلۆن لە سەر عەرزی نەماوی و تەڕی پاییز شەو تا ڕۆژ هەڵدەلەرزن و بێشک بە نەخۆش کەوتنی خەڵکەکە کارەساتێکی دیکەی مرۆڤی درووست دەبێ.
ڕووڕەشی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە تەنانەت لە ڕۆژی لێقەومان و کارەساتەکانیش دا ئاوڕ لە هاووڵاتیانی کورد ناداتەوە.
سوپاس بۆ خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان و بۆ یارمەتییە مرۆیەکانیان.
بەرێوەبەری ماڵپەری گیارەنگ
حەمەرەسووڵ کەریمی