تەڕاویلکەی خەبات، نان و ئازادی. ئاوێنەی شکاوی ناسنامەی تاک وکۆ و شەڕی خۆتڕێن . بەشی حەوتەم

زستانەکان روخساریان گۆڕاوە و لە پێدەشتەکانی گەرمێن زستان تاقەتی بە شەپۆلەکانی گەرما ناشکێ. کلوە بەفرە سپییەکان زۆر جاران لە باوەشی زستاندا خۆیان لوور دەکەنەوە و

خوازیارن بەرگێکی سپی بۆ پێدەشت و دۆڵە و گردۆڵکەکانی گەرمێن بدرون. ئەوان هەناویان پڕە لە ئاوی ئاسمانی و سوار لە سەر باڵی هەورەکان بە رازاندنەوەی سرووشتی زستان وەک لشکرێکی لە ژمارەنەهاتو خۆیان رێکدەخەن و بەرەو بەرزاییەکان دەکشێن و لە سەر کوڵمەی روخساری کێوەکان سەما دەکەن. کوردستانی گەرمێن و کوێستان پڕ بە باڵای خۆیان و هەتا بن هەنگڵان لە قوڕی گیراوەی شکاوی ناسنامە چەقیون. لە باشوور گژەبای سیاسەت رەژییەکەی دیالۆگی نێوان حکومەتی بەعس و حیزبی کوردی دەگەشێنێتەوە. دوو حیزبە دیارەکەی باشوور لە سەر دوو هێڵی جیاوازدا سیاسەت دەکەن، بەڵام بناخەی سیاسەتکردنیان لە سەر دژایەتیکردنی یەکتر داڕشتوە. سەرکردە یەکەمەکانیان وەک دوو رووی یەک دراون و تەواوکەری یەکترن. ئەوان لە قوتابخانەی یەکتر شکاندن و لە بازرگانی کردن بە خوێن و مافی خەڵک شارەزان. ئەوان، لە سەر پەتی بەرژەوەندییەکانیان گەمەی چاک دەکەن، بەڵام لە گەڵ خەڵک و گەل تەنیا وەک ئامراز و کەرەستەی خۆفەڕزکردن کەڵک وەردەگرن. پارتی بارزانی مەیدانی خەباتی گواستۆتەوە و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەنگەر بە سەنگەر لە گەڵ پاسداڕ، ئەرتەشی و بەسیجیەکان شەڕی پێشمەرگەی پارتە رۆژهەڵاتییەکان و بە تایبەت حیزبی دێموکڕات دەکەن. سەرباری ئەو دەردانە حیزبە رۆژهەڵاتییەکان لەو دۆخە دژاورەدا شەڕی یەکتر شکاندن دەکەن و هەر جارەی لە مەڵبەندێکی کوردستان نوێنەرانی بەرەی سۆسیالیزم و بورژەوازی بە یەکتر دەگەن و بە چەک حیسابی خۆیان یەکلادەکەنەوە. شەڕ وەک مۆتەکەیەکی سامناک لە سەر سینگی خەڵک قورسایی دەکات. بەرپرسانی هێزە سیاسییەکان لەوە تێگەیشتوون کە کار لە کار ترازاوە و کۆماری ئیسلامی بە ئاسانی لە سەر خاک و زێدی خۆی هەڵیقەندوون و هەر ساڵەی خۆزگە بە پارە. گەڵاڵە سێ گۆشەیی و چەند گۆشەییەکان هەناسەیان لە خەڵک بڕیوە، بەڵام بەهار و کۆتایی زستان موژدەی هاتنی گەرما وبەسەرچوونی وەرزی ویشوومە و سەرما و هەروەها دیکتاتۆرییەت دەدات. خەڵک و پێشمەرگە، هەموو بەهاران چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕی گەورەن و هیوادارن کە ئەو ساڵە بە کۆتایی نیزامی خوێنڕێژی ئاخوندەکان تەواو بێ. بەهارەکان بە دوای یەکتردا ریز دەبن، بەڵام کۆشکی زاڵمان لە رمان و رووخان دەپارێزرێ. بزوتنەوە سەرتاسەرییەکان لە وزە دەکەون و سەمای لەتبوونەکان لە پێدەشتەکانی سیاسەت دەبینەرێ. ئەنجوومەنی نیشتمانی خۆڕاگری کە لە ژێر دەسەڵاتی موجاهیدی خەڵقی ئێراندایە، حیزبی دێموکڕات ناچار بە پاشەکشە دەکەن. ئەزموونەکان دەیسەلمێنن، کە چەپ و راستی نەتەوەی دەسەڵاتدار و حاکم دوژمنکارانە لە گەڵ پرسی مافی چارەی خۆنووسینی کوردان دەجوڵێنەوە. ئەوان لە گەڵ ئاخوندە مەندیل رەشەکانی تاران لە سەر پرسی کورد و مافی گەلان جیاوزیان نییە و ئازایەتی تێگەیشتن لە راستییەکانیان نییە.

خەڵک لە دۆخەکە دڵساردە و شەری ئێران و عێڕاق سووتەمەنی گەورەی دەوێت. خزمەتی بە ناو سەربازی وەک بانگەوازی مەرگی لێهاتوە و زۆر کەس لە چوون بۆ سەربازی خۆدەبوێرێ. لە کوردستاندا رێژیم سیاسەتی کورد کوشتن پەرەپێدەدا و سەربازە کوردەکان لە تیپ و گروپی جیاواز بۆ شەڕ لە گەڵ پێشمەرگە کوردەکان رێکدەخرێن. بەرپرسانی رێژیم لە شەڕی کوردستان ئەزموونیان وەرگرتوە، بەڵام بە تەواوەتی لە هاوکێشەکە نەگەیشتوون. سمایلە چووکەلەکان لە کوردستاندا زۆر دەبن و بەشێک لە خەڵک لە گوند و شارەکان زیاتر لە جاران هاوکاری رێژیم دەکەن. ئیمامی زەمان نەگەیشتۆتە مەنزل و پەیڕەوان و دەروێشانی ئایینی لە نێڵدانی ئاوری شەڕ بەشدارن. منداڵان و لاوەکان لە قوتابخانەکان بەیانیان بە زۆر سروودی “ئێمە بە ئەڵڵاهوئەکبەر خۆمان تەیار و پۆشتەوپەرداخ کردوە و بۆ سەر دوژمن هێرش دەکەین” دەستپێدەکەن. لە قوتابخانەکان کەسانی وەک روحانی، لیچینانی، حەبیبی و هتد. لە کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر قوتابیەکان و سازکردنی بەسیجی خوێندکاری سەرقاڵن. ئەوان بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستاکانیان وەک هەویری ئاردی خۆماڵی لە دەستەکانیاندا هەڵدەسووڕێنن و وەک سەرۆکی قوتابخانەکان هەڵسوکەوت دەکەن. ئەوان لە پێناوی ئیمام، ئێران و ئیسلام لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە خۆنابوێرن. لیچینانی بە ئاشکرا لە قوتابخانەی ١٤ی ئازەری شار باس لە جینایەتی پێشمەرگە لە شەڕی سەر جادەی بانە و سەردەشت دەکات. ناوبراو بە قوتابیی و مامۆستاکان رادەگەیەنێ،کە بۆ ناسینی دژی شۆڕش و حیزبە هەڵوەشاوەکان بچن ببینن، کە ستونی ماشێنە سووتاوەکان و جەستەی سەربازانی عاشقی کەربەلا و یا حوسێن چەندە لە سەر جادە کەوتوون. ئەوانە هاواری مەزڵومییەتی حوسێنن و بە فەرمانی ئیمام بۆ ئازادکردنی کوردستان لە چنگی پیسی بەکرێگیراوانی ئەمریکا، ئیسڕائیل و بریتانیا رژاونە مەیدانەکان. مامۆستاکان و قوتابییەکان وەک بەردی رەق راوەستاون و کەس توانای وڵامدانەوەی لیچینانی نییە. ناوبراو بە نێوچاوانێکی گرژ کۆتایی بە قسەکانی دێنێ و قوتابییەکان بەرەو پۆلەکانی خوێندن دەڕۆن. زۆربەی قوتابییەکان لە گەڵ ژیانی رۆژانەدا زۆرەبانی دەگرن و بە دەگمەن قوتابییەک پەیدا دەبێت، کە ئازایانە و سەرفرازانە دژایەتی خۆی بۆ نیزام و ئاخوندەکان دەرببڕێ. مەیدانی بەربەرەکانی دوژمن و داگیرکەر گواستراوەتەوە بۆ شەڕی چەکداری و خەڵک فێری دەربڕینی ناڕەزایەتی و داواکردنی مافەکانیان نەکراون. رێژیم حیزبەکان بە نوێنەری ئیرادەی خەڵک نازانێ و بە کەیفی دڵی پیرە گورگەکەی جەماران لە سەر زێد و خاکی کورداندا تەراتێن دەکەن. لە ریزی قوتابییەکاندا چەند بەسیجییەک دەبیندرێن کە جاروبار بۆ سەلماندنی غروری شکاوی خۆیان دمانچەکەی بابیان لە بن پشتێدێ دەنێن و لە حەوشەی قوتابخانەدا دەسووڕێنەوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge3.jpgکەماڵی مام کەریمی، وەستا مستەفا و حوسێنی ئازیزێ لە گەڵ بەشێکی زۆر لە هاوڕێکانیان لە ریزی پێشمەرگەکان دەرنەچوون. زۆربەیان باوەڕیان بە رەوایەتی خەباتی کوردانە، بەڵام ژمارەیەکی کەم لە سەر شێواز و مێتۆدی و چۆنیەتی خەباتی کردن و شەڕی نێوان حیزبەکان گلەییان هەیە. پەل، دەستە، هێز ، کۆمیتە ناوچە و شارستانەکان لە سەر بناخەی خەباتی چەند ساڵە کاروباری چەکداریی و سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتی هەڵدەسووڕێنن. حوسێن لە رێکخستنی بەهاردا لە گەڵ کەماڵ نەماوە و لە بەشی تەشکیلاتی شاردا رێکخراوە. ئەوان لە گەڵ چەند کادریکی تەشکیلات لە گەڵ ئەندامە ناوخۆکان لە پێوەندیدان. جۆری پێوەندییەکە لە رێگای راسپاردە و هەروەها نووسراوەیە و بەشێک لە ئەندامەکان چالاکن و خەبەر و هەواڵی گرینگ بۆ کادرەکان رەوانە دەکەن. لە کاتی چوونەوەی کادرەکاندا ئەندامەکان لە شاردا دەیانپارێزن و هاوکاریان دەکەن. کەماڵ و مستەفا وەک جاران پێکەوە لە دەستەدا هاوکارن و لە گەڕان و جەولەکاندا ئەزموون کۆدەکەنەوە. مام دەروێش لە بەهاردا بۆ دیتنی وەستا مستەفا چۆتە دۆڵی سەفرە و زەرون. ئەو داوای لە وەستا مستەفا کردوە، کە شۆڕش وەک جاران گەرم نییە و ساردبۆتەوە، بۆیە باشترە کە خۆی ساغکاتەوە و ژیانی هاوبەش پێکەوەبنێ. وەستا مستەفا و کەماڵ لە گەڵ حوسێن بڕیاریان داوە ماوەیەکی دیکەش سەبربکەن و ژنهێنان بخەنە دواوە.

هاوینە و شەڕی نێوان دیموکڕات و کۆمەڵە گەرم و گوڕە و دوو لایەن بۆ تێکشکاندنی یەکتر و فەڕزکردنی ویست و داخوازەکانیان بە سەر یەکتردا هێز کۆدەنەوە. شەڕەکە لە ناوچەیەکدا قەتیس نەماوە و دێموکڕات لە گەڵ کۆمەڵەدا بەنیازە خۆی یەکلابکاتەوە. کەماڵ و کاوە کوڕەکانی مام کەریم کە بە هەزار بەدبەختی گەورە کراون، ئەمڕۆ لە ژێر ئاڵای دوو حیزبی جیاوازدا شەڕی یەکتر دەکەن. ئەوان وەک قوربانیەکی بارودۆخەکەن و لە هەموو لایەکەوە کەوتوونەتە بەر غەزەبی زەمانە. مام کەریم لە پشدەر بە هۆی جاشەکانەوە وەک سەربازی ئێرانی بە بەعسیەکان فرۆشرا و پورە زارا و کچەکانی لە ماڵدا مانەوە. شیرینی مام کەریم مێردی بە خالیدی مەولود بەزازی کرد و لە ماوەیەکی کەمدا وەک بێوەژنێکی پێشمەرگەی موسڵمان مایەوە. کاوە لە جیاتی خوێندن و کارکردن رێگای گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی هەڵبژارد و بە هیوای شۆڕشی چینی کرێکاری خۆی خستە باوەشی چارەنووسێکی نادیار. کەماڵ لەو رۆژگارەدا باشتر و وردتر لە جاران بیر لە ژیان دەکاتەوە و شەنوکەوی رووداوەکان دەکات. ئەو وەک سەردەمی ساڵەکانی یەکەمی پێشمەرگایەتی بیر لە خودموختاری و دێموکڕاسی ناکاتەوە و تێگەیشتوە، کە ئەو درووشمانە کاری زۆر و خەباتێکی گەورەتریان دەوێت. ناوبراو وەک ساڵانی رابردوو تەنیا بە کفوکوڵێکی جحێڵانە رووداوەکان ناخوێنێتەوە، بەڵکو بە لۆژیکی ئەزموون و تێفکرین لە ئاکامی رووداوەکان وێنە چووک و گەورەکان مانا دەکاتەوە. زۆر کادری شارەزا و خاوەن ئەزموون بەو جوڵانەویە ناڵێن شۆڕش. بە باوەڕی ئەوان ئەو جوڵانەوەیە لە تەواویەتی خۆیدا کاڵ و کرچە و ژمارەیەکی کەم لە پێناوی زۆراتیەکی بێدەنگدا شانیان داوەتە بەر باری قورسی کوردایەتی. کەماڵ لە ناوچە لە گەڵ خەڵک هێمانەتر دەجوڵێتەوە و کاتێک دەبینێ پێشمەرگەیەک یان سەر پەلێک ئازاری گوندنشینان دەدات، بێدەنگ نابێت و لە کۆبوونەوەکاندا رەخنەیان لێدەگرێت و داوای سزادانیان دەکات. زۆر کادر رەخنە لە توندوتیژی بەرامبەر بە خەڵک دەگرن و رۆژانی دوای شۆڕشیان وەبیردێننەوە، کە هەر کوێخا و میرزایەک ناو و ناتۆرەی لە خەڵکی بێ تاوان دەدا. یەکێک لە کادەرکان لە کۆبوونەوەیەکدا ئاماژە دەکات، کە ژیان کردەوە و دژکردەوەیە و شکستی ئێمە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ رووخاندنی پردی متمانە لە گەڵ خەڵک. ئەو باس لە کادرێکی کۆنی دێموکڕات دەکات، کە لە مزگەوتێکدا بۆ ترساندنی خەڵک باسی لە تەڕکەدار کردوە، کە لە پەندی فارسەکاندا بە ناوبانگە. بە گوێرەی وتەی فارسەکان کە هەڵگری پاشخانی تێگەیشتنی ئەوان لە مرۆڤ و پەروەردەیە” هەتا تەڕکەدار و داری تەڕ نەبێ، گا و گوێدرێژ گوێڕایەل نابن”.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge33.jpgکەماڵ لەو ماوەیەدا کە لە گوندەکانی ناوچەی سەردەشتە لە دوای دایکی و ماڵی خاڵە مینەی دەنێرێ و لە یەکێک لە گوندەکان دیداریان لە گەڵ نوێ دەکاتەوە. زارا و لەیلا، لە گەڵ خاڵە مینە و ئاڵتون بە دیتنی کەماڵ و وەستا مستەفا زۆر شاد دەبن. زارا چیرۆکە خەماویەکانی ژیانی دەگێڕێتەوە و قژە سپییەکانی بە کەماڵی کوڕی نیشان دەدات، کە لە ئاکامی ژیانێکی سەخت و ئاڵۆزدا رەنگیان گۆڕاوە. لەیلا باس لە کاری نانکردن و دانیشتنی درێژماوە لە سەر تەندووری ماڵان دەکات، کە پڕە لە ئازار و ژیانێکی سەربەست. چرەدوکەڵی دارە بڕاوەکان لە نێو تەندوورە قوڕینەکاندا زیاتر لە خەم و ئازار فرمێسک لە چاوی لەیلا و نانەکەرەکانی دیکە دەڕژێنێتەخوار. ئەو بۆ کەماڵ و ماڵی خاڵە مینە دژوارییەکانی نانکردن دەگێڕێتەوە و لەو کاتەدا زۆر وشەی تایبەت بە تەندوور وەک کۆڵەوەژ، پنە، ئەستێورک، هەنگوت، کولانەی تەندوور، سەر تەندوور، تیرۆک، شلکێنە، هەویرە ترش، هەڵاتنی هەویر و هتد لە زاری دێنەدەر. پورە زارا داوا لە کەماڵ دەکات، کە کاوە لەو داس و چەکوچە داببڕن و شەڕی براکان بە ناوی حیزبایەتی حەرامە. کەماڵ داوا لە دایکی دەکات، کە ئەگەر دەگونجێ سەردانێکی بکات و داوای لێبکات واز لەو حیزبە بێنێ. خاڵە مینە نیگەرانە و بەداخبوونی خۆی لە شەڕی کوردکوژە دەردەبڕێ. ناوبراو بە کەماڵ دەڵێت، ئێمە لە هەموو لایەکەوە کەوتووینە بەردەم پاڵەپەستۆ و کەس خەتی خەڵک ناخوێنێتەوە. بە ناوی خەڵکی کورد، حیزبە کوردییەکان شەڕی یەکتر دەکەن. پاسداڕ و بەسیجی بە ناوی ئیسلام و شەرع قەڵاچۆمان دەکەن. پێشمەرگەی موسڵمان وەک سەگی هار بەربوونە خەڵکی بێتاوان و دامەزرانیان نییە. هێزە عێڕاقییەکان بە تۆپ و فڕۆکە بەشێک لە شار و گوندەکانمان دەکوتن و ئاسمان و زەویان داگیرکردوە. کوڕمان لە رێگای رزگاری کوردستاندا شەهید بوە، بەڵام داهاتووی ئەو خەباتە پڕە لە مەترسی و نارێکی. تەڕاویلکەکان بە قسە و ئارەزوو سرووشتەکەیان ناگۆڕێ و داخوازی نەتەوەیەک تەنیا بە تێکۆشان و خەباتی چەند سەت یان چەند هەزار کەسێک سەرناکەوێ. خاڵە مینە و ئاڵتون هێشتا گۆڕی کوڕەکەیان لە بێژوێیە و ساڵێ جارێک سەردانی دەکەن، بەڵام بە نیازن بە روخسەتی رێژیم تەرمەکەی بۆ گۆڕستانی شار بگوازنەوە.

کەماڵ و وەستا مستەفا پاش دیداری خزمان لە ناوچەدا دەگەڕێن و لە گەڵ دەستەیەک لە هێزەکان تێکەڵ دەبن. لەو ماوەیەدا شەڕی کۆمەڵە و دێموکڕات زیاتر پەرەی سەندوە، بۆیە پێشمەرگەیەکی زۆر لە ناوچەکانی سەردەشت، مەهاباد، بانە، رەبەت، پیرانشار و بۆکان بەرەو سنە و مەریوان رەوانە دەکرێن. کۆمەڵە هێزەکانی بۆ بەشی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان کشاندۆتەوە و دێموکڕات بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە لە کۆمەڵە پێشمەرگە رەوانەی ناوچەکانی مەریوان، سنە و سەقز دەکات. کەماڵ، وەستا مستەفا، حوسێنی ئازیزێ و دەستەیەکی زۆر لە هێزەکانی ناوچەی سەردەشت بەرەو ئەو ناوچانە دەڕۆن. ئەوان لە رێگادا و لە رێگای رادیۆ و هەروەها بەشی پێوەندی نێوخۆیی ئاگاداری جوڵەی کۆمەڵە دەبن. پێشمەرگە شەکەت و ماندوویە و لە بەشێک لە ناوچەکان لە ناوەندی خۆیان هەڵدەقەندرێن. ژمارەیەکی زۆر لە دێموکڕات و کۆمەڵە دەکوژرێن و کوری هەژارەکان و کوردەکان وەک سەردەمی کۆن دژ بە یەکتر سەنگەریان لە یەکتر گرتوە. گوندەکانی سەر رێگای پێشمەرگە بە شەو و رۆژ لە خەمی شەڕی نێوخۆیی و هەروەها پەرتەوازەیی هێزە کوردییەکان شەکەت و ماندوون. پیر و دنیادیتەکان لە گوندەکاندا پڕن لە خەم و بەدەم دانیشتن لە بن سێبەری دار و بەرسوانەی ماڵ و مزگەوتەکان و هەروەها مەزرا و باغەکانیان تەتەڵەی رۆژڕەشیەکان دەکەن. بەشێک لە پێشمەرگەکان لەو شەڕانە توڕەن و ژمارەیەک چەک دادەنێن. نەتەوەی باڵادەست لە ریزی پاسدار و بەسیجییەکاندا یان دەستە و تاقمی بە ناو هێزە سەرتاسەرییەکان بەو دۆخەی کوردستان سەرمەستن. ئەوان شەڕەکە خۆش دەکەن و کوردەکان کەوتوونەتە گیانی یەکتر، بەڵام چەند فارسێکی فێڵەزان و سمێڵ ئیستالینی و هتد سەرچۆپیکێشی شەڕێکن، کە دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی خەڵکی کوردستان. گوندەکان وەک جاران پێشوازی لە هێزی چەکداری حیزبەکان ناکەن و لەو دۆخە دژوارە توڕەن، بەڵام دەستەوەستانن. ساڵەکان لە سەر یەکتر کەڵەکە دەبن و ئازارەکان پاڵەپەستۆی زیاتر و قورستر دەخەنە سەر شان و پیلی کوردەکان.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge5.jpgهێزەکانی سەردەشت پاش چەند رۆژ و شەو رێگابڕین دەگەنە ناوچەکانی مەریوان و سنە. فەرماندەری ئەو پێشمەرگانە تێدەگات، کە شەڕەکە داسەپاوە، بەڵام رەوا نییە. بەرپرسی پێشمەرگەکان و چەند کادرێک لەو رێگابڕین و سەنگەر لە یەکترگرتنە ماندوون و لە دڵەوە خۆزگە دەخوازن، کە کوردەکان تەنیا لە گەڵ هێزەکانی رێژیم شەڕیان کردبایە. ئەوانەی کە خوازیاری راگرتنی ئەو شەڕەن زۆر کەمن و ناتوانن دەنگی خۆیان بە گوێی بڕیاربەدەستەکان بگەیەنن. کەماڵ و مستەفا لە کۆنەوە دژی ئەو شەڕەن و بە قازانجی کوردی نازانن. چەکەکان و گۆمی لیخنی رقەکان قسەی کۆتایی دەکەن و کوردە چەکدارەکان سەرکەوتن بە سەر یەکتردا بە دایکی سەرکەوتنەکان دەنرخێنن. لە بەشێک لە ناوچەکان هێزەکانی رێژیم لە ئاکامی ئەو شەڕەدا حەساونەوە. کەماڵ و مستەفا لە نیزیک ناوەندی ئاژوان لە گەڵ بەرپرسی یەکەمی خۆیان لە سەر شەڕە ناڕەواکە دەدوێن. بە وتەی بەرپرسەکە ئەوان گوێڕایەڵی ئەمری حیزبن و ئەگەر لە شەڕەکە بیزاریش بن، ناچارن بەشداربن. کەماڵ لە گەڵ ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی دێموکڕات لە ناوچەکانی دیکە ئاشنا دەبێت. چیرۆکی تاڵ لەو هێزانە دەبیستن، کە لە ماوەی چەند مانگێکدا بە هۆکاری جیاواز رێژەیەکی بەرچاو لە هێزەکانیان لە دەستداوە. ژمارەیەک لە داخی شەڕی نێوخۆ و هەروەها دژواربوونی قۆناخەکەدا چەکەکانیان تەسلیم دەکەنەوە و دەگەڕێنەوە ماڵ. بەشێک لە پێشمەرگەکان لە شەڕی خۆبەخۆدا دەکوژرێن و بریندار دەبن. باوەڕ و ئیمانی رێژەیەک لە پێشمەرگەکان بە حیزبەکانیان لاوازە و لەو دۆخە پڕ لە دڵەڕاوکەیەدا چەکدانان بە رێگاچارە دەزانن. هێزەکەی ناوچەی سەردەشت وێڕای هێزەکانی دیکە لە چەند شەڕێک دژ بە کۆمەڵە بەشدار دەبن.

جەمیل ژاوەرۆیی لە گەڵ کەماڵ چیرۆکی شەڕەکان دەگێڕێتەوە و دڵڕقی کوردەکان بەرامبەر بە یەکتر باس دەکات. ئەو لە ناوەندی ئاژوان دەکەوێتە بەر پەلاماری چاوەڕواننەکراوی کۆمەڵە و لە شەڕێکی سەخت و دژواردا چاوی بە رووداوی دڵتەزێنی کوشتنی دیل دەکەوێ. ئەو شەڕە بە باوەڕی جەمیل ژاوەرۆیی بۆ سەپاندنی خۆ و شکاندنی لایەنی بەرامبەر کراوە و بۆ کورد بە ئەندازەی یەک دەنکە گەنم سوود و قازانجی نییە. جەمیل و کەماڵ پێکەوە گوێ لە رادیۆی حیزب و کۆمەڵە دەگرن و لەو رێگایەوە ئاگاداری کولتوری راگەیاندنی ئەو دوو هێزە دەبن. رادیۆکان پڕ بە قوڕگی بێژەرەکانیان باس لە سەرکەوتنی خۆیان و تێکشاندنی بەرامبەر دەکەن. کۆمەڵەییەکان لە لایەن راگەیاندنی حیزب بە پۆلپۆتییەکان دەناسێندرێن و کۆمەڵەش حیزبی دێموکڕات بە حیزبێکی لاسار و سەرەڕۆی بورژەوازی ناودەبات. تەپوتۆزی شەڕگەکان و تەقەی شەڕی نێوخۆ درێژەی هەیە و برینەکان قوڵتر دەبنەوە. کوردستان بە ناوی سەنگەری ئازادی بۆتە مەکۆی تاقیکردنەوەی ئایدۆلۆژییە جیاوازەکان و کوڕ و کچی خەڵک بە ناوی بیروباوەڕی جیاواز دژ بە یەکتر تیژدەکەن. ئاگری دوژمنایەتی نێوان هێزە کوردییەکان ئەوەندە گڕفەی سەندوە، کە بە ئاسانی دانامرکێتەوە. رادیۆکان، رۆژنامەکان، لاوان، ژنان، شاعیر و گۆرانی بێژەکان و زۆر ئەکتەر و فاکتەری دیکە لەو مەیدانەدا تەراتێن دەکەن.

جەمیل ئیمانی بە کۆمەڵە نەماوە و بە باوەڕی ناوبراو کۆمەڵە وەک هێزێکی کوردستانی نەماوە و ئاکار و کردەوەکانی توندوتیژی زۆر دەخوڵقێنن. کەماڵ لە سەر پێگەی کۆمەڵە لە ناوچەکەیان و هەروەها ناوەندی کوردستان دەدوێ. کەماڵ بە راشکاوی بیروڕاکانی دەردەبڕێ و لە گەڵ جەمیل لە سەر چۆنیەتی کۆتایی هێنان بەو شەڕە هاوبیروڕا نییە. کەماڵ ئەوە دەسەلمێنێ، کە کۆمەڵەییەکان لە خەوندا دەژین و ئاگایان لە دۆخی راستەقینەی کۆمەڵگە نییە، بەڵام حیزبی دێموکڕات ناکرێ بە گوێرەی ئاوازی کۆمەڵە بڕیاربدات. ناوبراو حیزبی دێموکڕات و سەرکردەکانی بە خاوەن ئەزموون و ناسراو پێناسە دەکات، کە ناکرێ بە وتەیەکی توندی کادرێک یان سەرکردەیەکی کۆمەڵە توڕە بن و دژکردەوە پێشانبدەن. جەمیل کە خەڵکی ناوچەیە و ئازارێکی زۆرتری لە دەست کۆمەڵەییەکان چێشتوە بە ئاسانی تەسلیمی لێکدانەوەکانی کەماڵ نابێت. بە گوێرەی وتەکانی جەمیل، کۆمەڵە بۆ خەبات و شۆڕش سەریهەڵنەداوە و ئامانجی لێدان لە دێموکڕاتە، چوونکە هێزێکی سیاسی و خاوەن ستراتیژی بەو شێوازە توند و خەیاڵییە هەڵسوکەوت ناکات. لە چرقەی گەرمای هاویندا کەماڵ و جەمیل لە چەند گوندێکی ناوچەی مەریوان و سنە لە گەڵ کۆمەڵەییەکان دەرگیردەبن و هەر جارەی چەند کەسێک بریندار و دەکوژرێن. لە شەڕێکی دەستەویەخەدا پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و دێموکڕات لە گەڵ سێرەگرتن لە نێوچاوانی یەکتر بە زمانێکی زبر لە گەڵ یەکتر دەدوێن و جنێوی تازەبابەت بە کولتوری جنێونامەی کوردی زیاد دەکەن. مام وەلی لەو رۆژانەدا لە گەڵ جەمیل و کەماڵ ئاشنا دەبێت. ئەو بە قسەخۆشەکەی هێزی بێستون بە ناوبانگە و لە دەربڕین و لێکدانەوەکاندا تەڕ و ویشک پێکەوە دەسووتێنێ. ناوبراو رۆژێک لە کەماڵ و جەمیل دەپرسێت، کە ئەوان و کۆمەڵە لە سەر چ بناخەیەک شەڕ دەکەن؟ جەمیل وتار و راگەیندراوەکانی حیزب کە لە رادیۆ و رۆژنامە بڵاودەکرێنەوە دەخوێنێتەوە و لە شەڕەقسەی حیزبایەتیدا سوودی لێوەردەگرێ. مام وەلی هەموو جارێک بە جەمیل دەڵێت، کاکە ئەو قسەی رادیۆ و حیزبە و ئەتۆ قسەی خۆت بکە. تۆ دەبێ وەک مام وەلی ئازا بیت و راستەوخۆ بڵێت ئەو شەڕە کوڕی فەقیر دەیکات و ئاغاکان ئیدارەکەی دەکەن. ئەوانەی مام وەلی دەناسن زۆر بە ساکاری وتەکانی وەردەگرن و لە ئیمانی ناوبراو بە کوردایەتی دڵنیان. مام وەلی دژی شەڕی کۆمەڵە و دێموکڕاتە و چەند جارێک دووپاتی کردۆتەوە، کە ناوبراو بە تەواوەتی دژی شەڕی کورد لە گەڵ کوردە. ئەو باس لەوە دەکات، کە شەڕی پێشمەرگەی گەل و پێشمەرگەی موسڵمان رەوا نییە و شەڕی چەکداری حیزبەکان لە گەڵ یەکتر گوناهی نەبەخشراوە. بە گوێرەی لێکدانەوەکانی مام وەلی ئەگەر کورد شەڕی کورد نەکات، پاسداڕی قۆم و بەسیجی ئیسفەهان و ئەرتەشی تەورێز چۆن دەتوانن لە کوێستانەکانی داڵاهۆ شەڕی حیزبەکان و پێشمەرگەکانیان بکەن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge6.jpgکەماڵ و پێشمەرگەکانی ناوچەی سەردەشت بۆ ماوەی پەنجا رۆژ لەو ناوچانە دەمێننەوە. ئەوان وەک هێزەکانی دیکە، شەکەت و ماندوون و زۆربەیان خوازیاری گەڕانەوە بۆ ناوچەی خۆیانن. ژمارەیەک لەوان لەو شەڕەدا بریندار و کوژراون، کە چەند کەسێک لە رێگادا هەڵبڕاون و خۆیان تەسلیم کردۆتەوە. کەماڵ وێڕای بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکان لە گەڵ خەڵکی ئەو ناوچانە و بەتایبەت گوندنشینەکان تێکەڵاوی زۆری پەیدا دەکەن. ناوبرا هەست دەکات، کە خەڵکی ئەو گوندانە خوازیارن لەو دۆخە ئاڵۆزە رزگاریان بێ. ئەرکی خەڵکی گوندەکان دژوارە و ناچارن لە گەڵ هەڕەشە و گوڕەشەی چەکدارە جیاوازەکان بسازێن. ئەوان خەونی گەورەیان بەخێوکردنی منداڵەکان و پەروەردەکردنیانە. لە زۆربەی گوندەکان، مێرمنداڵ و لاوەکان بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچنە شار و بە ژیانێکی ساکار درێژە بە خوێندن دەدەن. ئەوان لە منداڵانی شار چاوکراوەترن و لە گەڵ شێوازی نووسین و خوێندنی کوردی ئاشنان و ئەزموونێکیان لە گەڵ حیزب و هێزە چەکدارەکانیاندا کۆکردۆتەوە. ئەوان لە شار و لە ژێر باری گرانی ترسی رێژیم کپ و بێدەنگن، بەڵام پاش تەواوکردنی ساڵی خوێندن بە دڵێکی شاد و ئازادەوە دەگەڕێنەوە خانوە قوڕینەکانیان.

حەوت لاوی گوندێکی ناوچە سنە لە شار دەگەڕێنەوە و لە گوندەکەیان لە گەڵ کادرێکی کۆمەڵە یەکتر دەبینن. کادرەکەی کۆمەڵە لە سەر خەباتی کرێکاران، شۆڕشی چینی کرێکار و هەروەها شکستی بورژوازی کوردی پرسیاریان لێدەکات. ناوبراو بە جۆرێک پرسیارەکان دەکات، کە لاوە خوێندکارەکان سەرسووڕماو دەبن و نازانن چۆن وڵامی بدەنەوە. یەکێک لە لاوەکان دەڵێت، کاکە باسی کام لشکر و هێز دەکەیت؟ ئێمە نۆ مانگە لەو شارە دەخوێنین هیچ لشکرێکی کرێکاریمان نەدیوە! لەو شارە خەڵک لە داخی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها کردەوەی حیزبە سیاسییەکان ئاگایان لە بورژوا و کرێکار نەماوە. کرێکارەکان بە تەنیا و لە پێناوی ژیانی رۆژانەی خۆیان و منداڵەکانیاندا لە مەیدانەکانی کار دەوەستن و ئامادەی هەموو کارێکن. ئێمە شەوانی زستان هەتا بەیانی لە سەرمان هەڵدەلەرزین و کرێکاران لە ئێمە خەراپتر. کاکی پێشمەرگە، شۆڕشی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی و تەنانەت وەرگرتنی خودموختاری بەو شێوەیە لە خەون دەچێ. بەرپرسانی رێژیم لە رێگای مزگەوت، کۆمیتەی ئیمام و جەهادی سازەندەگی و هتد خۆیان سەرنجی بەشێک لە خەڵکیان راکێشاوە. لە شارەکان و گوندەکانی ژێردەسەڵاتی رێژیم کوردەکان دەستیان بە کوڵاوی خۆیان گرتوە و لە هەموو گژەبایەک دەترسن. کاکی کۆمەڵە، ئێوە فکر دەکەن ئێمە لە مەیدانی سووری مۆسکۆ دەژین و کرێکاران هەموو رۆژانی یەکی مانگی مای وەک لشکری محەممەدی مەهدی داس و چەکوچ رادەوەشێنن؟ پێشمەرگەی کۆمەڵە لەو دمەتەقەیە دا توڕە دەبێ و هەڕەشە لە لاوەکە دەکات، کە هەرگیز لەو پرسیارانە نەکات و عادەتی بەسیجییەکان نەگرێ. ناوبراو داوای لێدەکات، کە بۆ ماوەی چەند رۆژێک پێویستە بێتە بنکەی کۆمەڵە و ئەستۆپاکی خۆی ساغکاتەوە. لاوەکانی دیکە بە بیستنی ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەی پێشمەرگەی کۆمەڵە تۆڕەدەبن و بەرگری لە هاوڕێکەیان دەکەن و ئاماژە دەکەن، کە کادر و پێشمەرگەی حیزبەکان بە رەفتاری نەشیاو خەڵکیان بێزار کردوە. چەند گەورە ساڵێکی ئاوایی دەکەونە بەین و پێشمەرگە و لاوەکان لە یەکتریان جیادەکەنەوە و کۆتایی بەو بەزمەدێنن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_dayk.jpgپورە زارا بۆ دۆزینەوەی کاوە و گێڕانەوەی ناوبراو بۆ ماڵ پاش جیابوونەوە لە کەماڵ و وەستا مستەفا چەند جارێک سەردانی بنکەی کۆمەڵە لە سەر سنووری کردوە. بەرپرسانی کۆمەڵە پورە زارایان ئاگادار کردۆتەوە، کە مانگی یەکەمی پاییز کاوە لە جەولەی ناوچەی سنە دەگەڕێتەوە. پورە زارا لەو هاتوچۆیە شەکەت و ماندووییە و نازانێ چەندە و چۆن لەو خەمانە بڕەخسێ و رزگاری بێ. ناوچەکان زۆربەیان لە ژێر کۆنتڕۆڵی رێژیم دان و دایکان و باوکان بۆ سەردانی کوڕ و کچەکانیان دەبێ بەرەو بنکە جێگیرەکان بڕۆن. ئەو بنکە و مەکۆیانە زۆربەیان لە خاکی باشووری کوردستاندا جێگرین. زارا و لەیلا کۆتاییەکانی هاوین بەرەو سەفرە و گەڵاڵە بەڕێکەوتن و مەبەستیان زیاتر دیتنی کاوەیە. لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا تەنیا بە شێوازی زارەکی ئاگاداری بارودۆخی کوڕەکەیان بوون و دەرفەتی دیدار نەڕەخساوە. رێگای چوون بۆ سەفەرە و گەڵاڵە و هەروەها پەڕینەوە لە سنوور بۆ بەساڵداچوەکان و بە تایبەت بۆ زاراکان بە کارێکی دژوار دەناسرا. ناوبراو وەک ژنانی گوند لە گەڵ پشتی ئەسپ و هێستر ئاشنا نیە. بەشێک لە ژنان و کچانی شار لە ژیاندا زۆر بە دەگمەن سواری ئەسپ و هێستر دەبن. ژیانی گوند مرۆڤەکان سەربەخۆتر فێر دەکات و کچ و کوڕ، پیا و ژن لە دژوارییەکانی ژیاندا دەخارێنێ. زارا و لەیلا هەتا دەچوونە سەر کورتان و پشتی وەڵاخەکان چەند ئایەتەلکورسیەکیان دەخوێند و پەنایان بۆ سەرجەم شێخ و پیاوچاکەکان دەبرد. لە رێگادا هەر کە ئەسپ و هێسترەکان سەرسمیان دەبرد یان هەڵدەنگوتن، زارا و لەیلا ئیزرایلیان بە چاو دەدیت و ترپەی لێدانی دڵیان بەرەو لوتکە هەڵدەکشا. ئەوان وەک کاروانچیەکان لە چۆم دەپەڕینەوە و رێگای هەوراز و دۆڵەکانیان دەبڕی.

بنەماڵەیی کەریم و زارایە مۆدیل و وێنەیەک لەو بنەماڵانەیە، کە پڕ لە ئاڵوگۆڕ و کەوتوونەتە ژێر باری قورسایی رووداوە خوازرا و نەخوازراوەکان. ئەوان خاوەنی دوو کوڕ بوون، کە لە دوو حیزبی دژ بە یەکدا گریسابوونەوە. مام کەریم وەک دیلی شەڕ لە بەندیخانەی بەعسیەکاندا مۆمی ساڵەکانی تەمەنی لە کەمی دەدا. شیرینی هاوسەری خالیدی مەولود بەزازی بە بنەماڵەی شەهیدی کۆماری ئیسلامی دەناسرێ. ئەوان لە چەند لاوە بە دەرد و بەڵای زەمانە تۆقدراون و بە ئاسانی چارەنووسیان ناگۆڕێ. ژیانیان لە سەر گڕی قەڵاشکەرییەکان و هەروەها لە بن جوڵەی تیرۆکە باریکەکانی دەستی لەیلادا دەسووڕێ. تۆزی ئاردی سەر پنەی نانکردن و دووکەڵی کەڵەکەبووی دارە بێنازە سووتاوەکان وێڕای زوڵمی سرووشت روخساری لەیلا و پورە زارایان زۆر گۆڕیوە. وەرزی خۆشییەکان تێپەڕیون و تەنیا سووکە ئومێدی ئازادبوونی مام کەریم باوەشێنی دڵە بە کۆڵەکەی زارا و لەیلا دەکات. ئەوان لە بەر چارەنووسی دوو کوڕەکانیان ئارام و قەراریان لێهەڵگیراوە و کە باس لە تێکهەڵچوونی نێوان کۆمەڵە و دێموکڕات یان هێزەکانی رێژیم دەکرێ، لە یەزدانی دەپاڕێنەوە، کە جەرگ سووتاو و چاو بە فرمێسک نەبن. ئەوان لە سۆسیالیزمە خۆشەکە و خودموختارییە ترشەکە و ئیسلامە پڕ لە هەنگوین و عەداڵەتەکە تەنیا خەم و ئازاریان پێبڕاوە.

سرووشتی پاییزی روخساری دەشت و کێوەکانی گۆڕیوە و دارە تۆزگرتوەکانی کوێستان و گەرمێن لە چاوەڕوانی سەرمادا گەڵاکانیان دەتەکێنن و بە قەد و باڵایەکی رووتەوە بە گژ وەرزی سەرما و رەشەبادا دەچنەوە. رووبار و کانیاوەکان لە گەڵ جۆگە و خڕەکان چاوەڕوانی تەقینی کانی چاوی ئاسمان دەکەن و لە ژێر گەرمای تاقەتبڕی هاویندا خۆیان راگوشیوە. ئەوان حەسرەتی رۆژانی گڕفە و شەپۆلە سەرکێشەکان دەخۆن و بۆ پاراوکردنی پێدەشتەکانی خاکی داگیرکراو هەناسە ساردن. جەولەی پێشمەرگەکان لە پاییزدا لە کزی دەدات و زۆربەی پێشمەرگەکان بەرەو بنکە جێگیرەکان دەڕۆنەوە. هێشتا دەرفەتی هەناسەدان و جوڵەی ئازادی شەوانە ماوە و پێشمەرگەی حیزبەکان دەتوانن لە بارانی پاییز و بۆرانی زستاندا سەردانی بەشێک لە گوندەکان بکەن. کاوە و کەماڵەکان لە دوو سەنگەری جیاوازدا لە پێناوی دامەزراندنی حکومەتێکی کرێکاری و هەروەها وڵاتێکی دێموکڕات و کوردستانێکی خودموختاردا ماونەوە . ئەوان و زۆر خەڵکی دیکە لە ئاکامی کێشەی حیزبایەتی و بیروباوەڕە سیاسییەکان نێوانیان لە گەڵ یەکتر تێکچوە. زەوی سیاسەت بە تەواوەتی رەقن و دژوارە، بۆیە لایەنگرانی رەنگە جیاوازە سیاسییەکان لە کوردستاندا بە ئاسانی یەکتر تۆمەتبار دەکەن و بۆ شکاندنی یەکتر چەکیان لە دژی یەکتر بەکار دێنن. وەکو عورف و رێزگرتنێک لە کوردستانی گەرمێن هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات شەڕە تەقەکەیان لە رۆژهەڵات دەکەن و لە باشوور تەنیا هەڕەشە و مۆڕە لە یەکتر دەکەن.

زارا و لەیلا لە دەوروبەری سەفرە و لە گوندی باساوێ بارگە و بنە دەخەن. ئەوان شەو لە ماڵی یەکێک لە ناسیاوەکانی مام کەریم دەمێننەوە. ئەو بنەماڵەیە ساڵانێکی زۆرە کە بە هیوای گەڕانەوە لە گەڵ بنکە و بارەگای پێشمەرگەکان، کوێستان و گەرمێن دەکەن. شەو چیرۆکە کۆنەکانی شار و گوندەکان، ئاوارەیی و هتد هاتنەگۆڕێ و بە شێوازی جیاواز هەللاجی رووداوەکان دەکرا. ماڵی مام ئەحمەد لە گەڵ کەماڵی مام کەریم تێکەڵاویان هەیە، بەڵام زۆر لە گەڵ کاوە ئاشنا نین. ئەوان ئاگاداری گرتنی مام کەریمن و لە دوورەوە وڵاتیش تێکۆشاون لە بارودۆخی ناسیاو و خزمەکانیان ئاگاداربن. مام ئەحمەد لە کاتی قسەکردندا هەناسەیەکی قوڵ هەڵدەکێشێ و دەڵێت” براژنە زارا، هەتا لە خاکی خۆت دوور نەکەویەوە قەدری وڵات و ژیان نازانی. ئێمە کە هەڵاتین زۆر بیرمان لەوە نەدەکردەوە کە ساڵ بە ساڵ لە مەوتەن و وڵاتی خۆمان دوور دەکەوینەوە. سەرەتای شۆڕش و ئینقلاب دڵخۆش و شاد بووین، کە خودموختاری وەردەگرین و بە ئازادی لە وڵاتی خۆماندا دەسووڕێنەوە، بەڵام هەموو خەیاڵەکانمان باتڵ دەرچوون. ئاخوندی فێڵباز هاتن و بە ریشی پان و مەندیلی رەش خەڵکیان فریودا. ئێمە فەقیر بووین و خەڵک زۆر سەری لە سیاسەت دەرنەدەکرد. ئەوانەی نامەیان دەردەکرد و بە میرزا و مامۆستا دەناسران زیاتر لە ئێمەی نەخوێندەوار هاواری ئیمام و رەهبەریان دەکرد. ئەو کەچە سیاسیی و رەهبەرانە ماڵی خەڵکیان وێران کرد و بەو رۆژگارەیان گەیاندین. براژنە زارا، ئێمەش نازانین چۆن لە گەڵ ئەو زەمانەدا بگونجێین. چەند ساڵێکی دیکە رەنگە لێرەش دەربەدەربین و چاومان بە وڵاتی خۆمان نەکەوێتەوە. لە گەڵ منداڵەکان چەند جارێک لە یەکتر هەڵبەزیونەوە، چوونکە ئەمن بە گونجاوی دەزانم بگەڕێینەوە سەر خاک و مەوتەنی خۆمان. دایکی منداڵان رۆژێ چەند جارێک گوێ لە رادیۆ دەگریت و باوەڕی بە رووخانی ریژیمە. ئەو لە کوردایەتیدا زۆر توندە و سوێندی خواردوە هەتا خودموختاری وەرنەگیرێ و مافی کوردان نەستێندرێ، بە دەستی بەتاڵ ناگەڕێتەوە زێد و نیشتمان. براژنە زارا بە سەری ئەو منداڵانەت ئەمن لە دایکی منداڵانم زیاتر حەزم لە نان و ئاوی خودموختارییە، بەڵام وەڵڵاهی وەبیللاهی و تەڵڵاهی بە چاوی خۆم ئەو رۆژە نابینم. کوڕ و کچەکانم دڵنیا کردوە، کە ئێمە لە نێوخۆشدا دەکرێ کوردانە بژین و سەڵەوات لە دیداری رژیم لێنەدەین. ئەگەر بگەڕێنەوە تەنیا بۆ خاک و خەڵک دەگەڕێنەوە و گونجاو نییە ئێمە بڕۆین بەرەو خوار بەغدایە و لە ئۆردوگایەکدا ژیان تێپەڕکەین.

زارا و لەیلا لە گەڵ منداڵەکانی مام ئەحمەد لە ئازار و خەمەکانی مام ئەحمەد دەگەن، بۆیە زۆر جوابەجەنگی ناوبراو ناکەن. هاوسەری مام ئەحمەد وەک بێژەری رادیۆکان لە سەر رێژیم قسەی توند دەکات و جنێو بە داروبەردی ئەو نیزامە دەدات. پورە خەج پاش تەواوبوونی قسەکانی مام ئەحمەد بەمجۆرە دەکەوێتە قسەکردن: “براژنە زارا، ئەو ئەحمەدەی ئێمە لە خشەی گەڵای داران زراوی چوە و لێرەش لە پاسداڕ و بەسیجیەکان دەترسێ. ئەگەر پیاو دەبووم، بە ئەسحابەی تەنیشت ماڵان سوێند دەخۆم هەتا مردن چەکم دانەدەنا. ئەو ئاخوندە ورگنانە شەرم لە خوێن دەکەن و ئەگەر وەک گورگی هار پەلامار بدرێن، نەک خودموختاری بەڵکو حکومەتی کشاوەرز و کرێکارانیش قەبوڵ دەکەن. بەو نانەی پێکەوە خواردوومانە سوێند دەخۆم، ئەگەر لە دوژمن باشتر و چاکتر رانەسێین لێرەش جێگامان نابێتەوە”. مام ئەحمەد لە دەربڕین و وتەکانی خێزانەکەی توڕەیە و دەپرسێ، کورد چۆن بەو شێوازە سەردەکەوێ؟ ئێمە وەک ئاردی نێو دڕوان بڵاوبوویین و بە ئاسانی کۆ نابینەوە. ئەوەتا کوڕەکانی ماڵی مام کەریم بە هەزار زەحمەت گەورە کراون، بەڵام لە دوو حیزبدان و بە ئەمری سەرە گەورەکانی حیزب و کۆمەڵە دەبێ شەڕی یەکتر بکەن. زارا لە تەنیشت پورە خەج و لەیلا وێژینگی دێنێ و بۆ رێزگرتن لە قسەکەرەکان بەردەوام وشەی “بەڵێ” دووپات دەکاتەوە. زارا و لەیلا بەنیازن سەرەتا کاوە ببینن، بەڵام مام ئەحمەد رێنوینیان دەکات، کە بەیانی سەردانی بنکەی حیزب بکەن و داوابکەن کە بۆ دیداری کەماڵی کوڕیان هاتوون و ئەوان ئەو پەیامە بە دەزگای بێسیم رەوانەی بنکەی هێز دەکەن. هەتا کەماڵ دەگاتە ئێرە، ئێوە دەتوانن لە مەقەڕی کۆمەڵە کاوە ببینن و ئێرە ماڵی خۆتانە. ئێمە بە هاتنتان خۆشحاڵین و هەتا دەڕۆنەوە لێرەن. زارا و لەیلا بەیانی بە گوێری رێنوێنیەکانی مام ئەحمەد دەکەن و سەرەتا دەچنە بنکەی دیموکڕات و داوا دەکەن، کە خەبەر بدەن بە هێزی سەردەشت، کە دایکی کەماڵ و خوشکەکەی لە باساوێ چاوەڕوانن. ئەوان دواتر بەرەو بنکەی کۆمەڵە دەچن و خۆیان دەناسێنن و مەبەستی خۆیان لەو سەردانە دەردەبڕن. چەند پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە کە خەڵکی ناوچەی سەردەشتن بەخێرهاتنی دایکی کاوە و خوشکەکەیان دەکەن و رادەگەیەنن، کە بەیانی کاوە و هاوڕێکانی دەگەڕێنەوە. لەیلا و پورە زارا بەو خەبەرە زۆر دڵخۆشن و دەستخۆشی لەو پێشمەرگانە دەکەن، کە ئەو خەبەرە خۆشەیان بۆ هێناون.

یەکێک لە پێشمەرگەکان زمانی بۆ کۆنتڕۆڵ ناکرێ و رۆژانە بۆ پێکەنین و خۆدەرخستن قسەی لە سەر دار و بەرد دەکات. ناوبراو کە بە ساڵە کۆمەڵە ناسراوە، بەشێکی زۆری نوکتەکانی لە گەڵ بورژەوازی و چینی کرێکار تێکەڵ دەکات و لە کۆتاییدا لە کاڵەک و گوندۆرەدا کورتی دەکاتەوە. ساڵە لە پورە زارا دەپرسێ، کە کەماڵ بورژوا چ دەکات و بۆ تەسلیمی چینی کرێکار نابێ؟ لەیلا و دایکی لەو بارودۆخەدا لە ساڵە توڕە دەبن و دەڵێن، ساڵە ئەتۆ شەرم ناکەی؟ ئێمە رێگایەکی دوور و درێژمان بڕیوە و ئەتۆش خەریکی بەو پرسیارە لینگاوقوچانەت خوێ بە برینەکانماندا دەکەی. کەماڵی کوڕم پێشمەرگەیە و بۆچی تەسلیمی ئێوە بێ؟ ئاخر چەند کەسیکی وەک تۆ بە ناوی پێشمەرگە لە گوند و شارەکان دەسووڕێنەوە و تۆوی ئاژاوە لە نێو خەڵکدا دەچێنن، بۆیە پەرێزی حیزبە کوردییەکان ئاوا خاوێنە. چەند پێشمەرگەیەکی دیکە پورە زارا و لەیلایان ئەهوەن دەکەنەوە و دەڵێن، کە ساڵە کوڕی باشە و هەر بە گاڵتە ئەو پرسیارانە دەکات و هیچ لە دڵ مەگرن.

لەیلا و دایکی دوای نانخواردنی نیوەڕۆ دەچنەوە ماڵی مام ئەحمەد و بڕیارە رۆژی داهاتوو بگەڕێنەوە و کاوە ببینن. ئەوان لە ماڵی مام ئەحمەد وەک شەوی رابردوو شەنوکەوی رووداوەکانیان دەکەن. لەیلا چیرۆکی ساڵە کۆمەڵەی گێڕایەوە، کە بە کەماڵی برای گوتوە “ کەمال بورژوا”. پورە خەج داوا دەکات، کە باسی ساڵە کۆمەڵە نەکەن، چوونکە ناوبراو شایانی ئەوە نییە. بە وتەی پورە خەج ساڵە هەموو پێشمەرگایەتییەکی لە قسەی فشە و لاساکردنەوەی خەڵکدا کورت کردۆتەوە. ناوبرا دەڵێ، براژنە زارا بە قسەی ئەو دمڕووتانە خۆت ناڕەحەت مەکە. ئەوانە لە وڵاتی خۆشیاندا کارنەکەر و زماندرێژ بوون و قەت دارێکیان لە سەر بەردێک دانەناوە. کچەکانی پورە خەج لە گەڵ لەیلا زۆر نیزیکن و ئەو ماوەیە پێکەوە کارەکانی ماڵ رادەپەڕێنن. لەیلا لە ماڵی مام ئەحمەد هەست بە غەریبی ناکات و خۆی بە میوان نازانێ و وەک کچەکانی پورە خەج ئەرکەکان رادەپەڕێنێ. شەوانی پاییزی بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان و بە تایبەت بناری کێو و پێدەشتەکان پڕە لە جوانی. شەوانی مانگەشەو بۆ زۆر کەس پڕە لە هیوا و بەشێک لە خەڵک لە شەوانی مانگەشەودا بە روانین لە مانگ و ئەستێرە درەوشاوەکانی سەر روومەتی ئاسمان بوخچەی خەمەکانیان دەکەنەوە. کچەکانی پورە خەج شەوانە لە گەڵ لەیلا لە سەر بانیژەی ماڵەکانیان وێڕای راپەڕاندنی کارەکانیان لە بەردەم شەبەق و تریفەی مانگەشەودا دڵەکانیان ئارام دەکەنەوە. یەکێک لە کچەکانی پورە خەج هاوتەمەنی لەیلایە و هەردووکیان لە بەر بارودۆخی رۆژگار لە پڕۆسەی مێردکردن دواکەتوون. کچەکەی پورە خەج داواکاری زۆری هەبوون، بەڵام ناوبراو لە دۆخێکی نادڵنیادا ژیاوە و ئامادەی نەبوە ژیانی هاوبەش پێکبێنێ. لەیلا ژمارەیەک کەس چوونە داخوازی، بەڵام ناوبراو بڕیاری داوە هەتا ئەوکاتەی بابی لە زیندان ئازاد نەبێ، ژیانی هاوبەش پێک ناهێنێ. کچەکەی پورە خەج بە لەیلا دەڵێت، رەنگە ئێمەش لەو ماوەیەدا بگەڕێینەوە شار و لە گەڵ چارەنووس هیچ ناکرێ. بە ناشکوری نەبێ، کوردایەتی هەر بە ناو خۆشە و زەحمەتی زۆرە. تریفەی مانگە شەوی ئاسمانی شاخ ختۆکەی خەونەکان دەدات و لەیلا و زاراش بۆ دیتنی بەیانیەکی شاد خۆیان بە ئامێزی شەو دەسپێرن.

بەیانی لەیلا و دایکی دەچنەوە لای مەقەڕی کۆمەڵە و چاوەڕوانی دیداری کوڕەکەیان دەکەن. چەند کاتژمێرێک تێدەپەڕێ و کاوە و هاوڕێکانی دەگەنەوە مەقەڕ. کاوە چاوەڕوانی ئەو دیدارەی نەدەکرد، بۆیە یەکجار دڵخۆشە. ئەوان لە ژوورێکی بنکەکەدا لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە. کاوە ئامادە نییە لە گەڵ دایکی بچێتە ماڵی مام ئەحمەد و داوادەکات، کە پێکەوە چەند رۆژێک لەو مەقەڕە بمێننەوە. کاوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوە، بەڵام هێشتا لە بازنەی پڕیشکە ئاگرەکەی مائۆدا چەقیوە. ناوبراو، دێموکڕات و سەرکردەکانی بە کرێگرتەی ئیمپریالیزمی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات. دژوارییەکانی شەڕی نێوخۆ باڵی بەسەر روخساری هەموو لایەکدا کێشاوە. کاوە تەنیا لایەنی خەراپ و نەرێنی دێموکڕات دەبینێ و بە شوعار و درووشمی ئاگرین و رمەکی مێشکی ئاودراوە. لەیلا و زارا داوا لە کاوە دەکەن، کە واز لەو بیروباوەڕە بێنێ. پورە زارا بە کوڕەکەی دەڵێت” رۆڵە خەڵک نان و ئازادی دەوێت و وەڵڵاهی ئەمن لەو حکومەتە کارگەرییەی ئێوە تێناگەم. کوڕی من، خزمەتی دایک و خوشکی خۆت بکەی باشترە لەوە شوعار و شیعارانە. کوڕەکەم، زگ بە قسان پڕ نابێ و حکومەت بە فشە ناڕوخێ. پیاوی چاک بە، لەو رێگایە لادە”. پورە زارا لە کاوە دەپرسێ، کە کوڕە لە هەموو ماڵان برینجی ئەمریکایی دەخورێ و ئەوە تۆ باسی چ دەکەی؟ کاوە و لەیلا بەو قسەیە زۆر پێدەکەنن. کاوە دایکی دڵنیا دەکاتەوە، کە ئامادە نییە خۆی تەسلیمی رێژیم بکاتەوە و بە هیچ شێوەیەک تێکەڵ بە حیزبی دێموکڕات نابێ، کە نوێنەری سەرمایەداری لە کوردستانی ئێرانە. لەیلا داوا لە دایکی دەکات، کە کاوە ئازاد بکات و با بە دڵی خۆی بڕیاربدات.

ئەوان چەند شەوێک لەو مەقەڕە دەمێننەوە و رۆژ و شەو باسی جیاواز دێننەگۆڕێ و بە تایبەت کاتی گرتنی رادیۆی دەنگی شۆڕشی ئێران بۆ پورە زارا و لەیلا سەرنجڕاکێشە. لە کاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا هاواری بژی سۆسیالیزم و بمرێ سەرمایەدار و بورژوا لە زاری چەند کەسێک دەبیسترێ. زارا و لەیلا چەند وێنەیەک بۆ بیرەوەری لە گەڵ کاوە دەگرن و ماڵئاوایی لە یەکتر دەکەن. ئەوان دەچنەوە ماڵی مام ئەحمەد و چاوەڕوانی هاتنی کەماڵ دەکەن. پورە خەج ئەحواڵی کاوە دەپرسێت و پرسیار دەکات، کە بۆچی کوڕەکەیان لە گەڵ خۆیان نەدەهێنا. لەیلا بە پورە خەج دەڵێ، کە ئەو بیروباوەڕە پەردەیەکی بەسەر خزمایەتی و دۆستایەتیدا هێناوە و ئەوان تەنیا بە قسەی خۆیان دڵخۆشن و گوێ لە کەس ناگرن. کوڕێکی مام ئەحمەد دەچێتە مەقەڕی دێموکڕات و خەبەری کەماڵی مام کەریمی دەپرسێ. بە گوێرەی پەیامە وەرگیراوەکان ناوبراو ئەمڕۆ ئێوارە یان سبەی رەنگە بگاتە باساوێ. پورە زارا و لەیلا بە دیداری کوڕەکەیان شادن، بەڵام لە دوارۆژی ناوبراو نیگەرانن. ئێوارە کەماڵ، وەستا مستەفا و حوسێنی ئازیزێ بە یەکەوە دەگەنە باساوێ و دەچنە ماڵی مام ئەحمەد. هەموو لایەک بە دیداری یەکتر شاد دەبن و شەوێکی خۆش بە یەکەوە بەسەردەبەن. هەر کەسەو بیرەوەرییەکی خۆش لە رۆژانی ئاوارەیی و هەروەها پێشمەرگایەتی دەگێڕنەوە. مام ئەحمەد لە سەر بارودۆخی ناوچە و هەروەها چۆنیەتی هەڵسوکەوتی خەڵکی گوندەکان لە گەڵ پێشمەرگە و پاسداڕەکان پرسیار دەکات.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge4.jpgکەماڵ، مستەفا و حوسێن وێڕای چەند هەزار کەس لە پێشمەرگەکان چەند ساڵێکە ئەرکی قورسی پێشمەرگایەتیان لە سەر شانە. ئەوان ناوچەی جیاوازی کوردستان گەڕاون و بە گوێرەی درووشم و سیاسەتەکان بۆ کورد و خاکەکەی تێدەکۆشن. لە پەل، دەستە و هێزدا وەک پێشمەرگەی کوردایەتی و هەروەها خۆنەویست ناسراون و وەک خەڵکی دیکە شەڕی وەرگرتنی سەرپەل، سەر دەستە و هەروەها بڕینی پلەکانی حیزبایەتی ناکەن. ئەوان لە کۆنفڕانس و کۆبوونەوەکاندا دژایەتی خۆیان لە گەڵ ناوچەگەرایی دووپات دەکەنەوە و بەو کولتورە توڕەن. کەماڵ و هاوڕێکانی وەک ساڵانی سەرەتای شۆڕش ساکار و سادە ناڕواننە رووداوەکان و لە پرسە نێوخۆییەکان و بە تایبەت هەڵبژاردنی نوێنەر و دەستنیشانکردنی بەرپرسە نیزامی و سیاسییەکان رەخنەی کاریگەر دەگرن. ئەوان بە ئاشکرا دەبینن، کە زۆر کوردی نیشتمانپەروەر کە دەبنە پێشمەرگە ئاگاداریان لەسەر ناوچەگرایی سیاسی نییە، بەڵام پاش نیزیکبوونەوە لە کولتوری حیزبایەتی و بەتایبەت بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسەکان، تێکەڵ بە کولتوری لە یەکتردان و شکاندنی رەقیبەکان دەبن. کەماڵ لەو کولتورە بێزارە و چەند جارێک درکاندویەتی، کە ئەگەر دەرفەتێک هەبێ هەرگیز ئامادە نییە درێژە بەو کولتورە بدات. شەو لە ماڵی مام ئەحمەد زۆر بە چڕی ئەو خاڵە لاوازنە خرانەڕوو، کە بزوتنەوەی کوردایەتی و حیزبایەتی کوردان گەندەڵ دەکەن و لە سەر رێگا راستەقینەکە لایدەدەن. وەستا مستەفا لە سەر ناوچەگەرایی زۆر بە وردی قسە دەکات، کە وەک خورە و نەخۆشی کەوتۆتە نێو قەوارەی رێکخستن و تەشکیلاتی سیاسی. ناوبراو زۆر نموونە لەو ناوچەگەراییە دێنێتەوە کە لە یەکەم خانەکانی حیزبایەتی هەتا باڵاترین ئۆرگان، کە کۆنگرەیە بە زەقی دەبیندرێن. بە باوەڕی ناوبراو لە ریزی رێکخستن و تەشکیلاتدا ناوچەگەرایی و خزمایەتی عەشایری و ناوچەیی بە تەواوەتی بەرگێکی سیاسی لەبەر کراوە و لە کاتی پێویستدا بارگاوی دەکرێ و چەند کەسیک سوودی لێدەبینن. شایستەسالاری پەراوێزخراوە و لە کۆی حیزب و هێزە سیاسییەکاندا کۆمەڵە خەڵکێک سوار و ئەوانی دیکە پیادەن. بە تێگەیشتنی وەستا مستەفا ئەو بارە خوارە دەبێ راست بکرێتەوە، چوونکە لە درێژخایەندا زەبر لە پەیکەری جوڵانەوە دەدات و بە قازانجی رێژیم تەواو دەبێ. حوسێنی ئازیزێ وەک هاوڕیکانی لە بزوتنەوەی کوردایەتی ساردە و بە ئاشکرا دەڵێت، لەو کولتورە بێزارم و نازانم، ئێمە دێموکڕاسی و خودموختاری چۆن دەستەبەر دەکەین! کورێکی مام ئەحمەد لە سەر بارودۆخەکە دەدوێ و بە باوەڕی ناوبراو شۆڕش کە درێژبۆوە هاوشێوەی ترخێنەی کوردان عەلەمان هەڵدێنێ. ئەو لە قسەکانیدا باس لە لاوازبوونی دەرفەتی یەکسان لە نێو حیزبەکان بۆ ئەندام و پێشمەرگەکان دەکات، کە بە رێژەیەکی زۆر خەڵک و پێشمەرگەکان دڵسارد دەکەنەوە. پورە خەج لە هەمووان دڵخۆشترە و رێنوێنی مستەفا، حوسێن و کەماڵ دەکات، کە کوردایەتی و خەبات لە پێناوی خودموختاریدا زۆر پیرۆزە، بۆیە ناکرێ گوێ بەو کەموکوڕیانە بدەن و کوردستان پێویستی بە چاو و دەستی هەمووانە. کەماڵ لەو کاتەدا وتەیەکی بابی وەبیردێتەوە، کە بەردەوام تەتەڵەی دەکرد و بەدوای دۆزینەوەی ئەو پرسیارەدا دەگەڕا، کە بۆچی زۆرتر هەژار و نەدارەکان رێگای پێشمەرگایەتی هەڵدەبژێرن؟ بۆچی شۆڕشی کوردان لە کۆتاییدا لە کورتی دەدات و وەک گەمەی مار و پێنیژەیە؟ مام ئەحمەد چەند بیرەورەییەک لە سەر مام کەریم دەگێڕێتەوە، کە لە سەردەمی لاوەتی پێکەوە چەند جارێک هاوڕێی رێگا و سەفەر بوون. بە تێگەیشتنی مام ئەحمەد تێڕوانینی مام کەریم لە سەر دوارۆژ و رووداوەکان زۆر وردبوون. ناوبراو دەگێڕێتەوە، کە مام کەریم جارێک لە سەردەمی شۆڕش داوا لە مام ئەحمەد دەکات، کە لاقی لە سەر خاکی نەبڕێ.

پورە زارا باس لەو نامانە دەکات، کە لە رێگای مانگی سووری ئێرانی دەگاتە دەستیان و مام کەریم بە کورتی ئەحواڵپرسی هەموو لایەک دەکات. مام ئەحمەد دەڵێ، هەتا شەڕی ئێران و عێڕاق تەواو نەبێ، باوەڕناکەم ئەو دیل و یەخسیرانە ئازاد بکرێن. لە سەردەمی کۆن و قەدیمیشدا دوای تەواوبوونی شەڕەکان دیلەکان بە یەکتر گۆڕاونەوە و خۆزگە ئەوڕۆژە دەهات، کە مام کەریم و یەخسیرەکانی دیکە بە ژن و منداڵەکانی خۆیان شادببنەوە. پورە زارا، لەیلا، کەماڵ، مستەفا و حوسێنی ئازیزێ چەند شەوێک لە باساوێ تێپەڕدەکەن. کاوە و کەماڵ لەو رۆژگارەدا لە بەر دژایەتی یەکتر و گەرمبوونی ئاوری شەڕی نێوان کۆمەڵە و دێموکڕات یەکتریان نەبینی و چیرۆکی براکان و حیزبە کوردییەکان بە دوارۆژێکی نادیار ئەسپێردرا.

کەماڵ و هاوڕێکانی هەتا سەرچۆمی هەرزنێ هاوڕیەتی زارا و لەیلای خوشکی دەکەن و ماڵئاواییان لێدەکەن. پورە زارا و لەیلا شەو لە گوندی دولکانی سەردەشت دەمێننەوە و بۆ رۆژی دواتر دەگەڕێنەوە سەردەشت. چەند رۆژێک بە ئارامی تێپەڕدەکەن و ماڵی خاڵە مینە، مام دەروێش و چەند دۆست و خزمێکی دیکە سەردانیان دەکەن. رۆژێک چەند پاسدار و بەسیجییەک لە دەرگای ماڵی پورە زارا دەدەن و لە رێگای کوردێکی چەکدار چەند پرسیارێک لە لەیلا و دایکی دەکەن. یەکێک لە پاسداڕەکان بە فارسی بە پورە زارا دەڵێت، کوڕەکانت بۆ نەهێناونەوە و لەو سەفەرەدا چەندەیان یارمەتی کردی؟ ئایا دەوڵەتی ئیسلامی باشترە یان نیزامی دژی خوا و پێغەمبەر؟ ئایا شەوانە بۆنی مەشرووب و ئەڵکۆڵت لە مەقەڕ و بنکەکانی دێموکڕات و کۆمەڵە نەدەکرد؟ ئێمە دەزانین لە چ ماڵێک میوان بویت و چەند رۆژ لە باساوێ ماونەوە. بە قازانجی خۆتانە راستییەکان بە ئێمە بڵێن و رێگای خۆتان لە دژە شۆڕش جیاکەنەوە. پورە زارا بە بیستنی ئەو پرسیارانە دەتاسێ و بە کورتی بە کوردە چەکدارەکانی رێژیم دەڵێ، کاکی من ئێمە لەو خانوەدا زەڕمان بۆ مێشوولەیەک نییە و خوا ئاگادارە لە هەموو خەراپەیەک بێبەرین. ئێوە نازانم بۆ لە دەرگای فەقیرێکی وەک ئێمە دەدەن و مەبەستتان لەو ئازاردانەی کچ و دایکێک چییە؟ فارسێک لە رێگای کوردێکی چەکدارەوە هەڕەشە لە پورە زارا و لەیلا دەکات، کە ئەوان کوڕەکانیان لە بەرەی کوفردان و دژی ئیسلام، ئینقلاب و ئیمام بە فەرمانی ئەمریکا، ئیسڕائیل و ئینگلستان شەڕدەکەن. تۆ و کچەکەت چەندە لە باساوێ بە خەراپی باسی ئێمەتان دەکرد، پێویستە لێرە خەراپتر لە سەر دژە شۆڕش و ئەو خوانەناسانە بدوێن. پورە زارا و لەیلا لەو وتانەی پاسداڕەکە نیگەران و بەگومانن، کە دەزگای ئیتلاعات ئاگاداری تەواوی سەفەر و سەردانەکەیانە. ئەوان ئاگادارن، کە ئەگەر جارێک بەڵێ بۆ پاسداڕەکان بکەن وەزع و حاڵیان تێکدەچێ، بۆیە خۆیان لەپرسیاری پاسداڕ و چەکدارەکانیان دەدزنەوە. پورە زارا بە توڕەییەوە دەڵێ، ئەگەر ئازان بچن کەریمی مێردم بۆ ئازادکەن. ئەوە عەیب ناکەن هاتوونە ئێرە و لە گەڵ دایک و ژنێکی بێدەرەتان دەدوێن و هەڕەشەیان لێدەکەن. ئەوە کەی ئیسلامەتییە و بە چ قانوونێک ئازار و ئەزییەتی ئێمە دەدەن. پاسداڕ و چەکدارەکان هیچیان لە پورە زارا و لەیلا دەستناکەوێ و بە ناچاری بەردەرگای ماڵی مام کەریم چۆڵدەکەن. شەو لەیلا و پورە زارا ترس و سامێکی زۆر دایاندەگرێ و بە ترس و لەرزەوە لە حەوشەی ماڵەکەیان هاتوچۆ دەکەن. ئەوان لەوە نیگەرانن، کە ئەو پاسداڕانە چۆن ئاگاداری چوونی ئەوان بۆ باساوێ و دیداری کوڕەکانیان بوون. لەیلا بە دایکی دەڵێت، ئەو زەمانەی کەس لە کەس ئەمین نییە و هەموو وڵات سیخوڕ و جاسووسە. ئەگەر کوردەکە خۆخۆر نەبێ و لە سەر یەکتر سیخوڕی نەکات، پاسداڕێکی فارس و ئازەری چۆن ئاگادارە، کە ئێمە لە باساوێ چۆن و چەندە باسی رێژیمی ئاخوندیمان کردوە! پورە زارا لە گەڵ وتەکانی کچەکەی هاوڕایە و دەڵێ، رۆڵە زەمانی شای دەیانگوت، کە دیوار مشکی هەیە و مشک گوێی هەیە. ئەو کات ترسێکی ئەوەندە زۆریان لە نێو خەڵکدا بڵاوکردبۆوە، کە لە ماڵی خۆت نەتدەوێرا قسەی دڵی خۆت بکەی. لەیلا و پورە زارا ئاگادارن، کە رێژیم پارە و ئیمکاناتی زۆرە و بە ئاسانی خەڵک بە ناوی پێشمەرگایەتی دەتوانن رەوانەی حیزبەکان بکەن.

پڕیشک و گڕفەی ئاوری شەڕی ئێران و عێڕاق، زیاتر ئاور لە سرووشتی کوردستان بەربدات. رێژیمی تاران لە رێکخستنی هێزە کوردیی و عەڕەبە شیعەکاندا سەرکەوتوە و بە ناوی جیاواز لە شەڕ دژ بە هێزە عێڕاقییەکاندا بەکاریان دێنێ. هێزە باشورییەکان خاوەنی سیاسەتێکی رەوا و سەربەخۆ نین و بۆ پەیداکردنی یارمەتی و هەروەها زەبرلێدان لە هێزە عێڕاقییەکان لە گەڵ رێژیمی ئێران سازاون. سپای پاسداران لەو گۆڕەپانەدا ئەکتیڤە و بە کردەوە پلانی راگواستنی شەڕ بۆ ناوچەکانی باشووری کوردستان دادەڕێژن. ئەوان لە بیری عەمەلیاتی گەورە و تێکشکێنەردان و ئامادەنین لە گەڵ رێژیمی سەددام حوسێن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوانیان کۆببنەوە. رەفسەنجانی وەک داڕێژەری بەشێک لە سیاسەتەکانی رێژیم لە گەڵ پلانی درێژەدان بە شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێڕاقە. ئەوان وەک بازرگانی شەڕ لە دوورەوە لێکدانەوەی بارودۆخەکە دەکەن و خەمی دەیان هەزار سەرباز و چەکدارەیان نییە، کە دەبنە سووتەمەنی ئاگری شەڕ. شەڕی شارەکان بۆ هێزە عێڕاقییەکان ئاسانترە و ئەوان لە رێگای فرۆکەشەڕکەرەکان بە ئاسانی ئاسمانی ئێران دەپێون. هێزە ئاسمانییەکانی ئێران زەلیل و داماون و کەمتر دەسەڵاتی خستنەخواری فڕۆکە عێڕاقیەکانیان هەیە. چەکە دژە ئاسمانییەکان فڕۆکەکان ناپێکن و سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێران تێکشکاوە. ئێران بۆ قوتاربوون لە شکست و کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنی درووشمە گەورە و قەبەکان پشتگوێ دەخات و لە لە گەڵ ئیسڕائیل دەکەوێتە مامەڵەی چەککڕین. بەرپرسانی رێژیم و سپای پاسداران وەک گەورە بازرگانی چەک و تەقەمەنی لە بازاڕە رەشەکاندا دەگەڕێن و خوازیاری کڕینی کەلوپەلی لۆژیستیکی شەڕن. شەڕ خەریکە درووشم و شوعارە قەبەکانی رێژیم بێڕەنگ دەکات و بەرپرسانی رێژیم لە ئاست قورسایی شەڕەکاندا داماون. خەڵکی کورد لە دوو دیوی سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە خاک و خەڵکەوە زیانی گەورەیان بەردەکەوێ. گۆڕانی سیاسەتی شەڕ لە لایەن ئێران و تێوەگلاندنی باشوور لە شەڕی دەوڵەتان جوڵەی هێزە رۆژهەڵاتییەکانی بەرتەسک دەکاتەوە. بێجگە لەوە، رێژمی بەعسی عێڕاق لە دژایەتی کردن و دوژمنایەتی کوێڕانەی خەڵکی کورد لە باشوور مکوڕتر دەکات. ئەوان بە بیانووی هاوکاری فارسەکان، کە بە دوژمنی پلە یەکی عێڕاق دەناسرێن، گورزی گەورە لە کورد و خاکی کوردستان دەوەشێنن.

کەماڵ لە گەڵ هاوسەنگەرەکانی بەرەو بنکەی هێز دەگەڕێنەوە. ئەوان لە پاییزدا لە بنکەکان خۆیان بە کاروباری خۆپەروەردەکردن سەرقاڵ دەکەن. رێکخستن و سازماندانی هێزی پێشمەرگە لە جاران زیاترە، بەڵام هێشتا وڵامدەری پرسی کورد لە رۆژهەڵات نییە. هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات و تەنانەت سەرتاسەرییەکان لە ژینگەیەکی پەرتەوازەدا درێژە بە ژیانی سیاسی دەدەن. موجاهیدەکانی رەجەوی لە دەرەوەی ئێران باوەڕیان بە مافی کورد و هەروەها پرسی چارەسەرکردنی مافی نەتەوەکانی ئێران نییە. ئەوان خۆیان بە نوێنەری سەرجەم بزوتنەوە سیاسییەکان دەزانن و خوازیارن کە هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات لە دەوری باڵای مریەم و مەسعود تەواف بکەن و ئازادانە روانگەکانی خۆیان دەرنەبڕن و خاوەن بڕیارنەبن. هێزە چەپەکان لەو دۆخەدا بە تەواوەتی لە یەکتر تەوەلابوون و وەک لقی دارەکان کەرت بوون. هێزە کوردییەکان بە چووک و گەورە، راست و چەپ، دینی و هتد. زۆر لە گەڵ یەکتر ناتەبان و هیچ لایەنێک حیساب بۆ لایەنی بەرامبەر ناکات. حیزبەکان رێز لە یاساکانی کاری هاوبەش ناگرن و بە چاویلکەی بچووککردنەوەی ئەوانی دیکە و خۆگەورەکردنەوە خۆیان ، بارودۆخەکە هەڵدەسەنگێنن. حیزبەکان بۆ خەڵک پەیامێکی هاوبەشیان نییە و لە کردەوەدا یەکتر بە لەمپەری سەر رێگای خۆیان دەزانن، بۆیە ئامادە نین رێز لە دەنگی زۆرایەتی خەڵکی ناوچەیەک بۆ هێزیکی سیاسی بگرن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge32.jpgکەماڵ، مستەفا و حوسێن لە رێکخستنی بەهاریدا بەرپرسایەتی تەشکیلاتی و نیزامی بە ئەستۆ دەگرن. رێژەی پێشمەرگەکان لە ساڵان کەمترە و لاوی کەمتر تێکەڵ بە ریزی حیزبەکان دەبن، چوونکە بارودۆخەکە دژوارترە و پيشمەرگەش وەک ساڵان لە نێو گوندەکاندا چالاک نییە. کچان بە رێژەیەکی زۆر کەم بۆ رێزەکانی دێموکڕات دێن، بەڵام کۆمەڵە لەو پێوەندییەدا چالاکترە. بەشێک لەو کچانەی تێکەڵ بەو هێزانە دەبن و بە مەبەستی پێشمەرگایەتی لە ماڵ دەچنەدەر، بە هۆکاری جیاواز لە بنکە جێگیرەکان ژیانی هاوبەش لە گەڵ پێشمەرگەکان پێکدێنن. هێشتا تەوژمی خەبات و شۆڕش زەبر لە پەیکەری رێژیم دەدات و سەرەڕای هەموو لاوازییەکانی، هێزێکی پۆشتەی رێژیمی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە. رێژیم هێزێکی زۆری لە کوردستاندا مۆڵداوە و بەنیازن لە رێگای هەڵەبجە و سەید سادق و هتد. بەرەو کەربەلا بڕۆن و نیزامی بەعس بڕوخێنن. رێژەی چەکدارە کوردەکان لە کوردستاندا دەچێتەسەر و رێژیم لە چەکدارە کوردەکان (بە سەرباز و جاشەوە) گروپی زەربەتی پێکهێناوە، کە کار و پیشەیان زەبرلێدان لە پێشمەرگەیە. پێشمەرگە موسڵمانەکان جێگەی خۆیان قایم کردوە و ژمارەیەکی زۆر لە دەزگا سیخوڕییەکاندا کاردەکەن. کاتێک پێشمەرگەکان لە گوندێک دەبیندرێن بۆ بەیانی راپۆرت لە سەر ئەو جوڵەیە دەدرێتە بەرپرسانی رێژیم. پێشمەرگە موسڵمان و هەروەها سیخوڕەکانی رێژیم لە رێگای دۆست و ناسیاوەکانی خۆیان لە سەر چۆنیەتی و چەندایەتی ئەو هێزە زانیاری کۆدەکەنەوە. مەزەندەی خەڵکی گوندەکان لە ژمارەی پێشمەرگەکان جیاوازە و خەڵکی ئاسایی ژمارەیان زۆر بەرز دەکاتەوە و ئەوەش بە جۆرێک لە شەڕی رەوانی دژ بە رێژیم دەناسرێ. تۆپخانەکانی رێژیم لە ناوچە سنوورییەکان دەهۆڵی شەڕدەکوتن و پڕ بە قوڕگی دوکەڵاویی و رەشیان بارانەی ئاور بە سەر دۆڵ و دەشت و چیاکانی کوردستاندا دەبارێنن. پێشمەرگەی زۆربەی هێزەکان لە جاران رێکخراوترن و هەروەها باشتر خۆیان کۆکردۆتەوە، بەڵام هێشتا لە قۆناخی سەرەتادایە.

خەلکی کوردستان زیاتر لە رێگای رادیۆکان ئاگاداری چالاکی حیزبەکانن. خەمی ئەوان گەورەیە و شەڕی عێڕاق و ئێران زەبری گەورەی لە خەڵک و سرووشتی ژیان و خاکداوە. بەشێک لە شارەکان لە بەردەم گڕی ئاوری تۆپخانە و هەروەها بۆمبارانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی عێڕاقدا تەنگەتاون. رێژەی بێکاری قوڕگی هەژارەکان دەگوشێ و خەڵکێکی زۆر لە پێناوی پەیداکردنی نان و ئاوێکدا بە رێگاکانی مەرگدا دەڕۆن و لە کەمینی پاسداڕ و بەعسیەکان دەدەن. ئەو ناوچانەی کە مەکۆ و بنکەی جێگیری هێزە سیاسییەکانی لێیە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەبنە دەروازە و خەڵکێکی زۆر لەو رێگاوە بژیوی ژیانی خۆیان دابیندەکەن. بازاڕەکانی سەفرە و گەڵاڵە تۆزی داخرانیان لەسەر نیشتوە و کاسبکاران بەرەو ناوچەیەکی دیکەی ئازاد دەڕوانن. رێژیمی بەعس سیاسەتی وێرانکردنی کوردستانی رەچاوکردوە و هاوشێوەی کۆماری ئاخوندەکان دەست لە ژینگە و سرووشتی کوردستان ناپارێزێ. ئەوان بۆ سەرخستنی سیاسەتەکانیان گوندەکان چۆڵدەکەن، کانیاوەکان کوێردەکەنەوە و سیاسەتی چەکدارکردنی تێکڕایی رەچاودەکەن.

رێژیمی بەعس و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای کۆتایی هێنان بە رەوتی دانیشتنەکانیان خۆیان بۆ شەڕێکی توند لە یەکتر ئامادە دەکرد. یەکێتی لەو بەینەدا لە گەڵ ئێران لاپەڕەیەکی تازە هەڵدەدەنەوە و بە دڵفراوانی لە گەڵ هێزە ئێرانییەکان و بە تایبەت پاسداڕەکان سەر بە قەرارگای رەمەزان لە نێوخۆی باشووری کوردستاندا عەمەلیاتی هاوبەشیان دژ بە هێزە عێڕاقییەکان بەڕێوەدەبەن. زۆربەی هێزە باشورییەکان بە هێواشی دەکرێنە کلکەی سیاسەتی ئێران دژ بە رێژیمی عێڕاق و بەعسییەکان سیاسەتی هەڵەی پارتە باشورییەکانیان کردە بیانووی دوژمنایەتیەکی ترسناک، کە هەڵەبجە و ئەنفالی لێکەوتەوە. هێزە رۆژهەڵاتییەکان لە سەر سنوورەکان و لە دیوی باشووری کوردستاندا ئاگادارن، کە پاسدارەکان چۆن و چەندە لە گەڵ چەکداری پارتە باشوورییەکان دەگەڕێن. حیزبە رۆژهەڵاتییەکان لەو پێوەندییەدا جیاوازون و دێموکڕات لە ژێر کارتێکەری قاسملوودا خاوەن دیپلۆماسییەکی کارا و هێڵێ ئاشکرا و نەگۆڕن. ئەوان بۆ لێدان لە هێزە ئێرانییەکان سیاسەتی سەربەخۆیان رەچاوکردوە و تێدەکۆشن دژ بە بەرژەوەندیی کوردی باشوور نەجوڵێنەوە. پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵات وەک پارتە باشوورییەکان سیاسەت ناکەن و هەر جارەی لە بەرەیەکدا خۆیان نابیننەوە. ئەوان وەک پارتە باشورییەکان شەڕی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستانیان نەکردوە و ئامادەنەبوون دژایەتی بزوتنەوەی کورد لە باشوور بکەن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_shehid5.jpgبەهاری خەبات لە رۆژهەڵات و زۆربەی پارچەکانی کوردستاندا بەهارێکی خوێناوییە. ئەو بەهارەش هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات بە مەبەستی دیداری خەڵک، رێکخستنی ئەندام و هەروەها زەبرلێدان لە هێزەکانی رێژیم لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ئامادەن. هێزە کوردییەکان بەرچاوتەنگن و ئامادەنین لە زۆنی خۆیاندا روخساری هێزی دیکە ببین. کاوەی مام کەریم لە گەڵ گوردانێکی کۆمەڵە بەرەو ناوچەکانی سنە بەڕێدەکەون و کەماڵ وەک فەرماندەیەکی نیزامی دێموکڕات بەرەو ناوچەکانی سەردەشت دەڕوات. ئەوان ساڵانێکی زۆرە لە بەرجیاوازی بیروباوەڕ، شەڕی حیزبەکان و لاوازی تاکی کورد پێوەندییەکانیان پچڕاوە. کاوە لە دوای گەڕانەوەی لەیلای خوشکی و هەروەها دایکی هەست بە ئازارێکی نادیار دەکات. ناوبراو بیر لەوە دەکاتەوە، کە دایک و خوشکی لە ماڵی مام ئەحمەد لە باساوێ چەند رۆژێک لە گە کەماڵی برای پێکەوەبوون، بەڵام ناوبراو لە پێناوی باوەڕی ویشکی حیزبایەتیدا سەردانی نەکردن. کاوە ئەمجارە تێگەیشت، کە لە سەر ئەو رێباز و ستایلە ناتوانێ وەک رابردوو ئەندامێکی ئاسایی ماڵ بێت. ناوبراو لە دەوروبەری خۆی زۆر پێشمەرگە دەبینێ، کە ئازادانە لە گەڵ تەنانەت خزم و ناسیاوانی دێموکڕات دیدار و پێوەندیان هەیە، بۆیە زۆرجار رەفتار و کرداری خۆی بە لۆژیکی نازانێ. کاوە لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە گەڵ چەند هاوڕێیەکی تازە ئاشنا دەبێ، کە کراوەتر دەڕواننە کوردستان و جیهان و تێگەشتنیان لە سەر سۆسیالیزم و حکومەتی کرێکاری وەک رابردوو ئاگرین و توند نییە. ئەوان لە سەر ئەو پرسانە رێنوێنی کاوە دەکەن، کە لە سیاسەت و حیزبایەتیدا دەبێ نەرم و کیسەڵی بڕۆی، چوونکە خێرا و توند رۆیشتن ماندووبوون و شەکەتی دەخوڵقێنێ. ئەمیر کرماشانی بۆ دڵخۆشکردن جاروبار لە گەڵ کاوە گاڵتە دەکات و داوای لێدەکات، کە ماوەیەک لە کورەخشتە کار بکات و ئازاری کرێکاران و ئارەقەڕشتنی ئەوان بە ئێسک و پێستی خۆی هەست بکات. ئەمیر بە زۆربەی پێشمەرگەکان دەڵێت، کە ئێمەی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێویستە پيش چەکهەڵگرتن و تەنانەت لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا کرێکاریی و وەرزێڕی بکەین. بە وتەی ئەمیر، کرێکارانی کوردستان و وەرزێڕەکان پێویستیان بە شوعار و درووشم نییە، بەڵکو چاوەڕوانی پێشڕەوێکی نموونە و هاوشێوەن، کە بە کردەوە لە جیهانی کرێکار و وەرزێڕەکان تێدەگات. ئەمیر رەخنە لە مێدیای کۆمەڵە دەگرێ، کە هەتا کرێکاری کورە خشتەی ورمێ و کرماشان هەیە، چ پێویست دەکات باس لە میستر لۆپێزی ئەمریکای جنووبی بکەین! کاوە بە قسەکانی ئەمیر کەیفی ساز دەبێ و چیرۆکی مەلا فەلسەفەی بۆ دەگێڕێتەوە، کە لە شارۆچکەی رەبەت زۆر رەخنەگر و قسەخۆش بو، بەڵام ئەو کات لە سەر چاخواردنەوەی ئێوارە لە مەقەڕەی کۆمەڵە دەرکرا. کاوە باس دەکات، کە ناوبراو لە سەردەشت ناوی خۆی گۆڕیوە و خۆی بە شێخ زەرگەتە ناساندوە و لە ماڵی ئێمە و هەروەها چەند ماڵێک میوان بوە. ئەمیر بە کاوە دەڵێ، ئەو کەسانە وەک گەوهەری شۆڕشن و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەبێ بۆ ئەو کەسانە کراوە بێ.

لە جەولەی ئەو بەهارەدا کاوە و ئەمیر وەک هاوڕێیەکی نیزیک بەشدارن و شەوانی گوندەکان و رۆژانی نێو مەزرا و بن شاخ و بەردەکان بە وتەی خۆش دەبەنەسەر. زۆربەی رۆژەکان، نیوەڕۆ یان ئێواران پێشمەرگەکان بانگی ئەمیر دەکەن و داوای لێدەکەن بۆ بزەی لێو قسەیەکی خۆش بکات. ئەمیر لە گوندەکان شەوانە زۆر بە وردی گوێ لە گوندنشینەکان رادەگرێ و بۆ بەیانی دەیکاتە کەرەستەی پێکەنین. ئەمیر بە وتەکانی بەنیازە کادر و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە وریاکاتەوە. ناوبراو باس لەوە دەکات، کە شەوێک لە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز میوانی ماڵێک دەبن و خۆیان بە پێشمەرگەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە دەناسێنن، بەڵام پیرە پیاوێک دەپرسێ، کاکە کۆمەڵە کۆمەڵەیە باشە بە من ناڵێن ئەو حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە چ کارەیە؟ ئەمیر و کاوە ئەو شەوە تێدەکۆشن بە کوردی باسی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە بۆ مامە پیرە بکەن، بەڵام ئەو نایسەلمێنێ و دەڵێ، ئەگەر ئێرانتان دەوێ جیاوازی کۆمۆنیزم و ئیسلام چییە؟ خۆ خەڵکی موسڵمان دەزانن ئیسلام چییە، بەڵام بە ئیمانم کشاورەز و کارگەری کورد لەو ریسەی ئێوە ناگەن. کاکە ئەو خەڵکەی ئێمە دەردی گرانە و بە سلێمانی پێغەمبەر لەو کەلیماتە قورس و گرانانە ناگات. بۆ خاتری خوا، ئەگەر چوونەوە بە بەرپرسەکانتان بڵێن، با بە زمانی خەڵک لە رادیۆکەیان قسە بکەن. لەو گوندە و گوندەکانی دیکە کێ لە دەرسەکانی مارکس تێدەگات و ئێمە بە عومری خۆمان رۆژێک نەچووینە مەدرەسە و خوێندن، ئاخر چۆن لەو بابەت و کتێبانە تێدەگەین؟

ئەمیر و کاوە لە گوندێکی ناوچەی سنە لە گەڵ مەلایەکی ئاوایی دەبێتە دمەتەقەیان. مەلا زۆرزان دەبێت و بە ئەمیر و کاوە دەڵێ، کاکە ئیسلام و کۆمۆنیزم یەک جیهانیان دەوێ، بەڵام ئێوە لێی حاڵی نین. ئەمیر داوا لە مەلا دەکات، ئەگەر بەڵگە و دەلیل بۆ وتەکانی نەهێنێتەوە، شەو بە زۆری لە گەڵ خۆیانی دەبەن. مەلا بۆ ئەوەی پێشمەرگەکان لە ماڵ دەربکات و خواردنیان نەداتێ، داوا لە مەلاژن دەکات، کە جلوبەرگی بۆ ئامادەکات و لە گەڵ ئەو پێشمەرگانە دەڕوات و دەبێتە پێشمەرگەی کۆمەڵە. کاوە و ئەمیر چاوێک لە یەکتر دەکەن و داوا لە مامۆستا دەکەن، کە با نانێک بخۆن و خواردنێک بۆ بەیانی بپێچنەوە. مەلا دەرفەتیان پێنادات و دەڵێ، مرۆڤی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیست وەک کرێکاران دەژیت و ئامادەیە برسیایەتی تەحەمول بکات. کاتێک مەلای ئاوەدانی، کاوە و ئەمیر لە ماڵ دەچنەدەر بەشێک لە خەڵکی گوند لە مەلا دەپرسن، کە مەسەلە چییە؟ مەلا بە زمانێکی سادە دەڵێ، کاکە ئەو پێشمەرگانە ئیحترامی مامۆستای گوند ناگرن و بە زۆر لە ماڵی خۆتدا هەڕەشەت لێدەکەن. مەلا بەو شەوە بە دەنگێکی بەرز قسەکانی دووپات دەکاتەوە و خەڵکی ئاوایی لە ژوورەکانیان دێنەدەر و بەشێک لە بەرپرسی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە ژوورەکان دەچنەدەر و دەبینن، کاوە و ئەمیر لە گەڵ مەلای گوند لە گەڵ خەڵک کۆبوونەوە و مامۆستا زۆر بە دەنگی بەرز رادەگەیەنێ، کە خوا ئەمری کردوە کە بێ ئیزنی خاوەن ماڵ نەچینە ژوور، بەڵام دوو پێشمەرگەی کورد لە ماڵی خۆتدا هەڕەشەت لێدەکەن. بەرپرسەکان مەلا دەبەنە ژووری ماڵێک و کاوە و ئەمیریش بۆ نانخواردن رەوانەی ماڵێکی دیکە دەکەن. بۆ بەیانی ئەمیر و کاوە ئەو چیرۆکەیان وەک شانۆ بۆ هاوڕێکانیان دەگێڕنەوە. ئەمیر دەڵێ، مامۆستا حەزی نەدەکرد جەوان و جحێڵ میوانی بن، بۆیە ئەو کێشەی نایەوە و ئێمەی بە زگی بەتاڵ لە ماڵ دەرکرد. بەرپرسی پێشمەرگەکان لە رێگای یەکێک لە ناسیاوەکانی زانیویەتی، کە مامۆستا حەز لە میوان ناکات، چونکە مەلاژن لە ماڵ لێچکە لەسەر ناکات و قسە لەسەر رووداوەکان دەکات.

ئەمیر کاریگەری لە سەر کاوە زۆرە، بۆیە کاوە زیاتر لە ساڵان لە ناوچە لە گەڵ هاوڕێکانی گاڵتە دەکات و کراوەترە. جارێک لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لە کاتی مانەوە لە دەوروبەری ئاواییەک لە گەڵ خاوەن باخەکەدا یەکتر دەبینن و کاوە داوا دەکات، کە ئەمیر بەچەی کرماشانە و فرە حەزی لە شیرینی و بیبسی کۆلایە. خاوەن باخەکە بەڵێنیان پێدەدات، کە بۆ بەیانی دەتوانێ بچێتە شار و شیرینی و کەبابیان بۆ بکرێ. دوای دوو مانگ جەولە و گەڕان لە سەر رێگای شارەکان و سەردانی بەشێک لە گوندەکان کاوە و هاوڕێکانی بەنیازن بەرەو ناوچەی بانە و رەبەت بچن و لە گەڵ تیمێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لەو ناوچەیەدا یەکبگرنەوە. ئەوان لە کاتی سەردانی ئاواییەکان کەمتر پرسیار لە هێزەکان رێژیم دەکەن و تەنیا خوازیارن ئاگاداری پێشمەرگەکانی دێموکڕات بن. بە وتەی ئەمیر، ئەو خەباتە بە هەموو پێوانەیەک لە سەر رێگا راستەقینەکە لایداوە و رەوا نییە پێشمەرگەی دوو حیزب وەک دوژمن لە یەکتر بڕوانن. کاوە لە کاتی سەردانی گوندەکان بۆ یەکەمجار بە دڵ گوێ لە پەیامی خەڵک دەگرێ، کە لە گەڵ شەڕی نێوخۆنین. ئەمیر و کاوە رۆژانە زۆر بیر لەوە دەکەنەوە، کە رەوا نییە براکان لە پێناوی چەند بیروباوەڕی دژبەیەک دا بە چەک شەڕی یەکتر بکەن. کاوە لە لای ئەمیر لە هەڵوێستە توندەکانی پەشیمانە و باسی ساڵی رابردوو دەکات، کە ئامادە نەبو تەنانەت براکەی ببینێ. ئەمیر دڵخۆشی دەداتەوە و بەڵێن دەدات، کە گەڕانەوە ناوبراو خۆی دیدارێک بۆ کەماڵ و کاوە رێکدەخات و ئەگەر لە کۆمەڵەش دەربکرێ ئەو کارە دەکات. بە باوەڕی ئەمیر، گوناهە بۆ دوو فارسی چەپ و راست ئێمە بە ناوی کۆمەڵە و دێموکڕات بەگژیەکتردا بچینەوە. ئەوانە لە شیراز و تارانەوە هاتوون و کەسوکاریان لێرە نییە و لە سەر خاکی کوردان شوعار و درووشمی گەورە دەدەن. ئەگەر راست دەکەن و لە گەڵ پەیام و شوعارەکانیاندا رستگۆن با بچنەوە ناوچەی خۆیان و خەبات بکەن. ئەمیر باوەڕی وایە، کە کوشتنی چەکدارە کوردەکانی رێژیمیش کارێکی هەڵەیە و سەرئەنجام رێژیم و نیزام قازانج دەکەن. کاوە لەو رۆژانەدا خەریکە بە تەواوەتی دەگۆڕێ و بە وتەی ئەمیر ئەو رۆژانە کاوە خەریکی ئینقلابی گەورەیە و لە گەڵ خۆیدا ئاشت دەبێتەوە.

کاوە لە دەفتەری بیرەوەرییەکانی، لاپەڕەیەک لێدەکاتەوە و بە زمانی فارسی چەند خەتێک دەنووسێ. ناوبراو، داوا لە ئەمیر دەکات، کە گاڵتە نەکات و ئەگەر رۆژێک مرد ئەو نووسینە وەک تەنیا یادگاری کاوە بداتەوە دایک و خوشکەکەی. ئەمیر ئەو داواکارییە بە رژدی وەردەگرێ، بەڵام داوا لە کاوە دەکات، کە ئەوان تازە سەرەتای ژیانیانە و ناکرێ بیر لەو رۆژانە بکەنەوە. کاوە داواکاریەکەی لە ئەمیر دووپات دەکاتەوە و زۆر نووسینەکەی وردناکاتەوە. ئەمیر دڵخۆشی کاوە دەداتەوە، کە زیاتر لە دوو مانگە لە گوند و شارەکان دەگەڕین و چەند گورزمان لە رێژیم وەشاندوە و هیوادارم بە سڵامەتی بگەڕێینەوە بنکەکانمان. کاوە لە لاپەڕەی دەفتەرەکەیدا نوسیویەتی:” دایکی ئازیز و خوشکە لەیلا، ئەمڕۆژانە لە ناوچەی بانەم و ئەو چەند دێڕەتان بۆ دەنووسم. ئەمڕۆ وەک جاران بیرناکەمەوە و خۆزگە دەخوازم ساڵی رابردوو داواکاریەکی ئێوەم نەشکاندبا و لە گەڵ کەماڵ یەکترمان دیتبا. ئەو هاوینە لە ناوچەکانی سەقز، سنە و بانە بەردەوام بیر لە ئێوە دەکەمەوە. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەرگیز وەک ئەم ساڵ بیرم لە ئێوە نەکردۆتەوە. رۆژانە لە کاتی مانەوە لە بن سێبەری دار و تاشەبەردەکان و شەوانە لە کاتی سەردانی گوندەکاندا بە تەواوەتی وێنەی بابم، دایکم، خوشکەکانم و براکەم لە بەرچاوە. لە راستیدا نازانم چ ئاڵوگۆڕێک لە ناخمدا روودەدا و تەنیا ئەوەندە دەزانم، کە بە چاوێکی دیکە لە مەسەلەکان دەڕوانم. بابم لە بەندیخانەی عێڕاقە و کەماڵ و من دەربەدەر. ئێوە و شیرینی خوشکم باری قورسی ئەو ژیانەتان کەوتۆتە سەرشان. ئەگەرچی شیرین لە هەڵبژاردنی هاوسەردا لاساری کرد و هەڵەیەکی کوشەندەی کرد، بەڵام ئەویش وەک ئەندامی ماڵەوە لە گەڵ خەمی ئێمەدا دەژیت. لە بیرمە، لە گوندی شینوێ کەماڵ نامەیەکی بۆ ئێمە نارد و داوای لێکردین، کە خۆمان لە تێکهەڵچوون لە گەڵ پێشمەرگەکانی دێموکڕات بپارێزین. ئەمن زیاتر لە سنووری رێگەپێدراو لە بیروباوەڕی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمدا کوڵیوم و بۆ چەند ساڵ دەبێت، کە مارکس و ئینگێڵس، مائۆ، کاسترۆ و زۆر کەسی دیکە بۆ من و زۆری دیکە بوونە پێغەمبەر و سەرکردە فارس و کوردەکانی خۆشمان وەک ئیمام و رێبەر. ژیان خەونێکی رەنگاوڕەنگە، کە هەتا رۆژانی دژوار و تەمەنی پیری بە تەواوەتی لە ناخ و ماناکەی ناگەین. ئەمڕۆ لە سەر چیابەرزەکانی کوردستان دوور دەڕوانم و چاوەکانم سیما و روخساری تۆ و لەیلا و هەموو ئەندامانی ماڵەوە دووبارە دەکەنەوە. ئەگەر یەکترمان دیتەوە قەرەبووی ساڵانی رابردوو دەکەمەوە و ئەگەر نەگەڕامەوە ئەو نامەیە لە ئەمیر کرماشانی وەرگرن. ناوبراو هاوڕێیەکی باش و دۆستێکی جێگای باوەڕە. ئەگەر یەکترمان نەدیتەوە سڵاوی کەماڵی برام بگەینن و گەردەنم ئازادکەن. ئەگەر بابم لە بەندیخانە رزگارکرا ئاگاتان لێبێ و ئەویش قوربانیەکی کۆمەڵگەی کوردەوارییە. ئاخر ئەو بەدەستی جاشەکانی پشدەر، وەک سەربازی ئێرانی بە هێزە عێڕاقییەکان فرۆشرا و زوڵمێکی گەورەی لە ئێمە کرا”.

پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە ناوچەی بانە دەردەچن و خۆیان دەگەیننە ناوچەی رەبەت. چەند شەوێک لەو ناوچەیەدا دەگەڕێن و خەڵک لە بوونی هێزەکانی حیزبی دێموکڕات ئاگاداریان دەکەنەوە. بەشێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە بەردەم خەڵکدا هەڕەشە دەکەن و بە گوندنشینەکان دەڵێن، کە کرێکار کەی لە بورژوا ترساوە؟ کرێکاران خاوەنە راستەقینەکانی ئەو نیشتمانەن و ئێمەش پارێزەری ئەوانین. دێموکڕات چ کارەیە و کەی دەتوانی بەرامبەر بە پێشمەرگەی پۆڵایینی کۆمەڵە خواڕگرێ! حاجی سەلیم لە گوندی نستان زۆر دەپاڕێتەوە، کە خۆیان پەنادەن و لە گەڵ پێشمەرگەکانی دیموکڕات تووشی شەڕنەبن. سەرئەنجام بەرەبەیانییەک لە نیزک ماڵەکانی ماوەڵۆیە دەکەونە کەمینی هێزێکی دێموکڕات و داوای تەسلیمبوونیان لێدەکرێ. کۆمەڵەکان ئامادەی تەسلیم بوون نین و بە دەنگی بەرز هاواردەکەن، کە بورژەواکان دەخەنە زبڵدانی مێژوو و ئەوە قانوونی سرووشتە. لە شەڕێکی دوو کاتژمێریدا چەند پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە دەکوژرێن و بریندار دەبن و لە هێزەکانی دیموکڕاتیش چەند بریندار و کوژراوێک هەیە. یەکێک لە کوژراوەکانی کۆمەڵە کاوەی مام کەریمە، کە لەو رۆژانەدا رەخنەی لە ئاکار و کردەوەی خۆی دەگرت، کە لە پێناوی پێغەمبەرەکانی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمدا کۆمەڵگە و بنەماڵەی پشتگوێ خستبوە. ئەمیر لەو شەڕەدا سووکە برینیکی هەڵگرتوە، بەڵام بۆ پێکرانی هاوڕێکەی زۆر بە پەرۆشە. کۆمەڵەکان پاشەکشە دەکەن و بریندارەکان لە گەڵ خۆیان رادەگوازن و تەرمەکان لە مەیدانی شەڕدا بەجێدێڵن. لایەنی بەرامبەر کە کوژارێک و چەند برینداری هەیە داوا لە خەڵکی ئاوایی دەکەن، کە لە گۆڕستانی گوندەکە چەند گۆڕێک هەڵقەنن و ئەو تەرمانە بە خاک بسپێڕن. لە رۆژدا پێشمەرگەکان نەدەکرا لە ئاواییەکدا بمێننەوە و ئەگەری دەرگیربوون لە گەڵ هێزەکانی رێژیم زۆرە، بۆیە هەر دووک لایەن دوو کاتژمێرێک لە مەیدانی شەڕ دوور کەوتنەوە و لە رێگای دۆست و ئەندامانی خۆیان چاوەدێری رووداوەکان دەکەن. خەڵکی ئاواییەکانی دەوروبەر نیگەرانی ئەو تێکهەڵچونەن و چاوەڕوانی خەبەری رووداوەکانن. بە شێوەیەکی پچڕپچڕ هەواڵی ئەو تێکهەڵچوونە بڵاو دەبێتەوە. پێشمەرگەکانی دێموکڕات چەند پێشمەرگە کوژراوەکەی کۆمەڵە شناسایی دەکەن و هەواڵەکەی بۆ رادیۆ دەنێرن. گوندنشینەکان لەو هەڵسوکەوتە نیگەرانن، بەڵام پێشمەرگەکانی دێموکڕات بەرگری لە خۆیان دەکەن و رادەگەیەنن، کە کۆمەڵە لە ناوچەکانی دیکە بە ئاشکرا و بە بەرنامە پەلاماری ئێمەدەدات. ئێمە بەرەبەیانی داوای تەسلیم بوونمان لێکردوون و ئەوان دەستڕێژیان لە ئێمە کردوە. یەکێک لە پێشمەرگەکانی هێزی ناوچەی رەبەتی دیموکڕات لە گەڵ کەماڵی برای کاوە دۆستە و کاتێک کارتی پێناسی کاوە دەبینێ، کە لە نێو کوژراوەکاندایە زۆر نیگەران دەبێ. چەند جارێک دەڵێت، خۆزگە ئەو بەیانیە خۆمان ئاشکرا نەکردبا. کەماڵ پێشمەرگەی خۆمانە و ئەمڕۆ براکەی بەدەستی ئێمە کوژراوە. خوایە ئەوە چ چیرۆکێکی ترسناکە کە کورد بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە؟ کۆمەڵە لە بەشێک لە گوندەکانی ناوچەی رەبەت لایەنگر و ئەندامی هەن و بەو رووداوە توڕە بوون. ئەوان لە سەر رووداوەکانی ناوچەی ئاژوان توڕە نەبوون و کوشتنی پێشمەرگەی دێموکڕاتیان لەو ناوچانە بە ئازایەتی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە حیساب دەکرد. خەڵکی گوندی ماوەڵۆی لە کاتی بە خاکسپاردنی تەرمەکان خەمبارن و مام رەحمان لە داخی ئەو رووداوانە دەڵێ، خوا هەتا سەران نەبینێ، بەفرێی تێناکە. ناوبراو لە داخی کوژرانی کوڕی خەڵک جنێو بە سیاسەتکارەکان دەدات و لە خەڵک دەپرسێ، ئاخر کورد و دەوڵەت، حیزبی کوردی و سیاسەت، چەکداری کورد و عەداڵەت!

چەند رۆژێک تێپەڕی و رووداوەکە لە دەنگی رادیۆی هێزە سیاسییەکان خوێندرایەوە و هەر لایەنە بە قازانجی خۆی چیرۆکی ئەو شەڕەی دادەڕشتەوە. لە زۆربەی شەڕەکان مێدیای نەبەستراوە و شایەتی سەربەخۆ بە حیزب و رێکخراوەکان ئامادەنەبوون، بۆیە دوو لایەنی شەڕ لە سەر بناخەی رەوایەتی خۆیان و رەشکردنی لایەنی بەرامبەر هەوڵی تێکهەڵچوونەکانیان دەگێڕایەوە. مام رەحمان دوای رێوڕەسمی ساردوسڕی بە خاکسپاردنی تەرمەکان رایگەیاند” لە سەردەمی دوای شۆڕش ئەو حیزبانە خاوەنی هەموو کوردستان بوون، بەڵام لە بەر شەڕەچەقە و نەبوونی بەرنامە و سیاسەتێکی تۆکمە ساڵ بە ساڵ لە خەڵک و کوردستان دوورخرانەوە. ئەگەر ئەوان لە سەرەتاوە لە گەڵ خۆیان، خەڵک و خوایان راستگۆ بوونایە، بێگومان چارەنووسی ئێمەش باشتر دەبو. ئەو کات هەر حیزبەی ژمارەیەک چەکداری لە سەر خەڵک دەکرد و رێزی خەڵکیان نەگرت و زۆر کەس لە بەر بێکاری بوونە پێشمەرگە، سیاسی، کادر و چەکداری حیزبەکان. ئازادیی نەتەوە و گەلێک بەو بەزم و گەمانە مسۆگەر نابێ و مافی کوردان لە سەر دەستی ئەو حیزبانە دەستەبەر نابێ”.

خاڵە مینە بۆ ئاگاداربوون لە رووداوەکان و پڕ کردنەوەی کاتەکانی بەردەوام گوێ لە رادیۆکان دەگرێ. ناوبراو، هەواڵی کوژرانی کوڕی مام کەریمی لە گوندی ماوەڵۆیە دەبیستێ. ئەو بە ئاڵتونی هاوسەری دەڵێت، ئەوە بژارنە زاراش وەک ئێمە جەرگی سووتا! خوایە چ رۆژگارێکە، کە بەشێک لە ماڵەکان، دایک و باوکان بە خەمی کۆچی ناوەختی منداڵەکانیان ژیانیان تاڵ و تفت دەبێ؟ ئاڵتون کە گوێی لە خاڵە مینە دەبێ، یەکسەر زمانی لە گۆدەچێ. ئاڵتون ئەو رۆژەی وبیردێتەوە، کە کوڕەکەی پاش بەربەرەکانی لە گەڵ مەرگ لە گوندی بێژوێ گیانی لەدەستدا. ئەوانەی کە منداڵەکانیان لە تەمەنی گەنجی و لە هەڕەتی لاوەتیدا لە دەستدەدەن، باشتر لە خەمی دایک و باوکانی جەرگ سوتاو دەگەن. ئاڵتون و خاڵە مینە ئێوارەی ئەو رۆژە سەردانی ماڵی مام کەریم دەکەن و بۆ دڵنیابوون لە هەواڵەکە گوێ هەڵدەخەن. زارا و لەیلا ئەو رۆژانە رادیۆکەیان لە کارکەوتوە و گوێبیستی هەواڵەکان نەبوون، بەڵام لەیلا باس لەوە دەکات، کە چەند شەوە خەوێکی زۆر ناخۆش و پچڕپچڕی هەیە. خاڵە مینە سەرەتا باس لەوە دەکات، کە لە رادیۆ هەواڵی شەڕی نێوان پێشمەرگەکانی دیموکڕات و کۆمەڵە لە ناوچەی رەبەت خوێندراوەتەوە. زارای مام کەریم لەو قسەیە گومان دەکات و داوا لە خاڵە مینە دەکات، کە راستییەکەی باس بکات. خاڵە مینە لە نێوان دوو بەرداشدا ماوەتەوە و نازانێ چۆن خەبەرەکە رابگەیەنێ.

لەو ساتانەدا ئاڵتون دەگری و لە تەنیشت لەیلا و زارا دادەنیشێ و بە لاواندنەوە چیرۆکی کۆچی دوایی کوڕەکەیان دەگێڕێتەوە. لەیلا و زارا سەرەتا کپ و بێدەنگن، بەڵام کانگای چاوەکانیان دەتەقێ و هاوارەکانیان لە گەروودا دەخنکێ. ئەوان لە گەڵ ماڵی خاڵە مینە لەو ساڵانەدا بە یەکەوە زۆر گریاون و ئاڵتون و زارا دڵی برینداریان بە لایەلایە دەلاوێننەوە. خاڵە مینە لەو کاتەدا فرمێسک بە چاوەکانیدا دێتەخوار و بە دەنگێکی نزم و خەماویەوە دەقی هەواڵەکە بۆ زارا و لەیلا دەگێڕێتەوە. زارا و لەیلا بە دەست و کەلوپەلی بەردەستیان لە خۆیان دەدەن و بە دەنگی بەرز دەگرین و هاوار دەکەن. ئەوان شکایەتی دڵیان لە خوا دەکەن و رەخنە لە چارەنووسی خۆیان دەگرن، کە پڕە لە ژان و زوڵم. ئەوان بۆ ساغکردنەوەی هەواڵەکە بڕیاردەدەن سەردانی گوندی ماوەڵۆیە بکەن و لە خەڵکی ئاوایی لە سەر ناو و تەرمی کوژراوەکان پرسیار بکەن. خاڵە مینە و ئاڵتون بە زۆر زارا و لەیلا لە گەڵ خۆیان دەبەنەوە ماڵ و شەو بە یەکەوە هەتا بەیانی بۆ ژیانی تاڵ خۆیان دەگرین.

ئەو ماوەیە شار پڕە لە خەمی رەنگاوڕەنگ و تازە خەڵک گەڕاوەتەوە سەر ماڵەکانیان. ئەوان لە حەوتی پووشپەڕدا بە چەکی قەدەغەکراو بۆمباران کران و بە هەزاران کەس بریندار و زیاتر لە ١٥٠ کەس گیانیان لەدەست داوە. خەڵکی شار لە دوای ئەو کارەساتە لە دەوروبەری شار و لە گوند و ئاواییەکان گریساونەوە و چاوەڕوانی گەڕانەوە دەکەن. ماڵی خاڵە مینە و مام کەریم لە دەوروبەری باغی دەبن و زۆر لە شار دوورناکەونەوە. ئەوان ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێک لەو شوێنە لە بن کەپرەکاندا دەژین و پێداویستیەکانی خۆیان لە دووکانەکانی سەر رێگای باغی دابین دەکەن. ئەو ماوەیە زۆر خەڵک دڵبریندارە و کارەساتەکە زۆر گەورەیە، بەڵام ناوچەکە لە دەرەوەی بازنەی مێدیایی رۆژئاوا و تەنانەت ئێران و عێڕاقدایە. هێزە ئێرانییەکان بە هاوکاری هێزە کوردییەکانی باشوور ئاگری شەڕی دوو دەوڵەتیان گواستۆتەوە کوردستان و لێدان لە سەردەشت بە چەکی قەدەغەکراو و کۆمەڵکوژ بە یەکێک لە هەڵە سیاسییەکانی پارتە کوردییەکانی باشوور ئەژماردەکرێ.

زارا و لەیلا بەیانی بە سواری ئۆتۆمبیلی موسافیرهەڵگر دەچنە رەبەت و دواتر بە تراکتۆر بەرەو گوندی ماوەڵۆیە دەڕۆن. رێگا خاکیەکەی نێوان گوندەکان بە کەڵکی ئۆتۆمبیلی موسافیرهەڵگر نەدەهات و خەڵکی ئاواییەکان زۆر بە کەمی هاتوچۆی شاریان دەکرد. ئەگەر لە گوندێک خاوەن تراکتۆرێک دەچوو بۆ رەبەت، حاجەتی زۆربەی خەڵکەکەی بەجێ دەهێنا. پێداویستییەکانی ئەو کاتی خەڵکی گوندەکان زۆر نەبوون و زیاتر بۆ کڕینی نەوت، قەند، چا و رۆن سەردانی شاریان دەکرد. گوندەکان خاوەنی بەرهەمی خۆماڵی زۆرن و هەر گوندەی زیاد لە پێداویستی دانیشتوانەکەی گەنم، جۆ، گۆشت، سەوزە و تەڕە، میوە، هێلکە و مریشک، رۆن، ماست و پەنیری بەرهەم دێنا. لەیلا و زارا لە هەوراز و نشێوی گوندەکان لە سەر لاجامەکانی تراکتۆرەکان هەڵدەبەزینەوە. ئەوان یەکەمجارە کە سواری تراکتۆر دەبن و رێگا دژوارەکان بە تراکتۆرەکان دەبڕن. شۆفیری تراکتۆرەکە لە ماوەی رێگادا سەرنجی داوە، کە دوو موسافیرەکە زۆر بە توندی خۆیان گرتوە و بە دەنگی نیوەبەرزەوە ناوی خودا و پێغەمبەر دێنن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_grian.jpgئەوان دوێنێ ئێوارە ئەوەندە گریاون و پرچ و سەری خۆیان ڕنیوەتەوە، کە هەموو رێبواریک بە ئاسانی تێدەگات، کە دایک و کچ هەڵگری خەمێکی گەورەن. شۆفیری تراکتۆرەکە چەند جارێک لە سەر و روخساری دایک و کچە دەڕوانێت و دەزانێ، کە خەڵکی ئەو ناوچەیە نین. لە شوێنک پرسیار لە پورە زارا دەکات، کە بەخێر بۆ ماڵی خزمان دەچن یان کاری دیکەتان هەیە؟ پورە زارا بە دەنگێکی نووساوە باس لە تێکهەڵچوونی ئەو رۆژانەی رابردوو دەکات، کە گۆیا کەسیکی ناسیاویان کوژراوە و ئەوان تەنیا بۆ دڵنیابوونەوە لەو خەبەرە دەچن. شۆفیرەکە بە وردی رووداوەکە دەگێڕێتەوە و ناوی کوژراوەکانی دوو لایەنی شەڕەکە دەڵێت. ناوبراو لەو کاتەدا کە باس لە کاوەی مام کەریمی دەکات، کە خەڵکی سەردەشتە و برایەکی پێشمەرگەی دیموکڕاتە، پورە زارا و لەیلا دەکەونە گریان. شۆفیرەکە لە گریانی کچ و دایکەکە زۆر دڵگران دەبێ و پرسیاریان لێدەکات، کە رەنگە ئەو کەسی نیزیکی یەکێک لەو کوژراوانە بن، چوونکە باوەڕ ناکەم ئێوە تەنیا بۆ ناسیاوێک بەو شێوازە بە پەرۆش بن. شۆفیرەکە بە پورە زارا دەڵێت، پورێ وەک کوڕی خۆت حیسابم بۆ بکە و بزانم ئەتۆ دایکی کام یەک لەو کوژراوانەی؟ زارا ناوی کاوە دێنێ و شۆفیرەکە تراکتۆرەکە رادەگرێ. لەیلا و پورە زارا زۆر نیگەرانن و نازانن، کە شۆفیرەکە بۆچی تراکتۆرەکەی راگرت. شۆفیرەکە بە دەسڕەیەک فرمێسکی چاوەکانی دەسڕێ و بە زارای مام کەریمی دەڵێت، تۆ بۆ من لە جێگەی دایکمی. ئەمن کاوە لە مێژە دەناسم و ئەو کات کە کۆمەڵە لە رەبەت بوون، چەند جارێک سەردانم کردن. کاوە و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بەردەوام سەردانی ئێمەیان کردوە و شەوی پێش رووداوەکە میوانی ئێمە بوون. ئەو شەوە کاوە لە ماڵی ئێمە لە گەڵ ئەمیر کرماشانییەک زۆر قسەی خۆشیان کرد. لەو رۆژەوە کە تەرمەکانیان بەخاکسپاردون، هەموو رۆژێک بە تەنیا سەردانی گۆڕستان دەکەم و فاتیحایەک بۆ گیانی کاوە دەخوێنم. شۆفیرەکە پاش گێڕانەوەی بیرەوەرییەکان تراکتۆرەکەی بەرەو گوندی ماوەڵۆیە لێخوڕی. پورە زارا لە شۆفیرەکە دەپرسێ، رۆڵە گیان ئەتۆ بە گۆڕەکەی دەزانی؟ ئایا تەرمەکان بە دروستی کفن و دفن کراون؟ شۆفیری تەراکتۆرەکە، پورە زارا و لەیلا دڵنیادەکاتەوە، کە بەدەستی خۆی لە کاتی ناشتنی تەرمەکان خامی سەر روخساری کاوەی لاداوە و بۆ دواجار ماڵئاوایی لێکردوە. لەیلا پرسیاری کەلوپەلی کاوە دەکات و خۆزگە دەخوازێت، کە جلوبەرگە خۆڵەمێشیەکە و پشتێندە رەشەکەی هەڵگیرابێ و رۆژانە بۆ سوکنایی دڵ بۆنی پێوەبکەن.

ئەوان ئێوارە درەنگانێک دەگەنە گوند و شۆفیرەکە پورە زارا و لەیلا دەباتە ماڵی خۆیان و بەخێرهاتنیان دەکات. عوسمان لە ماڵەوە دایک و خوشکی کاوە دەناسێنێ و داوا لە ئەندامانی ماڵەوە دەکات، کە بێدەنگی بپارێزن و با کەس نەزانێ، کە ئەو میوانانە بە چ مەبەستێک هاتوون. دایکی عوسمان زۆر هەوڵیدا کە میوانەکان خواردنێک بخۆن و دڵیان ئارام بێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبو. لەو ساتەوەختەدا ژمارەیەک لە خزمان بۆ دیداری میوانەکان و ئاگاداربوون لە رووداوەکان لە ماڵی عوسمان وەژوور دەکەون. عوسمان بەخێرهاتنیان دەکات و هەر میوانە و سەرینێکی سازکراو لە تووکی مریشکی خۆماڵی لە پشت دادەنێن. ناوبراو دەزانێ، کە تازە میوانەکان دەناسرێن و شاردنەوەی میوان لە گوندەکان کارێکی ئەستەمە. میوانەکان بەخێرهاتنی پورە زارا و لەیلا دەکەن و پرسیاریان لێدەکەن، کە لە کام گوند و شارەوە بەخێرهاتوون. پورە زارا بە دەنگێکی شکاو و روخسارێکی شەکەت و ماندووە وڵام دەداتەوە، کە لە سەردەشتەوە دێن. یەکێک لە میوانەکان پێش رووداوەکان دەکەوێ و بە عوسمان دەڵێت، کە ئەو پور و خوشکەم رەنگە لە پێوەندی لە گەڵ شەڕی کۆمەڵە و دیموکڕات رێگای ئەو گوندەیان گرتبێتەبەر. عوسمان خۆی نائاگا نیشان دەدات و دەڵێ، کاکە هەتا ئێستا پرسیارم نەکردوە و تەنیا وەک میوان بەخێرهاتنم کردوون. لە کوردەواری میوان خۆشەویستی خوایە و بەو ئێوارە دەرفەتم نەبوە، کە پرسیار لەو دایک و خوشکە بکەم. سەید سەلام رادەگەیەنێ، کە میوانەکان هەر کەسن رێزیان لەسەر چاوانە. ناوبراو لە سەر رووداوی بۆمبارانی شیمایی سەردەشت و ئاکامەکانی چەند وردە پرسیار لە زارا و لەیلا دەکات. سەید سەلام لە کۆتایی هەر وتەیەکدا عادەتی گرتوە و نیوە رستەی “خودایە پەنا بەتۆ و لە شەڕی زاڵمان بمانپارێزە” دووپات دەکاتەوە. پورە زارا کوڵی دڵێ بە کارەساتەکەی سەردەشت دەڕێژێ و بۆ قوربانیەکانی ئەو کارەساتە فرمێسک دەڕێژێ. ژن و کچەکانی ماڵی عوسمان وێڕای زارا و لەیلا دەکەونە گریان. خەم و ئازار باڵ بە سەر ماڵی عوسمان و روخساری میوانەکاندا دەکێشێ. میوانەکان تاقەتی ئەو گریان و لایەلایەیان نییە و بە بیانوی کاری هەرەوەزی سبەینی خواحافیزی لە پورە زارا، لەیلا و ماڵی عوسمان دەکەن. لەیلا لە عوسمان دەپاڕێتەوە، کە پرسیار بکات و بزانێ سەعات، جلوبەرگی پێشمەرگانە، نووسراوێک یان هەر کەلوپەلێکی دیکە کاوە ئاسەواری ماوە یان نا؟ عوسمان شەو بۆ زانیاری پەیداکردن سەردانی چەند کەسێک دەکات، کە تەرمەکانیان شۆردوە. ناوبراو داوایان لێدەکات، کە ئەگەر جلوبەرگ و کەلوپەلی کوژراوەکان هەڵگیراوە بۆ بنەماڵەکانیان نرخی خۆی هەیە. سەید عەوڵا ئاشکرای دەکات، کە کەلوپەلی هەر تەرمەێک بە جیا لە پشتێندەکانەوە پێچراون و بەیانی دەکرێ بۆ ناسینەوەیان چاویان لێبکەن. عوسمان سپاسی سەید عەوڵا دەکات و دڵنیای دەکات، کە بەیانی لە گەڵ دایک و خوشکی یەکێک لە قوربانیەکان سەردانی دەکەن و دواتر دەچنە سەر گۆڕەکەیان. عوسمان کە گەڕایەوە ماڵ ئەو خەبەرەی سەید عەوڵای بە لەیلا راگەیاند و گوتی بە ئومێدی خوا بەیانی پێکەوە دەچین.

شەوی چاوەڕوانی وەک پێدەشتی بیابانەکان خۆیان لێدەکێشنەوە و چاوە خەفەتبارەکان ئۆقرە ناگرن. چاوەکانی زارا و لەیلا بە جیا لەو شەوە تاریکەدا راوی بیرەوەرییەکان دەکەن و سەرجەم وێنەکانی دەخەنە سەر پەردەی چاو. ئەوان بە تەنیا لە دیوی میوانان راکشاون و لە حەژەمەتی ژانی ژیان لە سەر دۆشەکە لۆکەکان کەلەکاوکەلەک دەکەن و سەرینە گەورە نەرمە دەست سازەکان دیواودیو دەکەن. پورە زارا کە چاوەکانی لە دیتنی رووداوە کۆنەکان ماندوو دەبن، زمانی دێتەگۆ و لە گەڵ خوا رازونیاز دەکات. ناوبراو لە خوا دەپرسێ، کە لە سەر چ بناخەیەک و بە چ گوناهێک هەموو ژیانی پڕە لە دەرد و ئازار. ماوەیەکی دوور و درێژ بە دەیان پرسیار دەورووژێنێ و لە کۆتاییدا لە سەر جێگاکە راستدەبێتەوە و دەڵێت، کوڕە جوانەمەرگەکەم کاوە ئەتۆ چەند شەوە لەو گۆڕستانە بێدەنگەدا ژێرخاک کراویت. رۆڵە، زۆر پاڕامەوە و چەند جار سەردانم کردیت و داوامکرد، کە بگەڕێتەوە ماڵ و لە گەڵ دایکە پیر و خوشکەکەدا بژیت. خوا ئەوە بگرێ، کە ئەو ئاژاوە و شەڕەی خستۆتە نێو ماڵی کورد و بە چ دینێک لە بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیە کوڕ و کچی کورد بە دەستی یەکتر دەکوژرێن؟ کەڵەبابەکانی گوند کەوتوونە خوێندن و یەک بە یەک وڵامی یەکتر دەدەنەوە. ژنان و پیاوانی ئاوایی بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان لە خەو هەڵدەستن. لەیلا و زارا ئەو شەو وەک پارێزەرانی رووناکی، جەرگی شەویان شەق کردوە و خەو نەچۆتە چاوەکانیان. ئەوان دڵبریندارن و هیچ دەرمانێک سوکنایی دڵە داخکراو و داخدارەکانیان نادات. خوشکی عوسمانی بەیانی زوو خەریکی مەشکەژاندنە و جوڵەی گوندنشین و مەڕوماڵات وێڕای جریوەی باڵندەکان ژینگەیەکی تایبەتی خوڵقاندوە. دایکی عوسمان بۆ نانی بەیانی شیرێژ و ڕۆنی لە سەر سفرەکە داناوە. عوسمان لە ئازاری دایک و خوشکەکە تێدەگات و دەبینێ کە هیچ کامیان توانا و مەیلی نانخواردنیان نییە. ناوبرا دەزانێ، کە ئەوان خوازیاری دەستکەوتنی کەلوپەلی کاوەن و بۆیە بەرەو ماڵی سەید عەوڵا دەڕۆن. سەید عەوڵا بەخێرهاتنی میوانەکان دەکات و داوا دەکات، کە چاوەڕوان بکەن. ناوبراو بەرەو کادێنە کۆنەکە دەڕوات و لە بن گزرە و کادا کەلوپەلە شاردراوەکان دەردێنێ، کە بەشێکی زۆریان بۆن و رەنگی خوێنیان گرتوە. سەید عەوڵا سەرەتا یەک بە یەک کەلوپەلەکان لە بن کا و گزرەکە دەردێنێ و پاش ماوەیەک خۆخافڵاندن دەگەڕێتەوە لای عوسمان و میوانەکان و داوا دەکات، کە بەدوای کەون. پورە زارا و لەیلا لە تەنیشت کەلوپەلەکان دەکەون و ماوەیەکی زۆر توانای دەست لێدان لە کەلوپەلەکانیان نییە. لەیلا دواتر لە کەلوپەلەکان نیزیک دەبێتەوە و دەست لە پشتێندێکی رەش دەدات، کە جلوبەرگی لە نێو ئاخنراون. چاوێک لە جلوبەرگەکان دەکات، کە خۆڵەمێشین و دواتر کیسەباخەڵەکەی چاو لێدەکات، کە وێنەیەکی مام کەریم و دایکی تێدایە. لەیلا بە دایکی دەڵێت، کە کەلوپەلی کاوە ئەوانەن و با بچنەسەر گۆڕەکەی. سەید عەوڵا و عوسمان لە پشت کۆڵەکە دارەکەی کادێنەکە کەوتوونە ژێر شوێنەواری گریانی دایک و خوشک و چاوەکانیان سوور هەڵگەڕاوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_gorstan.jpgعوسمان داوا لە پورە زارا و لەیلا دەکات، کە بەرەو گۆرستانەکە بڕۆن و فاتیحایەک بخوێنن. ئەوان پاش رێگابڕینێکی کەم دەگەنە گۆڕستان و عوسمان قەبری کاوە پێشانی دایک و خوشکی دەدات. پورە زارا و لەیلا چەند توانایان هەیە دەگرین و لە سینگی خۆیان دەدەن. عوسمان دەستی پورە زارا دەگریت و داوا دەکات، کە بچنەوە ماڵ و مردوەکان بە گریان زیندوو نابنەوە. ئەوان دەچنەوە ماڵی عوسمان و لە سەر داوای لەیلا ئەو شەویش لە ماوەڵۆیە دەمێننەوە. لەیلا رۆژی داهاتوو بەیانی زوو لە گەڵ دایکی دەچنە سەر گۆڕی کاوە و ماوەیەکی زۆر لە خوا دەپاڕێنەوە و چەند نوێژێک دەکەن. عوسمان، پورە زارا و لەیلا هەتا رەبەت دەباتەوە و رێنوێنیان دەکات، کە کەلوپەلەکان زۆر بە پارێزەوە هەڵگرن و رەنگە لە سەر پردی بریسوێ یان سێ رێیانەی سەردەشت پشکنینی موسافیرەکان توندوتۆڵ بێت. لەیلا و دایکی بە پارێزەوە سەفەری گەڕانەوە تێپەڕ دەکەن و دەگەنەوە ماڵ. ماوەیەک لە ماڵ دەمێننەوە، کە خاڵە مینە و هاوسەرەکەی لە دەرگا دەدەن. رۆژی داهاتوو خزم و ناسیاوەکان بۆ سەرەخۆشی سەردانی ماڵی مام کەریم دەکەن و ماوەی چەند رۆژێک پرسەکە بە شێوەیەکی نیوەشاراوە درێژەی هەیە. شیرینی خوشکی کاوە، کە دوای مێردکردن نەگەڕاوەتەوە ماڵی بابی، لەو رۆژانەدا بە زۆر هاتۆتەوە. لەیلا و زارا پێشوازی لێناکەن، بەڵام لە سەر پێشنیاری خاڵە مینە و ئاڵتون رێگایان پێداوە کە لە سەرەخۆشی براکەیدا ئامادە بێ.

کەماڵ لە ماوەی رۆژانی تێکهەڵچوونەکەدا لە ناوچەی کۆڵەسە دەبێ. ناوبراو کە رۆژانە بە وردی گوێ لە رادیۆی حیزب و کۆمەڵە دەگرێ، ئاگاداری کوژرانی کاوەی برایەتی. پێشمەرگە و ناسیاوەکان سەرەخۆشی لێدەکەن و بەداخبوونی خۆیان بۆ ئەو رووداوە دەردەبڕن. لە سەر پێشنیاری بەرپرسانی هێز کەماڵ دەگەڕێتەوە بنکەی جێگیر. ئەو ساڵە بنکە و ناوەندەکانی حیزب لە دەوروبەری ماوەت بەرەو قەندیل راگواستراون. دوکەڵی شەڕی ئێران و عێڕاق خەریکە دەچێتە چاوی خەڵکی کوردستان. شەڕەکان گەرمتر دەبن و چەکە قەدەغەکراوەکان بەکاردەبرێن.

ئەو ساڵە بۆ کەماڵ پڕە لە ناخۆشی و وەستا مستەفا کەتۆتە سەر مین و لاقێکی لەدەستداوە. کاوەی برای لە شەڕی نێوان کۆمەڵە و دێموکڕات گیانی لەدەستداوە و بارودۆخەکە بە تەواوەتی گۆڕاوە. دێموکڕات بەرەو کۆنگرە دەچێت و کۆمیتە شارستان و هێزەکان بوونە مەیدانی تەراتێنی ناوچەگەرایی و بە ناوی جیاواز ریزبەندییەکی ناڕەوا شکڵی گرتوە. کەماڵ لەو سیاسەتە بێزارە و لە پیاسەی سەر بان و بەردەم مەقەڕەکان توڕەیە. هەر کادر و پێشمەرگەیە، کە پیلی کادر و پێشمەرگەیەکی دیکە دەگرێ و بە قەولی خۆیان یەکتر روون دەکەنەوە. قاسملو کە بە میعماری نوێکردنەوەی حیزب دەناسرێ مەبەستیەتی چەند کەس لە کۆنەکارەکان لە ریزی رێبەرایەتی دەرپەڕێنێ. کۆنەکارەکان بۆ هێشتنەوەی خۆیان و لاق چەقاندن بە توندی خەریکی سازماندانی دۆست و لایەنگرن و خۆیان بۆ یەکلاکردنەوەی گەمەکە ئامادە دەکەن. مستەفا وەک کەم ئەندامێک تەنیا بیر لە خوێنی ئەو شەهیدانە دەکاتەوە، کە لە پێناوی ئامانجە رەواکانی گەلدا خۆیان فیداکردوە، بەڵام شەڕی دەسەڵات و باندبازی خەریکی حیزبێک لەت دەکات. حوسێنی ئازیزێ لە ماوەی ساڵانی رابردوودا کەمتر لە هێڵە راستەقینەکان لایداوە و لە زۆر بابەتەدا لە گەڵ کۆنە هاوڕێکانی هاوفکرە. ئەو رۆژانە زۆربەیان بۆ خەمی لەدەستدانی کاوە خەمبارن و لە دەوری کەماڵ کۆبوونەوە. حوسێن لەو ماوەیەدا شارەزایی زۆری لە سەر چۆنیەتی خەباتی نێوخۆیی رێکخستنەکان پەیدا کردوە و دەزانێ، کە سەرە گەورەکان بە چ شێوازێک پێش کۆنفڕانس و کۆنگرەکان ئاوری کورەی ناوچەگەرایی خۆش دەکەن. ئەوان باوەڕیان لەق نەبوە، بەڵام لە سەر چۆنیەتی هەڵسوکەوتی بەشێک لە بەرپرسەکان رەخنەیان هەیە. حوسێن رەشبینە و بە کەماڵ دەڵێ، کە ئەو وەزعە چاک نابێ. بە گوێرەی لێکدانەوەی ناوبراو زۆر کەس بۆ ناو لە گەڵ کەوتوە و ئەهلی فیداکاریی و کارکردن نییە و تەنیا ئۆگری ناوی گەورەیە و مام خدر گوتەنی، عاشقی بەستنی دمانچەی جوان و جلوبەرگی ئاغایانەن.

مام خدر لە کۆنەکانە و کەمتر لە مشتومڕە حیزبییەکاندا قسە دەکات. ناوبراو تەنیا لە سەر کادر و ئەندامانی سەرکردایەتی روانگەی خۆی دەردەبڕێ. ئەو چەند جارێک دووپاتی کردۆتەوە، کە ژمارەیەک کەڵاش لەبەر هەتا حیزب شەق نەکەن دڵیان ئاو ناخواتەوە. کەماڵ لەو رۆژانەدا لە زۆر بابەتی حیزبی بێزارەو و بە قوڵی لە ئازاری گەلەکەی دەگات. ناوبراو کاتێک بیر لە کوژرانی براکەی بە دەستی پێشمەرگەکانی حیزبەکەی دەکاتەوە، هەڵوێستەیەک دەکات و دەپرسێ، لە پێناوی کام ئامانج و بۆ کام دەستکەوت؟ مستەفا لە دۆخێکی تازەدایە و وەک کەم ئەندامێک بیر لە دوارۆژی خۆی دەکاتەوە. ئەو ناتوانێ وەک ساڵان بۆ ناوچە بگەڕێتەوە و ئەرکەکانی راپەڕێنێ. حوسێن و کەماڵ دڵخۆشی مستەفا دەدەنەوە، کە لە شەڕی ئەستاندنی مافەکانی نەتەوەیەکدا لاقی لەدەستداوە، بۆیە نابێ نیگەران بێت. حوسێن بە گاڵتە بە مستەفا دەڵێ، خوا دەزانێ ئێمە لە کام دۆڵ و شیودا تەرمەکانمان سارد دەبنەوە و ماڵئاوایی لە ژیان دەکەین. کەماڵ بۆ دیداری دایک و خوشکەکەی بە پەلەیە و ناسیاوێک رادەسپێرێ، کە لە ماوەی دوو حەوتووی داهاتوودا پورە زارا و لەیلای خوشکی بۆ بێنێتە دۆڵی سونێ. تۆزی ئازار و خەمەکان روخساری زارا و لەیلایان گۆڕیوە. ئەوان وەک ژن و کچانی گەڕەک ناژین و ژیانیان پڕە لە کەند و کۆسپ، بەڵام بە ئارەقەی شان و پیلی خۆیان دەژین.

لەو رۆژانەدا ماڵی مام ئەحمەد، کە لە باساوێ گریسابوونەوە گەڕاوەنەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری سەردەشت دەژین. ماڵی مام ئەحمەد، پورە خەج و منداڵەکانی لە ژێر پاڵەپەستۆی ناچاریدا گەڕاونەوە. ئەوان بڕیاریان داوە، کە لە سەر رێبازی کوردایەتی راوەستاو بن و باوەڕەکانیان بە هیچ هێزێک لەق نەبن. ئەوان بە مەبەستی سەرەخۆشیکردن سەردانی زارای مام کەریم دەکەن و هاودەری لە گەڵ دەکەن. لە کاتێکدا ئەوان سەرقاڵی فاتیحە خوێندن و سەرەخۆشین، کەسێکی نەناسیاو لە دەرگا دەدا و داوای پورە زارا دەکات. پورە زارا لە روخسارە نەناسراوەکان ترساو و بێزارە، بۆیە بە پارێزەوە لە دەرگای حەوشەکەیان نیزیک دەبێتەوە. نەناسیاوەکە خۆی بە دۆستی کەماڵ دەناسێنێ و داوا دەکات، کە لە گەڵ لەیلا خۆیان ئامادە بکەن و لە ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوودا بۆ سونێ دەچین. پورە زارا بانگی لەیلا دەکات و بۆ دڵنیابوونەوە لە پەیامەکە لە پیاوەکە دەپرسن، کە کەماڵی لە کوێ دیوە و چەند رۆژ لەوە پێش. راسپاردەکە بە وردی داواکارییەکەی کەماڵیان بۆ دەگێڕێتەوە، کە داوای کردوە لە ماوەی دوو حەوتوودا دایک و خوشکی بۆ بگەیەنێتە سونێ. راسپاردەکە ناوەستێ و داوا دەکات، کە سێ رۆژی دیکە ئێوارە چاوەڕوانیان دەکات و بە ماشین هەتا گوندەکانی سەر سنوور دەڕۆین و دواتر بە سواری ئەسپ یان هێستر بەرەو سونێ دەچین. ماڵی مام ئەحمەد و پورە خەج ئێوارە لە ماڵی مام کەریم دەمێننەوە و هەتا درەنگانی شەو گوێ بۆ خەم و ئازاری ئەو دایک و کچە دەگرن. هاوسەری مام کەریم لە گەڵ پورە خەج راکشاوە و قسەی ئەو پیاوە نەناسراوەی بۆ دەگێڕێتەوە. پورە خەج لەو ژنانەیە کە لە دژایەتی رێژیم ماندوو نابێت و زۆر دژی هاتنەوەی مام ئەحمەد و منداڵەکانیەتی. لەیلا رۆژی دواتر خاڵە مینە و ئاڵتون لە سەفەرەکەیان ئاگادار دەکاتەوە و داوا دەکات، کە چاویان لە ماڵەکەیان بێ. دوای تێپەڕینی سێ رۆژان پیاوە نەناسراوەکە دێتە بەر دەرگای ماڵی مام کەریم و پورە زارا و لەیلا هەڵدەگرێ و پێکەوە بە ئۆتۆمبیلی تویوتا بەرەو گوندەکانی سەر سنوور دەڕۆن. ئێوارە بە سواری دوو ئەسپەوە پورە زارا و لەیلا لە سنوور دەردەچن و پاش سێ کاتژمێرێک دەگەنە سونێ و بە دیداری کەماڵ شاد دەبن. کەماڵ روخساری داگیراوە و لە پێوەندی لە گەڵ چارەنووسی ماڵەوە خۆی بە سووچبار دەزانێ. ناوبراو بە قسەی بابی نەکرد و رێگای کوردایەتی هەڵبژارد و چارەنووسی خوشک و براکەی گۆڕاو. ناوبراو چەند جارێک لە گەڵ دایک و لەیلای خوشکی خۆی لەو بارودۆخە بە تاوانبار ناساندوە و لەو چارەنووسە دڵگرانە. پورە زارا، لەیلا و کەماڵ ئەو شەوە لە بنکەی حیزب دەمێننەوە. وەستا مستەفا و حوسێنی ئازیزێ بەخێرهاتنی دایک و خوشکی کەماڵی هاوسەنگەریان دەکەن و دڵگرانی خۆیان بۆ کوژرانی کاوە دەردەبڕن.

کۆڕی ئەو جارەیان وەک رابردوو نییە و پرە لە بێدەنگی و ماتەم. لەیلا نامەیەکی لە کیسەباخەڵی کاوە دۆزیوەتەوە و بە کەسی نیشان نەداوە و وەک دیارییەک بۆ کەماڵی هێناوە. پورە زارا جەمەدانەکەی کاوەی بە سەر شانی دادەدات و لە کاتی گریان و شینگێڕاندا فرمێسکەکانی بەو جەمەدانەیە دەسڕێتەوە. کاتێک کەماڵ و دایک و خوشکەکەی بە تەنیا مانەوە و لە ژوورێکدا بۆ خەوتن راکشان، لەیلا نامەکەی کاوە دەداتە کەماڵ. نامەکە چەند مانگێکە بە زمانی فارسی نووسراوە و لە گیرفان و کیسەباخەڵی کاوەدا زۆر نووشتاوەتەوە و ئارەقەی رێگا ڕۆیشتنی هاوین، بەشێکی جەوهەری خامەکەی کاڵکردۆتەوە. کەماڵ نامەکە دەکاتەوە و نووسراوە فارسییەکە بەمجۆرە بۆ لەیلا و دایکی وەردەگێڕێتەوە:” بۆ بنەماڵەی خۆشەویست، بۆ باوکی دیلکراو و دایکی چاو بە فرمێسک، بۆ خوشکەکانم لەیلا و شیرین، بۆ برای گەورەم کاک کەماڵ، ئەو نامەیەم تەنیا بۆ ئێوە نووسیوە و لە گەڵ ئەو نووسینە نامەیەکم بۆ ماڵەوە داوەتە ئەمیر کرماشانی و هیوادارم بگاتە دەستی ئێوە. رەنگە نووسینەکەم لە گەڵ قسەی ساڵانی رابردووم زۆر جیاوازبن. لە بەهارەوە ئاڵوگۆڕێکی زۆر بە سەر جۆری تێڕوانین و بیرکردنەوەی کوڕەکەتاندا هاتوە. زۆر بەداخەم، کە ساڵی رابردوو لە باساوێ لە ژێر کارتێکەری ئایدۆلۆژیایەکی وشک و هەروەها تێگەیشتنی کرچ و کاڵ، خۆم لە دیداری کەماڵی برام دزیەوە. ئەو چەند مانگانەی رابردوو لە سەر چیاکان، لە گوندەکان، لە بن سێبەری باخ و تاشەبەردەکان حەسرەتی دیدار و دیتنی ئێوەم هەنگاو بە هەنگاو لە دڵ و مێشکدا زیندوو راگرتوە. بە درێژایی رۆژانی دوور و درێژی هاوین بیر لە خەمی دووری بابم دەخۆم و لە دەللاقەی چارەنووسی بابم هەڵسەنگاندن بۆ ژیانی کوردان دەکەم. ئەگەر ژیان دەرفەتی زیاتری پێدام، بە دڵێکی گەورە لە گەڵتان دادەنیشم و ئەوجارە لە جیاتی وتەکانی مامە مارکس و کاکە ئینگێڵس بۆتان باسی رووداوە خۆشەکانی رۆژانی پێشمەرگایەتی دەکەم. لە کاتی نووسینی ئەو نامەیە وتەکانی مەلا فەلسەفەم لە گوێدا دەزرینگێنەوە، کە چەند شارەزایانە پرسیاری لە سەر کۆی کایەی حیزبایەتی لە کوردستاندا و هەروەها لایەنە نەرێنیەکانی خەباتی کوردان دەکرد. ئەگەر یەکترمان نەدیتەوە، سڵاوی بابم دەگەینم و ئاگاتان لە شیرین بێ. کەلوپەلێکی زۆرم نییە و زۆربەیان لە دوو سندوقی بەتاڵی فیشەکی گەورەدا دەپارێزم. چەند هەزار تمەنێکم پاشەکەوت کردوە و لە دوو سندووقەکە دایە. خەبات و پێشمەرگایەتی بە ئەرکی ئەرێنی دەزانم، بەڵام بە چاوی خۆم لە ماوەی ساڵانی رابردوودا زۆر ئەزموونی نەرێنم لە سەر سیاسەتی هەڵەی حیزبەکان و لە ریزی پێشەوە کۆمەڵە هەیە. کوردەکان و حیزبەکانیان لە خەباتدا کەموکۆڕی زۆریان هەیە و لە داهاتووشدا بەشێک لەو لاوازیانە درێژەیان دەبێ. خەڵک ژیانی دەوێ و ژمارەیەک لە خەڵک ئامادەن وەک ئێمە راستەوخۆ لە گەڵ رێژیم شەڕی مافەکانیان بکەن. ئەو شەڕە تەنیا بە من و کەماڵ ناکرێ و وەک بابم دەیگوت، ئەگەر شەڕی گەلێکە بۆچی لە شارێک تەنیا چەند دە بنەماڵەیەک کوڕ و کچەکانیان دەبنە پێشمەرگە”.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_bazar1.jpgکەماڵ لە گەڵ دایک و خوشکی بەرەو قەڵادزێ و رانیە سەفەر دەکەن و چەند رۆژێک پێکەوە بن. ئەوان بە ئۆتۆمبیلی کۆمیتە شارستانی سەردەشت دەچنە قەڵادزێ و ماوەی چەند رۆژێک لە بنکەی نوێنەرایەتی دەمێننەوە. لە رێگای ناسیاویکەوە پێوەندی بە مەقەڕی کۆمەڵە لە رانیەوە دەگرن. ئەوان بە بەرپرسانی بنکەی کۆمەڵە رادەگەینن، کە دایک و خوشکی کاوە لێرەن و ئەگەر کاوە کەلوپەلێکی تایبەتی هەیە دەتوانن رادەستی دایکی بکەنەوە. بێجگە لەوە لە نامەیەکی کورتدا کەماڵ داوا لە ئەمیر کرماشانی دەکات، کە ئەگەر ئەمانەتێکی کاوەی لە لایە با لەو رۆژنەدا رادەستی دایکی کاوەی بکاتەوە. بەرپرسانی کۆمەڵە لە رانیە پێوەندی بە ئەمیرەوە دەکەن و پەیامەکەی پێدەگەینن و یەکێک لەوان دوو رۆژ دواتر کەلوپەلی کاوە و چەند هەزار تمەنەکەی بۆ قەڵادزێ دێنن. ناسیاوەکە دواتر لە دوای دایکی کەماڵ و خوشکەکەی دەچێ و لە ماڵی خۆیان لە گەڵ بەرپرسانی کۆمەڵە یەکتر دەبینن. بەرپرسی کۆمەڵە دڵگرانی خۆی لە کوژرانی کاوە دەردەبڕێ، بەڵام ناوبراو ئاماژە دەکات، کە رێگای سۆسیالیزم خوێنی دەوێ و کاوە یەکێک لەو خەباتکارانەیە، کە بە خوێنی خۆی دوارۆژی سۆسیالیزمی لە کوردستاندا مسۆگەر کردوە. ناوبراو کە خۆی بە مامۆستا هێرش دەناسێنێ زۆر لە سەر شۆڕشی کرێکاری لە جیهان دەدوێ، بەڵام پورە زارا هەر تەقەی لەسەری دێت. هێرش بێجگە لە کەلوپەلی کاوە، رێژەیەک پارە وەک یارمەتی بنەماڵەی گیان بەختکردوەکانی کۆمەڵە دەداتە دایکی کاوە و هەروەها ئەمانەتی کاوە، کە لە لای ئەمیر کرماشانییە و بە رێکوپێکی لولدراوە دەداتە دەستیان. ناوبراو داوا لە پورە زارا و لەیلا دەکات، کە ئەگەر بەنیازی مانەوەی زیاترن، ئەوان دەتوانن بۆ سبەینێ “عەدەم تەعەڕڕوزیان” بۆ وەرگرن و سەردانی بنکەکانی کۆمەڵە لە ناوچەی سلێمانی بکەن. پورە زارا دەستخۆشی لە هێرش دەکات و بە ناوبراو دەڵێ، پاییز خەریکە دەست لە گەڵ زستان تێکەڵ دەکات و بۆ ئێمە باشترە بگەڕێینەوە ماڵ. میوان لە ماڵان ناحەسێتەوە و ئێمەش بە ناشکوری نەبێت، هەتا بن هەنگڵان لە قوڕێ چەقیوین. مامۆستا هێرش ماڵئاوایی دەکات و پورە زارا و لەیلاش دەچنەوە مەقەڕی حیزب و لە گەڵ کەماڵ بەرەو بازاڕی شار دەڕۆن. کەماڵ بەرەو کەبابخانەیەک دەچێ و لە گەڵ لەیلا و دایکی لەوێ دادەنیشن و نامە لولدراوەکەی کاوە دەکەنەوە و دوای خوێندنەوەی نامەکە، کەماڵ چاوەی دەبڕێتە زنجیرە شاخەکانی پشتی قەڵادزێ و چەند جارێک دەڵێت، دەرفەتەکان تەواو بوون و ناگەڕێنەوە. کاوە لەو نووسراوانەدا زۆر بە راشکاوی دەستی پەشیمانی دەگەزێ و تێگەیشتوە، کە شەڕی کورد لە گەڵ کورد و خۆفیداکردن بۆ لوتبەرزی چەند تاکە کەس گەمەیەکی ناڕەوایە. ئەوان ماوەیەکی دوور و درێژە بە ئازادی لە دەوری یەک کۆنەبوونەوە و لە شەقامەکانی شاردا نەگەڕاون. لەیلا لە کاتی گەڕان لە قەڵادزێ بە کەماڵ دەڵێ، کاکە با لەو شارە بچینەدەر و بگەڕیینەوە بۆ سونێ. هەر هەنگاوێک کە لێرە هەڵدەگرم، روخساری بابم دێتەوەبیر، کە چەند مەزڵومانە لە لایەن چەکدارە کوردەکانی سەر بە رێژیمی بەعش فرۆشران. دڵمان لە هیچ کوێیەک ئۆقرە ناگرێ و لە ماڵی خۆماندا بەردەوام خەمی کۆچی براکان و گیرانی بابم دەکەین. کە رۆژانە دەڕوانمە بەری رەبەتێ، هەتا چاوم بڕدەکەن لە کۆچی نابەوەختی کاوە دەڕوانم. کاکە تۆ ئێستا کوڕی تاقانەی ئێمەی و هەموومان چاومان لە تۆیە، بۆیە فکرێک لە خۆت بکەوە. کەماڵ لە لەیلای خوشکی دەڕوانێ و داوای سەبر و خۆڕاگری لێدەکات. کەماڵ بە دەم رێگای چوونەوە مەقەڕ بە لەیلا دەڵێ، خوشکی من ئەو ژیانە لە قومارێک زیاتر نییە و ژمارەیەک خەڵک گەمەکە دەبەنەوە و ژمارەیەکی دیکەش دەیدۆڕێنن. ئێمە رۆژێک لە رۆژان کە تەمەن سەرکەوت بە مردنی خۆمان دەمرین و ئەوە یاسای سرووشتە، بەڵام مردن لە پێناوی مافە رەواکانی نەتەوە و تەنانەت یەک تاکە مرۆڤدا بە مردنێکی پڕشنگدار پێناسە دەکرێ. ئێمە لە پێناوی ئێوە و نەوەی داهاتوودا دەمرین. دەزانم خەڵکێکی زۆر کەم لە گەورەیی ئەو مردنە تێدەگەن و خەڵک بە هەموو تواناوە عاشقی ژیان و مانەوەن. خوشکی من ئەمن خۆم لە بەرامبەر تۆ و دایکم، شیرین و کاوەدا بەقەرزدار دەزانم. ئەگەر ئەمن لە گەڵ ئێوە ژیابام، بێگومان چارەنووسی ماڵ و هەموو لایەک جیاواز دەبو، بەڵام لە گەڵ چارەنووس هیچ ناکرێ و رابردوومان بۆ ناگۆڕێ. ئێمە وەک بنەماڵە لە نێو خەڵکدا خاوەنی پێگەیەکی بەرزین و خزم و ناسیاوان دەزانن، کە لە پێناوی بەختەوەری ئەواندا چەندە فیداکاریمان کردوە. خۆزگە کوردستان پڕ دەبوو لەو بنەماڵانەی، کە بە سەخاوەتەوە منداڵەکانیان لە پێناوی خاک و نەتەوەکەیاندا فیداکاری دەکەن. لەیلا بە داخەوە کورد زۆری ماوە و تەنانەت بەشێک لە سیاسەتکارەکانی لە بازرگان و مامەڵەچیەک زیاتر نین. ئەوان لە بیری زگ و گیرڤان و کەڵکەڵەی وەرگرتنی بەرپرسیارەتی گەورەدان و لە خەبات و تێکۆشاندا ژمارەیەک نین. ئێمە لێرەش بەردەوام لە گەڵ ئەو مرۆڤانە دەستوپەنجە نەرم دەکەین و بە وتەی مام خدر ئەوان بە هەڵە بوونە پێشمەرگە و بە هیچ پێوانەیەک بۆ پێشمەرگایەتی نابن. کێشەکان زۆرن و ژینگەی کوردان ئامادەی هەموو جوڵەیەکە و کوردە خۆفرۆشەکانیش بە رێژەی خۆیان دۆست و لایەنگریان هەیە. ئەو دۆخە بە ئێمە ناگۆڕێ و رەنگە بۆ نیو سەدەی دیکەش چاک نەبێ. لە مەقەڕ کەلوپەلی کاوە سەروبن دەکەن و زارا و لەیلا بۆن بە جلوبەرگ، پشتێند و گۆرێویە زەنگاڵەکانەوە دەکەن کە پوخت شۆراون. لە نێو کەلوپەلەکاندا دوو قوماشی ژنانە دەبیندرێ، کە لە سەریان نووسراوە بۆ دایک و خوشکم. دیتنی ئەو کەلوپەلانە و هەروەها رامان لە رابردوو، برینەکان زیاتر دەکولێنێتەوە و کەماڵ داوا لە دایک و خوشکی دەکات، کە خۆیان ئارام بگرن و لەبەرچاوی خەڵک خۆیان لە گریان و رشتنی فرمێسک بپارێزن. رۆژی دوایی بە ئوتۆمبیل بەرەو سونێ دەگەڕێنەوە و دوای دوو شەو مانەوە لە سونێ لە گەڵ ئاشنایەک بەرەو گوندەکانی سەرسنوور و سەردەشت دەڕۆنەوە.