خۆپێشاندانەکانی خۆڕسکی ئێران، لە رەوتی درێژەکیشانیدا توانی خۆی رێکبخات!، محەممەد سلێمانی

خۆپێشاندانی گەلانی ئێران و دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بە چۆنیەتی ئیدارەکردنی وڵات لە لایەن دەسەڵاتی ستەمکارانەی ڕێژیمی ئاخوندی و گەندەڵی ئابووری و نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵک و بەهەدەردانی سامانی گشتی و هەژارکردنی خەڵک رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی بەدوایخۆیدا هێنا

و ئەو بابەتە گەیشتە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان . شەپۆلی بەربڵاوی ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانی بە میلیۆنان لە هاونیشتیمانیەکانی ئێران، کە زیاتر لە ٧٠ شاری گەورە و مامناوەندی گرتەوە و، هەم لە رووی ژمارە و بەشداری چین و توێژەگەلیەکان و هەمیش سەبارەت بە نێوەڕۆکی خواست و شوعارەکان جیاوازی زۆریان لە گەڵ خۆپێشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوودا هەبوو. لە ساڵانی پێشووتردا کە ناڕەزایەتیەکانی شارە فارس نیشینەکان بەتایبەت بۆ مەبەستی لایەنگری لە پۆستەکانی سەرکۆماری ڕێکدەخران و خەڵك بۆ ئەو مەبەستە دەڕژانە سەرشەقامەکان وەك جووڵانەوەی سەوز. ئامانجی ئەوان گۆڕینی ڕێژیمی ئاخوندی و روخاندنی حکوومەت نەبووە و تەنیا دڵیان بە کۆمەلێك قەل و بەلێنی بێبنەما خۆشکردبوو. لەڕاستیداخۆپیشاندانی ئەوجار بەتەواوی سیاسیە و بەدژی دەسەڵاتی تاران پەرەی گرتووە و هەر چەندە سەرەتا بە شێوەی خۆرسک سەری هەڵدا، بەڵام لە رەوتی درێژەکێشانیدا توانی خۆی ڕێکبخا و شوعار و خواستەکانیان روونتر باس بکەن. ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلانی ئێران بە دووبارەکردنەوەی دروشم و شوعار گەلێك کە بەتەواوی دیمەنی سیاسی هەڵگرتووە حکوومەتی ناوەندی بەتەواوی داماو شۆکرد. لە شەقامەکاندا خەڵکی بەشمەینەت و بێکار و هەژاری ئێران ئەوەیان دووپات دەکردەوە کە ئەو ڕێژیمە دەبێت بڕوات و سیستمێکی گەلی و دێمۆکراتیك ببێتە جێگرەوەی. لە ساڵانی ڕابردوودا ناڕەزایەتیەکان زیاتر بۆ پشتیووانی و سەرخستنی یەکێک لە مۆرەکانی نێو قۆڵەکانی بەشداربووی دەسەڵاتی ئاخوندی، کە بە بەرنامە و قەل و بەڵێنی ناراست خەڵکیان لە خۆیان کۆدەکردەوە و دەڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمییان دەوتەوە و هەرگیز بەدژی نیزام و هاوقۆڵەکانیان لە گوڵ کاڵتریان نەدەوتەوە. هەر وەك بینیمان، خەڵك بە روونی و دیاریکراوی بەدژی ڕێبەری مەزهەبی عەلی خامنەی و ڕێژیمەکەی بە دەنگی بەرز شوعاری بروخێ ڕێژیم و بمرێ خامنەیان دەوتەوە و کە حکوومەتی نیزامی ئێرانیان بە سەرچاوەی گەندەڵی سیاسی و ئیداری و ئابووری وڵات ناساند.

ئەگەر خوێندنەوەی راست و دروست بۆ خۆپێشاندانەکانی ئێران بکرێ و بێگوومان دەسکەوتی گەورەی هەبووە، کاتیك نەتەوەی فەرمانڕەوا، شوعاری بمرێ ڕێبەر و بروخی حکوومەتی ئاخوندی بە دەنگی زۆر بەرز لە تاران و شارەگەورەکانی تری ئێران دەڵێنەوە، مانای ئەوەیە کە ڕێژیم بەتەواوی متمانە و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆی لەدەستداوە و بە سەرچاوە و هۆکاری گەندەڵی ئابووری و سیاسی و بە هەدەردانی سامانی گەشتی وڵات دەناسرێ. گەندەڵی ئابووری و ئیداری بۆ هەموو لایەك و گەلانی وڵاتیش روونە کە حکوومەتی ئاخوندی ئەوەندەی خەمی هاوکاری و یارمەتیدانی گروپە توندئاژۆکانی نزیك لە خۆی لە سووریە و عێراق و لوبنان و فەلەستینی لەبەرە و، بە ملیاردان دۆڵاری ساڵانە لە قوتی هاونیشتیمانیانی ئێران بۆ تەرخانکردوون و ، ڕێژەیەکی دیاریکراو لە سەرمایە و سامانی ئەو خەڵکە بۆ بەرژەوەندی ئاخوندەکان و پاراستنی دەسەڵات و پەرەپێدان بە پاونخوازیان دەفەوتێ و لە بەرانبەردا گەلانی وڵات دەبێت باجی هەژاری و بێکاریەکەی بدەن. ئەگەر لە ڕابردوودا لە بەر هۆکاری جیاجیا و هەلومەرجی نێوخۆی، گەلانی ئێران دەستیان بەدەمی خۆیانگرتبوو و ددانیان بەخۆیاندا دەگرت کە نەڕژێنە سەرشەقام و بێزاریەکانیان پەرە نەستێنن بەدژی حکوومەتی ناوەندی. بەڵام دەرکەوت ئەو جار هەموو لایەك سەبری بەسەر چووە و ئیدی بێکاری و هەژاری و نایەکسانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کە لە لایەن کاربەدەستانی وردو درشتی دەسەڵاتی تاران بەسەر خەڵکی ئێرانیاندا فەرزکردوە، بەسەر چووە و ئەمرٶ هاتوونەتە مەیدان و هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاندوە کە ئێران جێگای ئاخونەکان نیە و دەبێت لەسەر دەسەڵات لابدرێن . ڕێژیمی تاران خەڵکی ناڕازی و بێکار و هەژاری وڵات و داواکاری و شوعارەکانیان بەپیلانگێڕی ئەمریکا و ئیسرایل لە قەڵەمدەدات هەتا شەرحیەت بە کاری توندو تێژیان بدەن و هێزە ئەمنیەکان دەست لە خۆپێشاندەران نە پارێزن. دیارە لەو ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوژرا و بریندار و بەهەزارانیان لە خراوەتە بەندیخانە و چارەنووسیان نادیارە. دەسەڵاتی تاران هەر بەوەشەوەنەوەستاون و پنجەی تۆمەتیان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش درێژکردوە کە دەستیان لە پشتی ناڕەزایەتیەکانە و بەو ڕێگایەدا هەوڵدەدەن دیسان پیلانگێڕی دژی کوردی باشوور ئەنجامبدەن. بەگشتی لە ئێراندا گڕکانێکی بەتەواوی داگریساو بەدژی ئاخوندەکان هەڵگریساوە و ئەگەر ئەو جارەش خامۆش بکرێ و، ئاکامێکی دڵخۆشکەری ئەوتۆی نەبێت، لانیکەم زەمینەی شۆڕشێکی بەرینی لە سەر ئاستی وڵاتدا لە نێوان گەلاندا پێك هێناوە و هەموو لایەك ئامانجیان ڕوخاندنی ڕێژیمی نیزامی ئاخوندی ئێرانە لە داهاتوودا. ئەگەر لە ئێستادا هێزە نەیار و دژ بەرەکانی ڕێژیم وەك ڕابردوو کاریگەریان لەسەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژینگەی سیاسی وڵاتدا هەبووایە و ڕۆڵییان لە خۆپێشاندانەکاندا بەشێوەی لە پێشدا بەرنامە بۆ دارێژروا هەبا، بێزاری و ناڕەزایەتی خۆرسکی چین و توێژە جۆر بەجۆرەکانی نێوخۆی ئێران دوری دیارتریان دەبوو و ڕێژیمی دووچاری ئاستەنگی گەورەتر دەکردەوە. ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژی حکوومەتی دیکتاتۆری شا سەری هەڵدا و پاشان بوو بەڕاپەڕینێکی سەرانسەری و گەلانی وڵات یەکدەنگ هاتنە سەر شەقامەکانی شارە گەورە و گرینگەکانی وڵات، ‌هێزە نەیارەکانی حکوومەت دەوری باشتریان لە ئێستا هەبوو.

دیارە هەلومەرجەکە لە کوردستان بە هۆی تایبەت مەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە هەیەتی، سروشتیە کە زەمینەی خەبات و ڕاپەڕینی جەماوەری بەربڵاوتر هەستی پێدەکرێت، ئەگەر خەڵکی کوردستان دەست پێشخەری ڕاپەڕینی سەرانسەری بکەن، ڕێژیم زۆر بێرهمانە دەکەوێتە وزەیان و قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە. ئەگەر بێت و خرۆشان و بێزاریەکان بە گشتی شارەکانی دیکەی وڵات بگرێتەوە و بەربڵاوتر بن و کۆی شار و ناوچەکان بەشداری تێدا بکەن، ئەو کات ئەو دەرفەتە هەیە خەڵکی کوردستانیش ڕاپەڕێ و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاخوندەکان بێنێت.