هونه‌ری ده‌روه‌ست له‌ قووڵایی کاره‌ساتدا. دیمانه‌: شه‌ونم هه‌مزه‌یی

شۆڕش ئاهی: مرۆڤ بە هەڵوێستەوە دەتوانێ هەست بە بوونی خۆی و سەلماندنی کەسێتیی خۆی بکا
بەیان سۆهرابی: خوێنمان تێکەڵاوی خوێنتان و بوونمان

ئاوێتەی بوونتانە

دوای کاره‌ساته‌که‌ی 17ی خه‌رمانان و ڕه‌وتی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی قه‌ڵای دێموکرات و ژیاندنه‌وه‌ی ڕووحی خه‌بات و تێکۆشان له‌و ژینگه‌ سیاسییه‌دا، هونه‌ر به‌شێک بوو له‌و حه‌ماسه‌ته‌.

شۆڕش ئاهی و به‌یان سۆهرابی، دوو هونه‌رمه‌ندی هاوژین و هاوڕێ، هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ئه‌م ژیاندنه‌وه‌یه‌دا به‌ کاره‌ هونه‌رییه‌کانیان شوێن په‌نجه‌یان به‌ قه‌ڵای دێموکراته‌وه‌ دیار بوو. ئه‌وان هه‌وڵیان دا مانای خۆڕاگری و واتای به‌رده‌وامیی خه‌بات و تێکۆشان له‌ ڕێگه‌ی ڕه‌نگ و وشه‌وه‌ به‌ دارودیواری قه‌ڵاوه‌ بنه‌خشێنن و ئاوازی هه‌رمانیان پێ بچڕن.

له‌ دیمانه‌یه‌کی کورتدا ویستمان له‌ زمان خۆیانه‌وه‌ باس له‌ ئامانج و مه‌به‌سته‌کانی ئه‌م زنجیره‌ کاره‌ هونه‌رییانه‌ بکه‌ین که‌ ئه‌و ژن و مێرده‌ ڕووناکبیر و په‌نجه‌ڕه‌نگینه‌ کردوویانه‌:

 

کاک شۆڕش ئێوە زوو هاتنە شوێنی ڕووداوەکە و ماوەی دوو حه‌وتوویه‌ زۆر بە ماندووییش خەریکن. دەکرێ بۆ خوێنه‌رانی ئێمەی ڕوون بکه‌نه‌وه‌ که‌ خەریکی چین؟

ئێمە هەر لە ڕۆژی ئەوەڵەوە لێرە بووین، دیاره‌ دوو ڕۆژ پێش ڕووداوه‌که‌ش لێرە بووین و هاتبووین بۆ سەردانی هاوڕێ و خۆشەویستانمان و ئیدی به‌سه‌ر کاره‌ساته‌که‌دا که‌وتین.

له‌ یه‌که‌م ساته‌کاندا هه‌موو هه‌وڵمان به‌ هاناوه‌چوونی بریندارانی ڕووداوه‌که‌ بوو، دوایه‌ش که‌ هاتینه‌وه‌ سه‌ر خاوێنکردنه‌وه‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی قه‌ڵا، ویستمان به‌شمان به‌و کارانه‌وه‌ هه‌بێ که‌ ده‌بوا بکرابان. وه‌ کاتێکیش زانیمان دوژمن بەو وێرانیە دڵشاده‌، بڕیارمان دا ئه‌م خه‌ونه‌ی لێ ئاڵۆز بکه‌ین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ گەورەترین ئەرکی هونەر ئەوەیە ژیانەوە وەدەست بێنێتەوە.

 

ئێوه‌ به‌شێک له‌ دیواره‌ زامداره‌کانی قه‌ڵاتان به‌ په‌پووله‌ نه‌خشاندووه‌. جێگەی پڕیشکی فیشەک و مووشەک بۆ دەبێتە پەپوولە؟ یان مەبەستتان هەر داپۆشینی ئاسەواری هێرشەکە بوو؟

ئەوە ڕوونە کە ئێمە جاری وایە بە زمانی مەفهوومی یا هونەری مەفهوومی قسە دەکەین، ڕاستە کارێکی سادەیە، بەڵام کە هاتین بارودۆخ و شوێنی کاره‌ساته‌که‌مان بینی. که‌ بینیمان ئەو پۆلە هاوڕێ زۆر خۆشەویستەمان شەهید بوون و له‌ نەخۆشخانە بینیمان که‌ به‌ مووشه‌ک بارانه‌که‌ جەستەکانیان چۆن له‌ت و په‌ت ببوون؛ کە من دەزانم ئەوانە چەند ڕوحێکی لەتیف و مەعسوومیان بووە و چ ئینسانێک بوون، ویستم ته‌عبیر له‌و ناخه‌ په‌پووکه‌ییانه‌ بکه‌م. ئێمه‌ له‌ پێشدا شوێنی پڕیشکەکانمان سوور کرد، دوایە ئەو فکرە بە زەینم گەیشت ئەو ئینسانانە ئەو ڕوحە لەتیفەیان بووە و وەک پەپوولەیەکی سادە ژیانێکی خاکی و زۆر شۆڕشگێرانەشیان بووە، با وه‌ک نمادێک به‌ دیواره‌کانی قه‌ڵادا بمێننه‌وه‌.

b_300_220_16777215_00_images_WTOWEZH-CHAWPEKAUTN_shorsh_ahi.jpgوێنەی خاتوو سۆیلا و خاتوو نەسرینت بەسەر لادیوارێکی قەڵادا نەخشاندوە. بۆ ئەو دوو شەهیدەمان؟

فەرق و جیاوازییەک لە نێو شەهیدانی کوردستاندا نییە، چ پێشمەرگەیەک که‌ لەبەر دەرکەی شوێنی کارەساتەکە نیگەهبانی داوە و چ ئه‌ندامانی ڕێبه‌ریی حیزب که‌ ئامانجی سه‌ره‌کیی په‌لاماره‌که‌ بوون. ئه‌وان بە یەک دڵ و یەک ڕوح و ئیمانەوە پێشمەرگایەتیان کردووە و ئەرکی خۆیان بەجێی هێناوە و هەرکەس بە توانای خۆی تێ کۆشاوه‌. بەڵام ئەوەی کە یه‌که‌مین جارە لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتدا دوو سەرکردەی ژن لەدەست دەده‌ین، دوو ژنی چالاکی ڕیزه‌کانی حیزب له‌ ده‌ست ده‌ده‌ین ئه‌ویش له‌ نیزیک شوێنی ڕێکخراوی ئه‌کیه‌تیی ژنان، که‌ هه‌ر دوو شه‌هیده‌که‌ به‌رپرسی ئێستا و پێشووی ڕێکخراوه‌که‌ش بوون، ئەوانه‌ و زۆر شتی دی هەموو هاندەری ئێمە بوون. بۆیه‌ ئێمه‌ وەکوو هێمایەک و وەکوو سیمبولێک ئەوانمان هەڵبژارد، چونکی من پێموایە ئه‌م ڕووداوه‌ لاوانی کوردستان بەتایبەت کچان بۆ هاتنه‌ نێو شۆڕش هان دەدا و بۆ ڕێزگرتن له‌ خه‌بات و ماندووبوونی ئه‌م دوو ژنه‌ تێکۆشه‌ره‌ش بڕيارمان دا وێنه‌یان له‌سه‌ر دیوار بکێشینه‌وه‌. ئه‌ویش ڕاست له‌و دیواره‌ی به‌رامبه‌ر به‌ بینای ڕێکخراوه‌که‌یان بوو. هه‌ڵبه‌ت به‌یانی هاوسه‌ریشم کاریگەریی لەسەر بڕیاره‌ هه‌بوو. دیاره‌ جیا له‌وه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ نمادێکی باش و گشتی بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی کوردستان دروست بکه‌ین و هه‌روه‌ها قووڵایی ئه‌م کاره‌ساته‌ش به‌ زمانێکی هونه‌ری پیشان بده‌ین و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر به‌ زمانی هونه‌ر و جوانی باس له‌ به‌رده‌وامیی شۆڕش و خه‌باته‌که‌مان تا ترووپکی سه‌رکه‌وتن بکه‌ین.

ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ ئه‌و دروشمانه‌ی له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 7 ده‌یه‌ خه‌باتدا هه‌ڵمان گرتووه‌ هه‌موویان بکه‌ینه‌ هێما و نمادێک له‌ ئازادی. چونکی خه‌باته‌که‌مان بۆ ئازادی بووه‌، بۆ مافی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان بووه‌. هه‌موو تێکۆشانمان بۆ ژیان و بووژانه‌وه‌یه‌ و ئێمە بۆ خۆمان دەزانین وڵاتی خۆمان چۆن جوان بکەین نەک داگیرکەر. داگیرکەرئەوە نییە لێت وێران دەکا، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌زانین که‌ چۆن ده‌بێ ئاوه‌دانی بکه‌ینه‌وه‌.

 

شەڕ و وێرانی، هونەر و جوانی، داگیرکەر و خانەخوێ،ڕووخاندن و بنیاتنانەوە. کێ دەیباتەوە؟

هەمیشە جوانی دەیباتەوە، هەمیشە ئاوەدانی دیباتەوە. ئەوە ڕوونە هیچ داگیرکەرێک ناتوانێ وڵاتی ئێمە جوان بکا، ئێمە خۆمان دەزانین چۆن ماڵی خۆمان جوان بکەین ،بەڵام داگیرکەر داگیری دەکا و وێران و تاڵانی دەکا. بۆ ئەو جیاوازیی نییە. غەنیمەتێکە وەدەستی کەوتووە و هەر چۆنێک بێ تاڵانی دەکا؛ بەڵام ئێمە کە باس لە ئازادی دەکەین، ئازادی بۆ جوانییە و ئازادی بۆ ئاوەدان کردنەوەیە. چون کاتێک کە دیکتاتوڕێک سێبەر بەسەر وڵاتێکدا دەکێشێ هەورێکی ڕەش دێ وڵاتت لێ ‌تاریک دەکا، لێره‌ دوژمن به‌ سێ مووشه‌ک که‌ له‌ قه‌ڵای دێموکراتی دا، پۆلێک تێکۆشه‌ری لێ ستاندین، به‌ڵام هه‌وڵه‌که‌ بۆ کاره‌ساتێکی گه‌وره‌تر بوو له‌ نێوخۆی وڵات. بۆ ڕووخاندنی قه‌ڵای خۆڕاگریی خه‌ڵک بوو، به‌ڵام له‌وێش دیمان که‌ به‌ هونه‌ری مانگرتن، به‌ زمانی خۆ به‌ خاوه‌نکردن خه‌ونی دوژمنیان ئاڵۆز و پلان و پیلانه‌کانیان له‌بار برد. خه‌ڵکی کوردستا قووڵایی ئه‌و کاره‌ساته‌ی هه‌ست پێکردبوو، بۆیه‌ ڕاچه‌نی و دژکرده‌وه‌ی نیشان دا. هه‌ڵوێستی نواند، وه‌ک چۆن ئێمه‌ لێره‌ هه‌ڵویستمان هه‌بوو. مرۆڤ بە هەڵوێستەوە دەتوانێ هەست بە بوونی خۆی و سەلماندنی کەسێتیی خۆی بکا. وه‌ک چۆن له‌ کوردستان ئه‌م هه‌ڵوێسته‌مان بینی.

 

خاتوو به‌یان؛ “چیرۆکی ژیانەوەیەک بە گێڕانەوەی من”، ئەوە ناساندنی بەشێک لە کارەکانتە لە زمانی خۆتەوە. ئێوە چۆن باس لەو ژیانەوەیە دەکەن؟

مرۆڤ بە گشتی و بە تایبەتی ئێمەی کورد بە درێژایی مێژوو لە شەڕدابووین و هەتا ئێستاش شەڕ هەر بەردەوامە، بەتایبەت کوردی ڕۆژهەڵات کە مافخوازی و شێوازی شەڕ و بەرگرییەکەی جۆرێکی ترە. ئەمن لە ڕوانگەی خۆمەوە سەیری ڕەوتی ئەم شەڕ و بەرگرییانە، ئەو کەوتن و هەستانەوانە و ئەو مردن و ژیانەوانە دەکەم. ئەمن لە ڕوانگەی خۆمەوە سەیری ڕووداوەکانی دوای ئەم شەڕ و کاولکارییانە دەکەم. ئەم شەڕ و وێرانییانە ئێمە لە پرسی خۆمان دوور ناخاتەوە، لێکمان دانابڕێ، کەلێنمان تێ ناخا. دەمان کا بە یەک پەیکەر. کارەساتەکانی ئەم دواییانە، هەم پرسی گیانبەختکردنی ژینگەپارێزەکانی مەریوان، هەم ئێعدامی ئەو چەند زیندانییە سیاسییە کوردە و کەمپینەکان بۆ ڕزگارکردنیان، هەم کارەساتەکەی 17ی خەرمانان ئێمەی لە دەوری پرسی سەرەکیی خۆمان کۆ کردەوە. سەرنجی دنیای دەرەوەشی ڕاکێشا. لەو نێوەدا گرینگ بوو هەڵوێستەکان ڕوون بن، دیار بن، وە هەموو تاکەکان دەوری خۆیان بگێڕن. ئەمنیش هەوڵم دا بە نۆرەی خۆم و وەک تاکێک بێ هەڵوێست نەبم لەهەمبەر هەموو ئەو پرس و بابەتانەی پێوەندییان بە چارەنووسی خۆم و نەتەوەکەمەوە هەیە.

 

ئێوە دارەکان برینپێچ دەکەن، کۆڵەکەی داڕماو و نێوبەتاڵ پڕ دەکەنەوە لە کتێب. ئەوانە واتای چین؟

یەکێک لەو بابەتانەی کارم لەسەر کرد ئەوە بوو کە باستان کرد. یەکیان برینپێچ کردنی دارەکان و ئەوی دیکەشیان دانانی کتێبەکان بوو لە نێو ئەو کۆڵەکانەی کە ڕووخا بوون. ئەمن بەو دیمەنە و کارە هونەرییە ویستم ئەو پەیامە بگەیەنم ئێمە برینمان هەڵگرتووە بەڵام هێشتا نەکەوتووین. هێشتا بەپێوەین، هێشتا ڕەگ و ڕیشەمان هەر زیندووە و ڕەگاژۆ دەکا. بە دانانی کتێبەکان و پڕکردنەوەی کۆڵەکە ڕووخاو و نێوبەتاڵەکانی بەردەم کتێبخانە داڕماوەکەی نێو قەڵاش، ویستم بڵێم کە ئێمە بە فکر و ئەندیشە وەڵامتان دەدەینەوە و هەمدیسان هەین و دەمێنین و بەردەوام دەژینەوە. ئەمن باوەڕم وایە پرسی کورد بابەتێکی هەرە گرینگ و حاشاهەڵنگری کۆمەڵگەی ئێمەیە، ئەم پرسە بە توندوتیژی و ڕووخاندن و وێرانکردن چارەسەر نابێ. ئەم پرسە هەم مرۆییە، هەم ڕەوایە، بۆیە دەبێ بە هەڵوێستی مرۆیانەی خۆمان بتوانین چارەسەری بکەین.

 

خۆگونجاندنی هونەر لەگەڵ شەڕ و ژینگەی شەڕ چۆنە؟ هونەر دەیەوێ بڵێ چی؟

قەدەر وای کردووە کە کورد هەمیشە لە شەڕ دابێ. شەڕ بەشێکی جیانەکراوە و دانەبڕاو لە ژیانی هەموو ئێمە بووە. بەڵام ئێمە کە قوربانیی ئەم شەڕە داسەپاوە بووین، ئێمە کە زیاندیتووی ناڕەوای ئەم شەڕە نابەجێیە بووین، هەوڵمان داوە لە هەناوی ئەم کاولکارییانەدا باسی ژیان و ژیانەوە بکەین. هەموومان بینیومانە ئەو فیشەکانەی تۆپ و خۆمپارە کە بۆ وێرانکردنی ژینگەی ئێمە هاوێژراون، ژنان و پیاوانی ئاسایی ئێمە دەیکەن بە گوڵدان و ژیان و بووژانەوەی تێدا دەچێنن. لەو نێوەدا دەبینین هونەرمەندان کەمتر گرینگیان داوە بە بەرجەستەکردنی ئەم بایەخانە و ئەم چەمکانە لە ژیان و خەباتی نەتەوەکەمان.

هونەر چییە؟ من بینیم لە هەناوی ئەم کارەساتەدا، ژن، منداڵ، پیر و لاو لەو ژینگە سیاسییەی پێشمەرگایەتیدا دیسان بۆ داهاتوو دەڕوانن، خەونە پیرۆزەکانیان لە کاولاشی ئەم وێرانییەدا دەبیننەوە و دەیژێننەوە. من دڵنیام نەتەوەیەک ئاوا بۆ ژیان و خەون و مافە ڕەواکانی بڕوانێ، سەرکەوتووە و براوەیە. مانگرتنەکانی ئەم دواییانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەی پێ گوتین. خۆڕاگری کادر و پێشمەرگەکان و بنەماڵەکانیان دوای کارەساتەکەی 17ی خەرمانان ئەوەمان پێ دەڵێن. بێگومان ئارامی و هەرمان و حەسانەوەی ڕووحی شەهیدانمان لە گرەوی ئەم سەرکەوتنە و وەدیهاتنی ئەم خەونە پیرۆزەدایە هەم هەموو ئێمە دەبێ شانی وەبەر بدەین.

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت