ئازیتا لوقمان، کچە ڕۆژهەڵاتییە لێو بەخەندەکە و خەڵاتی یەکەمی کاناڵی پلیستانک تیڤی
لە ماوەی چەند مانگی رابردوو دا زۆربەی کاتەکان گوێمان لە هەواڵی ناخۆش و کارەساتی جۆراوجۆر دەبوو و کەم و زۆر پەشێوی و نارەحەتی هەست و بیر و هزری زۆرێکمانی داگیر کردبوو.
لەم وەرزە پڕ کارەساتەدا کاناڵی پلیستانک تیڤی Pelistank TV ریزە بەرنامەیەکی گۆرانی و کێبەرکێی بۆ منداڵان تەرخان کرد کە لە مێژووی تەلەفزیۆنە کوردییەکان دا بێوێنە بوو، یەکەم ئەوە کە منداڵانی هەر چوار پارچەی کوردستانی دابەشکراوی تێدا بەشدار بوون و دووهەم ئەوە کە هاندەر و دەستگری منداڵانی خوازیاری هونەری گۆرانی گوتن بوون .
بەر لە هەموو شتێک سوپاس بۆ بەرێوەبەرانی کاناڵی پلیستانک تیڤی کە زەحمەتی زۆریان بە منداڵەکانەوە کێشا و بە ژەنینی موسیقای جوان ، گۆرانی و مەقام و حەیران و لاوکی کۆن و نوێی تێدا بە دەنگی مێرمنداڵانی خاوەن بەهرە بە چەندین زاراوە و تەنانەت زمانی نەتەوەکانی دیکەشی بڵاو کردەوە.
ئەوەی بۆ من جێگای سرنج بوو، باوەر بەخۆبوونی منداڵەکان و بەشدارنی بەهرەمەند بوو، کە جار لەگەڵ جار بوێرانەتر دەهاتنە قۆناخەکانی سەرتر، گەلێک دەنگی جوان و شاز و بلاوێنی دڵانمان گوێ لێبوو، هەستی جوان و ناسک و سیمای منداڵانە و خەندە و گریانەکانیان ئێمەیان بە گشتی لە دونیای شەڕ و کێشە و ڕووداو و کارەساتە سرووشتییەکان دوور دەکردەوە و بۆ ساتێک لە نێو دونیای جوانی هونەری گۆرانی لەگەڵ ئەو خونچە تازە پشکوتووانە کاتمان بەسەر دەبرد و لەگەڵ خەندەکانیان دڵخۆش دەبووین و لە گەڵ گریان و هەنیسک و خەمەکانیان ئێمەش خەمبار دەبووین.
لە هەموو ئەو ماوەیەدا شەوانی دووشەممە لە هەر شوێن و سوچێک بایەم ، بە پەلە خۆم دەگەیاندەوە نزیک تەلەفزیۆن و چاوەروان دەبووم تا بەرنامەکە دەست پێبکات و لەگەڵیان تا کۆتایی بمێنمەوە.
مەبەست لە نووسینی ئەم چەند دێرە باس لە کیژە نەشمیل و دڵناسکەکەی ڕۆژهەڵات، ئازیتای گوڵ و جوانە. هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە تامەزرۆی گوێگرتن و دەنگی بلاوێنی هەموو منداڵەکان بووم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شتێکی سرووشتییە کە دەبێ لە کێىەرکێ دا ، ئەویش لە هونەری گۆرانی و موزیک دا کەسێک هەڵبژێری کە بە دەنگەکەی ئاوپڕژێنی دڵ و هەست و سۆزت بکات و ئەوەشم بە ڕێژەیەکی زۆر لە ئازیتا دا بەدی دەکرد.
ئازیتا موئمنی یەکێک لەو دەنگە شاز و پڕ هەستانە بوو کە لەگەڵ یەکەم گۆرانییەکانی دا ئاشقی دەنگ و سیما و هەست و جووڵەکانی بووم و تا کۆتایی بە دڵەوە لەگەڵی دەچوومە پێش، گۆرانییەکانی یەک لە یەک جوانتر و پڕ ماناتر و خۆشتر بوون، جووڵەی دەست و بزە و خەندەی سەر لێوی و دواتریش گریانی بە دەم گۆرانی بێریڤانەوە لووتکەی جوانی و پێشکەش کردن بوو کە دڵنیام هەموو ئەو کەسانەی ئەو بەرنامەیان چاو پێکەوتووە ئاشقی دەنگی بلاوێن و چریکەی ئەو کچە جوانە ڕۆژهەڵاتییە بوون.
ئازیتا لە هیچ پەیمانگایەکی هونەری تایبەت دەرسی موزیک و چڕینی گۆرانی نەخوێندوە، خۆڕسک و خودایی دەنگێکی چیایی و بەرز و دڵگیر و کراوەی هەیە، لە کاتی چڕینی گۆرانییەکانی دا باوەڕی زۆری بە خۆ بوو، چاک درەوشایەوە و یەکێک لەو منداڵانە بوو کە تا قۆناخی ١٦ بە سەرکەوتوویی هاتە قۆناخی کۆتایی ، لە چەند بەرنامە، پێش کۆتایی ئازیتا دەنگی باشی نەهێنا بوو، کاتێک لە هێڵی سوور رایانگرت بوو، سیمایەکی مەعسووم و چاوێکی پڕ ئەسرینی هەر لە خاتوونی پێشکەشکار بوو، کاتێک گووتی بەداخەوە ئازیتا بە هۆی کەمی دەنگی بینەران نەیتوانیوە ئەم قۆناخە ببڕێ ، ئازیتا دڵی داخورپا و نەیتوانی خۆی ڕابگرێ و بە دەستە نەرم وخرپنەکانی چاوە پڕ ئەسرینەکانی داپۆشین و هەموومانی تووشی خەمناکی و گریان کرد ، سوپاس بۆ لیژنە کە نەیانهێشت ئەو دەنگە چیایی و بەرز و ناسکە بکەوێ و شانسی مانەوەیان بۆ پێکهێنا بۆ ئەوەی زیاتر بدرەوشێتەوە ، دوا بەدوای ئەو گریانە چەند جار لە ڕێگای کاک لوقمانی دلۆڤان ، باوکی خانمە بچکۆلانە شەکرۆکەکەی ڕۆژهەڵاتم ئاگادار کردەوە کە بە سەر هەست و جوڵەی خۆیدا زاڵ بێ و ئەو ئەگەر نەشتتوانێ بە هۆی کەمی دەنگەوە بگاتە قۆناخی کۆتایی و یەکەم، ئەوە بێشک تا ئێرەش نیشانی داوە کە یەکەمە و پێویست بەوە ناکا خۆی تووشی خەمۆکی و نائومێدی بکات و باشترین کار ئەوەیە کە ئەزموونی ئەم چەند گۆرانی و بەشداریکردنەی بکاتە وانەی کارەکانی داهاتووی و بە تایبەت لە هەڵە و کەم و کورییەکان دەرس وەربگرێ بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەک ئەستێرە لە ئاسمانی هونەری دا زیاتر بدرەوشێتەوە.
لە هەموو ئەو ماوەیەدا بەردەوام لەگەڵ کاک لوقمان باوکی ئازیتا لە پەیوەندی دابووم، وێرای دەستخۆشی کردن لە ئازیتا و بنەماڵەکەیان، هاوکات تێبینی و پێشنیاری خۆمم بۆ دەنووسین و بۆم دەناردن، بەوە دڵخۆش بووم کە پەیامەکانم بە ئازیتای شەکرۆکە دەگەیشتن و جارجار لوقمانی هەموو کات پێشمەرگە چەند ڕەستەیەکی دەنووسین و دەیگووت ئەوە قسەکانی ئازیتان ، لە سەریەک ئەوەی من دڵخۆس دەکا و ئەوەی پێی دڵخۆش بووم ئەوە بوو کە هەم بینەران و هەم لیژنە و هەمیش کاناڵی پلیستانک تیڤی ئەو دەرفەتە زێرینەیان بۆ منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان پێک هێنا کە خۆیان و کارە هونەرییەکانیان ببیننەوە و ڕێچکەی هونەری خۆیان بۆ داهاتوو دیاری بکەن.
جیا لەو بەشە خاتوونە بچکۆلانە و خوێن شیرین و دەنگخۆشەکەی ڕۆژهەڵات لە بنەماڵەیەکی پێشمەرگە و لە بنەماڵەیەکی ئازادیخوازی نێو ریزەکانی حدک و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتە کە بە هۆی بوونی باوکی پێشمەرگەی هیچ جۆر ئیمکاناتێکی هونەری کە بتوانێ یارمەتیدەری ئەو ئەستێرە گەشاوەیە بێ لە بەر دەست دانەبووە و تەنیا بە هیممەت و ئیرادەی برا و باوک و دایک و ئەندامانی بنەماڵەکەی گەیشتۆتە ئەو قۆناخە و ئەوەش نیشان دەدا کە ئازیتای دەنگ ئەفسووناوی چەندە خولیا و ئاشقی گۆرانی گوتنە و تەنانەت بێ ئیمکاناتی و نەبوونی سپۆنسەر و پشتیوانی ماڵییش ناتوانێ پێش بە هەنگاوە هونەرییەکانی بگرێ و بە گشتی وا دەرکەوت کە نە بێ ئیمکانات و نە بێ سپۆنسەر و نە بێ پشتیوانی ماڵیش بووە، ئەوەش دەگەرێتەوە سەر ئەوەی کە ئیمان و ئیرادە و هیممەتی پێشمەرگانەی بنەماڵەی کاک لوقمان لە لایەک و هیممەتی هاوڕێ و دۆستان و لایەنگران و دڵخۆازانی دەنگی گوڵە ئەستێرەکەی ئاسمانی هونەری گۆرانی منداڵان مافی خۆیان بە ئازیتای دلۆڤان و بێریڤان دا و ئەوەش ئەزموونێکی باشە بۆ ئازیتا و بۆ دەرەوشانەوەی زیاتری لە داهاتوو دا.
لە سەریەک سوپاسی هەموو منداڵە بەشداربووەکان دەکەم و هیوادارم کە لە داهاتووی هونەری کوردستان دا هەموویان ساحەب ڕێچکە و قوتابخانەی خۆیان بن و هیوای بەختەوەری و تەمەن درێژیان بۆ بە ئاوات دەخوازم.
جێێ خۆیەتی سوپاسێکی گەرمی پێشکەشکاران و لێژنە و بەرێوەبەران بکەم ، بە تایبەت بۆ ئەو هەموو حەوسەلە و پشوودرێژی و مشوورخۆری لیژنە لە ئاست ئەم پۆلە منداڵە چاوگەشە بەشداربووەی بەرنامەی کاناڵی پلیستانک تیڤی ، لیژنە زۆر خەمخۆرانە و بە دڵێکی کراوە و فراوان و بە بێ ئەوەی ماندوو ببن کارەکانیان بەرێوە بردن و لە قسە و گوتار و هەڵسەنگاندنەکانیان دا باری دەروونی و تەمەنی منداڵەکانیان لەبەر چاو بوو و کارێکی وایان نەکرد کە بە قسەکانیان منداڵەکان دڵئێشاو و نائومێد بکەن ، بەڵکوو بە پێچەوانە بە قسەکانیان و بە ڕێنوێنییەکانیان زیاتر منداڵەکانیان هان دەدا کە بەردەوام بن و باسی داهاتووی هونەری گەش و زێرینی ئەو منداڵانەیان دەکرد و هانایان دەدان کە درێژە بە کاری هونەری گۆرانی و موزیک بدەن.
هیوادارم کە لە داهاتوودا ئەم بەرنامەیە هەر درێژەی هەبێ و بێ کەم وکوریتر و جوانتر بەرێوە بچێ و ئەزموونی ئەم یەکەم جارە بکەن بە وانەی باشتر بەریوەبردن.
جوانترین پیرۆزبایی لە ئازیتا و بنەماڵەکەیان دەکەم و هیوادارم کە هەردەم ئاوا سەربەرز و سەرکەوتوو و شاد و دڵخۆش بن.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
٠٦ ـ ٠٢ ـ ٢٠١٨