شێعری مەڕۆ كاكە، مەڕۆ . نووسینی : ڕەسووڵ سوڵتانی

داخەكەم دیسان چەقۆی نێو ماڵی خۆم
دای لە چاو و شاپەڕ و شاباڵی خۆم
دڕوەڵان لۆمەی گوڵی نێو باخ ئەكەن
بەردی داوێن تف لە لووتكەی شاخ ئەكەن

دەسكی تەوری دی، دەگریا پیرە دار
تۆ لە خۆمی بۆچی من دەبڕی گەمار
كرمی نێوخۆمە رەگ و ریشەی بڕیم
دەفتەری ژینی بە جاری لێ دڕیم

***
ئێستە هەڵگوردیش سەری گرتۆتە تەم
پیرە شاهۆشم پەشێوە و دڵ بەخەم
دەشتی لاجان و شنۆ گشت چاوەڕێن
پۆلە پێشمەرگەم بەرەو وێ داگەڕێن
تاسەبارن بەرد و داری رێگەكان
ببنە سایە و سەنگەری پێشمەرگەكان
بۆتە كێبەركێ لە نێوان دار و بەرد
بۆتە خۆڕانان لە نێوان شاخ و هەرد
ئەم دەڵێ پێشمەرگە پێی نا سەر سەرم
ئەو دەڵێ من رۆژی رەش بۆی سەنگەرم
ئەم دەڵێ من سێبەرم بۆ رادەخست
ئەو دەڵێ لووتكەم لە حاندی دادەخست
نیشتمان ئێستاش بە تاسە و حەژمەتە
چاوەڕێیە هەڵكەوێ ئەم دەرفەتە
b_300_220_16777215_00_images_BAYANNAMA-RAGAYANDRAW_qadr_qadri1.jpgچاوەڕێن فەرماندە قادر قادری
قارەمان و سیمبولی خۆڕاگری
شاهەڵۆی لووتكەی ورە و ئازایەتی
سەرنموونەی باوەڕی كوردایەتی
رۆڵە ئازاكەی خەباتی بێبەشان
بێتەوە مەیدانێ گورج و چەك لەشان
***

كاكە گیان، تۆ وا بەلەز بۆ كۆ دەڕۆی
بەو شەوی ئەنگوستەچاوە بۆ دەڕۆی
بۆ دەگەی گاڵتە و قومار بەگیانی خۆت
كەمتیار بۆسەی لە رێ داناوە بۆت
بۆ دەڕۆی وا بێخەم و كەمتەرخەمی
بۆ وەها لەو رێوییە خاترجەمی
تۆ كە فتوای پیرە شەیتانت لە دوون
باش دەزانی دوژمنت بێ ئابڕوون
ئەو كەسەی لێی داغدارن دوژمنی
چۆن دەبێ بێ ترس و خەم بێ خەوتنی
خۆت بەكەم مەگرە و مەچۆ بەردەستی وان
دوژمنن فێڵ و دەهۆ زۆر شارەزان
جافراغایان بە فێڵێ بردە ناو
كەمتیار و گورگەمیش و تەپكەداو
تۆ مەڕۆ كەمتەرخەم و بێ ترس و باك
بۆ لەبیرت چۆتەوە سمكۆی شكاك!
بۆ دەچی ئەی پیاوی ئازا و مەرد و رەند
خوانی قاسملووت نەكردە دەرس و پەند؟
خوانی خوێن بوو بۆوی دانابوو عەجەم
چۆن لەبیرم بچنەوە من تاكوو هەم
دوژمنی من هەر تەڵەو داو دادەنێن
خۆ بە مێژووی فێڵ و پیلان رادەنێن
ئەودەمی زۆر دۆستی تۆن، ژەهرن، دژن
ترسنۆك و بێڕەوشت، میوانكوژن
كوردزمانی خۆفرۆشیش دێنە پێش
دەتخەنە نێو داوی، دەبنە گورگەمێش
تۆ كە خارابووی لە نێو كوورەی خەبات
تۆ كە دیبووت سەد كەمین و كارەسات
بۆ لە سەر خوانی مەرگ گیرسایەوە
بۆچی لەو داوانە نەپرینگایەوە؟
ئێستە من چۆن باری ئەم كۆست و خەمە
هەڵگرم بەو شیعرە لاوازەی هەمە؟
گوڵوشەم دێن زیارەتی زامت دەكەن
سوژدەیەك بۆ گۆڕی پیرۆزت دەبەن
دێن دەڵێن فەرماندە، هەر پێشمەرگەتین
تاكوو هەین رێبواری سووری رێگەتین
تۆ بنوو ئارام بە زامت زۆر سوێن
با ببەستین شەرت و پەیمانێ بە خوێن
ئاوەدانن سەنگەر و رێگەی خەبات
تا وەدی دێ رۆژی سەربەستیی وڵات

***

نیشتمان لێم مەگرە من زۆر دڵپڕم
وا بڵێسەی دێ هەناوی پڕ گڕم
زام و ژانی دڵ كە تازە و كۆنەیە
دیارە من بۆخۆممە ئەو سەركۆنەیە
وا دەڕۆم بەو رێیەدا بێ ترس و خەم
لێمگەڕێ با تۆزێ لۆمەی خۆم بكەم
چاوی شیعر و دەستەواژەم خوێندەڵێن
هەر سروودی تۆڵە، تۆڵەم بۆ دەڵێن
چونكە ئەم سووتمانە دنیاداگرە
چاری ئەو تۆفانی سووری ئاگرە
تۆڵەیە هەر تۆڵەیە حاوانەوەی
تۆڵەیە دەرمانی دامركانەوەی
رۆژی خۆی دێ هەڵدەكێشم خەنجەرم
ژەنگی سەر دوخی بە خوێنێ لابەرم
رۆژی دێ بڕازێتەوە مەیدانی شار
هەر بە تەرمی جاش و لاشی پاسدار
تا لەسەر تەرمی خیانەتكاری زۆڵ
هەڵنەپەڕم و لێنەدەم زوڕنا و دەهۆڵ
تاكوو تۆڵەی خوێنی ئاڵ نەستێنمەوە
شیعری دڵداری و ئەڤین ناخوێنمەوە

رەسووڵ سوڵتانی