سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥ ، بەشی حەوتەم

بە پێچەوانەی ئاکارە باش و خۆتێهەلنەقوتێنەرانەی ژنانی گۆی ئاغاج، ژنەکانی ناو هەوارگەکە بە ناسیاوییەک لە دەورەم کۆبوونەوە، کە تەنانەت بۆ کێوییەکیش شتێکی بێزارکەرە.

لە سەر ڕێگای سەنجود، گوندێکی کورد لە هەڵدێرێک هەڵکەوتووە کە هێندە لێژ بوو کە نزیکەی نامومکین بوو کە شوێنێکی تەخت بۆ هەڵدانی خێوەتەکەم ببینمەوە، هەندێک دیمەنی جوانی ڵێیە و لە قەدپاڵی کێوی سوریسەرت، لە خۆرهەڵاتی گەردەنی میانمەلیک، بەربڵاوترین ناوچە لە نێوان هەمەدان و ورمێ هەڵکەوتووە، دیمەنێکی بەڕاستی دڵڕفێنە. دیمەنەکە تێكەڵێک لە زەرد و سووری مەیلەو قاوەیی، لە دۆڵەکاندا سێبەری شینی مەیلەو سەوز، زنجیرە گردی قاوەیی کە بە هەوایەک لە ڕەنگی شینی درەوشاوە شکۆمەند دەبوو و تەپۆلکان بەری ئاسۆیان گرتبوو و لە ڕەنگی شیندا دەتوانەوە و لەگەڵ ئاسمان تێکەڵ دەبوون. لەم تەنیاییە مەزنەدا،وێرانە جوانەکانی قەڵای کۆشکی کەرەفتو، شوێنێک کە فەووارەکەی ئێستاش بۆ ناو حەوشە چۆلەکەیدا فیچقە دەکا، شتێکی گەلێک سەرنجڕاکێش بوو.
لە گوزەرگای میانمەلیک ڕا شۆڕبوونەوەیەکی ١٧٠٠ میترییە بەرەو گۆلی ورمێ، و سەرمای هەوا پێش ئەوەی کە بگەینە سەنجود کەمتر بۆتەوە. نزیکەی هەموو ڕێگاکە لە هەمەدانەوە زۆر بە تەنیا بووین. ئێمە نە تووشی کاروانێک بووین و نە لێیان تێپەڕ بووین و لەم مارشە حەوت کاتژمێرییەدا تووشی هیچ مرۆڤێک نەبووین. بەڵام گوندی قاوەیی لە دۆڵەکانی گردی قاوەییدا هەڵکەتوون، و ئەم وڵاتە بەربڵاوە بۆ چاندن ئامادە دەکرا. ئەوەی ڕاستیی بێ ئەم ناوچەیە ئەمباری دانەوێڵەی پارسە.
سەنجود گوندێکی هەشتا ماڵیی لە پەنای گردێکی گڵی سوور کە لەسەرووی وی گردێکی بەرزە لە قوڕی سوور. لەم وەرزەدا ناکرێ بەراوردێکی باشت لەسەر ئەم ناوچەیە هەبێ. مەڕ و بزن بێگومان لە نێوان ئەم بەردانەدا خواردنێک دەبیننەوە، بەڵام ئەو لەوەڕەی بە چاو دیارە هەمووی خوراوە. کەرتەشی و ئالیکی تر دروێنەکراون و لە گوندەکان ئەمبار کراون. زۆربەی ڕووبارەکان ویشکن و تەنیا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە حەوزن کە مەڕوماڵات پێسیان کردوون. بەفرەکانی سەرچاوەی جۆگەکانی ئاوداشتنن هەموو تواونەوە و ئەم جۆگانە یا وشکن یا گیراون. لە سەرەتای مانگی ئاپریلەوە زۆر بە دەگمەن باران باریوە و نزیکەی شەش مانگان تیشکی بەتینی هەتاوی پارس لەم خاکە چەقیوە. قەڵشتی کێڵگەکان وەک خشتی ویشک لە ژێر خۆرەتاو ڕەق بوون. گوندەکانی خاون گڵی زەرد و مەیەلەو سپی، لە سەربانەکانیان کۆگای تفاقیان لێ دانراوە و بە سەختی لە داوێنی گردەکان لێک جیا دەکرێنەوە. ڕێگاکان بە خۆڵی درەوشاوەی سپی چەند ئینچ قووڵ داپۆشراون.لە دەشتەکان مژێک لە تۆزێکی قاوەیی دەبینرێ.
ئەم ناوچە بێ باران و بە هەتاو هەڵقرچاوە بە بەفری زستانان دەژی، و بەفری زنجیرە کێوی زاگرۆس سەرنجڕاکێشترین شتەکان بۆ وەرزێڕانی خۆرئاوای پارسە. ئەگەر ناوچەکە پڕ حەشیمەتتر با، و قازانجەکانی هێزی کار مسۆگەر با، دروستکردنی خەزێنەی ئاوی بەفر کارێکی ئاسان دەبوو، و پێشگرتن بە بەفیڕۆ چوون لەوانەبوو بتوانێ خەڵک دەوڵەمەند بکا، چونکە خاکەکە، کاتێک کە ئاودێریی دەکرێ بە پیتە و هەمیشە دەکرێ پشت بە خۆرەتاو ببەستی کە کاری خۆی بکا. بەفیڕۆدانی ئاو گەلێک بەرچاوە، چونکە گەلێک زۆرتر لە نیوەی ئاوەڕۆکانی ئیمپراتورییەکە دەڕژێنە ناو کەویران و قووڵکی دیکە. ڕێژەی مامناوەندیی باران لە فەلاتی ناوەندیی بە گوێرەی نرخاندنی سیر ۆیلڤێر سەنت جان لە ساڵدا تەنیا نزیکەی ١٣ سانتیمیترە.
هاتنی من بۆ سەنجود جێگای ڕەزامەندیی نەبوو. کوێخاکە پەیامی نارد کە ئەو حازر نییە جوابی بڕیاری سەرتیپی ئاچاز بداتەوە. ئەو گوتی من دەتوانم هەرچی گیرم دەکەوێ بکڕم، بەڵام ئەو نە پێداویستییەکانم بۆ دابین دەکا و نە پاسەوانان بۆ پارێزگاریی لە منزڵگەکەم دابین دەکا. من لەمە سەرم سوڕ نەما، چونکە مسافیرێک کە نامەی فەرمیی پێیە چاوەڕوان دەکرێ کە ببێتە میوانی گوندییەکان و چاوڕوانی لێناکرێ کە پارەی هیچ شتێک بدا.
من چووم چاوم بە کوێخا کەوت، و دڵنیام کردەوە کە پارەی سەرجەم ئەو شتانە دەدەم کە پێویستم پێن و پارەی هەرکام لە پاسەوانانی شەویش دەدەم، و موشکیلەکە جێبەجێ بوو. بەشێکی زۆر لە ژنە جوانەکانی گوندەکە هاتنە دیتنم. کوێخا میوانییەکی لە ماڵی خۆی پێکهێنا و کاتێک بەیانییەکەی خوداحافیزیم لێکرد ڕاستگۆیانە گوتی، ” ئێمە زۆر خوشحاڵ بووین کە تۆ میوانمان بووی، ئێمە هیچ زەرەر و زیانێک یا ناڕاحەتییەکمان لە لایەن تۆوە بۆ نەهاتە پێش، ئێمە پێمانخۆشە کە وڵاتی ئینگلیس پارێزگارییمان لێبکا.” ئەم ڕستە بەئەدەبانە زۆر جار کەڵکی لێوەردەگیرێ.
کوردەکانی پارس کاریگەرییەکی ئەرێنییان وەک خەڵکێکی بوێر، ڕووڕاست و میوانپەروەر لەسەرم هەبووە. پیاوەکان بەئەدەب بوون بێ ئەوەی کە چاپلوس بن، و ژنەکان میهرەبان و دەم بە پێکەنینن و بە ئازادی و بێ لێچکە دێنە ناو خێوەتەکەم بێ ئەوەی کە خۆسەپێن بن.
کوێخاکە بۆ هەر شەوی هەشت پاسەوانی دەنارد و دەیگوت کە شوێنەکە گەلێک مەترسییدارە، و پێیخۆش نەبوو گوندەکەی تووشی شەرمەزاریی تاڵانکرانی بێگانەیەک لە نزیکی ئەوان بێ. بەڵام ئەو ئەوەشی زیاد کرد کە شەش پاسەوان تەنیا بۆ دڵنیایی ئەوی نێردراون، و من تەنیا پێویستە پارەی ئەو دوو کەسە بدەم کە داوام کردبوون.
سەفەرەکەم، کە بە ناو ناوچەیەکی کێوی و کەم هاتووچۆی پارس دا تێدەپەڕێ، هەروا بە خۆشی تێپەڕ دەبێ. هەوایەکە ئێستا دڵگیرە، ئەگەرچی لەم ناوچە نزمەدا کاتی نیوەڕۆیان کەمێک گەرمە.
ناوچەی نێوان سەنجود و ساین قەڵا شوێنێکی بە پیت و سەرنجڕاکێشە، بۆیە یەکشەممە لێرە ماینەوە. ڕێگاکە بەناو گوزەرگای کاوراک بە پەنای چومی قووڵی قەرەچای دا تێپەڕ دەبێ، کە لە کەناری چەپی ئەو لە شوێنێکی باریک ڕا کێوی جوانی بابەعەلی دەست پێدەکا. دۆڵێکی درێژ، پڕ لە مەزرای بە پیتی لۆکە، گوزەرگایەک بەناو کێڵگە سوورەکانی قزل قەبر، و داگەڕانێکی زۆر ئێمەی گەیاندە دەشتێکی مەزنی مەیلەو سپی کە ڕووباری جەغەتو لە سەر ڕێگای خۆی بەرەو دەریای مردووی ورمێ پێیدا تێدەپەڕێ. ناوچەیەکی بەربڵاوی بەردە لیسۆکە، داری نیوە نێژراو، و چەند کاناڵی ئاوداشتنی خیزەڵان باس لە وێرانگەر بوونی چۆمەکە دەکەن. گەردەلوولێکی تەپوتۆز کۆتایی ڕێپێوانەکەی زۆر دژوار کردین چونکە ڕێگاکەی لەناوبردبوو و زۆر جار دیتنی گوێی ئەسپەکانی نامومکین دەکرد. لە وەرزی زستان و بەهار ئەم دۆڵەی جەغەتو بەتەواوی دەکەوێتە ژێر ئاو، و بۆ هاتووچۆ کەڵک لە بەلەمان وەردەگرن. نزیکەی ١٥٠ گوند لەم ناوچەیە هەن، دانیشتووەکانی بە تەواوی کورد و تورکن، و ٢٠٠ خێوەتی کۆچبەرانی لێیە. جەغەتو لە بەر ماسییە مەزنەکانی بەناوبانگە.
کاتێک کە گەردەلوولەکە هێور بۆوە ئێمە لە ساین قەڵا نزیک ببوینەوە، قەڵایەکی وێرانە لە سەر ڕێگای چەند گردی نەوی و شارێکی ٣٠٠ ماڵیی لە دامێنی. لە لای خۆرهەڵات لە دوورەوە چیای پیرەماه دیارە، و لە نێوان ئەو و ساین‌قەڵا تەپکەیەکی سەیری لێیە، پڕ لە خۆڵەمێش، بە وتەی خەڵکەکە، گومبەزێکی بەرزی تەپیو، دیاربوو کە پاشماوەی ئاتەشکەدە، یا زیارەتگەی ئاگر بووە. ئەم شارە لە نێوەڕاستی ناوچەیەکی گەلێک بە پیت و بەرەکەت هەڵکەوتووە. مەزرا و باغی میوەکانی لانی کەم لە هەرلاوە یەک مایل (١٦٠٩ میتر) دەبێ و کاڵەکەکانی هەرزان و بەناوبانگن، ئێستا نرخی دەرزەنێک تەنیا ٦ شاییە.
ئێرە شوێنێکە کە خەریکە دەگەشێتەوە. بازاڕێکی نوێ خەریکە دروست دەکرێ کە بە جوانکاریی زۆری تەختە ڕازاوەتەوە. لە سەر ڕێگای تەورێز لە کرماشان و هەمەدانەوە، و بە ڕێگایەک بەرەو ورمێ کە جیرانی نزیکییەتی، و بە هۆی پێداویستیی کاروانانەوە ئەم شوێنە زۆر پڕ جموجۆڵە. ئێرە زۆر وەک شوێنی نیشتەجێبوونی چینییەکان لە مالێزی دەچێ، لە هەر کام لە قەراخه‌کانی جادە دوکانی لێن کە بەرهەیوانی نەوییان لەپێشن. یەکێک لە بەرچاوترین کاڵاکان ناڵی ئەسپ، ئێستر و گوێدرێژ، توربێن، گوریس و چەرمە. میوەفرۆشی زۆر، و کاڵەک لەسەر یەک کەڵەکە کراون بۆ میچی. قوماشی ڕوسی و لامپ و ئاوێنەی ئوتریشی شتێکن کە لە سەرانسەری ئەم بازاڕە دێنە بەرچاو.
شوێنی مەنزڵگەکەم لە دەرەوەی شار هەڵکەوتووە، گۆڕەپانێکی باگرەوە و پڕ تەپوتۆز. لێرە هەشت پاسەوانەکانم جێیان هێشتم، بەڵام زۆری پێنەچوو کە کوێخا پەیامی لە لایەن سەرتیپی فەرماندەی تاقمێک سەرباز و شارەکە نارد کە پاسەوانی سەربازیی پێش رۆژئاوا بوون دێن. ساین‌قەڵا لە ژێر فەرماندەیی ساوجبڵاغە و خەڵکەکەی بە شێوەیەکی سەرەکیی کوردن بە تێکەلاوێک لە تورک، کەمێک فارس، زۆربەیان کاربەدەستی حکومیی، جوولەکەیەکی ڕەنگڕێز لە گەڵ بنەماڵەکەی کە لە زۆربەی گوندەکانی سەر ئەم ڕێگایە دەبیندرێن.
چەند ڕۆژ لەمەوبەر دەرزییەکی گوڵدۆزییم دیتەوە کە لە زیلویەکەم چەقیبوو، و شانسی ئەوەم هەبوو کە نەتەنیا هەندێک دەزووی ئەستووری درومان بەڵکو ئاوریشمی گوڵدۆزی لە ساین قەڵا بکڕم و تیکەیەک قوماشی سێرژم هەیە کە کاری لەسەر بکەم و نەخشەی گوڵی کانێژە، چیتر لە کاتی حەسانەوەی نیوەڕۆیاندا بێ سەرگەرمیی نابم.
بە ڕاستیی ” سەبات بۆ مرۆڤ دروست کراوە”! جگە لە باشییە ئایینییەکانی، ژیان بە بێ ئاڵوگۆڕی کار گەلێک سەخت و یەک هەوا دەبوو. تا یازدە لە ناوجێدا، خوێندنەوە، پشووی خزمەتکارەکان، پشوویەک لە سواریی بێکۆتایی، هاتنەوە سەرخۆی بیر و لەش، هەموو ئاکامی پشوودانی یەکشەممان لەم سەفەرەیە، و بەتایبەتی دوایین یەکشەممە گەلێک ئارامبەخش بووە.