ماڵئاوا و ڕووحت شاد دایکی پێشمەرگەکان !

کۆچی دوایی ژنە ڕووسوورێکی کورد لە ناوچەی ڕەبەت! دایە ( ئامان محەممەدی ) دایکی شەهید “بایز خەندانی” خەڵکی گوندی نواوێ لە رۆژی 24.04.2018 ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
دایە ئامان ئەو ژنە ڕووسوورە کوردە ئامێزی گەرمی دایکانەی بۆ تێکڕای هاوسەنگەرانی کوڕە شەهیدەکەی دەکردەوە و بۆنی شەهید بایزی پێوە دەکردن و فرمێسکەکانی بە جامانەکانی دەسڕین.
خاتوو ئامان و خوشەویستی کادر و پێشمەرگەکانی ناوچەی ڕەبەت سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەیەکەی کەم داهات و هەژار بوون بەڵام سفرەی دڵیان لێواولێو لە خۆشەویستی ، ڕێز ، موحیببەت ، وەفا و دڵسۆزی بوو بۆ پێشمەرگەکان.
وێنە و ناوی ئەو ژنە تێکۆشەرە دەیان یادگاری و سەربردەی پیرۆزی لە ناو ڕووحی ئیمە دا زیندوو دەکاتەوە ، هیچ شک نابەم بۆ وەسفی ئەو شێرە ژنەی گوندی نواوێ.
ڕووحت شاد ، یادت بەخێر و جێگات بەهەشتی بەرین بێ و ئاوات و ئامانجی شەهید بایز و تێکڕای هاوسەنگەرانی کوڕە شەهیدەکەت بێتە دی.
دایکە ئامان گیان لە گۆریش دا دڵنیابە تیشک و ڕووناکی ڕێنوێنیەکانت ، بەرپێی تێکڕای ڕێبوارانی پیرۆزی خەباتی کوردایەتی ، کوڕان و کچەکانت رووناک دەکات و ڕووحی تۆش ئاسودە دەبێ. تۆش وەک گوڵە مێلاقەی سەر گۆرەکەت لە ناو روحی هەموو کوڕەکانت دا چوار فەسڵی ساڵ بە سەوزی دەمێنی. هاودەردی وهاوخەمی و سەرخۆشی لە بنەماڵەکەی … و تێکڕای هاوڕێ و هاوسەنگەرانی شەهید بایز دەکەم.
حەسەن غەمبار