سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٦. بەشی یەکەم

تورکمەن ٦ی ئۆکتۆبر
بەیانی هەینی زۆر زوو لەخەو هەڵستام تا دەفریای چاوپێکەوتنەکەم لەگەڵ خانمانی حاکمی ساوجبڵاغ و هەروەها وەرگرتنی نامەیەک لە حاکم بکەوم، من کەمێک پاش هەڵاتنی خۆر گەیشتمە بەر دەرگای کۆشکەکە، دروست ئەو کاتەی کە لەسەری ساغ ببوینەوە. دیوارو و دەروازەکە خەریکی تێکڕمان بوون، حەوشەکە نا ڕێکوپێک و پڕ لەشت بوو، زۆربەی شیشە پەنجەرەکانی نماکە و بورجەکان شکاو بوون، گەچەکە کڕووی پێوە بوو، نائومێدییەکی تەواو. پاسەوانە کوردەکە لە شوێنی چوونە ژوور خەوی لێکەوتبوو و پرخەی دەهات، تەنیا سەگێکی گەورە، وەفادارتر لە مرۆڤ، لەسەر هەست بوو.
حاکم هێشتا لەخەو هەڵنەستابوو، خانمەکانیش بەهەمان شێوە. نیگابانەکە گوتی هەڵستاندنی ئەوان ” تاوانێکی لەگەڵ هەڵنەکراوە”. ئەو بە شێوەیەک چاوی لێکردم وەکو وا بیری دەکردەوە کە ” تاوانێکی لەگەڵ هەڵنەکراو” ئەوەیە کە موزاحیمی سەرخەوشکاندنە نهێنییەکانی خۆی بووم. ئەوە بە پێچەوانەی نەریتی فارسانە کە خەڵکی تایبەتیی پێش ئەوەی خۆیان حەز بکەن لەخەو هەڵستێنی. من لەبەر دەرگا نیو کاتژمێر چاوڕوان بووم و بە دوودڵییەوە ئەوێم جێهێشت، و زۆر بەداخ بووم کە مەودام نەدا بە خانمەکان کە بە حەزەوە هیوایان خواستبوو چاویان بە خانمێکی ئوروپایی بکەوێ. ئەوان پەیامیان ناردبوو کە تەنیا جارێک لە ژیانیاندا یەکێکیان دیتووە!
ڕێپێوانەکە بۆ گوندی هەژاری مەحمەتاباد بە سەر گردی نەوی سەرنجڕانەکێش و بەناو دۆڵی بێ ئاوایی دابوو، کە لەلای باشووری خۆرهەڵاتەوە ئەو شوێنەی کە گوندەگەی لێیە دەشتێکی جوانی لێهەڵکەوتبوو. شوێنی خستنی بارگەکەمان لەسەر پارچە زەوییەکی نەچێندراو نزیکی چەند دارەبی و خوڕاوێک بوو. پاش ڕۆیشتنێکی چەند کاتژمێریی لە ژێر ئاسمانی درەوشاوە و خۆرەتاوی گەرمدا بەسەر خاکی زەردی سووتاو بە تیشکی خۆر، کەمێک شیناورد تەنیا لەدەوروبەری خێوەتەکەشت بێ، چاوان دەگەشێنێتەوە کە خوازیاری چاویلکەی ڕەنگییە کە دوو حەوتوو لەوەپێش لە ژێر پێی یابوویاندا (ئێستراندا) وردوخاش کرا .
خانی گوندەکە گەلێک بە ئەدەب بوو و سینییەک ترێی نایاب و شەش پاسەوانی ناردن. گامێش لە ئەندازەی جیاواز بۆ بارکێشان کەڵکیان لێوەردەگیرا. گامێش نیشانەی دڵنیایی سووک بوونی وشکەساڵین، چونکە ئەوان دەبێ ڕۆژانە سێ جار حەمام بکەن واتە لەناو ئاودا ڕاکشێن بۆ ئەوەی کە ساخڵەمی خۆیان بپارێزن و ئەگەر ئاو یا قوڕەکە بە ئەندازەی پێویست قووڵ نەبێ، کوڕان لەگەڵیاندا دەچن و بە قرۆشکان ئاویان پێدا دەکەن. لەم ناوچەیە ئەوان تەنیا بۆ بارهەڵگرتن، ئاوهێنان و شیر کەڵکیان لێوەردەگیرێ و لە گشت شوێنێک شاخی نووشتاوە، پان و دەموچاوە گەمژانە، جوان و ئارامەکەیان لەناو ئاوی چاڵی قووڵی ئاوداشتن هاتۆتە دەر. گامێش، ئەگەرچی ئەغڵەب هێندە ئارامە کە منداڵی بچکۆلە دەتوانن لێی بخوڕن بەڵام مەزاجێکی ناجێگیری هەیە و دەکرێ تا تووڕەیی مەترسیدار بورووژێنرێت. لە کوردستانی پارس، ئەگەر لە شوێنی تریش نەبێ، کەڵک لەمە وەردەگیرێت، و بەهاران کاتێک کە ئاژەڵەکان دوای حەسانەوەی زستانانە تەندروستیان باشە، شەڕە گامێش سازدەکەن کە ئەگەر سرووشتی میهرەبان، شاخی پان و نووشتاوەی پێنەدابان برینی بێ بەزەییانەیان بەردەکەوت. ٧٥
لە کاتێکدا کە لەبەر دەرگای خێوەتەکەم دانیشتبووم هەورێکی تۆزوخۆڵ لە لای جادەوە بەرەو گوندەکە هات، کە شتێکی بێ ئەندازە لەناویدا خۆی حەشار دابوو. من نۆ مانگە کالیسکەیەکم نەدیتووە، و تا جیڕەی ئاشکرای پێچکە دارەکان ڕوونیان نەکردمەوە نەمدەزانی چ شتێک خەریکی نزیک بوونەوەیە. لە ڕاستییدا هەر گوندێکی ئەم دەشتانە یەک یا چەند دانە کالیسکەی گامێشان بە پێچکی داری بێ تایەر، و ناوەندی پێچک و تەوەری بە ئەندازە و هێزی زەبەلاح هەن، کە ئەغڵەب چوار گامێش ڕایاندەکێشن. پیاوێک لە پێشەوەی کالیسکەکە دادەنیشێ و بە شولکێکی لێیدەخوڕێ، و کوڕێک ڕوو بە پشتەوە لەسەر نیری نێوان دوو گامێشی پێشەوە دادەنیشێ. ئەو ئاوازێکی بێ کۆتایی دەڵێتەوە، و ئەگەر دەست لە چڕین هەڵگرێ، گامێشەکانیش ڕادەوەستن. بۆ هەر جووتێکی زیادی (و لە دەشتی دواتر من شەش نیرم چاو پێکەوتن) کوڕێک زیاد دەبێ و ئاوازێکی دیکە.
ئەم خێوە چوارچێوەیەکی سووکی تەختەیی لەسەر بوو، کە پڕ بوو لە قامیشی گەلێک درێژ کە بۆ قایم کردنی بانی قوڕ کەڵکی لێوەردەگیرێت، چونکە لەبەر کەڵەکی ئالیک زەختێکی زۆر دەکەوێتە سەر بانەکان.
مرۆڤ وای هەست دەکرد کە لەناو جەرگی وڵاتی بەختیاری دایە نەوەک لە ڕێگای کاروان، لەبەر دژواری وەرگرتنی ڕێنوێنی ڕێگا، مەودا، ئاسایش یا شتی دیکە، هتد. شاربان هەرگیز بەم شێوە نەبووە و نێچیری گشت دەنگۆیەکە. لە نێوان ترسی ” دارخواردن” لە کاتی گەڕانەوە، و دەڵەڕاوکێی کەوتنە بەر هێرش و ئێسترەکانی تاڵان بکرێن، ژیانێکی دژوار دەباتە سەر و کاتێک، لە شوێنی وەک مەحمەتاباد، کە هیچ حەوشێکی بۆ ئاژەڵەکانی لێ نییە، سەرانسەری شەو وەخەبەرە لەبەر ئەوەی کە پێی وایە پاسەوانەکان “خراپترین تاڵانکەرن”. من پێموایە کە ئەو سەرجەم بێباوەڕیی موسڵمانان بەرامبەر بە ڕێککەوتننامە لەگەڵ ژنێکی هەیە. تا ئێستا پاسەوانەکان وەفادار و بێدەنگ بوون. من هەمیشە پێیان دەڵێم کە دوای کاتژمێر ٨ی دوای نیوەڕۆ قسان نەکەن، و تاقە جارێک موزاحیمم نەبوون، و کاتێک کە بە پێی نەریت شەوانە دوو جار لە دەوروبەری شوێنی مەنزڵگەکەمان دەگەڕێم، هەمیشە دەبینم کە بەخەبەرن و ئاگری گەورەیان کردۆتەوە.
خانی گوندەکە، پیاوێکی ژیر، دوای نیوەڕۆ کەمێک لە لام بوو. کێڵگەکانی گوندەکەی بە هیچ شێوەیەک پەینیان پێوەرنەکراوە و تەنیا دەهێندە بەر دێنێ. دارەبی لەبەر خەڵەفەکانیان دەچێندرێن، کە لە بەر پێویست بوونیەتی نەوەک بۆ سووتاندن، و گشت ڕیخ و شیاکەش بۆ چێشت لێنان و گەرم کردن کەڵکی لێوەردەگیرێ. ئەو گوتی کە گوندەکەی ساڵ لە دوای ساڵ بە هۆی بردنە سەری باج لە لایەن کاربەدەستانەوە و ڕێژەی بەرچاوی پارە بۆ کڕینەوەی ئەو شتانەی کە لەلایەن “چەتانەوە” دەدزرێ هەژارتر دەبێ. ئەوەی دواتر سکاڵایەکە کە گوندەکانی نزیکی سنووری تورک دەیدرکێنن، سنوورێک کە بە هەموو پێوانەیەک پێویستی بە “ڕاستکردنەوە” یەکی بەرچاو هەیە. خەڵک دەڵێن کە کوردەکان سنوور دەبەزێنن و ئەگەر بەرتیلیان پێنەدەن ئەوان مەڕوماڵاتیان دەبەن، بەڵام من لە ڕاستیی ئەم وتانە بە گومانم.
من بۆ ڕێپێوانێک کە بەناو چواردە مایلە بەڵام بەکردەوە بیست و چوار، لەگەڵ هەڵاتنی خۆر لەخەو هەڵستام. شاربان نە تەنیا مەودایەکەی هەڵە پێگوتم بەڵکو ئەوانی دیکەشی فێر کرد کە هەمان کار بکەن، و کاتێک کە لای نیوەڕو بەلامدا تێپەڕی گوتی کە شوێنی پشوودان دوو مایل لێرەوە دوورە، ئەو دوازدە مایلی دیکەش ڕۆیشت، خولیای ئەو تێکەڵ بوونەوە لەگەڵ ساختەچییەکان، “کاروانە مەزنەکە” بوو، کە بیستبووی کە گەیشتۆتە ورمێ. ئاکامەکەی ئەوە بوو کە من ناچار بووم دوو ڕۆژ بحەسێمەوە، و ئەو پارەی دوو ڕۆژانی گیر کەوتووە، بەڵام کاتی لەکیس چووە.
دوای هەندێک گیروگرفتی جیددی لە پەڕینەوە بەناو هەندێک بیشەڵان و ترسنۆکیی بۆی، ئێمە گەیشتینە دەشتی فرە نایابی سولدوز، شوێنێک کە یوهاننێس، بە خۆباوەڕییەکی مەزنەوە بەسەری دا سەپاندم و منی لە دوڕێیانێک بە ڕێگای هەڵەدا برد و لە جیات چوون بەرەو خۆرئاوا، چووین بەرەوە خۆرهەڵات، کە دوای چەند کاتژمێر سەفەر بە ناو زنجیرە چیا دڵڕفێنەکانی زیبار کەوتینە بەری تورکیە، کە تەنانەت لەم وەرزەشدا هەندێک شوێن بە بەفری قورسی ساڵی ڕابردوو داپۆشرابوو.
بۆ ئەوەی کە بێینەوە سەر ڕێگای کاروانان ئێمە ناچار بووین بەناو بەشێکی بەرچاو لەم دەشتە مەزنەدا بڕۆین، کە من شوێنی وەها بە پیت و پڕ حەشیمەتم لە پارس دا نەدیتبوو. ئەو، وەک تاجی نیعمەتەکانی، خاوەنی ئاوی زۆر بوو، بەڕاستی هێندە زۆر کە بەهاران دەبێتە لماو، و چاندنی بەهاران تا مانگی مای وەدوا دەکەوێ. ئەوێ خاوەنی چەندین گوندی مەزنە، کەمێک بەرز و باغی زۆر، هەندێکیان خاوەنی خانووی قایمی مەزنن کە بەسەر خانووە بچووکەکانی دیکەدا زاڵن. بەڵگەکانی سامانداریی لە گشت شوێنێک دێنە بەرچاو، دەوڵەمەندییەک کە دەبێ پارێزگاریی بکرێ، چونکە هەر شوانێک، گاوانێک، وەرزێڕێک و خاوەن گامێشێک بە چەک دەسووڕێتەوە.