کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور چۆن مامەڵەیان لە گەڵدا دەکرێ؟ هەڵمەت کارسۆنانی

کۆچ و پەناهێنەری لە ڕۆژهەڵتەوە بۆ باشوور لە چەندەها کاتی جودا جودا دا بوونی هەبوو. هەر لە ساڵانی گرانی گەورە و بچووکەوە بگرە تاوەکو جەنگە ناوخۆیی یەکانی کورد و عەجەمەکاندا هەروەها بە زەقیش لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران دا کوردانی ڕۆژهەڵات لە نیزیکەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا پەنایان بۆ باشوور هێناوە.
لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوردەکان لە کات و ساتی جودا دا هاتوونەتە باشوور و تاوەکو سەردەمی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی باشوور کوردەکان زۆرتر لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی بەعس دا بوون و هەندێکیان لە کامپی ڕومادی دەستبەسەر کران و کە ئەوەندەی ئەوکامپە لە زیندان دەچوو ئەوەندە لە کامپی ڕێز لێنراوی پەناهیندە نەدەچوو. لە کاتی دەسەڵاتدارێتی شیعەکانی عێراقدا دوای سەددام لەبەرژەوەندی ئێران کەوتنە بەر نەفرەت و پەلاماردان و ژیانیان کەوتە مەترسی یەوە هەروەها کاتی دەسەڵاتدارێتی گروپە توندڕەوەکانی وەک القاعدە و داعشیشدا لە ئەنبار ژیانی ئەمنیەتی یان بوو بە دۆزەخ و چەندەها کەسیان کوژران و چەندەهایان پەڕاگەندەی وڵاتی ئەردەن بوون و باقی زۆرینەشیان گەڕانەوە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم. لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمیشدا تاوەکو ئێستا بێ بەشن لە سەرەتایی ترین بنەماکانی مافی مرۆڤ. بێ بەشن لە دەستکەوتنێکی هەر جۆرە ناسنامەیەک و پێناسێک وەک هەویە، جنسیە، صورت القید، دفتر نفوس، پاسپۆرت…هتد
ئەوان مافی ئەوەیان نی یە کە لە دوای نیزیکەی چل ساڵ ئاوارەبوون هیچ بەڵگەیەکیان هەبێ لەوە کە وەک ئیقامەی هەمیشەیی پێیان بدرێ و لە هەموو مافێکی سەرەتایی بێ بەشن و لە بوون بە هاوڵاتی یەکی عێراقی یاخود کوردستانیش هەر بێ بەشن. ئەوان ناتوانن زەمین، خانوو، ماشێن، کۆمپانیا، دوکان یا هەرشتێکی تر بکڕن و بیکەن بە ناوی خۆیانەوە. ئەوان تەنها دەتوانن ئیقامەی یەک ساڵی کاتی یان هەبێ، بەڵام بە بێ ئەوەی کە ببێ بە هەمیشەیی هەرگیز. ئەو ئیقامە یەک ساڵی یەش دەبێ تەنها و تەنها پشتیوانی یەکێ لە حزبە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانی یەکانی یان هەبێ بۆ ئەوەی ئەو ئیقامە یەک ساڵی یەیان بۆ بکرێ، خۆ ئەگەر بێت و کەسێ ئەو پشتیوانی یەی نەبێ ئەوا ناتوانێ ئەو ئیقامە یەک ساڵی یەشی هەبێ. ئەو پەناهێنراوانە هیچ مافێ دامەزراندنیان لە باشوور نی یە و تەنانەت ئەوانەی لە وێش خوێندوویانە و هەیانە زانکۆشی تەواو کردووە، بەڵام ناتوانێ دابمەزرێ لە هیچ یەکێ لە بەڕێوەبەرێتی یەکان یاخود کۆمپانیا حکومی یەکان یاخود ئەهلیەکان.
هەندێ لەو پەناهیندە تاکو تەرانەی لە عێراق ژیاون و توانیویانە هەویە و جنسیە بەدەست بهێنن لە کوردستان حکومەتی هەرێم بەهانەیان پێ دەگرێ و دان بە بوونی ئەو بەڵگانە ناکات و دەڵێ تەزویرە.
ئەو پەناهیندانە تاوەکو ئێستا لە ژێر سێبەری حکومەتی کوردی برایاندا بە سەدەها کەسیان لێ تیرۆر کراوە و ژیانیان لە مەترسی یەکی بە هێزدایە. تاوەکو ئێستا حکومەتی جمهوری ئیسلامی چ بە کۆمەڵ چ بە تیم و چ بە تاک خەڵکی ئاوارەی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە کوردستاندا لەسەر دەستی ئیتلاعات و چەتەکانی حکومەتی جمهوری ئیسلامیدا تیرۆر کراون. زۆر لەو کوردانەی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردودا لە کوردستانی باشوور یاخود عێراق لە دایک بوون بەتایبەتی لە ڕومادی تا ئێستا بێ بەشن لەوەی خەڵکی وڵاتێک بن. نە جمهوری ئیسلامی قبوڵیان دەکا وەک ئێرانی ناسنامەیان پێ بدا نە حکومەتی عێراق یا خود کوردستان ناسنامەیان پێ دەدەن کە وەک عێراقی یا کوردستانی بناسرێن نە ئیقامەی پەنابەرێتیشیان پێ دەدەن. لەو هەموو نائومێدی یەدا کە ئاوارەکانی ڕۆژهەڵات لە کوردستان هەیانە وایکردووە کە هەندێکیان پەنا ببەنە بەر چونە دەرەوە بۆ هەندەران و لە ڕێگای قاچاغەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتێک کە ئەمنیەت و حورمەتی ئینسانی یان پارێزراو بێ، کەچی لە زۆر وڵاتانی وەک ئەوروپاش بۆ نموونە توشی نائومێدی دەبنەوە بەوەی کە باوەڕیان پێ ناکەن کە بێ ناسنامەو بێ وڵات بن، ئەمەش وادەکا کە ئەو پەناهێنراوانە توشی بێ بەشی و بێ حورمەتی ئینسانی ببن لە هەموو جیهان.
هەڵمەت کارسۆنانی