لە پەراوێزی جەولەکاندا. نووسینی: ئەحمەد حوسێنی

لە ژیانی پێشمەرگایەتی دا کە لە نێو خەڵکی خۆت دا دەگەڕای و سەرقاڵی تێکۆشانی بەردەوام بووی، زۆر ڕوداوی سەیر و قسەی خۆش و شتی لەو بابەتانە دەهاتنە پێش ، ناکرێ هەموو بیرەوەریەکان هەر لە گێڕانەوەی شەڕەکاندا خۆلاسە بکرێتەوە ، بەڵکو لە ناوەخنی ئەو خەباتە سەختە دا جار و بار قسە و بە سەر هاتی خۆشیش دەهاتنە گۆڕێ ، بۆ ئەوەی ون نەبن گێڕانەوەیان خراپ نیە
————————————————–

لە مەزراکانی سۆڵە و ئیساقاوای بناری چلچەمە بەرە و لوتکەی شانشین سەر دەکەوتین، دەبوو ئاخر نەفەر و لە دوای بەشی تەداروکاتەوە کەسێک بە بێسیمەوە هەبێ ، هەر شتێک ڕویدابایە بە بێسیم پێشەوە ئاگادار بکاتەوە ،لکێک پێشمەرگەی هێزی پێشەوا و بەرپرسانی ناوەندی ئاژوانیشمان لە گەڵ دابوون

هێسر و بار و تەداروکات لە دوای سەفی پێشمەرگەکانەوە بوون ، پێشمەرگەکانی هێزی پێشەواش وڵاخێکیان پێ بوو ،کاتێک حەرەکەتمان کردچەند پێشمەرگەیەکی قۆشمە و جەفەنگبازیان لە گەڵ بوو، چووبون شەڕواڵێکی دوو لنگە(گەرم کون) یان لە هەر دوو لاقی هێسرەکە هەڵ کێشابوو، وڵاخی فەقیر نەیدەتوانی بە ئیشتیای خۆی لاق هەڵێنێتەوە و مە جبوور دەبوو بە ئەندازەی تەنگە بەری شەڕواڵەکە لاقی بجووڵێنێت

لە پێشەوە هەر بێسیم یان بۆ ئەکردم کاکە زوو کە، دەنگیان دە با زوو بێنە سەرەوە . سەفی پێشمەرگەکان مەودای زۆری لە گەڵ تەداروکات پەیدا کردبوو یەک باریکە ڕێگە هەبوو ، سەرە و ژووریەکی زۆر کووڕ بوو ،ئەو هێسرە دولنگەیان لە پێ کردبوو خستبوویانە پێش بارەکانی دیکە و هەموو دەبوو بە هەوای ئەو بڕۆن ،زوو زوو بێسیمان ئەکرد وەرن بەڕیوە بۆ نایەن، مەجبور وتم کاکە دوو لنگەیەکی تەنگیان لە قاچی هێسرەکە هەڵکێشاوە ، ناتوانێ بڕوا و وڵامیش نادەنەوە لە پای داناکەنن،
هەر چۆنێک بوو بە چەرمەسەریەکی زۆرەوە زیاتر لە سەعاتێک درەنگتر لە کاتی خۆمان و لە دوای هاوڕێکانمان گەیشتینە سەر شاخ، بڕێکیان سەر کۆنەی ئەو چەند پێشمەرگە کرد کە ئەو کارەیان کردبوو ، بەڵام فایدەی نەبوو

بۆ بەیانیەکەی یارمەتی مانگانەیان دابەش دەکرد بەر پرسی بەشی ماڵی چوو یارمەتی بداتە پێشمەرگەکان، ئەونەی نەبرد قرمە و قاڵ پەیدا بوو لە نێوان بەرپرسی ماڵی و پێشمەرگەکانی ئەو لکەی لە گەڵمان بوون، بەشی ماڵیەکە بە تووڕەییەوە گەڕایەوە لای بەرپرسەکەی ، وتی کاکە توشی گێچەڵ بووم لە گەڵ ئەو لکە پێشمەرگە ، بۆ ؟ ئەڵێن ئێمە هەقی ئەندامەتی نادەین بە حیزب ،نابێ لێمان بگێڕنەوە، ئێمە لە مەئموریەت داین، گەر وابێ نامانەوێ ، و نگابانیش نادەین، نازانم چیان لە گەڵ بکەم
بەرپرسەکەدای بە ڕانی خۆی دا و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشاو وتی ،ئاااای!
بریا هەر لە دوورەوە ناوم بژنەفتایەن و لە نزیکەوە نەم دیبایەن
—————————————–
لە ناوچەی تێکۆشانی خۆمان بوین(سەقز) دوو کەس لە هاوڕێیانی کادر(ع.ک ) و (مامۆستا . ز) چەند جارێک پێشنیاریان کرد،دوو نەفەری ڕێگەیان پێ بدرێ لە مەڵبەند و هێز جیا ببنەوە و بچن بۆ کاری تەشکیلاتی، جاری وابوو هەل و مەرج زۆر لە بار نەبوو ، نە دەکرا هەمیشە تیم بەڕێ بکرێ ، بەڵام ئیسراریان دەکرد و ئێمەش وتمان با بڕۆن کێشە نیە بە خۆشیەوە هەر دوکیان لە ژیاندا ماون

دوو کەسی خۆیان ئامادە کرد و بەرەو ناوچە ی سەر شیو و خوڕخوڕە ڕۆشتن، ماویەکی زۆریان پێ نەچوو هاتنە سەر خەت، لێمان پرسین لە کوێن ؟ چاوەڕوانیمان وا بوو لە قوڵایی و لە شوێنی دوور بن، دەر کەوت تەنیا یەک مەنزڵ دوورن و وتیان سبەی دێینەوە لاتان، بۆ سبەی لە دوورەوە دەرکەوتن ، ڕاونیمان فاسیلەیان زۆرە پێکەوە، لە گەڵ کاک حەسەنی میری بەشی تەداروکاتی مەڵبەند دانیشتبوین ، میری پرسی چۆنی بۆ دەچی ؟ وادیارە زۆر ڕێک نین، وتم چووزانی؟ وتی بە خوا وای لێ حاڵیم،

بەخێر هاتنمان کردنەوە و ئەو ڕۆژە شتێکی ئەو تۆمان لێ نەپرسین و کەوتینە سۆزی دەبوو ڕاپۆرتی کاری خۆیان بدەن و ئاگادارمان کەن چیان کردوە و دەنگ و باسی ئەو شوێنانەی گەڕاون چۆنە؟

چمەس کە لە ناوچە بوون لە موچە و مەزرای ئاواییەک دەمێننەوە (ع.ک) لە خاوەن مووچەکە خەبەری دەس دەکەوێ کە لە ئاوایی کرێکار و بەنای لێن خەریکی دروست کردنی مەدرەسەن، ئەو خەبەرە بە هاوڕێ کەی ناڵێ ،

خاوەن مووچە ئێوارە دەڕواتەوە بۆ ئاوایی و ئەوانیش کە هەوا تاریک دادێ دەیانەوەێ بەدرەنگەوە بچنە گوند، لە بەر ئەوەی تەنیا دوو کەس بوون نەیان ویستوە بە ڕۆشنی هەموو کەس بیان بینێ و ڕادەیان بزانێ، بە دوربین دەڕوانن شوێنێک لە ئاوایی قەرەبالغ دیارە ، (ع. ک) دەزانێ چ خەبەرەو وەستا وکرێکارەکانن ، مەدرەسە دروست دەکەن ،هیچ ناڵێ، (مامۆستا .ز) ئەڵێ باوەڕ ئەکەی پاسداری لێیە با نەچینە ئاوایی تووش دەبین،

ئەویش ئەڵێ هیچ نیە ، مەترسە خۆم لە پێشەوە ئەڕۆم خەمت نەبێ پاسداریشی لێ بێ دەریان ئەپەڕینم لە کاتی پێشکەش کردنی ڕاپۆرتی کارەکەیان (م، ز) ڕەخنەی لە(ع ،ک)گرت وتی سەرە ڕۆیە ، سڵ لە هیچ ناکات ، ئیحتیات نازانێ، کاتی چوونە ئاوایی سەرەڕۆیی کردوە

ع، ک، لێی هاتە جواب وتی ، ترسەنۆکە ، بە کەڵکی تیم و شتی وانایە، بڕێکمان دامرکاندنەوە ، ئەمجار باسی ئەندام گیری هاتە پێش و ( ع،ک) وتی هەموو ئەندام گیری هەر خۆم کردومە، چەندین کەسم سازمان داوە، و ئەو هیچ کەسی پێ سازمان نەدراوە ،(م، ز) کەوتە دیفاع کردن لە خۆی و وتی، ڕاست ناکات، تەنیا یەک کەسی کردوە بە ئەندام، ئەویش شێتە،! وتمان چۆن شێتە؟ وتی، بەو ناو نیشانە ! دۆخینی پاتۆڵەکەی لە پشتەوە ئەبەستێ
——————————————

لە ڕێکەوتی ( 12,8,1369) پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندی حیزب بەڕێوەچوو، لەو کۆبونەوەدا ، ڕاپۆرتی کارکردی تێکۆشانی ساڵ لە لایەن هەموو ئۆرگانەکانی حیزبیەوە بە هۆی بەرپرسەکانیانەوە پێشکەش بە پلۆنۆم دەکرا و هەڵسەنگاندن لە کۆی بوارەکاندا لە لە لایەن بەشدار بوانەوە دەکرا ، خاڵی ئەرێنی و نەرێنی هەر ئۆرگانێک دەخرایە ڕوو،
کاک مەحموودی دەشتی هێژا ئەو ساڵە بەر پرسی کۆمیتەی ڕەبەت بوو، پێشمەرگەیەکیان کچێکی خۆش دەوێ و بۆی داوا دەکەن و قەرار دەدەن بیدەنێ ،پێش ئەوەی ڕێ و ڕەسمی مارە بڕین و شتی لەو بابەتە بەڕێوە بچێ نزکایەتی لە گەڵ یەکتر دەکەن ،خەبەرەکە بڕێک گلەیی و گازندەی دروست کردوبوو.
دوای پێشکەش کردنی ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕەبەت لە لایەن کاک مەحموود دەشتی ،کاک دوکتور سەعید لە کاک مەحموودی پرسی مەسەلەی ئەو پێشمەرگە چۆن بوە پێش بە جێهێنانی ڕەسم و ڕسوم چوەتە لای ئەو کچە؟
کاک مەحموود سەری هەڵبڕی و بە لە سەرە خۆیی هاتە جواب و وتی بنکەکانمان تۆپ بارانێکی قورسیان لە سەر بوو، هەموومان سەرمان قاڵ بوو ،ژێر زەمینیەکمان هەبوو ،ئەویش لەو فرسەتە کەڵکی وەر گرتبوو چبوونە ئەو ژێر زەمینە ، کاری خۆی کردبوو،، هەموومان دەسمان کرد بە پێکەنین، وڵامەکەی جۆرێک بوو ئیتر پرسیاری دیکەی هەڵنەگرت.