مانگی ڕەمەزان و کولیچەکانی دایکم. نووسینی شلێر حەسەنپوور
کاتێ لە مانگی رەمەزان نێزیک دەبووینەوە دایکم دەستی دەکرد بە کولیچە کردن، ھەموو ٢٧ی مانگی رەمەزانانیش کۆلیچەی دەکردن و دەیبەشینەوە. وەک خۆی دەیگوت بۆ ئاسوودەیی روحی” دایک و بابم تا ماوم بەدەستی خۆم خێریان بۆ دەکەم”.
دیارە ئەو خێر و بەخشینەوە ھەر کولیچە نەبوو بەڵکوو ھەموو خواردنێکی تەڕ و ویشک و تەنانەت حاجەتی ماڵێشی دەگرتەوە.
دایکم ژنێکی دیندارو دڵسەخاوەت بوو، کاتێ نانی تەندووری دەکرد بۆ ھەموو جیرانەکانی دەناردو دەیگوت: نانی گەرم بۆنی تایبەتی ھەیە ئەگەر بۆ جیرانەکانمی نەنێرم گوناحبار دەبم.
ئەوجا ئەگەر کولیچەی کردبایەن ھەر ئیسراحەتی لێ ھەڵدەگیرا چونکوو کولیچەی بۆ ھەموو خزم و ئاشنا و دەرو جیرانان دەنارد، بۆیە کاتێ کولیچەی دەکردن دووسێ رۆژ پێش بیرو فکری ئارد دابێژتن و ئامادە کردنی پەڕەمێزو گاز و تاوەو کاسەو کەوڵ بوو.
لەو نێوەش دا ئەمن وەک پەیکێک دەبوو ھەر لە ھاتووچۆ دابم.
لە بەر ئەوەی ماڵەکەمان دوو نۆھۆم بوو بۆ ھێنانی حاجەتێک دەبوو ھەرجارەێ دوازدە پلیکان چوبایەمە خوار و ھاتبایەمەوە سەرێ. ئەوجار باسی ئەوەش ناکەم کە لە رۆژێدا چەند جار لە بەر کەم ھۆشی یا بەدشانسی لە پلەی دووھەم تا ئاخرین پلیکان غلۆر دەبوومەوە یا لەکاتی سەرکەوتن و پەلە کردن بەتایبەت لە کاتی چاو لێکردنی فیلم یا بەرنامەی منداڵان چەندسەد جار لوولاک و ئەژنۆم بە لێواری پلیکانەکان دا کەوتوەو ڕەش و شین بوونەوە و لە نەھایەت دا بەوسەرو خوار کردنە چەندە بێزار دەبووم.
ماڵی مامم لە تەبەقەی خوارەوەی ماڵی ئێمە دا بوون، زۆر جار ئامۆژنم دەیگوت تەقەی لاقەکانت دەناسمەوە کاتێ بەپەلە و بەھەڵاتن لە پلیکانەکان دێیەخوار و بەپێکەنین دیگوت ئەتۆ ھەمیشە بەپەلەیی و ھەر ھەڵدێی بۆیەش ھێندە بەردەبیەوە.
منیش دەمگوت ئامووژن جا چاک نییە ئێوە لە حەساری ئێمەدا دەژین ئەگەر ئەتۆ لێرە نەبایەی ئەمن دەمردم، چۆن بەحەق ئەگەر ئەو یارمەتی دایکمی نەدابایە ھەم من و ھەم دایکم بەو ھەموو میوان و ھاتووچۆیە ھیلاک دەبووین.
ئامۆژنم تابڵێی ژنێکی سادە و پاک بوو، دایکم و ئامۆژنم وەک دوو خوشک وابوون و بەبێ یەکتر نانیان نەدەخوارد.
ئامۆژن بۆ ھەموو بەرنامەرێژی و ئامادەکاریەکان وەک دانانی خەیارشۆر، ترشیات و دروست کردنی مرەبا ھتد لە کاتی ھاوین و پاییز دا ھاوکاری دایکمی دەکرد.
ئەو ژنێکی تا بڵێی رووخۆش و قالب سووک و ئازا بوو.
بە سەرمای زستان و گەرمای ھاوینێ لە بەرەبەیانی ڕا کە ھەڵدەستا تا شەوێ پشووی نەدەداو بەشێک لەو کارانەی دەکەوتنە سەرشانی منیش ئەو ڕایدەپەڕاندن.
بۆ کاری ھەرەوەزیش ئەوە ھەر باسی ناکەم کە چەندە قالبسووک بوو.
لە رەمەزانان دا و لە کاتی نان کردن، دایکم و ئامۆژنم ئیسراحەتیان لە ھەمووان تێک دەدا بەتەقەتەق و دەنگەدەنگی کاسە و کەوڵ.
ئەوان پێش پارشیو کردن دەستیان دەکرد بە ھەویر شێلان و لەگەڵ دەنگی بانگی بەیانی وەخۆدەکەوتن.
ئەوجار دەنگی پەڕەمێز و دەی پەمی دە و دەرزی دە دوو گەرک ئەولاتر دەبیسترا.
بابم کە بەدەنگی سرتەش خەبەری دەبۆوە تووڕە دەبوو دەیگوت ” ھەی قالب و ساغ نەبێ ناھێڵن تاوێک بنووینەوە”
لەولاوە دایکم لە وەڵام دا دەیگوت:
ئەدی بۆخۆت ئیسراحەت دەکەی و ئێمەش ئەگەر ئێستا بە فێنکی دەستپێنەکەین دەکەوینە گرمای نێوەڕۆو بەزمانی بەڕۆژوو دەمرین، ئەو ھەویر و نانەش ھەموو خەرادەبێ.
ئێستا کە ئەو دێڕانە دەنووسم سیمای ماندوو، بەڵام پڕ لە مێھرەبانی دایکم و باجە ئایشێ و ئامۆژنم لەپێش چاوە.
ھەر تاریک بوو کاتێ دایکم دەچوو سەر تەندوور و دۆشەگەڵە رەشە چکۆڵەکانی کە بەدەستی خۆی بە تەقەڵی گەورە تەریبی دابوون ڕایدەخستن و بۆ ئەوی چاوەدێری بە سەر ھاتوچۆی ھەمووان داھەبێ بەرامبەر بە دەرگای حەساری ماڵێ دادەنیشت و لەگەڵ باجە ئایشێ دەستی دەکرد بە ئەنگوتک گرتن.
لەسەرخۆ یەک بە یەکی ئەنگوتکەکانیان دەگرتن و دواتر پارچە تەڕە سپیە خامەکانیان بەسەر دا ھەڵدەکێشان.
ئیدی ھەر لەو کاتەوە کە باجە ئایشێ دەھات شۆخی و گاڵتە و گەپیان دەست پێ دەکرد، ئەمنیش کە حەزم لەو بەزمە بوو لەسەر تەندوورێ لەتەنیشتیان دادەنیشتم.
زۆر جار باجە ئایشە دیبزواندم و پرسیاری لێدەکردم منیش بە سادەی منداڵانەی خۆم وەڵامم دەدایەوە ئەوانیش بەوەڵامەکانی من قاقا پێدەکەنین.
بەراستی ئەو کات نەمدەزانی بۆچی بە قسە کردن و بۆچوونە سادەکانی من پێدەکەنین.
ئەوان شتی سەیریان لێ دەپرسیم و ئەمنیش بەجیددی و باوەڕ وەڵامم دەدانەوە.
باجە ئایشێ کە ژنێکی شۆخیبازی گەڕەکەکەمان بوو لێدەپرسیم ئەگەر گەورەبووی دەبی بەچی منیش دەمکوت: دەبم بە مامۆستا و قەت بە قوتابیەکانم ناڵێم لە ماڵێ تەکالیفان بنووسنەوە.
وەک دایکم دەگێڕایەوە، جارێکیان کە پۆلی یەکەمی سەرەتای بووم دادەنیشم و ھەموو دەفتەرەکەم دەنووسمەوە و کاتێک دایکم لێم دەپرسێ ئەوە ھەر تەواو نەبووی من لە وەڵام دا دەڵێم:
ئەمن ئەورۆ ھەموو کتێبەکە دەنووسمەوەو خۆم خەڵاس دەکەم بۆ ئەوەی کاتی یاری کردنم ھەبێ.
ھەر ئەوە لەنێو بنەماڵەی ئێمە دا وەک جۆکی لێھاتبوو ھەمووان دەیانگوت وەک شلێر دەکەین و بەیکجاری خۆمان خەڵاس دەکەین.
ھەر بۆیەش باجە ئایشێ پرسیاری لێدەکردم کە چۆن دەستم بە مەدرەسە کردوە چۆن دەرسم نووسیونەوە و ئینجا بە وەڵامەکانم پێدەکەنی.
منیش بەرامبەر بە ئامۆژنم دادەنیشتم ھەر چاوم لە دەستی دەکرد کە چۆن پەڕەمێزەکەی دادەگیرساندو یەک بەیەک کولیچەکانی بەدەستی دەتەکاندن و لە تاوە ڕەشە گەورە پڕ لە رۆنەکەدا ھەڵیدەسووڕاندن.
ئیتر دەنگی قرچە قرچی ڕۆن و بۆنی کولیچە ئەوسەر ئەوسەری کۆڵانی دادەگرت، ھەر بۆیە دوانیوەڕۆ کە لە کولیچە کردن دەبۆونەوە من و نەسرین (کچی خاڵم) کە زۆربەی کاتەکان لە ماڵی ئێمە بوو یەک یەک و دوو دوو دەستە کولیچەکانمان بۆ جیرانەکان و خزمان دەبردن.
کاتێک ھیلاک و بێتاقەت دەبووم و گلەییم لە دایکم دەکرد و دەمگوت ناچم بەناچار خۆی چارشێوە پنۆک پنۆکە سپی و ڕەشەکەی لە ملی دەھاڵاند و دەستەوارە کولیچەکانی لەبن ھەنگڵی دەگرتن و بە تووڕەیی دەیگوت: رۆڵە ئەتۆ بۆ ئەو خێرە بەنەسیبی خۆت ناکەی؟
زۆر چاک لە بیرم نییە چ ساڵێک بوو بەڵام دەزانم مانگی ڕەمەزان بوو، کە دایە داوای لێ کردم کولیچە بۆ ماڵێکی جیرانمان ببەم کە تازە ھاتبوونە گەڕەکێ.
ماڵی ئێمە لە سەردەشت ئاوا ھەڵکەوتووە کە لە دوو لاوە ئازادە بەڵام لایەکی بە ماڵی مامەوە نووساوە و لایەکەی تری بە ماڵی کاک ناسر جەنگدووست, وە نووساوە دیارە چۆن ماڵی ئێمە و ماڵی مامم وەک بەشە میرات وەبەر بابم و مامم، ( حاجی برایم ) کەوتوە، ماڵێ کاک ناسریش ھەر بەو شێوەیە لە نێوان کچ و کوڕەکان دا دابەش کراوە و دەستەیەک لە خانووبەرەکە کاک ناسر و خێزان و منداڵەکانی تێدا دەژیان و دەستەکەی دیکە کە وەبەر کچەکان کەوتبوو بەکرێ دەدراو ھەر جارە ماڵێکی بۆ دەھات.
ھەرچەندە دەرگای ھاتووچۆی ئەوان بە کۆڵانی لای بانکی سادرات یا وەک قەدیم دەیانگووت کۆڵانی ئەسحابە دا بوو بەڵام لەبەر ئەوەی دیوار بە دیوار بووین گوێمان لە ھەموو دەنگ و ھاتوچۆی یەکتر دەبوو.
دایکم بە ھاتنی جێرانە تازەکەمان گەلێ دڵخۆش بوو و دەیگوت: رەبێ بەخێربێن گەڕەکیان ئاوەدان کردۆتەوە، لەوەتا ئەو جیرانەمان ھاتووە بە دەنگی سڵاوەت و قورئانی پیرۆز حەساومەوە، دواییش دەستی دەکرد بە گلەیەیان و دەیگوت بەناشکوری ناڵێم لە ماڵێ ئەو منداڵانەی من قەت جارێک نەوارێکی بەدڵی من دانانێن.
ئەوەش زیاد کەم کە دایکم، جیا لە دەنگی قورئان حەزی زۆر لە دەنگی ئۆمەر دزەیی و مەزھەر خالقی بوو. بەڵام وەک کوتم دەنگی قورئانی زیاتر بەدڵ بوو. ھەربۆیەش پێداگری دەکرد کە دەبێ کولیچە بۆئەو ماڵە بنێرێ.
ئەوڕۆژە دایکم وەک عادەتی ھەمیشەیی گوتی:
دەبێ بچی کولیچە بۆ ئەو ماڵە جیرانە تازەمان ببەی.
ھەر چی گوتم دایە گیان ماڵێ کاک ناسر لە ورمێ،ن و ئەو ماڵەش ناناسین بێسوود بوو و دەیگوت رۆڵە دیوار بە دیوارین و بۆنیان بۆ چووە نەفس چی بەناسین داوە، ھەر لەبەردەگایی کولیچەکانیان دەیەو وەگەڕێ.
لەبەر ئەوەی ئێوارە بوو نەموێرا بەتەنێ بچم و بە ئامۆژنم کوت لەگەڵم بێ ئەو ژنە فەقیرەش لە بەر رێزێک کە بۆ دایکمی ھەبوو لەچکەی لەملی گرێدا و وەپێشم کەوت.
بۆ ئەوەی کۆڵانی سەرچاوێ کە مەیدانی سەرەکی و ناوەندی شار بوو نەگرینەوە کە نەکا خواینەکردە کەسێک ببینێ کە بەو ئێوارە لە دەرەوەین بە کۆڵانی بانکی سادرات دا نەچووین بەڵکوو بە لای پشتەوەدا واتە بە کۆڵانی ماڵێ عەبەی مەلەکێ یا ماڵێ میرزا فەتاح فەتاحی دا چووین کە کوڵانی چاکە چکۆلەشیان پێ دەگوت.
ئامۆژنم دووربەدوور ڕاوەستا و گوتی دەی ئەوە من لێرە رادەوەستم تۆش بچۆ.
لە دەرگای ماڵی کاک ناسر نێزیک بوومەوە و لە دەرگام دا و ماوەیەک چاوەڕوان بووم کەس نەھات.
دووبارە لە دەرگام دایەوە، زۆری پێ نەچوو گوێم لە دەنگی پێی کەسێک بوو کە بەرەو دەرگایەکە دەھات.
کەمێک خۆم کۆ کردەوە و لە خەیاڵم دا خاتوونێکی رووخۆش دەرگای کردەوە دەنگی کێشانی قفڵی دەرگا خەیاڵی پچڕاندم، دەرگا کرایەوە و پیاوێک بە کەواو پانتۆڵێکی ڕەشی مرادخانی کوردی و ڕیشێکی درێژی ڕەشی تێکھاڵاو بە سەرو جەمەدانەوە کە وێ دەچوو ٤٢ یا ٤٥ ساڵە بێ لەبەر دەمم راوەستا و گوتی فەرموو دایکی دایکم چیت دەوێ.
ئەمن کە چاوەڕێ بووم خاتوونێک دەرگام لێ بکاتەوە کەمێک دەست و پێی خۆمم وەن کردن و بە شێواوی سڵاوێکم کرد و کوتم ئەوە کولیچەی تازەن دایکم بۆی ناردوون، کولیچەکانم دانە دەستی کابرا و بەپەڵە رویشتم بۆ لای ئامۆژنم.
نازانم چیم گوت بەڵام لەبیرمە ئەو پیاوە بە جێگای وشەی سوپاس گوتی( ڕەحمتی خوای لێ بێ و خوا بەخێری بنووسی ) لە شێوەی قسە کردنەکەی ڕا زانیم کە خەڵکی باشووری کوردستانە. بە ئامۆژنم گوت ئەوە وەک فەقێ قسەی کردن.
ئامۆژنم گوتی گوێم لێبوو بەڵام فەقێ لە خانووی خانەقایەدان ئەوانە نابێ فەقێ بن.
لە ڕێگای ماڵێ دا ھەر بیرم لە شێوەی قسە کردنی ئەو پیاوە دەکردەوە و بۆم بوو بە پرسیار کە ئەوە کێ بوو؟؟
بە ئامۆژنم گوت لەوانەیە مەلای مزگەوتی گەڕەکی سەرچاوێ بێ، ئامۆژنم پێکەنی و لە وەڵام دا گوتی: نانا لە مەلا نەدەچوو، مەلا مەندیلی سپی لەسەر دەکەن ئەو کابرایە جەمەدانەی لەسەر بوو.
کە گەیشتینەوە ماڵێ لە لەگەڵ ئامۆژنم، دایکم ھەر لە حەسارێ بوو.
– گوتی: ھاتیەوە؟
– چاکت کردوە ھاجەر،ت لەگەڵ خۆت بردوە.
– دوایی پرسی گوتی لەوێ بوون:
گوتم: بەڵێ
پیاوێکی ریش درێژی ئیسلامی دەرگای کردەوە.
کە ئەوم گوت، دایکم کەمێک ڕاما و چاوێکی لە ئامۆژنم کرد بۆ ئەوەی بزانێ ئامۆژنم قسەکەم پشتڕاست دەکاتەوە.
ئامۆژنم گوتی بەخوای براژن پیاوێکی ڕیشدرێژە دەرگای لێکردەوە.
دایکم کەمێک مات بوو و دوای گوتی کچێ ئەگەر چووینەوە سەرێ نەکا باس بکەی کە نان و کولیچەت بۆ ئەو ماڵەی بردوون.
بەخوڵای عەلی بزانێ فەقێن یا مەلان لەگەڵم بەشەڕ دێ
سی ڕۆژی مانگی رەمەزان ئەوان بانگیان دا و سڵاوەتیان لێ دان و دایکم و ئامۆژنیشم لە حەسارێ دادەنیشتن و چاویان لە ئەستێرانەوە بڕی و لەگەڵ وان سڵاوەتیان لێدەدان.
ڕەمەزان و شەشەکان ڕویشتن و دەنگی سەڵا و بانگیش لە ماڵێ جیرانێ بڕا.
جار جارە دەنگی عەی و عۆیەک دەھات کە بەڕاستی نازانم زکریان دەکرد یا شتی دیکە.
ئەوجار لە جێگای دەنگی قوڕئانی پیرۆز دەنگی گۆزەکوتان و گۆرانی سیت فاتیمە و سۆیبەباڵابەرز تا کۆڵانێ ئەو بەری دەھات. ئەوجار من و کچێکی جیرانمام ھەر لە حەسارێ بە دەنگی گۆزە کوتان و سۆیبە باڵابەرز سێپێیمان دەگرت دەورادەوری حەسار چۆپیمان دەکێشا.
تا ڕۆژێک کە لە سەر سفرە دانیشتبووین و نانی نیوەڕۆمان دەخوارد، بابم گوتی: دەزانن ئەو ماڵەی جیرانمان بۆتە بنکەی ئیسلامی؟؟
ئەوڕۆ کە بە ھەڵکەوت بە کۆڵانێ دا چوومە خوار دیتم تابڵۆیان لەسەر دەرگای داوە و نووسراوە “بنکەی برادەرانی ئیسلامی …. وەک دەڵێن خواردنیان لە پادگانی ڕا بۆ دەچێ.
بابم گوتی بەفەخری عالەم مادام جیرەخۆری مەلایانن لێیان دڵنیا نیم و لە بەرخۆیە گوتی: حکومەتی مەلایان نانی بە خۆرایی نادن بەکەس، ھەر خوا دەزانێ ئێستا کە دانەخۆرەیان دەکەن دوایی بۆ چ ئامانجێک بەکاریان دێنن.
کاتێ دایکم گوێی لەوبوو بانگی کردمە ئاشپەزخانەکەو، گوتی:
کچێ نەچی لە لای بابت باس بکەی و بڵێی کولێچەم بۆ بردوون بەخوای عەلی ئابڕووم دەبا، لە دنیایە دا رەقی لەو ئیسلامیانەیە.
گوتم نا دایە خۆ منداڵ نییم ھێندە ئەوەم پێ دەڵێی.
یادی بەخێر ھەر جارە کە دەمویست ئەزیەتی بکەم دەمگوت وەڵا بەبابم دەڵێم ھەر جارێ و دوو دەستەوارە نان و کولچیەت بۆ ئەو ئیسلامیانە ناردووە.
ئەویش پێدەکەنی و دەیگوت وەڵا دمت دەبڕم.
یاد و بیرەوەریەکانتان لە دڵ و دەروونم دا زیندوون.
تێبینی: وێنەی کولیچەکان لە دیواری کاک برایم عەزیزی وەرگیراوە