ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٣٠)

دوایین وتە و کۆتایی
“ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات” لە کۆمەڵێک ڕوانگە و تێفکرین، سیاسەت، هەڵوێست و ڕەفتاری سیاسیی پێک هاتوون کە بۆ بزووتنەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە پێناسە. بوونەتە نۆڕم و باهای خەباتێکی نەتەوەیی و شوناسخوازانە کە خەڵکی کوردستان بە دەیان ساڵە وەک بەشێکی هەرە ئەساسی لە کلتووری سیاسی بزووتنەوە گشتییەکە بە متمانەوە وەریگرتووە کە ئەمە بۆ حیزبی دێموکرات سەرمایەیەکی بەنرخە.
لە پاراستن و درێژەپێدانی ئەم ڕێبازەدا بە دەیان هەزاران کەس گیانیانبەخت کردوە و بە هەزارانی کەسیش تەمەنیان لێ پێناودا داناو و هەزاران کەسی دیکەش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کوێرەوەریان کێشاوە و هەزینەیان داوە. بەڵام ئەوەی لە هەمووی گرینگترە، ڕۆڵی سەرەکیی کەسانێکە کە دوای شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی وەک کەسانی یەکەمی ئەم حیزبە، لە دژوارترین قۆناغەکانی خەبات دا نەتەنیا بەم ڕێچکەیەدا ڕۆیشتوون، بەڵکوو لە زیندوڕاگرتنی ئەم ڕێبازە و دەوڵەمەندکردنیدا ڕۆڵی ئەساسیان گێڕاوە، کە جێی خۆیەتی بە پێزانینەوە، ڕێزیان لێ بگیردرێ.
ئێستا کە ٣٠ ساڵ بە سەر تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو و ٧٤ ساڵ بە سەر تەمەنی حیزبی دێموکراتدا تێدەپەڕێ، ئەم حیزبە هەر جێی هیوا و هومێدی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و سەرمایەیەکی پڕ لە ئەزموون و خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەند لە تێکۆشانی نەتەوەیی بە هەموو شێوازەکانی خەباتە. ئێستاش گەورەترین پشتیوانی ئەم حیزبە خەڵکی کوردستانە و سەربەخۆیی سیاسی لەم حیزبەدا یەکێک لە گەورەتری شانازییەکانیەتی. هێزی پێشمەرگە وەک چۆن لە هەناوی ئەم حیزبەوە لەدایکبووە، ئێستاش لە تێفکرینی حیزبدا “باسکی بەهێزی گەلە”. لە سەر بنەمای واقعبینی سیاسی و باوەڕمەندبوون بە چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد، مافی دیاریکردنی چارەنووسی ئەم نەتەوەیە ئێستاش بەهێزتر لە ڕابردوو باوڕی حیزبی دێموکراتە و، حیزبی دێموکراتی کوردستان پێداگرانەتر لە هەمیشە ئەم ڕیبازە درێژە پێ دەدات.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین ئەوەیە کە؛ رێبازی حیزبی دێموکرات یان ڕێبازی دوکتور قاسملوو، بە پێچەوانەی ئەوەیکە هێندێک کەس لێی حاڵین، تێفکرینێکی دێموکراتیکی نەتەوەییە کە هەموو کەس دەتوانێ لە قازانجی پرسە گەورە نەتەوایەتییەکەدا ڕاڤە و تەئویلی بکات. بە واتایەکی دیکە؛ ئەم ڕێبازە نە مەکتەبێکی داخراوی خاوەن چوارچێوەی ئیدئۆلۆژیکە و، نە مەزهەبە کە بکرێ بە تاک ڕەهەندی و پیرۆزی سەیری بکرێ. کەوابوو ڕەخنەکردن و قسە لەسەرکردنی جیاواز و لێکدانەوەی بە مەبەستی دەسنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانی نەتەنیا بڤە نیە، بەڵکوو ڕاست پێویست و زەروورییە. کەس بۆی نیە ئەم ڕێبازە بکاتە سەنگەرێک بۆ ئەوەی تەقە لە بیروبۆچوونی جیاوازی دیکە بکات. هەر وەک چۆن شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ؛ “تا ئەو کاتەی مخالفانمان، بۆ سەپاندنی بۆچوونەکانی خۆیان دژ بە ئێمە دەستیان بۆ چەک نەبردووە، ئێمە وەک دێموکرات، ڕێز لە بیروبۆچوونەکانیان دەگرین”.
ئەوانەی بە ناوی دیفاع لە حیزبی دێموکرات، داخراو و مەزهەبیانە لەم ڕێبازە دەڕوانن و هێرش دەکەنە سەر ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک ڕەخنە لەم ڕێبازە دەگرن، نە تەنیا دێموکرات نین، بەڵکوو زۆر خراپ لەم ڕێبازە تێگەیشتوون و بێ ئەوەی پێ بزانن بەم ڕەفتارەیان زەربە لە ڕێبازەکە دەدەن.
حیزبی دێموکرات زۆر لەوە گەورەترە هێندێک کەس بیانهەوێ بە ناوی دیفاع لەم حیزبە هێرش بکەنە سەر ڕەخنەگرانی و بەناوی بەرگری لەم ڕێبازە، بێ‌ڕێزی بە خەڵکی دیکە بکەن. ئەم حیزبە کە بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژوو، کلتوور و ڕەفتاری سیاسیی خەڵکی کوردستان، بەرانبەر بە پاراستنی کەرامەت و شەخسییەتی هەموو تاکێکی ئەم میللەتە خۆی بە بەرپرسیار و خاوەندار دەزانێ. بۆیە هەموو ئەوانەی ڕەخنە لە ڕێبازی حیزبی دێموکرات دەگرن و سیاسەت و هەڵوێستەکانی ڕەخنە دەکەن، مادام باوەڕیان بە ئاڵای کوردستان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، خەباتی شوناسخوازانەی نەتەوەیی کورد و کۆماری کوردستان هەیە و لەم چوارچێوە نەتەوەییەدا بیر دەکەنەوە، بەشیان بە سەر حیزبی دێموکراتەوە هەیە.
حیزبی دێموکرات بە هەموو ئەم دەسکەوت و داهێنانە نەتەوەییانەوە کە بۆ میللەتی کورد بوونەتە هێما و سەمبوولی نەتەوەیی، پێویستە گەورەتر لە حیزبێک ببیندرێ و وەک کلتووری سیاسیی میللەتێک سەیری ڕیبازەکەی بکردرێ.
سمایل شەرەفی