بەبۆنەی تاڵیادی سی ساڵەی شەهیدانی وییەن. عەلی فەتحی

ئەو چەند ڕۆژە بەبۆنەی تاڵیادی سی ساڵەی شەهیدانی وییەن، کۆمەڵێک چالاکی بەڕێوجێمان لە کوردستان و دەرەوە بینی. چالاکی‌یەکان ڕەنگین بوون و هەرکامەیان پەیامی تایبەتی خۆیان پێبوو. ئەو تابڵۆیانەی دەخوڵقان، پیرۆزترین هەستی لە ناخی هەر تاکێکی کورددا دەوروژاند.
یەکت دەبینی، ڕێگای دووری دەبڕی و ئاڵا بەدەست خۆی دەگەیاندە شوێنی دیاریکراو بۆ دەنگ هەڵبڕین. ئەوەی‌تر بەرنامەی میتینگی بەڕێوە دەبرد و هەستی دەکرد کە ئەرکە و دەبێ بەجوانترین شێوە بەڕێوەی ببا، بۆوەی ڕوحی شەهیدان لێی‌ڕازیبن. شۆفێر پێیوابوو دەبێ شەونخوونی بچێژێ و بەوەخت هۆگرانی ئازادی بگەیێنێتە گۆڕەپانی هاوار. شاعیر پێیوابوو دەبێ تەواوی هەستی خۆی تێکەڵ بە خامەی پێنووسەکەی بکا و ناسکترین شێعر بۆ خوێنی بەناهەقڕژاو بهۆنێتەوە. ئەندامی نهێنی لەو باوەڕدا بوو کە دەبێ دژوارترین و مەترسیدارترین پلانەکان جێبەجێ بکا و لە کۆتاییدا وێنەی چالاکی‌یەکان بەڕێ‌بکاتە نێوەندی حیزبەکان. گەنجەکان، ڕووداپۆشراو، قەناعەتیان ئەوە بوو، لە چیایەکی بەرزی نیشتمانی داگیرکراوڕا، سی کۆتری پەیامنێر بەرەو ئاسمانی ئەودیوی سنوور بەڕێ بکەن و مژدەی وشیاری و لەسەر هەستبوونی کۆمەڵگا بۆ پێشمەرگەکان بنێرن. لەو دیوەش، ڕاست ئەو ڕۆژە سی لاوی تازە پێگەیشتوو، ڕۆبوونە چەکی پاراستن و بە تەواوکردنی یەکەم تاقیکارییەکان، جلکی پیرۆزی پێيشمەرگایەتیان پۆشی.
b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_shehidani_wien.jpgلە پەراوێزی دیدارەکانی سەر شەقام و گۆڕەپانیش، گەلێک تابڵۆی جوانی پڕ لە هەستت دەبینی. پێشمەرگە دێرینەکان، بە بینینی هاوڕێی قەدیمی ڕۆژانی سەختی خەبات شاگەشکە دەبوون و یەکتریان لە باوەش دەکرد و نۆستاڵژی دایدەگرتن و بۆ تاوێک دەگەڕانەوە سەردەمی چالاکبوون. مناڵەکان، وێڕای دایک و باوکەکان ئاڵا بەدەست، بە قاچی بچووکیان گەورەترین هەنگاوی نیشتمانی‌یان دەناوە. دایکەکان بە جوانترین جلکی کوردی لەسەر شەقامەکانی ئورووپا، ئاڵابەدەست و بەورە بەرەو مەیدانی بەردەم پارلەمانە مەسڵەحەتخوازەکان دەچوون. هەرهەمووی بۆ سێ پەیام بوو:
ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان،
خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕیزگرتن لە خوێنی شەهیدان،
مەحکووم‌کردنی سی ساڵ بێدەنگی نێوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئوروپا لەمەر تیرۆر و بەناهەق ڕژانی خوێنی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیان.
لەو نێوەدا، هەر لایەو پەیامی خۆی نارد. هەرکەس بە شێوەیەک چالاکی خۆی نواند. بەڵام، ئەوەی پتر لەهەر شتێک کاری لە ڕوح و هەستی من کرد، تابڵۆیەک بوو. تابڵۆیەکی ئەوەندە سرووشتی کە چاوی مرۆڤی دەکردە کانیاوی فرمێسک. سی کۆتری ڕەنگینی جوان، سی مناڵی ئازادی لەبەردەم پۆرترێتی گەورەی شەهید دوکتور قاسملوو، ڕووبەڕووی دیواری قەڵا وێستابوون. هەرکام لەو کۆترە ڕەنگینانە، کۆترێکی سپی لەنێو دەستدا بوو. بە یەکەم فەرمان سی کۆتری سپی بۆخاتری تاڵیادی سی ساڵەی شەهیدی سەرکردە ئازادکران. کۆتر بەرەو ئاسمان لە شەقەی باڵیان‌دا، بەڵام کۆترێکی سپی جوان، لە دەلاقەی ڕاستی پۆرترێت دەرکەوت و ئەویش لەسەر لێواری پەنجەرە بچووکەکە پەیامێکی گەیاند: ” من هەر لێرەم و لێرە دەژیم و هاوڕێی شەهیدی سەرکردەم. ڕۆژ نییە لە گۆڕەپانی بەردەم خۆم شاهیدی ڕووداوێک نەبم. لە دیداری وەفد و هۆگران ڕا بگرە تا جموجۆڵی شەو و ڕۆژی پێشمەرگەکان، لە بۆمباران و موشەکباران ڕا بگرە تا ڕێپۆرتاژ ئامادەکردنی کاناڵەکان. لە کۆتاییدا، لە کایەی مناڵی پێشمەرگەکانەوە بگرە تا ڕێژە و سانی نیزامی پێشمەرگە نوێ‌یەکان، هەرهەمووی دەبینم. ئەوەی لە گشتیان بەلامەوە سرنجڕاکێشترە، سوێندخواردنی پێشمەرگە نوێ‌یەکانە:
” ئەگەر پێشەوا قازی موحەممەد و هاوڕێیانی لە سێدارە دران، ئەگەر قاسملوو و شەڕەفکەندی و هاوڕێیانیان ترۆرکران، ئەوەتا هەموو ڕۆژێ کۆمەڵێک مناڵ بە پێشەوایی لەدایک‌دەبن، حەودالی قاسملوو دەبن و وەکوو شەڕەفکەندی دڵ بەو نیشتمانە دەسپێرن….”.
وەک خۆم دەڵێم: سپاس کۆترە سپی، هیوادارم چ جارێک بزەی پۆرترێتی شەهیدی سەرکردەمان جێ‌نەهێڵی.

سەرچاوە: فەیسبووکی عەلی فەتحی