بیرەوەریی خۆم: لەیلا قادری ( ساکار )

مانگی خەرمانانی ساڵی 71 هەتاوی و لە بێنەوبەرەی شتوومەک کڕینی مەدرەسەدا بووین. دەچوومە پۆلی پێنجی سەرەتایی. ئەوکات ساڵ نا ساڵێک مانتۆ و شاڵواڕیان بۆ دەکڕیم، جا بە حەقات، دەبوو ئەو ساڵە نەکڕم. بەڵام هەر بەهیوا بووم و چرای ئومێد هەر گرڤەی دەهات…
دەی خودایه لە دڵی نێی و دایکم بەیانی نا بەیانی، وەک کچی خەڵکی بمباتە بازاڕ و …
حەفتەیەک دەبوو سارای کاک مستەفا لە تەورێزەوە بە دەستێک مانتۆ و شاڵواڕی ڕەش و جووتێک کەوشی تەورێزی و کیفی چەرمەوە هاتبۆوە.
جا ئەو ڕشکنە، بە کوڵەکوڵی نیوەڕۆ هەمووی لە خۆی دەهاڵاند و دەهاتە بەرچاوی من و خۆی ڕەپ دەکرد، دەتگوت نەقیزەیان تێ بڕیوە.
شەوێک پێشەکی دایکی گوتی سبەی سارا دێتەوە، کاکی بردوویەتە بازاڕی، ئەوەی دڵ دەیهەوێ بۆی کڕیوە.
لە دڵی خۆمدا سەد جارم گوت: بە میراتی بێ…
ئەو ڕۆژە زۆرم دوعا کرد بەشکم ئەو ماشێنە وەرگەڕێ و سارا نەگاتەوە، دەمزانی ئەو بوغزلەزگە دەمبوغزێنێ و دیقەدیقەم پێ دەکا و تابشت ناهێنم.
بەیانی بۆوە و دایکم ئیسکان و کەشەف و ناڵبەکی بە لیم شووشت و نخوونی کردنەوە و هەروا هەشتا تمەنی لە قۆڵی کراسەکەی نا، چارشێو و قڕتاڵە سوورەکەی هەڵگرت و گوتی:
“ئەوەندم پێ ناچێ، گێچەڵم بۆ نەنێنەوە و خەڵکم نەهێننە سەیر، تا مەیدانی ماست دەچم و دێمەوە.”
عادەتێکی پیسم بوو، بۆ هەموو جێیەک خۆم لەگەڵ دەدان، تەنانەت بە ماشێنێش ڕۆیشتبان، بە گریان و زریکە زریک تا کوشتارگا خۆم پێ هەڵدەواسی. جا یان کابرا دەیدیتم و ڕایدەگرت و دایکم بە ناچاری لەگەڵ خۆی دەدام و تا شوێنی مەبەست لێی هەڵدەقورینجاندم یان گازی دەدایه و بە دمەوە دەکەوتم و بە دڵ برینداری دەگەڕامەوە.
ئەو ڕۆژە دەمزانی بۆچی دەچێ، بۆیە دڵم پێوە نەبوو خۆمی لەگەڵ دەم، هەر ئەوەنده خۆش بوو گوتم:
” ئێمە مانتۆی خەڵکی لەبەر ناکەین، خودا دەزانێ کێ لەبەری کردووە.”
دایکم گەڕاوە:
“ئێ! لەبەر ناکەن! بۆ کچی قەڕاڵی فەڕەنگن؟ خۆ چاوتان لە کچی خەڵکی ڕەشتر نییه، هەموو بە کۆنە بەڕێ دەچن…ئەوساڵ چی وامان بۆ نەماوەتەوە و ئەوەی هەشە دەبێ بیدەین بە تۆو، ئەی چ داچێنین؟
خۆ وەسواڵیشمان ناخەن دوابڕاو! دوو ڕۆژی دی زستان دەرگامان پێ دەگرێ…ماڵە، میوان و گێلانە، هێشتا دەغڵ و دان و ئازووقەی پاییزێم نەناوەتەوە. وەڵا بابه بەزمێکی خۆشە، هەر کەسە و لە کەیفی گونی خۆی دایە.
ئەو پیاوە بە عومری 65 ساڵەوە، هەروا پێ ڕادەگا، خۆ هەڵیناواسن قڕتێکەوتوو.

+ “ئەی بۆ سارا سەرتاپا کڕیوێتی؟ بۆ چیمان لەو کەمترە؟”
– “خۆتان دێننە ڕێزەی سارای کاک مستەفا؟ ئەو هەشت برای کاسبکاری هەیە، جگە لە بابی. لە بەهاڕێوە قالبی کوورەخانە ڕادەوەشێنن، ئێمه کێمان هەیه؟
خۆ لەسەر بانک دانەنیشتووم، لە فکری پاشەڕۆژ دابن! دونیا هەر ئەوڕۆ نییە، هەرچی هەیە و نییە بیدەن بە پەڕۆوپاڵ و شڕوشاڵات و لە خۆتانی هاڵێنن و خۆی پێوە ڕانێن، سبەی ڕۆژێش لارەمل و ئەستۆکەج، موحتاجی خوێڕی و نامەرد بن.”
= هەڵبەت لەوەتی وەبیرم دێ، شان بە شانی دایک و بابمان کارمان کردووە.
چای ویشکمان بژاردووە، گوڵینگی لەچکەمان هەڵبەستووە، کۆپلێنمان چنیوە، فەڕشمان کردووە، لیزگە مووروومان هۆندۆتەوە، هاوینانیش گەر نۆکمان کردبایه، دە هێکتارمان بە دوو حەفتە دەڕنییەوە، هەتا کڵۆشەکەشمان لە خەرمانکوب نەدابایە، نەدەهاتینەوە.

وەڵحاسڵ، دایکم پاش ماوەیەکی کەم هاتەوە، قڕتاڵەی لپاولپ ئاخنیبوو لە خواردەمەنی. هەرچی ملەقوتەم کرد، هیچ پەڕوپاڵم نەدی، هەتا هەمووی دەرهێنا و لە تەختی بنیدا، باینجانێک لەسەر مانتۆکەم فلیقابۆوە. دایکم:
“ئەوەتا، ئیدی خۆ هونەر نییە تۆ 3500 بدەی بە مانتۆ و شاڵوار، ئەوە 20 تمەنم پێداوە، بە ئیشتیای خۆت ئەوساڵ ڕایدە.
دوو ڕۆژی دی زستانە و بەهارێش مەدرەسە تەواو دەبێ، ئەوەنێ دەڵێن: “زستانێ پینەوپەڕۆ، هاوینێ قیت بۆی بڕۆ.
ئەوەتا کچی خەجە چاوجوان، ڕۆژێ دەستێک دەگۆڕێ و کەس ددانی خێری پێدا ناهێنێ.”
+” باشە تازه ئەوە هیچ، بڵێی بابم قەڵەم ڕەنگیم بۆ بکڕێ، زۆرم دڵ پێوەیە.”

– “قەڵەم ڕەنگیت بۆ چییە؟ جا من ناڵێم بۆخۆت بڵێ، حەیف نییە پووڵ بدەی بە قەڵەم ڕەنگی، سەت شتی پێویستتر هەیە، ئەوەتا ئەوە برایم (جیران) هەیەتی، هەموو کەڕەتێ لێی وەرگرە.”
قەت دەستێک قەڵەم ڕەنگیم بە خۆمەوە شک نەبرد، لە ڕاستیدا دایک و بابم پێیان وابوو ئەو پووڵەی دەدرێ بەو شتانە وەک لە ئاوی کەی وایە.
کتێبی”ملوانکەی شین”م بە دەستەوە گرت و لە چۆڵگە، چیمەن یان شینکەی قەراغ ئاوێک دەگەڕام بۆ خۆدزینەوە لەو ڕاستیانەی نەمدەویست قەبووڵیان کەم و ناعیلاج بووم چون لابەلا و لاسار و پێ‌چەقێن نەبووین و لاقمان لە قەدەر بەڕەی خۆمان ڕادەکێشا.
قوژبنێکم دۆزییەوە و وەرگڕامە خوێندنەوەی شێعری “هیوا”

هیوا خێراکە، خوا نەتهێنێتۆ
حەوت ڕۆژە ئەڕۆی دەست خاڵی دێتۆ
ئەمجار بێ ماسی نەیتەوە بۆ شار
ئەر بۆت نەگیرا، خۆت بخە زرێبار

دوو ڕیز و سێ ڕێز فرمێسکم دەڕشت بۆ خۆم و هیوا.
کە هاتمە حەسارێ، مانتۆ و ماقنەکەم بە تەنافەوە بوون. سوێندی کەسم لەسەر نییە، مانتۆ دەتگوت کەوڵی نانە، ڕەنگێکی توڵخ، جا سپی‌سپی ببۆوە، دڵۆ و کوڵکەی هەڵدابوو، پشتەوەی ڕێک دەکەوتە سەر سمتی ڕاستەم، بە قەدرایی دوو تمەنییەک وەها شی ببۆوە، ئەودیوی تێدا دیار بوو. ماقنەیەکی هاوریشم، حاندی تەپڵە سەری بە تاو سووتابوو، شین و سوور هەڵگەڕابوو.‌ ئەو دوو کوتە لیباسە، هیچ هیچ نەبێ، بە ئیشتیا شەش ساڵیان کار کردبوو(لەبەر کرابوون).
دوو ساڵ دەبوو جلی تاناکۆڕا بە وڵاتدا هاتبوو، باش بوو خەڵکی شارەکەی تۆزێک کۆک و پۆشتە کردبوو…خەڵکی دێهاتەکەش تا چەند ساڵ خۆیان لێ نەدەدا، چون دەبوو دوولینگە و دامەن لەبەر کەن، ئەوانیش لەچاو خەڵکی شاری ڕەسەنتر بوون و لەبەریان نەدەکرد، زۆر جار دەیانگوت: تەعجوب ماوین چۆن بێزتان دێ کۆنەی خەڵکی لەبەر کەن، ئاخری گول دەبن.
ماوەیەکی چاک، پیاوان دامەنی چین چینیان هەڵدەوەشاندەوە و دەیانکرد بە پاتۆڵ، خەیات وەبەر نەدەکەوت.
لە تاناکۆرا جووتێک کەوشی جوانیان بۆ کڕیم، سەر لە پاییزێ و بە تەڕ و قوڕی عەلەمیان لێ نەبوو، هەر سەرما بزووت و کەوتینە سەرما و سۆڵەوە، وەک کرۆسکیان لێ دەهات و بە عەرزەوە بەند نەدەبوون.
مەدرەسەکەم لەکن حەمامی حاجی شاخە بوو، لەو ڕێگایە هەر بە حەلوا کردن دەڕۆیشتم و دەهاتمەوە. ڕێک پەنجەی لاقیشم لە دەرێ بوو، دەتگوت ئەلحان نا ئەلحان هەڵدەوەرێ…هەر چۆنێک بوو، بە لەقەلەق و پینەوپەڕۆ خۆم گەیاندە بەهارێ.
ئەوکات وەک ئێستا نەبوو، منداڵ هەموو شاگرد ئەوەڵ بن، لە بۆکاندا هەر من ناونجی نمرەکانم(معدل) بیست بوو، کۆپی کارنامەم ماڵ بە ماڵ دەگەڕا و منداڵی خەڵکیان پێ دەشکاندمەوە.گیرفانەکەم پڕ لە ئافەریم بوون، هەمیشە مێداڵیکی هەزار و سێسەد ئافەریم بە لای چەپی سینگمەوە بوو.
مامۆستاکەمان خانم “پەری ئەفشین‌ڕاد”بوو کە دەتوانم بڵێم باشترین مامۆستای ژیانم بووە…لە بەهارێدا پەری خانم زایمانی کرد و وابزانم کچێکی جوانی بوو. دەی زۆریان حەول دابوو، مامۆستایان وەگیر نەکەوتبوو، بۆیە خانم”سارا فەڕشی” کە مودیری قوتابخانە بوو، بانگی کردم و گوتی:
“قادری، تۆ دەبێ بەجێی خانم ئەفشین دەرس بەو منداڵانە بڵێی، لێیان بپرسییەوە و نمرەش دانێی.”
منیش دەتگوت خودا خەنی کردووم، بە هەڵەداوان خۆم بە کلاس داکردەوە و لە جێی خانم دانیشتم. چەلانیش خۆم کردبوو بە خانم و منداڵانم وەپێکەنین خستبوو، بۆیە کەس بەقای پێ نەدەکردم.
پاشان کە دەفتەر نومرەی مامۆستایان دی، ئیمانیان پێ هێنام و ملیان دا. تەنیا کچە پوورێکی خۆم( بە ڕەحمەت بێ) حیسابی پووشکەیەکی بۆ نەدەکردم و هەر فشەی پێم دەهات. کلاسی لێ دەشێواندم، دمەلاسکەی دەکردمەوە، جرتی بۆ لێدەدام.
هەتا ڕۆژێک دەستەویەخە بووین و هیچ سەروگوێلاکی یەکمان نەهێشت.
لە نێوان قسەکانیدا پێی گوتم:
” بەس نییە ئێمه بۆ پێنج قڕان چاوی خۆمان کوێر نەکردووە”(لیزگەی مووروومان بە پێنج قڕان دەهۆندەوە)
ئەو قسەیه لەسەر دڵم بوو بە خەپەره و
هەر هێنام و بردم و پاساوم بۆ هێناوە، کەچی شەوان تا نیوەشەو بەو قسەیەوە دەتلامەوە و دەگریام، چەند جار باری باڵنجەکەم دەگۆڕی تا خەوم لێ بکەوێ.
نەمدەزانی کارکردن عار نییە و دەبوا شانازیم بکردایه.
ئەوکات گیرفان پووڵییەکەم 2 تمەن بوو، تازه پیفۆک هاتبوو، هەر چوار پێنج دەنکی تێدا بوو، دانەی بە 5 تمەن.
قەوەم بە کڕینی نەدەشکا، دوو سێ جار لەگەڵ مرێم خزری و دڵنیا مەولانی بوومە شەریک.
گلەیی و گازندەم هێناوە ماڵێ، دایکم گوتی تازه ئەوساڵ هیچ، بەڵان ساڵێکی دی شەرت و قەرار بێ بۆت بکەمە 5 تمەن.
وەک هەمیشه هەڵیفریواندم.
ساڵی داهاتووش، منداڵ هەموو 10 تمەنیان پێبوو، پێنجەکەی من هیچی نەدەکرد، وەکی لێکم دەداوە، یان دەبوو پیفۆکێکی پێ بکڕم یان دوو نووشمەک…
هیچیشیان بێ هیچیان نەدەخوران.
مانگێک پێنج تمەنم برد، دیتم ئەو حاڵە بەو حاڵە ناشێ، وا باشە خۆم پیاوخراپ نەکەم و بڵێم هەر پووڵم ناوێ.
چون سوور سوور دەمزانی بۆم زۆر ناکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش هەست بەو کەمایەسییە نەکەن، گوتم:
” چەند کەسین بڕیارمان داوە، بەجێی پووڵ، بابۆڵە بەرین”
دایکم دەریایەکی پێ خۆش بوو، گوتی:
“قەت نەمدەزانی دەبییە ئەو کچە.”

لەیلا قادری/ساکار