نەتەوەسازی: بۆ هەندێک وڵات یەک دەگرنەوە بەڵام هەندێکیتر لێک هەڵدەوەشێن

ئاندرێیاس ویممەر
وەرگێڕ لە ئینگلیسییەوە: کەمال حەسەنپوور
بەشی دووهەم

گەڕانەوە بۆ مێژوو: سەرهەڵدانی دەوڵەت و نەتەوەسازی
بە گەڕانەوە بۆ مێژووی دوورتر، ئێمە دەتوانین بپرسین توانایی دەوڵەت بۆ دابین کردنی خزمەتگوزارییی گشتیی و زمانی یەکدەست سەرچاوەی گرتووە. لە ڕوانگەی منەوە هەردووکیان میراتی دەوڵەتی ناوەندگەرا بوون کە پێش سەردەمی کۆلۆنیالی و پێش گواستنەوە بۆ دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن درووست بوون. لەو شوێنانەی کە فەرمانڕەوایی بە چڕی ناوەندگەرا گەشەیان کردبوو، بەڕیوەبەرایەتیی بیرۆکراتیک سەریان هەڵدا کە فێربوون چۆن ناوچە جیاوازەکانی وڵات بە شێوەی ڕێکخراوەیی ئاوێتە و لە بواری سیاسییەوە کۆنتڕۆڵ بکەن. ئەو دەوڵەتانەی کە تازە دەوڵەت-نەتەوەیان پێکهینابوو کەڵکیان لەو زانیارییە و ژێرخانە بیرۆکراتیکەکانی کرد تا خزمەتگوزارییی گشتی بۆ سەرانسەری ناوچەکان دابین بکەن. دوای ماوەیەکی دوورودرێژ، ئەو دەوڵەتە بە چڕی ناوەندگەرایانە نوخبەکانی دەوروبەر و لایەنگرانیان هاندا زمانی نوخبەی ناوەند (یا وەک چین: شێوە نووسین) هەڵبژێرن. ئەوە بووە هۆی گەشەکردنی پێگەی کاریی ئەوان و ڕێگای پێدان کە ئیددیعای خاوەندارییەتی کولتوری “بەرزی” ناوەندی سیاسی بکەن.
بۆ نموونە پێش ئەوەی بوتسوانا ببێتە کۆلۆنی، چەند میرنشینی ناوەند گەرا و یەکگرتوو سەریان هەڵدابوو، کە لە لایەن ئەو بەگزادانەی کە بە زمانی تسوانا دەدوان بەڕێوە دەچوون. کاتێک کە لە لایەن دەوڵەتی دوای کۆلۆنیالییەوە هێنرانە ژێر ڕکێف ، ئەو میرنشینانە بە شێوەیەکی باش خزمەتگوزارییی گشتییان کە لە لایەن دەوڵەتەوە دابین کرابوو بەدەست هاوڵاتیان گەیاند: ئەوان ئەو کارەیان بە پشتیوانیی ڕەوایی و ئەو ژێرخانە دامەزراوییە کرد کە بەڕیوەبەرایەتییان لەسەر دامەزراندبوو. ئەوان بەهەمان شێوە لە سەردەمی پێش کۆلۆنیال، لە ماوەی کۆلۆنیالیزم و دوای کۆلۆنیالیزمیش برەویان بە ئاسیمیلە کردنی دانیشتووانی غەیرە تسوانایی بۆ کولتور و زمانی باڵادەستی تسوانایی دەدا.
لە مێژووی سومالیا، هیچکات فەرمانڕەوایی ناوەندیی بەسەر ناوچەکانی ناوەوە و زۆرینەی خەڵکە کۆچەرەکەی سەری هەڵنەدا. ئەوە بووە بەربەستێکی بەرچاو بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییی گشتیی دوای سەردەمی کۆلۆنیال. ئاستی هەرە بەرزی ناوندگەرایی سیاسی لە چین لەماوەی هەزاران ساڵدا دەرفەتی سەرهەڵدانی شێوە نووسینی یەکدەست لە سەرانسەری ئیمپراتورییەکە ڕەخساند و بەهەمان شێوە بووە هۆی ئاسیمیلە بوونی بەشێکی بەرچاو لە نوخبەی سیاسی لە ناوەندە نوێ کۆنفوسیوسییەکانی ئیمپراتوریی. بۆیە دەوڵەتی ناوەندگەرای خۆماڵیی، کە فەرمانڕەوایی کۆلۆنیالی پشتی بەوان بەستبوو، مەرجی پاشخانێکی گرینگی بۆ نەتەوەسازی سەرکەوتوو دەستەبەر کردبوو چونکە ئەوان میراتی دووانەی ژێرخانێکی بیرۆکراسی-سیاسی و زمانێکی هاوشێوە (یا وەک چین: شێوە نووسین) یان هەبوو.
لەولای نموونەکانی سەرەوە: شیکارییەکی جیهانیی
زۆر ڕوونە کە ئەو نموونانەی لەسەرەوە باسمان کردن کاریگەریی ڕێژەیی سێ مێکانیزمەکان بە شێوەی یەکلاکەرەوە دەرناخەن. ئەوە کاتێک دەردەکەوێ کە ئێمە یەکێک لەو جووتە وڵاتانە لەگەل یەکی دیکەی جووتێکی دیکە براورد بکەین. بۆ وێنە لە سومالیا، هەموو بە یەک زمان قسە دەکەن، لە کاتێکدا کە سویس لە ڕوانگەی زمانییەوە فرەچەشنترە، گەرچی مێژووی نەتەوەسازی ئەو دووانە بە پێچەوانەی یەکترە. لە چین لە بەراورد لەگەڵ سویس، گەشە کردنی ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنیی تا ١٩١١ بوونی نییە (جگە لەو ڕێکخراوانەی کە لە لایەن چینێکی بچووکی خوێندەوار پشتیوانیی دەکران)، سەرەڕای ئەوە هاوپەیمانیی لە نێوان ئەتنیکەکاندا سەری هەڵدا. بە واتایەکی دیکە، کاتێک چەند نموونە لەگەڵ یەکتر بەراورد دەکەین بۆمان دەردەکەوێ کە هەموو شتێک وەک یەک نییە [بە کوردیی دەڵێن هەرچی سمێڵی سوور بوو هەمزاغا نییە].
جگەلەوە، فاکتەری دیکە دەتوانن بۆ نەتەوەسازی یەکلاکەرەوە بن. یەکەم، ئەزموونی کۆلۆنیالیی کاریگەریی نییە؟ وڵاتانی وەک سومالیا و بوتسوانا، کە قوربانیی سیاسەتی دووبەرەکیی بنێوە و فەرمانڕەوایی بکەی هێزی داگیرکەر بوون، لە بەراورد لەگەڵ سویس و ڕوسیە لە هەوڵەکانیان بۆ یەکگرتوویی سیاسی-نەتەوەیی لە ئاستێکی مافخوراو دا نین؟ دووهەم، مرۆڤ دەتوانێ بڵێ کە نەتەوەسازی تا ڕاددەیەکی زۆر مەسەلەی گەشە کردنی ئابوورییە. ئاخۆ سویس وەک سومالیای لێدەهات، ئەگەر پیشەسازیی هەناردەکردنی سەرکەوتوو نەبا و نەکرابا بە ناوەندی سیستەمی بانکیی ناونەتەوەیی و بیمە؟ ئەگەر هیچ ئەڵماسێک لە خاکە خیزەڵانەکەی بوتسوانادا نەدیتراباوە، دەیتوانی هێندە کاریگەر خزمەتگوزارییی گشتیی بگەیەنێ؟
سێهەم، نەتەوەسازی لە وڵاتانی وەک سویس ئاسانترە کە جیاوازیی ئایینی و زمانیی یەک ناگرنەوە. بە پێچەوانە لە ڕوسیەی ڕۆمانۆف، زۆربەی کەمینە زمانییەکان باوەڕمەندی دینی جیاواز لە زۆرینەی ئۆرتۆدۆکسی ڕوسی زمانی بوون. ئەگەر بەو شێوە بێ، جیاوازیی ئەتنیکی لە ڕوانگەی سیاسییەوە زۆرتر لێک جیاکەرەوەیە و نەتەوەسازی دژوارتر دەبێ. چوارەم و کۆتایی، ئێمە ڕەنگبێ پێویست بکا ڕوانگەیەکی وریاترانەمان هەبێ و بڵێین کە نەتەوەسازی لەو وڵاتانەدا سەرکەوتوو دەبێ کە زۆر شەڕیان لەگەڵ وڵاتانی دیکە کردووە، کە ورووژاندنیان بۆ شەڕی هەمەلایەنە بۆتە هۆی یەکگرتوویی ئەوان. بە هەمان شێوە، لەوانەیە دەوڵەتی ئوروپایی بۆیە توانیان نەتەوەی یەکدەست درووست بکەن چونکە ڕێک کردن و گۆڕانی سنوورەکان بە درێژایی سەدان ساڵ و پاکتاوی ئەتنیکی بووە هۆی درووست بوونی دانیشتووانی یەکدەست کە ئاسانتر لە بەڕێوەبەرییەکی نەتەوەییدا ئاوێتە بوون.
بۆ وەڵامی پرسیاری لەو شێوەیە، ئێمە دەتوانین لە سەر تاقمێک زانیاریی لە بارەی وڵاتانی جیهان لێکۆڵینەوە بکەین. ئەوە یارتەتیدەر دەبێ بۆ بڕێاردان لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ ئەو چوار فاکتەرە دەتوانن یەکلاکەرەوە بن بۆ تێگەیشتن لەوەی کە نەتەوەسازی لە کوێ سەرکەوتوو بوو و لە کوێ شکستی هێنا. ئەوە بە هەمان شێوە ڕێگامان پێدەدا کە بزانین ئاخۆ ئەو سێ مێکانیزمانەی کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا لە وڵاتانی دیکە جگە لە سویس، بەلژیک، سومالیا، بوتسوانا، چین و ڕوسیە کاریگەر بوون یا نا. بۆ هەرکام لە ڵێکۆڵینەوە ڕێژەییەکان، ئێمە لە پێشدا پێویستیمان بەوەیە کە بزانین نەتەوەسازی لە هەر وڵاتێک چەندە سەرکەوتوو بووە. بۆ ئەو مەبەستە، من پشت بە هەندێک زانیاریی دەبەستم کە نیشان دەدا کە ڕێژەی هاووڵاتیانی سەر بە کۆمەڵگا ئەتنیکییان دەپێوی کە نوێنەرانیان لە بەرزترین ئاستی دەوڵەتدا بەشدار نین. ئەو زانیارییە لە ١٩٤٦ ڕا تا ٢٠٠٥ بۆ ١٥٥ وڵات لەبەر دەستدایە. بە کەڵکوەرگرتن لەو زانیارییە، من نیشانی دەدەم کە هەڵاواردنی سیاسی لەو شوێنانە کەمترە کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەناو دانیشتوواندا بەربڵاوە، لەو شوێنانە کە دەوڵەت لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی گشتییدا باشە، و ئەو شوێنانە کە هەرێمی زمانیی زۆرتر وەک یەکە.