پیاوە خوێن شیرینەکەمان کاک ئەحمەد قازی (ژیگول) کۆچی دوایی کرد.
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمرۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ ـ ١٠ ـ ٢٠١٩ دڵە گەورەکەی کاک ئەحمەد قازی ناسراو بە ژیگول دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە ئامێزی گەرمی بنەماڵەکەیان دا لە شاری سولێمانی لە لێدان کەوت.
کاک ئەحمەد ژیگول مرۆڤێکی دەرەوەست و خەمخۆری گەل و نیشتمان بوو، لەو کاتەوە بۆ یەکەم جار بە خزمەتی گەیشتووم و لە نزیکەوە دیتوومە و ناسیوومە وەک مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و کورد خۆشەویست و دێموکرات ناسیوومە و بە شانازییەوە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بۆ خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژارد بوو.
کاک ئەحمەد قازی لە کەسە دیارەکانی شاری مەهاباد بووە و لەگەڵ ڕاپەرینی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی حەمەرەزاشای پەهلەوی هاتۆتە نێو ریزی خەباتکارانی گەل و نیشتمان و ریزەکانی حدک ی بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمان هەڵبژارد، کاک ئەحمەد قازی لە متینگی سەد هەزار کەسی کە بۆ شەهید دوکتور قاسملوو لە مەهاباد پێکهاتبوو ، بەشداری کردووە و ڕۆڵی ڕێکخستن و ئامادەکاری بۆ ئەو متینگەی لە سەر شان بووە و ئەو ڕۆژە لە پارێزەرانی شەهید دوکتور قاسملوو بووە، هەر لەو کاتەوە بە دڵ و بە گیان بۆ خزمەت بە گەلەکەی و ئامانجی شەهیدان چ وەک ئەندام و چ وەک پێشمەرگە هەموو تەمەنی خۆی تەرخانی ئاوات و ئامانجەکانی گەلی کورد کرد و بە گشتی پشتی لە سەروەت و سامانی خۆی کرد و چیای سەربەرزی و بەرخودانی هەڵبژارد و چەکی شەرەف و کەرامەتی پێشمەرگایەتی لە ریزەکانی حدک دا تا ماڵئاوایی یەکجاری هەر لە شان بووە.
کاک ئەحمەد مرۆڤێکی سادە و ساکار و لە هەمان کاتدا بە ئەزموون و لێهاتوو بوو، بە تێگەیشتنەوە ڕێگای خەبات و تێکۆشانی هەڵبژارد بوو، بە پێی توانا بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوە و چالاکییەکان دا دەکرد و هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە دەیانناسی، دەزانن کە کاک ئەحمەد مرۆڤێکی خاکی و خاکەڕایی و بە بیروباوەڕ و خۆشەویست بووە و خەڵکی خۆشدەویست و ڕێزی زۆری بۆ خەڵک و بۆ هاورێ و هاوکارەکانی دادەنا، لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا تاراوگەی و بە ئازادی ژیانی لە مانەوە لەژێر ستەم و زوڵمی کۆماری ئیسلامی دا هەڵبژارد بوو، خەمی لە ئازادی گەلەکەی دەخوارد و بە گشتی بۆ ئازادی خەباتی دەکرد.
کاک ئەحمەد وێرای ئەوە کە تەمەنێکی تێپەر کردبوو، بەڵام هەمیشە دڵگەرم و چالاک و هەڵسوور بوو و ماڵەکەی وەک بنکەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەردەوام بە ڕووی هەموو لایەک دا کراوە بوو، ئەو وێرای هاوسەری ژیانی هاوکات ئەندامانی بنەماڵەکەشی، فێری وانەی کوردایەتی کرد و هەموویانی فێری گەلدۆستی و نیشتمانپەروەری کرد و لەو پەیوەندییەدا کوڕ و کچەکانی شان بە شانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان خزمەتی پێشمەرگایەتیان درێژەدا و بە تایبەت کوڕی گەورەی بە ناوی کاک کەماڵ قازی بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەک پێشمەرگە خزمەتی کرد و کورەکانی دیکەشی بە ناوەکانی جەماڵ و جەلال قازی وەک ئەندامی چالاکی حدک خزمەتی دیار و بەرچاویان هەیە و لە کۆمیتەکانی سولێمانی و هەرێمی کوردستان دا بەرپرسایەتی جۆراوجۆریان لە ژێر هێژموونی بابیان دا بەرێوە بردووە و ئێستاش لە دەرەوەی وڵات وەک ئەندامی هەڵسوور و چالاکی حیزب خزمەت دەکەن، هەروەها کچەکانی کاک ئەحمەد وێرای برایەکانیان لە شۆڕش و خەبات و پێشمەرگایەتی دا بەشداریان کردوە و هەنووکەش وەک زۆربەی گەنجەکانی کوردستان لە ریزەکانی حدک دا وەک ئەندام خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکەن.
بەداخەوە ماوەیەک بوو کاک ئەحمەد تووشی نەخۆشی ببوو و ویرای ئەوە کە لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دابوو ، بەڵام مخابن کاری بوونی نەخۆشییەکەی لەوە زیاتر دەرفەتی نەدا کە لە نێوماندا بمێنێتەوە و چاوە گەش و پڕ لە هیوایەکانی لە ترووسکە کەوتن و دڵی گەورەی لە ترپە کەوت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێکردین. کۆچی کاک ئەحمەد بۆ هەموومان ناخۆش و خەفەتبار بوو، هەر بۆیە لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە هاوسەری ژیانی و کوڕ و کچ و بووک و نەوەکانی و خزمانی دیکەی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات و بە تایبەت لە بەرێزان کاک کەماڵ، کاک جەماڵ و کاک جەلال دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم، بە هیوای ئەوە کە ئامانجەکانی کاک ئەحمەد ژیگول بە هەوڵ و تێکۆشانی هەموو لایەک وەدی بێ و لە داهاتوو دا تەرمی کاک ئەحمەدی خۆشەویست لە شوێنی لە دایکبوونی بە خاک بسپێرینەوە و چەپکە گوڵی ڕیز و خۆشەویستی لە سەر مەزاری ئەو نەمرە تێکۆشەری دێموکرات دابنێین.
ڕووحی شاد و جێگەی بەهەشتی بەرین بێ.
حەمەرەسووڵ کەریمی
٢٣ ـ ١٠ ـ ٢٠١٩