بەیاننامە بە بۆنەی پێکهاتنی کۆنگرەی حەڤدەیەمی حیزبی دیموکراتی کوردستان

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان! هێز و کەسایەتییە خەباتگێڕەکانی کوردستان و ئێران! ئەندامان، دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان!

بە خۆشحاڵییەوە ڕادەگەیەنین کە لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٨(١٠ و ١١ی نوڤەمبری ٢٠١٩)، حەڤدەیەمین کۆنگرەی حیزبی دیموکراتی کوردستان، “کۆنگرەی شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی قه‌‌ڵای دێموکڕات” سەرجەم ئەرکە دیاریکراوەکانی خۆی جێبەجێ کرد و کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

کۆنگرەی حەڤدەیەم لە ژێر دروشمی ” یەکڕیزی و تێکۆشان و هیوا بە دواڕۆژ، زامنی سەرکەوتنمانن ” و، بە سروودی نەتەوەیی”ئەی ڕەقیب” و ساتیک بیدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان بە تایبەتی شەهیدانی نێوان دوو کۆنگرەی ١٦ و ١٧ کارەکانی خۆی دەست پێ کرد. پوستێری شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دیموکرات، کە ئەم کۆنگرەیە بە ناوی ئەوانەوە کرابوو، وێڕای چەندین دروشمی نیشاندەری ئامانجەکان و سیاسەتە دیارەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ساڵۆنی شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیان ڕازاندبۆوە. ئەگەرچی شەهیدانی نێوان ئەم کۆنگرەیە و کۆنگرەی شانزدەیەم بە تایبەتی شه‌ش ژن و پیاوی شەهیدی ئەندامی ڕێبەریی حیزب جێگایان لەم کۆنگرەیەدا خاڵی بوو، بەڵام یادی ئەوان و ئیرادە و بڕوای پتەوی بەشداران بە درێژەدانی ڕێگاکەیان، باڵی بە سەر فەزای کۆنگرەدا کێشابوو و،هاندەر و ڕێنوێنی سەرجەم ئەندامان لە سەرخستنی کار و ئەرکەکانی ئەم کۆنگرەیە‌دا بوو.

کۆنگرەی حەڤدەیەم بە وتاری یەکێک لە بەڕابردووترین ئەندامانی حیزب، هاوڕێی بەڕێز مستەفا شەڵماشی کرایەوە. بەڕێز شەڵماشی وێڕای ئاماژە بە هەستیاریی سیاسی و خەباتگێڕیی ئەو بارودۆخەی کۆنگرەی حەڤدەیەمی تێدا پێک هاتوە، ڕاسپاردە و ئامۆژگارییەکانی خۆی بۆ هەر چی باشتر جێبەجیبوونی چاوەڕوانیی ئەندامان، دۆستان و هەموو دڵسۆزانی دیموکرات لەم کۆنگرەیە، خستە ڕوو.

بەدوای کرانەوەی بەڕەسمیی کۆنگرە، راپۆرتی کۆمیتەی ئامادەکردنی کۆنگرەی حەڤدەیەم لەلایەن بەرپرسی ئەم کۆمیتەیە پێشکەش بە کۆنگرە کرا. راپۆرتەکە وێڕای زانیاری لە بارەی چەند و چۆنی کۆنفرانسەکانی کادرەکان، پێشمەرگەکان و ئەندامانی ئاشکرای حیزب لە کوردستان و وڵاتانی دەرەوە و، ڕێژەی ئەندامان و ڕادەی نوێنەرانیان، میکانیزمەکانی دابینکردنی حزووری نوێنەرانی جۆراوجۆرییەکانی نێو ڕیزەکانی حیزبیشی ئاماژە پێ کردبوو. بە دوای قسە لە سەر کران و پەسندکرانی راپۆرتەکە، دەستەی بەڕیوەبەری ئەم بڕگەیە لە کاری کۆنگرە، مەشروعیەتی کۆنگرەی خستە بەر دەنگی ئەندامانی، کە بە تێکڕای دەنگ پەسند کرا.

پێشکەش کرانی هەڵبژاردەیەک لە راپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی حەڤدەیەم لە لایەن هاوڕێی تێکۆشەر مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزب، بڕگەیەکی دیکە لە کاری کۆنگرە بوو. ئەم ڕاپۆرتە دوای چاوخشاندنێک بە سەر هەلومەرجی نێونەتەوەیی و شوێندانانی لە سەر پرسی ئێران و، ئاماژە بۆ جۆر و تایبەتمەندییەکانی ململانییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەراست، چەندین پرسی گرنگی دیکەی لە خۆ گرتبوو کە هێندێکیان بریتی بوون لە: ئێران، بەرجام و کۆمەڵگەی جیهانی، ڕەوشی ئابووریی ئێران، کۆماری ئیسلامی و مافی نەتەوەکان، کۆماری ئیسلامی و پرسی مافی مرۆڤ، هەر وەها پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستان. ڕاپۆرتی سیاسیی پێشکەشکراو لە لایەن سکرتێری گشتی، لە باسی ڕوانگە و هەڵوێستەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا، تیشکی خستبووە سەر ئامانج و هەڵوێستە سیاسی و نەتەوەییەکانی حیزب، گوتاری ڕۆژهەڵاتتەوەری، چالاکیی پێشمەرگانە و خەباتی چەکداری، کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵێک بابەتی گرنگی دیکە بۆ وێنە تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی راپۆرتی ئەمجارەی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرە، چالاکیی ئۆرگانیزمی حیزب لە نێوان کۆنگرەی ١٦ بۆ ١٧ بوو کە وێڕای قامک دانان لە سەر تێکۆشانی دڵسۆزانە و ماندوویی نەناسانەی تێکۆشەران و ئەندامانی حیزب، ڕاسپاردە و ڕێنوێنی بۆ نەهێشتنی لاوازییەکانیشی لە بواری جۆراوجۆردا گرتبووە خۆی. ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی لە لایەن ئەندامانی کۆنگرەوە، کەوتە بەر باس و هەڵسەنگاندنێکی زیندوو و، بە ڕا و سەرنج و تێبینی و رەخنەی بەشداران دەوڵەمەند کرا. ئەم ڕاپۆرتە، دوای پێشکەشکرانی ڕوونکردنەوەی پێویست لە لایەن بەرپرسانی پێوەندیدار و بە تایبەتی سکرتێری گشتی و، بەرعۆدەبوون بە گونجاندنی تێبینییەکان ، لە لایەن کۆنگرەوە پەسند کرا.

کۆنگرەی حەڤدەیەم لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکانی یەکەم ڕۆژی کاری خۆی‌دا‌، گەڵاڵەیەکی تایبەت بە مودیرییەتی حیزب و ‌هەڵبژاردنی ڕێبەریی خستە بەر باس کە پێشتر لە لایەن هەیئەتێکی ڕاسپێردراوی کۆمیتەی ناوەندی ئامادە کرابوو. ئەم گەڵاڵەیەش باسێکی زیندوو و بیروڕاگۆڕێنەوەیەکی چالاکانە لە بارەی جۆری هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، پێوەندیی نێوان ئۆرگانەکانی ڕێبەری و، و لایەنە لاوازەکانی بەڕێوەبەرێتی ڵە حیزب‌دا، لێ کەوتەوە. کۆنگرە سەرئەنجام دوای ئاڵوگۆڕ و دەسکاریی پێویست و ڕەتکردنەوەی بەشێکی، گەڵالەکەی پەسند کرد.

کۆنگرە لە دەسپێکی ڕۆژی دووهەمی کاری خۆی‌دا، “گەڵاڵەی بڕیارنامە و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی حەڤدەیەمی حیزبی دیموکراتی کوردستان”کە پێشتر ئامادە کرابوو، خستە بەر باس و پەسندی کرد. ئەم گەڵاڵەیە بەرچاوڕوونی لە بارەی ئاقارە سیاسی و خەباتگێڕی و ڕێکخراوەییەکانی لەمەودوای حیزبی دیموکراتی کوردستانی گرتووەتە خۆی. “ڕوانین و هەڵوێستمان لە بارەی کۆمەڵێک پرسی گشتیی جیهان، ئێران و کوردستان”، “گوتاری سیاسیی حیزب”، ” حیزب و کۆمەڵگا” و، “مامەڵەمان لە گەڵ لایەنەکانی دیکە”، لە بەشەکان و سەرباسەکانی ئەم دۆکیۆمێنتە پەسندکراوەی کۆنگرەی حەڤدەیەمن کە هەر کامێکیان چەند تەوەر لە خۆ دەگرن. “بابەتە تەشکیلاتییەکان و هێندێک بواری تێکۆشانی حیزب” سەرباسێکی دیکەی ئەم بڕیارنامەیەیە کە بڕیار و ڕاسپاردەی ڕاشکاو لە بارەی چەندین پرس و دیاردە و کێشە و بابەتی تەشکیلاتی و نێوخۆیی لە خۆ گرتوە و، ڕێبەری و سەرجەم ئۆرگانیزمی حیزبی بۆ جێبەجێکردن و ڕەچاوکردن و پابەندبوونیان ئەرکدار کردوە .

کۆنگرەی حەڤدەیەم لەدرێژەی کارەکانی ڕۆژی دووهەمی خۆی‌دا، چەند ئاڵوگۆڕێکی جوزئیی لە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆ‌دا پەسند کرد. دواتر گوێی بۆ راپۆرتی “کۆمیسیۆنی پارێزگاری لە پێڕەوی نێوخۆ” ڕاگرت و دەرفەتی پێویستی بە بەشدارانی کۆنگرە دا تا ڕەخنە و پێشنیاری خۆیان پێشکێش بکەن.

لە ئاکامی باس و موناقشەیەکی گەرم و زیندوودا، کۆنگرە لە سەر جێگە وپێگەی ئەم ئۆرگانە لە پارێزگاری لە ئوسوولی حیزبی و پاراستنی مافەکانی ئەندامان و برەوپێدانی هەرچی زیاتری ڕێوشوێنەکانی پێڕەوی نێوخۆ لە ژیانی حیزبی و تێکۆشانی ڕۆژانەدا تەئکیدی کردەوە.

بە گوێرەی راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەیامەکانی کۆنگرەی حەڤدەیەم، کە لە ڕۆژی دووهەمی کاری کۆنگرەدا پێشکەش کرا، دەیان پەیام لە لایەن حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی دۆستی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ کۆنگرە ناردرابوون. ناوی ئەو لایەنانە لە کۆنگرەدا خوێندرایەوە و لە لایەن ئەندامانی کۆنگرە بە ڕێزەوە پێشوازییان لێ کرا. کۆمیسیۆنی پەیامەکان، کۆمەڵێک پەیامیشی بە ناوی کۆنگرەوە بۆ بەردەنگی جیاواز ئامادە کردبوون کە کۆنگرە رەزامەندیی خۆی لە گەڵ نێوەرۆکیان دەربڕی.

دوایین بەشی کاری کۆنگرە، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەسلی و جێگری کۆمیتەی ناوەندی لە ڕەوتی رەقابەتێکی دیموکراتیک‌دا بە بەشداریی دەیان کاندیدا بوو.هاتنی ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژنان بۆ نێو ڕێبەڕیی حیزب، یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ڕێبەریی حیزب بوو کە دەگەڕیتەوە بۆ ئاستی بەرزی تێگەیشتتن و ڕوانینی ئەندامانی کۆنگرە. هەر دوابەدوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن، کۆمیتەی ناوەندی پێش بڵاوەکردنی کۆنگرە، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی پێک هێنا و، هاوڕێی بەڕێز خالید عەزیزیی وەک سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژارد. سکرتێری گشتیی پێشوو، هاوڕێی بەڕێز مستەفا مەولوودی وێڕای ڕاگەیاندنی ئاکامی ئەو هەڵبژاردنە بە ئاگاداریی بەشدارانی کۆنگرە و پیرۆزبایی لە سکرتێری گشتیی نوێ، لە وتارێک دا بە بۆنەی کۆتاییهاتنی سەرکەوتوانەی کۆنگرە ڕێز و و پێزانینی خۆی و ڕێبەریی حیزبی بەو بەڕێزانە راگەیاند کە بەو پەڕی دلسۆزی و ماندوویی نەناسی بۆ بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی ئەم کۆنگرەیە، ئەرکیان گرتبووە ئەستۆ. دواترسکرتێری گشتیی نوێ بەڕێز خالید عەزیزی، وتارێکی پێشکەش کرد کە تێی دا وێڕای ڕێزگرتن لە ڕۆڵ و زەحمەتەکانی سکرتێری پێشوو، گرنگیی پێکهاتنی کۆنگرەی حەڤدەیەم لە هەلومەرجی هەستیاری ئێستای دا دەستنیشان کردبوو.

بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی کۆنگرە و ڕاپەڕاندنی کاروبارەکەی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییە ئەمنیەتییانەی لەسەری بوون، لەو هەواڵ و پەیامانەن کە دڵی دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی شاد دەکەن. کۆمیتەی ناوەندی بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامان، دۆستان، هۆگران و پشتیوانانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەکا و ڕادەگەیەنێ کە لە ژێر ڕێنوێنیی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەی حەڤدەیەم و بە ئیلهام وەرگرتن لە ناوی کۆنگرە، درێژەدەری ڕێگای خەبات و تێکۆشانی شەهیدەکان ده‌بێ. بۆ ئه‌وه‌ش به ده‌روه‌ستی و جیدییه‌ته‌وه کار بۆ یەکگرتوویی ڕیزەکانی حیزب به له‌به‌رچاوگرتن و خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو توانا و زه‌رفیه‌ته‌کانی نێو ریزه‌کانی حیزب، ئه‌وله‌ویه‌تدان به یه‌کگرتوویی هێزه سیاسییه‌کان رۆژهه‌ڵات، به‌کاربردنی هه‌موو به‌ستێنه‌کانی خه‌بات له‌پێناو خه‌باتێکی قورس و قایمی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ به‌رامبه‌ر کۆماری ئیسلامی و، به‌رنامه‌ڕێژیی ژیرانه و ئه‌مڕۆیی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سیناریۆ و پێشهاته‌کانی له‌مه‌ودوای ئێران و ناوچه ده‌کا.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان

22ی خەزەڵوەری 1397

13/11/2019