بڕیارنامه‌ی کۆنگره‌ی حه‌ڤده‌هه‌می حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
کۆنگره‌ی حه‌ڤده‌هه‌می حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له هه‌لومه‌رجێکدا ده‌به‌سترێ که ئه‌و حیزبه ده‌بێ زیاتر له رابردوو خۆی بۆ ئه‌گه‌ری ئاڵوگۆڕ له ناوچه و
ئێران‌دا ئاماده بکا. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌م کۆنگره‌یه ده‌رفه‌تێکه بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌زموون وه‌رگرتن له سیاسه‌ت و خه‌باتی تا ئێستای حیزب، به‌رچاوڕووونی بۆ ئاقاره سیاسی و خه‌باتگێڕی و رێکخراوه‌ییه‌کانی له‌مه‌ودوامان دابڕ‌ێژین. رێبه‌ریی هه‌ڵبژێردراوی کۆنگره له‌سه‌ریه‌تی که به‌نده‌کانی ئه‌م بڕیارنامه‌یه و په‌سندکراوه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م کۆنگره‌یه و په‌سندکراوه موعته‌به‌ره‌کانی پێشووتر به‌رده‌وام وه‌به‌رچاو بگرێ و بۆ جێبه‌جێکردنی به‌كرده‌وه‌یان تێ‌بکۆشێ.
ئه‌لف. هه‌ڵوێستمان له‌باره‌ی کۆمه‌ڵێک پرسی گشتیی جیهان، ئێران و کوردستان
١/ رووداو و ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌کانی جیهان له چه‌ند ساڵی رابردوودا نیشانده‌ری لاوازبوونه‌وه‌ی مێکانیزمه‌کانی هاوکاریی نێوده‌وڵه‌تی و ره‌وتی روو به داخرانه‌وه‌ی زیاتری به‌شێك له جه‌مسه‌ر و ده‌وڵه‌تانی مه‌تره‌ح له پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا به‌سه‌ر خۆیاندایه. ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین که ته‌نیا کاتێک ئاینده‌یه‌کی باشتر چاوه‌ڕوانی مرۆڤایه‌تی و جیهان ده‌بێ که بنه‌ما و مێکانیزمه‌کانی هاوکاریی نێوان ده‌وڵه‌تان به‌له‌به‌رچاوگرتنی ویست و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵک و پێکهاته‌کانی وڵاتان به‌هێز بکرێن و چیدیکه تاکڕه‌وی و ململانه‌ی نێوان هێزه گه‌وره‌کان نه‌بێته هۆی درێژبوونه‌وه و بێ‌وڵام هێشتنه‌وه‌ی قه‌یرانه سیاسی و ئینسانی و ژینگه‌ییه‌کان. ئه‌مه به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست گرینگه.
٢/ سه‌باره‌ت به فشاره نێوده‌وڵه‌تی و گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی سه‌ر ئێران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه که تێکچوونی زیاتری ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک به‌هۆی ته‌حریمه‌کانه‌وه جێگه‌ی داخه، به‌ڵام کۆماری ئیسلامی که له‌ڕاستیدا خه‌ڵکی ئێرانی به بارمته گرتووه، به به‌رپرسیاری ئه‌و دۆخه ده‌زانین. وێڕای به‌پێویست زانینی هه‌ر جۆره فشارێکی نێوده‌وڵه‌تی که مه‌یدانی مانۆڕی خراپکارانه‌ی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌دا به‌رته‌سک بکاته‌وه، له‌و باوه‌ڕه‌داین که پێویسته کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی‌دا چیدیکه ته‌نیا خۆی له په‌روه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌کانی وه‌ک پرۆگرامی ناو‌کی و سه‌قامگیریی ناوچه‌دا قه‌تیس نه‌کاته‌وه. به‌ڵکوو زیاتر سه‌رنج بداته پرسی ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵك و پێکهاته‌کانی نێو ئێران و نوێنه‌رانی راسته‌قینه‌ی ئه‌وان به موخاتب وه‌ربگرێ هه‌تا خه‌باتی خه‌ڵک به‌دژی رێژیم له یه‌کلا کردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و نیزامه‌دا کاریگه‌رتر بێ و ئاینده‌یه‌کی روونتریش بۆ گه‌لانی ئێران له‌ڕێدا بێ.
٣/ هه‌ڵوێست و سه‌فبه‌ندییه‌کانی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی له ساڵانی دواییدا باشتر له رابردوو ناکارامه‌یی و بێ‌ئیراده‌یی رێژیم له ته‌واوه‌تیی خۆی‌دا بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی وڵات و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان و گوێگرتن له په‌یامی خه‌ڵكی نیشان داوه. هه‌رله‌وکاته‌دا وێڕای باڵاده‌ستیی نیهاده ئه‌منیه‌تییه‌كان و رێبه‌ریی نیزام له جومگه‌کانی ئیداره‌ی وڵات و دیاریکردنی سیاسه‌ته نێوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانی ئێران‌دا، جیاوازییه‌کی جه‌وهه‌ری له هه‌ڵوێست و ره‌فتاری باڵه جیاکانی نێو رێژیم سه‌باره‌ت به‌و پرسانه که بۆ خه‌ڵك گرینگن به‌دی ناکرێ. هه‌ربۆیه پێویسته خه‌ڵکی ئێران هه‌روه‌ک له دوو ساڵی رابردوودا نیشانیان داوه، هه‌روا کۆی رێژیم به ئامانج بگرن.
٤/ کۆمه‌ڵگای سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وێڕای ئه‌وه که نابێ له به‌رامبه‌ر پرۆسه سیاسی‌یه سه‌راسه‌رییه‌کانی ئێران غافڵ و بێته‌فاوه‌ت بێ، پێویسته ئه‌وله‌ویه‌تی کاری حه‌ره‌که‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای تایبه‌تمه‌ندیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و به پێناسه‌یه‌کی قائم به زات و به‌شێوه‌ی هه‌رچی یه‌كگرتووانه‌تر و مه‌یدانیتر بێ.
٥/ له‌باره‌ی پرسی کورد له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان‌دا، پشتیوانی له خه‌باتی ره‌وای کورد له‌و پارچانه‌دا و له هه‌ر چه‌شنه ده‌رفه‌تێکی پێشوه‌چوونی پرسه‌که‌یان ده‌که‌ین. هه‌ر له‌و کاته‌دا جه‌خت له‌سه‌ر یه‌کبوونی نێوماڵی کورد له هه‌رکام له‌و پارچانه‌دا و ته‌عامولی نێوان پارچه‌کان به رووحێکی نه‌ته‌وه‌یی و به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی و پێویستییه خه‌باتگێڕییه‌کانی یه‌كتر ده‌كه‌ینه‌وه.
ب. گوتاری سیاسیی حیزب
١/ به حوکمی ئه‌وه که رێبه‌ریی به‌كۆمه‌ڵ له حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌دا ئه‌سڵێکی هه‌میشه‌یی‌یه، هه‌رچه‌شنه هه‌ڵوێستێکی سیاسیی که‌لان که نوێ بێ یان جیاوازیی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌کانی پێشووی حیزب هه‌بێ، به‌ر له ده‌ربڕین و راگه‌یاندن، پێویسته له چوارچێوه‌ی گونجاوی خۆی‌دا بکه‌وێته به‌ر راوێژ و بڕیاری له‌سه‌ر بدرێ. به‌رپرسانی حیزبی له هیچ پله و مه‌وقعییه‌تێکدا له ده‌ره‌وه‌ی حیزب نابێ به‌پێچه‌وانه و جیاواز له سیاسه‌تی ره‌سمیی حیزب بدوێن و بجوڵێنه‌وه.
٢/ به هه‌موو ئه‌و قابلییه‌تانه بۆ پێداچوونه‌وه و زه‌رفیه‌تسازیی سیاسی و رێکخراوه‌یی که حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هه‌یه‌تی، ئه‌و حیزبه له‌ڕووی ناسنامه‌ی سیاسی‌یه‌وه میراتگری جه‌وهه‌ره‌ی نه‌گۆڕی سامانی مه‌عنه‌وی و گوتاریی حیزب له سه‌رده‌می کۆماری کوردستان و مه‌ودای نێوان دوو نیزامی پاشایه‌تی و کۆماری ئیسلامی بگره تا پاش شۆڕشی ١٣٥٧ و قۆناغه‌کانی دواتری خه‌باته.
٣/ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وه‌ك حیزبێكی شۆڕشگێڕ خوازیاری کۆتایی هاتنی دیکتاتۆڕی له ئێران و گۆڕینی ڕێژیمه. پشتیوانی له مێتۆده مه‌ده‌نییه‌کانی خه‌بات – سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی به‌ستێنی واقعیی بردنه‌پێشی ئه‌م جۆره له خه‌بات له‌ژێر حاکمییه‌تی کۆماری ئیسلامی‌دا- به‌مه‌به‌ستی هێنانه مه‌یدانی خه‌ڵک و به چالش کێشانی رێژیمه و به‌پێچه‌وانه‌ی هێندێک ته‌فسیر که له هێندێک له سیاسه‌ت و ده‌ربڕینه‌کانمان کراوه، به مانای باوه‌ڕ به ئیمکانی ریفۆرمی رێژیم نیه.
٤/ ریساله‌تی خه‌باتگێڕیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان چاره‌سه‌ری پرسی کورد وه‌ك پرسێکی سیاسی‌یه. ئه‌مه پێشگیری له‌وه ناکا که پشتیوانی له خواسته فه‌رهه‌نگییه‌کان و داواکاریی چین و توێژه‌کان و به‌گشتی ئه‌و پرسانه‌ی بابه‌تی رۆژانه‌ی خه‌باتی جه‌ماوه‌ریین بکه‌ین، به‌ڵام هه‌میشه ده‌بێ دووره‌دیمه‌نی ستراتژیک و نه‌ته‌وایه‌تیی خه‌باتی خۆمانمان له‌به‌رچاو بێ.
٥/ باوه‌ڕ به رێگاچاره‌ی ئاشتیخوازانه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران پره‌نسیپێکی هه‌میشه‌یی حیزبی دێموکڕاته. به‌ڵام ره‌فتاری کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستان و حیزبی ئێمه و ئه‌زموونمان له‌بواری وتووێژدا به ئێمه ده‌ڵێ که رێژیم هه‌میشه وتووێژی بۆ مه‌به‌ستی به‌دخوازانه و خراپکارانه‌ی خۆی به‌کاربردووه. ئه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامی به‌ڕاستی بیهه‌وێ وتووێژ بکا، ئه‌وه ده‌بێ به ره‌چاوکردنی کۆمه‌ڵێک مه‌رج و پره‌نسیپ (وه‌ك به‌ڕێوه‌چوونی وتووێژ به بوونی لایه‌نێكی سێهه‌م وه‌ک چاوه‌دێر؛ مه‌علووم بوون و حیساب له‌سه‌ر کرانی پله و ئیعتباری نوێنه‌رانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر؛ وتووێژ له‌سه‌ر خواسته‌کانی گه‌لی کورد) بێ. هه‌ر جۆره وتووێژێک ده‌بێ به ئاگاداری و له چوارچێوه‌ی بڕیاری ئوسووڵیی رێبه‌ریی حیزب‌دا بێ و قۆناغی ئه‌سڵیی وتووێژی راسته‌وخۆش پێویسته چه‌ندی ده‌كرێ به هه‌ماهه‌نگی و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ پارته سه‌ره‌کییه‌کانی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵات بێ.
٦/ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له به‌خۆداچوونه‌وه و زه‌فییه‌تسازیی رێکخراوه‌یی و سیاسی‌دا هه‌میشه رچه‌شکێن بووه. سه‌یرکردنی رابردووی خه‌باتی خۆمان به چاوێکی ره‌خنه‌گرانه‌وه به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به که‌موکوڕییه‌کانی نێوخۆی بزوتنه‌وه و کۆمه‌ڵگای سیاسیی کوردستان شتێکی به‌جێ و پێویسته. به‌ڵام له‌و کاره‌دا هه‌میشه ده‌بێ شکۆی خه‌بات و خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانه‌مان و ره‌وایی بڕیاری خۆڕاگریی چه‌کدارانه له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی ته‌واوویستانه و شه‌ڕخوازانه‌ی کۆماری ئیسلامی پارێزراو بێ.
٧/ دێموکڕاسی هه‌م وه‌ک ئیده‌ئالێكی کارپێکراوی ژیانی سیاسی و رێكخراوه‌یی حیزبی دێموکڕات و هه‌م وه‌ک گونجاوترین به‌ستێن بۆ گفتگۆ و چاره‌سه‌ری کێشه‌کان، له ریزی پێشه‌وه‌ی ئامانج و به‌هاکانی حیزبی ئێمه‌یه. هه‌رله‌وکاته‌دا ئه‌وله‌ویه‌تی خه‌باتی ئێمه مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و پرسی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه. هه‌ربۆیه جۆری مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ پرۆسه سیاسییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و ئاینده‌ی ئێران پێش هه‌موو شتێك له‌سه‌ر بنه‌مای تایبه‌تمه‌ندیی کوردستان و پرسی کورده.
٨/ دروشمی فیدرالیزم وه‌ك گونجاوترین سیستم بۆ ئیداره و پێکه‌وه‌ژیان له ئێران‌دا شیاوی گرینگی‌پێدان و کارله‌سه‌رکردنی زیاتره. به‌ڵام ئه‌و ئه‌وله‌ویه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی پرسی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که له به‌ندی پێشوودا باس کرا، ده‌ستئاوه‌ڵایی پێویستمان ده‌داتێ که هاوشان له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌کانی دیکه‌ی کوردستان له داهاتوودا به‌پێی ویستی خه‌ڵكی کوردستان و واقعیات و مومکیناتی هه‌ر قۆناغێک (به‌بێ له‌بیرکردنی جه‌وهه‌ری مافی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان) بجوڵێینه‌وه.
٩/ خه‌بات بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران‌دا نابێ ئه‌و راستییه‌مان لێ بشارێته‌وه که کورد یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه و کوردستان یه‌ک نیشتمانه دابه‌ش کراوه. له عه‌ینی فیدرالیخوازیدا ئێمه ده‌بێ به‌پشت به‌ستنی زیاتر به مانای مافی دیاریکردنی چاره‌نووس وه‌ک ئیراده‌یه‌کی هه‌میشه ئازاد، گوتارێکی سه‌روه‌ریخوازانه‌مان هه‌بێ. پێویسته ئه‌و چه‌مک و هێمایانه‌ی ته‌عبیر له سه‌روه‌ریی گه‌له‌که‌مان ده‌كه‌ن (کۆمار، نه‌ته‌وه، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، … هتد) له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و په‌روه‌رده‌ی هزریمان‌دا زیاتر کاریان له‌سه‌ر بکرێ.
١٠/ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له عه‌ینی ئه‌وله‌ویه‌تدان به خه‌بات له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و درێژه‌دان به پره‌نسیپی رۆژهه‌ڵات‌ته‌وه‌ری، هاوپێوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی نێوان پارچه‌کانی کوردستان (سه‌ره‌ڕای هه‌موو که‌موکوڕی و لاسه‌نگییه‌کانی) به شتێکی پێویست ده‌زانێ. هاوکات پێمان وایه هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان ده‌بێ بۆخۆی نوێنه‌رایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندی و ئاجێندای خه‌باتی خۆی بکا و موخالفی ده‌ستێوه‌ردانی هه‌ر پارچه‌یه‌ک له کاروباری پارچه‌یه‌کی دیکه‌داین. رێبه‌ریی ئاینده پێویسته له به‌رامبه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی له‌م چه‌شنه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌دا به‌رنامه‌ی وا دابڕێژێ که ئه‌وه‌نده کاریگه‌رییه‌ی هه‌بێ که سنوورێك بۆ ئه‌و جۆره ده‌ستێوه‌ردانانه دابنێ، ئه‌وه‌نده‌ش به‌رپرسیارانه بێ که گرژی و نێوان ناخۆشی له‌گه‌ڵ هێزی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانی لێ نه‌که‌وێته‌وه.
ج. حیزب و کۆمه‌ڵگا
١/ گوتار و به‌رنامه‌مان له‌بواری ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا ڕوو به رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێویسته له هه‌موو روویه‌که‌وه هه‌مه‌لاگیر بێ و هه‌موو فره‌چه‌شنییه‌کانی نێوخۆی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه له‌به‌رچاو بگرێ. هه‌رچه‌شنه گوتار و ره‌فتارێک که به فه‌رق و جیاوازی‌دانان له‌نێوان جۆراوجۆرییه فه‌رهه‌نگییه‌کانی نێو ئه‌م کۆمه‌لگایه لێک بدرێته‌وه و درزه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا زیاد بکا، پێویسته خۆی لێ ببوێردرێ.
٢/ حیزبی ئێمه پێویسته له ڕێگای تیمی کارناسه‌وه به‌دواداچوون و چاوه‌دێریی دۆخی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و کێشه و چاوه‌ڕوانییه‌کانی خه‌ڵک له هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانه‌وه به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی پرسه ستراتژییه‌کان (سنووره‌كانی خاک، دێمۆگرافی، ژینگه، تایبه‌تمه‌ندییه لۆکاڵییه‌کان، ئارێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌تایبه‌تی مه‌وادی موخه‌دیر، بنیاتگه‌رایی ئیسلامی، … هتد) بکا و له سیاسه‌تسازی و به‌رنامه‌ڕێژیی کار و تێکۆشانی‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و خوێندنه‌وه و به‌دواداچوونه بجوڵێته‌وه.
٣/ ته‌شکیلاتی ئێمه پێویسته به رێکاری گونجاو له نێوخۆ و له ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی حیزب فراوانتر بکاته‌وه و بۆ راکێشانی که‌سایه‌تییه شوێندانه‌ره‌کان زیاتر تێ‌بکۆشێ. به‌رنامه‌ڕێژی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌توانێ زۆر رێکار بگرێته‌وه و له‌و پێوه‌ندییه‌دا کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌توانێ وه‌کاله‌ت بۆ هێندێک هه‌نگاوی تایبه‌تی بداته ده‌فته‌ری سیاسی.
٤/ ناوچه‌کانی باکوور و باشووری رۆژهه‌ڵات (ورمێ، کرماشان، ئیلام، له‌کستان، … هتد) و ناوچه کوردنشینه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات (به‌تایبه‌تی خوراسان) پێویسته له گوتار و مێدیا و به‌ڕێوه‌به‌ری و ته‌شکیلاتی حیزب‌دا ره‌نگدانه‌وه‌ی زیاتریان هه‌بێ و له به‌رنامه‌ڕێژیی کار و تێکۆشانمان روو به‌و ناوچانه تایبه‌تمه‌ندییان وه‌به‌رچاو بگیرێ. به‌رنامه و گوتاری حیزب بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران پێویسته له‌ڕووی حقوقییه‌وه وڵامی بۆ مافه‌کان و هه‌ستیاریی نه‌ته‌وایه‌تیی کورده‌کانی دانیشتووی ئه‌و شار و ناوچانه‌ی ئێران هه‌بێ که له‌ڕووی مێژووییه‌وه به‌شێک له خاکی کوردستان نین، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی چڕ کوردیان لێ ده‌ژی.
د. مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه
١/ له به‌ستێنی دیپڵۆماسی‌دا پێویسته حیزبی ئێمه به‌رنامه‌ڕێژیی ورد و به‌ربڵاو بۆ راکێشانی سه‌رنج و پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ خه‌باتی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بکا. ئێمه وێڕای پابه‌ندیمان به به‌ها سۆسیال دێموکڕاتییه‌کان وه‌ک ئیده‌ئالێک بۆ ئاینده‌ی کۆمه‌ڵگای خۆمان، پێویسته له به‌ستێنی نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی سنووربه‌ندییه ئیدئۆلۆژییه‌کان بجوڵێینه‌وه و ئه‌وله‌ویه‌تیش بده‌ینه ئه‌و کاناڵ و ناوه‌ندانه‌ی به‌رهه‌می مه‌لمووسیان له به‌رژوه‌ندیی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
٢/ له مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ هێزه ئێرانییه‌کاندا هاتوچۆ و گفتگۆ له‌گه‌ڵ هه‌موو ته‌یفه‌کانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی چ له نێوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به پێویست ده‌زانین. به‌ڵام بۆ هاوکاری و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و هێز و ته‌یفانه، به‌پێی ماهیه‌تی دێموکڕاتیکی ئه‌وان و له‌وه‌ش گرینگتر راده‌ی باوه‌ڕیان به به‌ڕه‌سمی ناسینی مافه‌کانی گه‌لی کورد له ئێران‌دا ده‌جوڵێینه‌وه. سه‌باره‌ت به‌و ته‌یفانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی که گه‌لی ئێمه ئه‌زموونی تاڵی له‌گه‌ڵیان هه‌یه، پێویسته پێش هه‌ر جۆره نزیک‌بوونه‌وه و سازانێک، ئه‌وان حازر بن ره‌خنه له ره‌فتاری رابردووی خۆیان بگرن یا لانیکه‌م به جۆرێك بدوێن و بجوڵێنه‌وه که نیشانه‌ی نه‌گرتنه‌وه‌به‌ری ئاقاره خراپه‌کانی رابردوویان ده‌رهه‌ق به گه‌له‌که‌مان بێ.
٣/ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێکهاته نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی دراوسێی کورد له ئێران‌دا (به‌تایبه‌تی ئازه‌رییه‌کان) پێویسته سیاسه‌ت و تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی بزوتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات بۆ جێخستنی مه‌یدانداریی ڕه‌وای کورد له هه‌موو بوار و جومگه‌کانی ئاینده و ئاسایشی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌وڵدان بۆ لێکگه‌یشتن و پێکه‌وه‌ژیانی سالم و بنیاتنه‌ر بێ.
٤/ تاکڕه‌ویی حیزبه‌کان به قازانجی سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان نازانین، هه‌ربۆیه له به‌ستێنی کاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌دا، وێڕای رۆڵی مێحوه‌ری و کارسازی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌ده‌ینه گه‌شه‌کردنی “ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران” به چه‌شنێک که هه‌م بنه‌ماکه‌ی به‌شێوه‌ی ئوسووڵی فراوان بێته‌وه و هه‌م سازوکاری جیددی و به‌کرده‌وه‌ی له بواره سه‌ره‌کییه‌كانی کار و خه‌باتی هاوبه‌شدا (سیاسی و گوتاری، جه‌ماوه‌ری، پێشمه‌رگانه، مێدیایی، دیپڵۆماسی) و ئاماده‌بوون بۆ قۆناغی ئینتقالیی بۆ دابین بکرێ.
٥/ باوه‌ڕمان به زه‌رووره‌تی یه‌كگرتنه‌وه‌ی دێموکراته‌کان له جێی خۆیه‌تی و کاری بۆ ده‌که‌ین. به‌ڵام وێڕای هه‌وڵدان بۆ سه‌رکه‌وتنی هه‌وڵه‌کان له‌و پێوه‌ندییه‌دا، پێویسته ئه‌و هه‌وڵانه له‌پێناو یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌کی هاوسه‌نگ‌دا بێ. له‌هه‌رحاڵدا حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ژیانی سیاسی و رێکخراوه‌یی خۆی به‌و پرسه نابه‌ستێته‌وه و کار له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیی خۆی ده‌كا.
ه. بابه‌ته ته‌شکیلاتییه‌کان و هێندێک بواری تێکۆشانی حیزب