وەڵامدانەوە بە هەشت پرسیاری دیاری نەخۆشی و پەتای کۆرۆنا
وەرگێرانی: حەمەڕەسووڵ کەریمی
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتای کۆرۆنا، ڕۆژانە پرسیاری جۆراوجۆر لە نێو خەڵکدا باس
دەکرێن و بڵاو دەبنەوە. ئەو پرسیارانەی خوارەوە لە گرینگترین پرسیارەکانن کە لە کاناڵی سیئێنئێن لە لایەن شارەزایانی ساخڵەمی و تەندرووستییەوە وەڵامیان پێ دراوەتەوە:
١ ـ ماوەی چاکبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا چەندە؟
زۆربەی گیرودەبووانی ئەو نەخۆشییە چاک دەبنەوە، بەڵام وێدەچێ ماوەی پێراگەیشتنی دەرمانی ئەو کەسانە هەندێک دڕێژخایەن بێ.
دوکتور مایکل ڕاین لە ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی دەڵێ: بە باوەڕی من چاکبوونەوە و دەرباز بوون لەو نەخۆشییە شەش حەوتوو دەخایێنێ، بەڵام ئەوانەی کە جۆری نەخۆشییەکەیان تووندترە و زۆرتر گیرۆدە بوون، وێدەچێ چەند مانگێک لە ژێر چاوەدێری دەرمانی و پزیشکی دابن.
٢ ـ ئایا ویروسی کۆرۆنا لە ئاژەڵ و حەیوانە دەستەمۆکانی نێو ماڵ دەگۆزرێتەوە بۆ مرۆڤ و یا بە پێچەوانە لە مرۆڤەوە بۆ حەیوانەکان؟
نا، هیچ جۆرە ڕاپۆرتێکمان لە بەردەست دا نییە کە نیشان بدات لە حەیوان و گیانلەبەرەکانی وەک سەگ و پشیلەی نێوماڵ کە ئەو ویروسەیان گرت بێ و لەوانە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
٣ ـ کەسێکی هەڵگری ئەو نەخۆشییە تا چ ماوەیەک دەتوانێ ئەو نەخۆشییەی لە خۆی را بگوازێتەوە بۆ کەسانی دیکە؟
چەند شتێکی جۆراوجۆر هەن. بە پێێ ئەو ڕێنوماییانەی کە لە لایەن ناوەندی پێشگیری و دەرمانی نەخۆشی بڵاو کراونەوە، ماوەی گونجاو بۆ هاتنەدەری ئەو کەسەی کە لە قەرەنتینە دایە، کاتێکە کە:
ـ تا و گەرمای کەسی گیرۆدەبوو، بە بێ ئەوەی دەرمان بخوا بۆ خۆی تەواو بووبێ.
ـ گیرۆدەبووەکە تا و گەرمای لەشی نەما بێ و بە تایبەت کۆخە و پشمینەکانی تەواو بووبن.
ـ وەڵامی تاقیکاری نەخۆشەکە ” دوو جار لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر” دا نەرینی بێ.
٤ ـ ویروس و ئانفولانزا زیاتر لە ویروسی کۆرۆنا لە وڵاتی ئامریکا خەڵک نەخۆش دەکا و تەنانەت خەڵکیش زیاتر دەکوژێ، بۆچی ویروسی نوێی کۆرۆنا ئەوەندە بۆتە مایەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی هەموو خەڵک بە گشتی؟
جیاوازی نێوان ویروسی ئانفولانزە و ویروسی کۆرۆنا لەوە دایە کە ویروسی نوێی کۆرۆنا مەترسی گیانی زیاتر بۆ سەر ئەو کەسانە هەیە کە ساخڵەمی و تەندرووستیان باش نییە. هاوکات مەترسی مردن لە سەر کەسانی پیر و بە ساڵاچوو زۆرترە و لە سەر کەسانێک کە تەمەنیان لە سەروی ٨٠ ساڵە و نەخۆشی تایبەتیان هەیە لە هەر شەش کەس یەک کەسە، جیا لەوە بۆ ویروسی ئانفولانزا دەرمان و واکسێن هەیە، بەڵام بۆ ویروسی کۆرۆنا تاکوو ئێستاش هیچ جۆرە واکسێن و دەرمانێک نە هاتۆتە بازار.
٥ ـ ئایا مەترسی ئەوە هەیە کە ویروسی کۆرۆنا لەو شتانەی لە چین دەکردرێن و بە کارتۆن و بەستە لە ڕێگای پۆستەوە دێن، بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە؟
نا. بە گووتەی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ویروسی کۆرۆنای نوێ، لە ڕێگای کەل و پەلێک کە لە وڵاتی چین درووست کراون و یا لەو وڵاتە را لە ڕێگای پۆستەوە دەنێردرێنە وڵاتەکانی دیکە بۆ کەسەکان ناگوازرێتەوە.
٦ ـ ئایا منداڵەکان زۆرتر لە مەترسی دان؟
بە خۆشیەوە ئەو ویروسە لە منداڵان دا دەرنەکەوتووە و ئەگەر منداڵان بەو ویروسە گیرۆدە بن لەوان دا زۆر لاوازترە. بەڵام منداڵانیش وەک هەموو کەس دەبێ، دەستەکانی خۆیان بۆ ماوەی ٢٠ چرکە بشۆرن، لە کاتی پشمین و کۆخەدا پێش بە دەم و لووتیان بگرن و هاوکاتیش زۆر دەست لە دەم و چاو و ڕوخساریان نەدەن.
٧ ـ ئایا ویروسی کۆرۆنا بۆ ژنانی دووگیان مەترسی هەیە؟
لەبەر ئەوە کە ویروسی کۆرۆنا نوێیە و تەنیا چەند مانگێکە بڵاو بۆتەوە و تاکوو ئێستا زانیاری زۆریشمان لە بەر دەست دا نییە. بەڵام هەر لەو ماوەیەش دا بۆمان دەرکەوتووە کە تویژی بە ساڵاچووان زۆرتر و زووتر تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن و سەبارەت بە ژنانی دوو گیان تاکوو ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک لەبەر دەست دا نییە.
٨ ـ ئەو هەڵمەتە گشتگیرییە تاکەی درێژەی دەبێ و کەی کۆتایی پێدێ؟
هیچکەس نازانێ. پرێزیدێنت ترامپ لە وتووێژێک دا گووت بووی کە ویروسی کۆرۆنا لەگەڵ گەرم بوونی هەوا لە هاوین دا تەواو دەبێ. بەڵام پسپۆران و شارەزایانی بواری تەندرووستی دەڵێن کە تاکوو ئێستاش ناتوانین لەو بارەوە هیچ بیرورایەکی تایبەت دەر ببرین.
ئالێکس ئایزار، وەزیری تەندرووستی و خزمەرگوزارییە مرۆڤییەکانی ئامریکا گووتی: هیوادارم کە ئەو شتەی پرێزیدێنت ترامپ گوتوویەتی وەڕاست گەڕێ و بڵاو بوونەوەی ویروسی کۆرۆناش هەروەک زۆربەی ویروسەکانی دیکە لە وەرزی گەرما دا تەواو ببێ.