پەیامی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بە بۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتیی خۆشناو کاک میرزا حوسێن شەریفی

ەیامی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بە بۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتیی خۆشناو و باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری سەقز، کاک میرزا حوسێن شەریفی

غەمێکی نوێ

بەداخێکی گرانەوە ئاگادار بووم کە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٧\٠١\١٣٩٩ی هەتاوی (١٥\٠٤\٢٠٢٠ی زایینی) کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و جێی ڕێزی شاری سەقز میرزا حوسێنی شەریفی بەهۆی نەخۆشی و پیری کۆچی دوایی کردوە. بەڕاستی لەم هەلومەرجە دژوارەی کوردستان و ناوچە و سەرانسەری جیهاندا کە بە هۆی پەتای عالەمگیری کۆڕۆناوە غەم بە غەمێ دەڵێ ڕێم کە و خەسار بە خەسارێ دەڵێ جێم کە، ئەو هەواڵە دڵهەژێنە بووە «دەردی سەرباری هەموو دەردان» و لە ناخەوە ڕای تڵەکاندم.
غەمی لەدەستدانی میرزا حوسێن هەر لەبەر ئەوە قورس نیە کە بۆ من دۆستێک و سەروەرێک بوو، بەڵکوو کەسایەتیی بەرزی ئینسانی و کۆمەڵایەتی و فەزل و خوێندەواری و هونەر، بەتایبەتی هونەری خەت¬خۆشییەکەی ئەوی کردبووە خۆشەویستی هەمووان و جێگای ڕێزی خەڵکی شارە شەریفپەروەرەکەی سەقز و هەموو ئەوانە کە لە نیزیکەوە دەیانناسی.
میرزا حوسێنی شەریفی گەلدۆست و وڵاتپارێزێکی گەورە و دڵسۆزێکی کەموێنەی حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی هەقخوازانەی خۆرهەڵاتی کوردستان بوو. بیروباوەڕی سیاسی و نەتەوەپەرستی وای کردبوو کە یەکێک لە جگەرگۆشەکانی بەناوی ڕامین شەریفی بە حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی دادخوازانەی نەتەوەکەی ببەخشێ. دەڵێن «گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە». ڕامین نموونەی خەباتگێڕێکی بەوەج و جێگای شانازیی باوکی شۆرشگێڕی بوو. خوێندەوار، فیداکار، ئازا و بەجەرگ و نموونەی پێشمەرگەیەکی بەبیروباوەڕ.
ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی ڕامین پێشمەرگەی بەدیمەنی حیزبی دێموکرات لە مەئمووریەتێکی حیزبیدا کەوتە داو و بەدیل گیرا. لێرەدا بوو کە باوەڕ و ئیمانی نەلەرزیوی باوک و کوڕ گەشەی کرد و خۆی نواند. ئازار و ئەشکەنجەی جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی نەیتوانی سەری تەسلیم بە ڕامین دانوێنێ کە هیچ، ورە و گەورەیی میرزا حوسێنیش لەوێدا گوڵی کرد. پێش ئیعدامی ڕامین دژی گەلییەکان بانگی میرزا حوسێن دەکەن و کاتێک لەوە نائومێد دەبن کە ئەو کوڕەکەی هان بدا بۆ پەژیوانی و داوای لێخۆشبوون، پێی دەڵێن: کوڕەکەت شەڕی دەگەڵ خوا کردوە (محارب با خدا)یە، سزاکەشی ئەوەیە یان ئیعدام بکرێ، یان دەست ولاقی ببڕێنەوە. ئەتۆ وەک باوکێک کامیان هەڵدەبژێری؟
بڕوانن لەوکاتەدا کە مەرگی جگەرگۆشە لە ئارادایە، وەڵامی باوکێکی قارەمان دەبێ چی بێ؟ میرزا حوسێن دەڵێ ئیعدامی بکەن. جەلاد بە سەرسوڕمانەوە دەڵێ وا دیارە زۆر کەللەڕەقی، چۆن مەرگ بۆ کوڕی خۆت هەڵدەبژێری؟ بە فارسی وەڵامیان دەداتەوە: «زیرا جزو استوارقامتان خواهد شد» چونکە دەبێتە یەکێک لە بەژن نەچەماوان. ئەوە بوو کە ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٨٢ ڕامینی قارەمان «بە سەری بەرزەوە چووە سەر دار». کەچی ئەم کۆستە گەورەیە نە باوەڕی میرزا حوسێنی لەرزاند و نە پێوەندیی ئەوی دەگەڵ حیزبەکەی خۆی و کوڕە شەهیدەکەی پچڕاند. هەتا ئەم ساڵانەی دوایی کە نەخۆشی و پیری بڕستیان لێ بڕی ناوبەناو سەری دەداین و ورەی پێ دەداین. دواتریش لەڕێگای تەلەفونەوە پێوەندیی خۆی هەر پاراست.
کورتی کەمەوە، دەگەڵ ئەوەی تەمەنی چووبووە سەر، کۆچی دوایی ئەو گەورە پیاوە بۆ حیزبی دێموکڕات و دۆست و دڵسۆزانی خەسارێکی گەورەیە و یادی بۆ هەتاهەتایە لە دڵی هەموو ئەوانەدا زندوویە کە هاودەم و هاونشینی بوون و دەگەڵ فەزل و هونەر و ئیمان و باوەڕی ئاشنا بوون.
بە بۆنەی ئەو کۆسپە گەورەیەوە پڕ بەدڵ سەرەخۆشی و هاودەردیم پێشکەشی کوڕ و کچەکانی و تەواوی ئەندامانی بنەماڵە سەربەرزەکەی و هەموو خەڵکی شارە خۆشەویستەکەی و تێکڕای خەڵکی کوردستان دەکەم. بۆ میرزاحوسێنی لەدەستچوو بەهەشتی بەرین و باوەشی بەزەیی خوا و بۆ کەسوکار و دۆستان و ئۆگرانی سێبووری و سڵامەتی و تەمەندرێژی بەئاوات دەخوازم. ڕووحی شاد بێ.
عەبدوڵڵا حەسەن زادە