چوارچرا شێرکۆ بێکەس

کە لاشەی ساردی چوارچرا
وەکوو ھێشووی سەرما بردوو
لە سێدارە کرانەوە

دار بەجێ ما
ھەژارانی سابڵاخ بردیان
زستانیش بوو نەیانسووتان
سەرمایشیان بوو نەیانسووتان
لەو دارانە، لەو تەختانە
چوار بێشکەی سووریان دروست کرد
لەو ڕۆژەوە ھەتا ئەمڕۆ
ئەو لانکانە
ھەر ئەگەڕێن
ئەم ماڵ، ئەو ماڵ
ئەم دەست ئەو دەست
وەریان ئەگرن
ئەی نابینی ھەزاران قازی محەممەد
لەسەر لوتکە وەستاون و
چەک ھەڵئەبڕن؟!

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت