کۆچی دوایی کاک مستەفا محەممەدزادە پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات
کۆچی دوایی کاک مستەفا محەممەدزادە پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، کاک مستەفا محەممەدزادە ناسراو بە مستەفا شیوەسەڵی، پێشمەرگەی دێرین و کەم ئەندامی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هۆی نەخۆشییەکی کتوپڕ لە شاری تورکووی وڵاتی فینلاند ماڵاوایی لە ژیان کرد .
کاک مستەفا لەدایکبووی گوندی پێشمەرگەپەروەری شیوەسەڵ لە ناوچەی سەردەشت و ڕۆڵەی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر بوو. ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە کاتێکدا کە هێشتا تازەلاو بوو، ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هەڵبژارد و چەکی شەرەف و شانازیی پێشمەرگایەتیی لە شان کرد.
ناوبراو وەک پێشمەرگەیەکی فیداکار، چالاک، دڵسۆز و خەمخۆری حیزب و گەلەکەی لە شەڕ و بەرگرییەکانی ناوچەی سەردەشت بەشداریی چالاکانەی کرد.
لە کۆتایی زستانی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە شەڕێکی قارەمانانەدا دژ بە هێزی زۆر و بۆری جاش و پاسدار لە گوندی هەڵوێی ناوچەی سەردەشت بە سەختی بریندار بوو.
هەر لەو شەڕەدا دوو پێشمەرگەی ئازا و فیداکار بە ناوەکانی حاجی بەریاجی و عەلیە سوری گرژاڵ شەهید بوون.
کاک مستەفا لەو کاتەوە وێڕای ئازاری برینەکەی، درێژەی بە ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دا و برینداربوونەکەی ئەوی لەسەر ڕێبازە پیرۆزەکەی سوورتر کرد.
چەند ساڵ دواتر لە ناوچەی سەردەشت لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگەکان کەوتە کەمینی هێزە دژی گەلیەکان و بۆ جاری دووهەم شوێنی برینی پێشووی واتا لاقی بریندار بووەوە و بە ناچاری ڕەوانەی ئاسایشگای حیزب کرا.
کاک مستەفا کوڕێکی بەنەزم و ڕێکوپێک و خۆشەویستی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بوو. ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی لەلایەن حیزبەوە بۆ چارەسەری برینەکەی ڕەوانەی وڵاتی فینلاند کرا.
ناوبراو لە تاراوگەش سەرەڕای هەوڵی دوکتۆرەکان بەدەم ئازاری لاقیەوە دەیناڵاند، بەڵام هەروا وەفادار بەحیزبەکەی مایەوە. لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە حیزبیەکان دڵسۆزانە بەشداری دەکرد و بۆ بەڕێوەبردنی هەموو ئەرکێک ئامادە بوو. لە جەریانی شۆڕشی ژینادا لە هەموو خۆپێشاندانەکانی وڵاتی فینلاند بە بەرزکردنەوەی لۆگۆی حیزب و شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان لە سەر ویلچێرەکەی لە سەفی پێشەوەی خەڵکەکدا بوو.
کاک مستەفا لە بواری کۆمەڵایەتیەوە لەگەڵ زۆربەی تێکۆشەرانی ئەم حیزبە و بنەماڵەکانیان تێکەڵاو بوو. ئەو پەیوەندیە ناوبراوی لەنێوهاوڕێ و هاوسەنگەرانیدا زیاتر خۆشەویست کردبوو و هەمووان خۆشیان دەویست.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.