کۆچی دوایی کەسایەتی خۆشناو و شۆڕشگێر کاک میرزا خدر مەرەسەنە
کۆچی دوایی کەسایەتی خۆشناو و شۆڕشگێر کاک میرزا خدر مەرەسەنە
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار کراینەوە کە کاک خدری مام ڕۆستەمی بێوران، ناسراو بە کاک میرزا خدر مەرەسەنە بە هۆی ڕاوەستانی دڵ لە شاری قەڵادزێی باشووری کوردستان کۆچی دوایی کرد.
کەسایەتی و خەباتکاری دیاری سیاسی کورد کاک میرزا خدری مەرەسەنە، دوای ٦ دەیە خەبات و تێکۆشانی بێوچان سەربەرزانە خاکی نیشتمانی لە ئامێز گرت و بوو بە مۆمی داگیرساوی خاک و نیشتمان.
کۆچی دوایی کاک میرزا خدر بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە بەرێزیان دەناسی، بۆتە مایەی خەم و پەژارە، بێشک مرۆڤەکان ڕۆژێک لە دایک دەبن و ڕۆژێکیش کۆچی دوایی دەکەن، گرینگ ئەوەیە کە دوای مردنی کەسەکان چۆن دەروانینە ژیان و خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کەسی کۆچ کردوو.
کاک میرزا خدر مەرەسەنە کوڕی مام ڕۆستەم خەڵکی گوندی بێورانی خوارێ لە هۆزی مەرەسەنە مرۆڤێکی تەژی لە خۆشەویستی و مێهرەبانی و خەمخۆری بۆ گەل و نیشتمان و نەتەوەکەی بوو.
کاک میرزا خدر وەک زۆربەی زۆری منداڵان و گەنجانی هاوتەمەنی خۆی لە گوندی بێورانی خوارێ لە ناوچەی سەردەشت گەورە بووە، هەر لە قۆناخی منداڵیەوە بە هۆی زیرەکی و هوشیاری، چەند هەنگاوێک لە ژیانی ڕۆژانە دا لە پێش هاوتەمەنەکانی خۆی بووە. هەر لە هەڕەتی لاوەتی و گەنجییەتییەوە، بە هۆی بەشداری چالاکانە و پێشمەرگانەی مام ڕۆستەمی باوکی کە پێشمەرگەی کۆماری کوردستان بووە، بە هۆی هاتووچۆی زۆری گەورە پیاوانی ناوچە بۆ لای بنەماڵەکەیان و بیستنی سەربردەی مەزنە پیاوانی گەلەکەمان، زۆر زوو ئاشنا بە کاری سیاسی دەبێ و دواتر خۆشەویستی گەل و نیشتمان هانی دەدا بە ڕێگەی سەربەرزی باوکی دا هەنگاو بنێ و چاونەترسانە ببێتە تەتەر و هاورێ و هاوکاری شۆڕشگێران و ئەو کەسانەی کە دژی حکوومەتی شاهەنشاهی خەبات دەکەن.
دوای ئەوە کە بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن ساواک و ڕژێمی پەهلەوی دەگیرێن، بەداخەوە لە ناوچەی سەردەشتیش چەندین کەس و کەسایەتی دیاری ناوچەکە دەگیرێن و مام ڕۆستەم و کاک میرزا خدر مەرەسەنەش لە لایەن ڕژێمەوە دەگیرێن و ڕاپێچی گرتووخانەکانی ئەو سەردەمی ڕژێمی پەهلەوی دەکرێن.
گرتووخانە و هەڕەشە و ئازار و ئەشکەنجەی ساواک و ژاندارمەری نەک نابێتە مایەی پەشیوانی لە کار و ئەرکی نیشتمانی، بەڵکوو بە پێچەوانە گرتووخانە بۆ کاک میرزا خدر دەبێتە قوتابخانەیەک و لەگەل کۆمەڵێک کەسایەتی زۆر دیاری ناوچەکانی دیکەش ئاشنا دەبێ و لە ئەزموونی ژیانی ئەوان بە گشتی بۆ کار و ژیانی داهاتووی خۆی کەڵک وەر دەگرێ و زۆرتر زوڵم و زۆری ڕژێمی شای بۆ دەر دەکەوێ.
دوای چەندین ساڵ مانەوە لە زیندان و دوای ئازاد بوونی لە گرتووخانە ، خەڵکی ناوچە و بە تایبەت گوندی بێوران پێشوازیێکی بێوێنە لە گەڕانەوەی کاک میرزا خدر دەکەن و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کە ڕژێم زیاتر میرزا خدر بخاتەوە ژێر چاوەدێری، بەڵام ئەزموونەکانی چەند ساڵی زیندان فێری دەکەن کە ئەمجارە میرزا خدر وردبینانەتر هەنگاوەکانی لە کاری سیاسی دا هەڵبێنێتەوە، هەر بۆیە دوای ماوەیەک ژیان لە گوندی بێوران، لە شەستەکانی زائینی دا ڕوو لە باشووری کوردستان دەکا و لەوێ لەگەڵ شۆڕشگێرانی دیکەی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان ئاشنایەتی پەیدا دەکا و دواتر دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ساڵانێکی زۆر لە ڕیزەکانی حیزبدا خەبات و تێکۆشان دەکا. بە هۆی خزمایەتی و ئاشنایەتی لەگەڵ خەڵکی قەڵادزێ و پشدەر زۆر زوو دەتوانێ لەو ناوچەیەش متمانەی خەڵک بە دەست بێنێ و ببێتە خۆشەویستی خەڵکی ئەم دەڤەرەش، باری قورسی ژیان و چاوەدێری حکوومەتی عێراق و هاوکارییەکانی لەگەڵ ئێران، دەبێتە هۆکار کە ئەمجارە بەشێوازێکی دیکە لە نێوخۆی وڵات درێژە بە ژیانی خۆی و خەباتی سیاسی بدات و تا ڕووخانی ڕژێمی پەهلەوی ئێران هەروا بە نەهێنی و بە نیوە ئاشکرا کار و ئەرکی حیزبی دێموکرات بە پێی ئیمکان ڕادەپەڕێنێ.
کاک میرزا خدر یەکێک لە تێکۆشەرانی ناسراوی گەلەکەمان بوو کە لە قۆناخی دووهەمی دوای کۆماری کوردستان دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دوای ڕووخانی ڕژێمی شا جارێکی دیکە تەڤڵی شۆڕش و خەبات لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێتەوە و دەیان ئەرک و کار و مەئموریەتی سەخت و دژواری بە بەرپرسایەتی بەرزەوە بۆ حیزبی دێموکرات ڕاپەڕاندوون و هیچ کەند و کۆسپێک نەیتوانیوە ورە و سەری بەرزی پێ نەوی بکات، کاک میرزا خدر لە کاتی خەبات و تیکۆشان و پێشمەرگایەتی دا چەندین زامی قورس هەڵدەگرێ و وەک کادرێکی حیزبی دڕێژە بە خەبات و تێکۆشان دەدا.
کاک میرزا خدر وەک کادرێکی سیاسی و وەک کادرێکی دەرمانی ڕۆڵی بەرچاوی لە خەباتی پێشمەرگانەدا گێڕا و ھەموو ئەندامانی بنەماڵەی خۆی ئاوێتەی نێو شۆڕش و خەبات کرد و ھەنووکەش چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی میرزا خدر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن.
کاک میرزا خدر وەک کەسێکی دیاری ناوچەی سوێسنایەتی سەردەشت هەم لە ناوچەی سەردەشت و هەمیش لە ناوچەی پشدر و بیتوێنی باشووری کوردستان کەسایەتیێکی دیار و جێگەی متمانەی خەڵک بوو و لە زۆر بواردا خزمەتی گەورەی بە نیشتمان و بە خەڵک کردووە.
میرزا خدر لە نیوەی دووهەمی ساڵەکانی نەوەدی زائینی دا بۆ ژیان ڕوو لە تاراوگە دەکا و دەست بە ژیانێکی نوێ دەکا و لە وڵاتی سوئێد نیشتەجێ دەبێ و دواتر وەک مرۆڤێکی بە ئەزموون و تێکۆشەر وەک نووسەر دەست بە نووسینیەوە بیرەوەرییەکانی خۆی دەکا و لە توێی چەند کتێب و نامیلکە دا وەردی ژیانی خۆی و مێژووی حیزبی دێموکراتی داوەتەوە و هاوکاتیش کتێبێکی دیکە بە ناوی گرینگی ڕێفۆرم و چاکسازی ئامادە دەکا.
کاک میرزا خدر لە کاری شۆڕشگێرانە دا، لە ئەرکی پێشمەرگانەدا، لە نووسین و لێدوان و دانیشتنەکانی دا هەمیشە بە ڕێزەوە لەگەڵ دەوربەری خۆی جووڵاوەتەوە، مرۆڤێکی مەند و لە سەرەخۆ، هێدی و لە هەمانکاتدا کەسێکی خۆڕاگر، بەوەفا و بە ئەمەگ و دڵسۆز بە گەل و نیشتمان بوو، کەسێکی مەجلیس خۆش، بە هەست و سۆزی باوکانەوە دەیڕوانییە هەموو ئەو کەسانەی کە دەیناسین، بەداخەوە مردن مەودای نەدا لە زێدی لە دایکبوونی خۆی بە ئازادی لە نێو خزم و کەس و کاری خەڵکی خۆشەویستی بێوران دا دوا ساتەکانی ژیانی تێپەڕ بکات.
خۆشەویستی بە گەل و نیشتمان، سەربەرزی نەتەوە و ئازادی کوردستان گەورەترین هیوا و ئاواتەکانی کاک میرزا خدر بوو، هەر بۆیە لە دوایین ساتی ژیانیشی دا چاوەکانی و دڵی پڕ لە هیوای لە کوردستان وەستان و بۆ دواجار خۆری گەرمی نیشتمان و جوانی سرووشتی کوردستانی کردە مەرهەمی زام و دوورییەکانی و بە حەسرەتی ئازادییەوە خاکی نیشتمانی لە ئامیز گرتەوە و لە تاراوگە و هەندەران گۆڕ غەریب نەبوو، لەوە دڵنیام کە منداڵەکانی و هاوژینی و نەوەکانی و گشت خزمان لە داهاتوودا بە ڕێگە و ڕێبازی ئازادیخوازی کاک میرزا خدر دا هەنگاو دەنێن.
لە کۆتایی دا سەرەخۆشی لە هاوژین و هاوسەری بە وەفای باجە خاتوون و کوڕ و کچ و نەوەکانی و گشت خزمان لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی گشت لایەک دەزانم و هیوادارم کە نموونەی مرۆڤی دڵپاک و شۆڕشگێری وەک کاک میرزا خدر لە نێو گەلەکەمان دا هەردەم لە زیاد بوون دابێ.
ڕووح و رەوانی شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
ماڵپەڕی گیاڕەنگ
نووسینی: حەمەڕەسووڵ کەریمی
٢٥ـ٠٨ـ٢٠٢٤ی زائینی