بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان

بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان
وێڕای سڵاو
ئەگەر بە چاوێکی واقێعبین و نیشتمانی ڕەوتی ڕووداوەکانی سەد ساڵی ڕابردووی کوردستان لێک بدەینەوە؛ بە ڕوونی گرێدراوە بوونی چارەنووسی هەموو بەشەکانی کوردستان بۆ هەموان ڕوون وئاشکرادەبێ.
کوردستان بە هۆی هەڵکەوتەی جۆگرافیایی،لە نێوان چوار وڵات دابەشکراوە وئەم دابەشبوونە ڕاستەوخۆ لە سەر شێوازیی خەباتی هەموو بەشەکانی ئەم وڵاتە شوێندانەری داناوە.
لە چەند سەدەی ڕابردوو تا ئێستا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ناوی گۆڕێنی مەزهەب و زمان، ڕووبەڕووی تەوەژمی سڕینەوەی شۆناسی نەتەوەیی لایەن دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانی سەفەوی،قاجاری،پەهلەوی و کۆماریی ئیسلامییدا بوەتەوە.
خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای هەموو زەخت و گۆشارەکان لەم ماوەیەدا،هیچکات سەریان بۆ سیاسەتی زۆرەملێ ڕژیمە دیکتاتورەکان دانەنواندووە و بە خۆڕاگری و حەماسەتەوە پارێزگاری لە بوون و مانەوەی خۆیان کردووە.
بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە سەردەستی پێشەوای نەمر،خەباتی نەتەوایەتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێوازێکی مۆدێرنی بە خۆیەوە بینیوە وبزوتنەوەی نەتەوەیی بە ڕێکخراوەیی و حێزبی کراوە و هەتا هەنووکە درێژەی کێشاوە، بۆیە جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخراوەکانیان دوو هەیکەل و پێکهاتەی جیاواز لە یەک نین و جەستەیەکی یەک گرتوون. هەر وەها تاران باش لەمە تێگەشتوە کە ئەبێ حیزب و ڕێکخراوی کورد ئەگەر نەکرێ لەناوی برێت وەها لاواز و بێ هێزی بکات کە توانایی ڕێخستنەوەی جەماوەری نەبێت..
بە تایبەت بە دوای شۆڕشی ژینا ، ڕاپەڕینە مەزنە ڕزگاری خوازانەکەی خەڵکی ڕۆژهەڵات ،پێوەندی بە هێز و ئورگانیک لە نێوان جەماوەر و ڕێکخراوەکانیان زۆر بە زەقی بۆ هەموو جیهان دەرکەوت.بۆیە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ڕەشە کوژی و زیندان و ئەشکەنجە لە ناوخۆ و مووشەک ، درۆن و ترۆر دژ بە ڕێکخراوەکان لە هەرێمی کوردستان، پیلان و فرتوفێلی بۆ ناسەقام گیری سیاسی و کۆمەڵایەتی باشوور وهەوڵی دابڕانی پێوەندی کولتووری و سیاسی لە تەک ڕۆژهەڵات ڕۆژبەڕۆژ بەرفراوانتر دەکات.
کۆماری ئیسلامی وەک میراتگری دەسەڵاتە سەرەڕۆ و داگیرکەرەکانی مێژووی ئێران هەمیشە دژمنی لێو بە بزە و پڕ فرتوفێڵ بووە بۆ کورد. تێک شکانی شۆڕشەکانی کورد و نانەوەی دووبەرەکێ بە تایبەت لە نێوان دوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشوور ڕادەی دژمنایەتی تاران لە گەل کورد دەر ئەخات کە ئەبێ هەموومان ئاگاداری بین.
کۆماری ئێسلامی بە هۆی لەدەسدانی مەشرووعیەتی جەماوەری خۆی و ترسی لەڕادەبەدەر لە جووڵانەوەی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،لە یەکەم هەنگاو دوای دامرکانەوەی کاتیی شۆڕشی ژینا،بە زەخت وگۆشار بۆسەر لایەنە عێراقی و کوردستانیەکانی باشوور،ڕێکەتنامەیێکی ئەمنی بە سەر دوڵەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەپاندووە.
حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوو ڕەچاوی باروودۆخی سیاسیی و ئابووری هەرێمی کوردستانیان کردووە و بەشێوەیێکی بەرپرسانە جووڵاونەتەوە و چالاکیی پێشمەرگانە دژی کۆماری ئیسلامیی لە ڕێگای خاکی هەرێمی کوردستانیان وەستاندووە .
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو پارت ولایەنەکانی باشووری کوردستان دەبێ ئەم ڕاستیە لە بەرچاو بگرن کە ئەوە جەماوەری ڕۆژهەلات و حێزبەکانیانن کە دۆست و پشتیوانی باشوور و حکومەتەکەیانن نەک تاران و سپا ترۆریستەکەی.ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتاکوو ئێستا بە هۆی لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێم، بە پێچەوانەی ویست و داخوازی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جووڵاوەتەوە.بەڵام ئەوەی کە دەبینرێ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە جێگای بەرگریی شەرافەتمەندانە لە حێزبەکانی ڕۆژهەڵات هەر ڕۆژ ئەو حێزبانە ڕووبە ڕووی زەختیێکی تازەتەر دەکەنەوە و مەودای چالاکی سیاسی و مەدەنیی ئەوان بەرتەسک و بەرۆ پووکانەوە دەبن.
ئەوەی کە لە پانتایی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبینرێ پێشلکردنی ئۆتۆریتە وسەروەری خاک،دەسەڵات وکەرامەتی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە لایەن ڕژیمی لە لێوارمەرگی کۆماری ئیسلامییە.
ئەگەر بڕیار وایە عێراق و هەرێمی کوردستان وەک مەیدانی چالاکی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێی بێت بۆ دەبێ حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەچاوی دۆخی هەرێمی کوردستان بکەن؟
دەسەڵاتدارانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ ئەو ڕاستیە بزانن کە مانەوە وبەهێزی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانی بەشەکانیتری کوردستانە.
بە باوەری ئێمە چڕکردنەوەی زەخت و گۆشار بۆ سەرحێزبەکانی ڕۆژهەڵات،نەتەنیا نابێتە هۆی ئێمتیاز وبەرژەوەندی بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکوو دەبێتە هۆی پچڕانی یەکیەتی نەتەوەیی خەڵکی دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵات و لاوازی زۆرتری باشوور.بەڵگەی ڕوون ناردنی هاژەکی قەدەغە کراو بۆ هەولێر و شەهید کردنی ژینای کۆرپە و بنەماڵەکەیەتی..
پچڕانی یەکیەتی نەتەوەیی، کاردانەوەیێکی خرابی لە بواری ئەمنی،سیاسیی،ئابووری،کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی لێدکەوێتەوە.
هەرێمی کوردستان بە هۆی داخراوبوونی لە وشکایی، هەمیشە لە ژێر گۆشاری ئێران ،عێراق و تورکیە دەبێ تەنیا کارتی زەختی هەرێم بۆ دەربازبوون، زەرفیەتی نەتەوەیی پارچەکانی تری کوردستانە.
حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخی بەهێزبوونیان باشترین یارمەتیدەری هەرێمی کوردستانن؛ ئەو حێزبانە بەهیچ جۆرە دەستێوەردانێکی سیاسی وئەمنیان لە باشووری کوردستان نەکردووە و هەربۆیە پاراستنی کەرامەتی سیاسی و نەتەوەیی ئەوان وەک هێڵی سووری خەڵکی ڕۆژهەڵاتە.
هەرلێرەوە ولە ڕێگای ئەم بانگەوازەوە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، پارت و لایەنە سیاسیەکان و میدیای بەرپرسی باشووری کوردستان دەکەین یەکیەتی نەتەوەیی گەلی کورد لە پێناو بەرژەوەندی ڕژیمی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی نەکەنە قۆربانی.
دۆخی ئێستای کوردستان وەک حەفتاکانی سەدەی بیستەم نیە.خیانەتی نیشتمانی لە لایەن هەر پارت و گرووپێکەوە دەبێتە هۆی تێچوویێکی قورسی مێژوویی و پەیوەندیی هەمەلایەنەی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵات تووشی دارمانێکی ڕووخێنەر دەکات.
هەرلێرەوە داوا لە ڕێبەران و بەرپرسانی حێزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکەین شەرافەت و کەرامەتی دەییان ساڵ شۆڕشی نەتەوەیی ئەم بەشەی کوردستان قوربانی مانەوەی شەرمنانە لە کۆمەڵگای زۆرە ملێ نەکەن.
.بێ گۆمان لە ئەگەری لە ناوچوونی بە تەواوەتی حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش،دیسانەوە شۆڕشی کوردی لە ناخی جۆگرافیای ڕۆژهەڵات سەرهەڵئەداتەوە.پیلانی چەککردن و دەرکردن بۆ حێزبەکانی ڕۆژهەڵات وەک ئەزموونی ڕێکخراوەی مۆجاهێدنی خەڵک نیە؛ پێگەی جەماوەری حێزبەکانی ڕۆژهەڵات لە دڵی خەڵکی ڕۆژهەڵاتە و هیوادارین بەرپرسانی حۆکمی و دەسەڵاتدارانی پارتی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان تووشی هەڵەی ڕووخێنەر نەبن و ئەوڕاستیە بزانن ڕژیمی تاران بە هیچ جۆر دۆستی ڕاستەقینەی کورد و کوردستان نەبووە و هەروەک پێشەوای مەزن شەهید قازی موحەمەد فەرموویەتی “ئەگەر عەجەم هەنگوێنت بداتێ ئەوە بزانە ژهری مارە”
بژی کوردستان
چالاکانی نەتەوەیی ومەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
جۆزەردانی 2724