پەیامی پیرۆزبایی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی جێژنی نەورۆز و هاتنەوەی ساڵی نوێ

پەیامی پیرۆزبایی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی جێژنی نەورۆز و هاتنەوەی ساڵی نوێ
هاونیشتمانیانی خۆشەویست!

خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی!

بەبۆنەی هاتنی جێژنی نەورۆز و نوێبوونەی ساڵ، پڕبەدڵ پیرۆزبایی لە ئێوەی خۆشەویست دەکەین و هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵێکی پڕخێروخۆشی و پڕدەسکەوت بۆ خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسی-نەتەوەیی گەلەکەمان بێ.

بۆنە و ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ بەو جۆش وخرۆشەوە کە ماوەیەکە وەڕێ کەوتوە و ئێستاش هەر درێژەی هەیە، دیمەنێکی جوان و ماناداریان بە نەورۆزی ئەمساڵ بەخشیوە کە هەم هیوابەخش و هەم مایەی شانازی پێکردنن. هیوابەخشن چونکە گەلی ئێمە پێچەوانەی ویست و ئیرادەی دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامی خەباتگێڕ و خۆڕاگر ماونەتەوە و تەسلیمی سیاسەتی دوگم و داخراوی ئەوان نەبوون. وەک چۆن ئەو دیمەنە جوانانەی لەم نەورۆزەدا پێشانی دنیا دران، پێچەوانەی ئایدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی و سیاسەت و بەرنامەکانی ئەو ڕێژیمە لە چل‌و‌پێنج ساڵی ڕابردوودا بووە. کۆماری ئیسلامی و ئیدئۆلۆژیی دواکەوتووانەی بەدرێژایی تەمەنی حوکمڕانییەکەی دژی هەرچەشنە شایی و شادی و زیندوویەتییەکی خەڵکی ئێران و کوردستان بوون. ئاکامی ئەم سیاسەتە چەوت و دژەمرۆییە ئەوە بووە کە ئەوڕۆ وڵاتی ئێران لە ڕیزی وڵاتانی هەرە خەمۆک و ناشاددا جێی گرتوە، بەڵام خەڵکی ژیاندۆست و تێکۆشەری کوردستان نەک قەت تەسلیمی ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی نەبوون، بەڵکوو هەموو کاتێک و بەتایبەت لە نەورۆزی ئەمساڵدا بینیمان کە چۆن و بە چ شێوەیەک ئیرادەی شاد و بەختەوەرژیانیان بەسەر ویستی ڕێژیمدا سەرکەوت. بۆیە ئەم جۆش و خرۆشەی هاونیشتمانیان هەم هیوابەخشە بۆ داهاتوویەکی گەش و ئەمڕۆیی بۆ گەلەکەمان و، هەمیش مایەی شانازی پێکردنە؛ چونکە هیممەتی چیایی، خۆڕاگریی ئازایانە و لەبڕاننەهاتوویان چۆکی بە خواست و ئیرادەی ڕێژیم دادایەوە.

هاونیشتمانیانی ئازیز!

ئەوەی ئێستا لە نەورۆزی کوردەواری و لە کوردستاندا مایەی شانازیی هەموومانە هەروا ئاسان بەدەست نەهاتوە. ئەم دەسکەوتە ئاکامی خەبات و بەربەرەکانییەکی گەورە و کۆڵنەدەرانەی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیەکانیەتی کە لەبەرانبەر هیچ چەشنە زەبروزەنگ و سەرکوت و بەکارهێنانی هەر جۆرە سیاسەت و پیلانێکی کۆماری ئیسلامیدا سەریان نەوی نەکرد و کۆڵیان نەدا. بۆیە لەمێژساڵە نەورۆز لە کوردستان تەنیا هاتنی بەهار و ساڵی تازە و گۆڕینی وەرز نییە، بەڵکوو هێمایەکە بۆ کۆڵنەدان، بووژانەوە و هەستانەوە لەبەرانبەر حکوومەتێکی مرۆڤکوژ، کە بە هەموو ڕێگایەک و بە هەموو ئامرازێک هەوڵی کپکردنی دەنگی مافخوازانەی گەلی کورد دەدات.

ئەگەر هەر ئەم دوو بەهارەی پاش شۆڕشی ژینا لە بەرچاو بگرین کە دەستی ڕەشی کۆماری ئیسلامی دەیان و سەدان لاوی ئازا و دڵ پڕ لە هیوای کوردیان لە سەر شەقامەکان و لە زیندانەکان و لە ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستاندا شەهید و بریندار کرد و، ئەگەرچی حاشای لێ ناکرێ ئەمانە داخێکی گرانیان خستە سەر دڵی خەڵکی کوردستان؛ بەڵام گەلی ئێمە باش لەوە تێگەیشتوون کە نابێ تەسلیمی ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی ببن و لە کارەساتەکەدا بمێننەوە. خەڵکی کوردستان پێشانی دا کە تازیەبار و دەستەوئەژنۆ لە ماڵەوە دانانیشن، بەڵکوو ڕاست پێچەوانەی ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ ئەو بۆنانەش دەکەنەوە بە سەنگەری مافویستی و شوناسخوازی و نەک هەر خەڵکی ئاسایی، بەڵکوو بینیمان ئەوە بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانمان بوون کە لەم خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ دوژمندا لە ڕیزی هەرە پێشەوەن. ئەوە ئەوان و هاوڕێیان و کەسوکاری شەهیدانمانانن کە شاربەشار و گوندبەگوندی کوردستان مەشغەڵی ئاگری نەورۆز دادەگیرسێنن و سەرچۆپیی ڕزگارییان گرتوە؛ هەر ئەوەش ڕازی مانەوەی هەمیشەیی خەڵکی کوردستان و خەباتە ڕەواکەمانە.

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

دۆخی ئەمساڵ کە ڕابرد ئەگەرچی بۆ هەموو خەڵکی ئێران تاڵ و سەخت و دژوار بوو، بەڵام کوردستان هەروەک پێشوو پشکی سەرەکیی لە بەشمەینەتی و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی بەرکەوت. لەم ساڵدا هەژاری، بێکاری و گرانی ئەوەندەی تر گوشاری خستبووە سەر بنەماڵەکان و هەمدیسان وەڵامی هەر چەشنە ناڕەزایەتی و بەربەرەکانییەکی مەدەنیی خەڵک، گرتن و ئەشکەنجەدان، سەپاندنی حوکمی زیندان و ئێعدامی تێکۆشەرانی کورد بوو. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وەستاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە هەموو بەستێنەکاندا ئەوەندەی لە دەستی هات درێخی نەکرد و بە هەموو هێزیەوە هەوڵی دا بمانخاتە تەنگانەیەک هەتا ڕێی خەبات و تێکۆشانمان لێ بەربەست بکات. بەڵام هەموومان بە پشتیوانی و ئیلهام‌وەرگرتن لە یەکتری بۆ یەک چرکەش لەدژی کۆماری ئیسلامی کۆڵمان نەدا و خەبات و تێکۆشانمان درێژە پێ‌دا. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە خەبات و تێکۆشانی مەدەنی و شوناسخوازی و، ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمە و بۆنە نەورۆزییەکانی ئەمساڵدا سەلماندیان لە هەر دەرفەتێک کەلک وەردەگرن و لەلایەکی دیکەش نە مووشەک‌باران و تێرۆر و، نە هیچ چەشنە گوشارێکی سیاسی و ئەمنیەتی و تەنگ‌پێ‌هەڵچنین تێکۆشەرانی سیاسی لە پێ ناخات و بەهۆی پشتیوانیی یەکتری سەربەرز وەکوو هەمیشە لە سەنگەری خەباتی مافخوازانەدا ماونەتەوە و دڵنیاین بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لەو خەباتەدا سەردەکەوێت. بۆیە بە سەرنجدان بە حەماسە و شکۆخوڵقێنیی ئەو ماوەیەی خەڵکی کوردستان، حەقە شانازی بە گەلی خۆمان و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلەکەمانەوە بکەین و هیوادار بە داهاتوویەکی ڕووناک بین و، دەست لە نێودەست و یەکگرتووانە بە ئیلهام وەرگرتن لە نەورۆزی کوردستان درێژە بە خەباتی خۆمان هەتا سەرکەوتنی یەکجارەکی بدەین.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەڵێن نوێکردنەوە لەگەڵ ئێوەی ئازیز دەستی هاوخەباتیتان بەگەرمی دەگوشێ و جارێکی دیکە پیرۆزبایی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردیتان لێ دەکا.

بەهیوای سەرکەوتن و ئازادی و ڕزگاریی یەکجارەکیی گەلەکەمان.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزی ١٤٠٣ی هەتاوی