کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهید بەرزین حەمزەزادە نوێترین شەهیدی دەستی ڕژێمی ئێران

شەهیدی ڕێگای ئازادی بەرزین حەمزەزادە، تەمەن ١٥ ساڵ و سێ مانگ، خەڵکی شاری سەردەشت، بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکانی واتە هێزە جینایەتکار و تیرۆریستەکانی کۆماری پەت و سێدارەی ئێران دەگیرێ و دوای ١٣ مانگ ئازار شەهید دەبێ.

بەرزین حەمزەزادە ، لە ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی دیار و خۆشناوی شاری سەردەشت لە دایک بوو. بەرزین حەمزەزادە ، کوڕی ئومید حەمزەزادە و خاتوو بەفرین مەحموودی، خەڵکی شاری سەردەشت بوو، ماڵی بەرزین لە گەڕەکی کانی‌خان و لە کۆڵانی قوتابخانەی شەهیدانی ١٤ی سەرماوەز، هەڵکەوتوو لە سەر شەقامی حافزی ئێستا بوو، بەرزین وەک زۆربەی منداڵانی هاوتەمەنی خۆی و لە کاتی خۆیدا نێردراوەتە قوتابخانە و تا پۆلی ٢ی دەبیرستان دەرسی خوێندوە، ناوبراو کورێکی دەم بە خەندە و خۆشەویستی گەڕەک و شار و قوتابخانە بوو، بە هۆی ئەوە کە بەرزین تاقانەی کاک ئومید و خاتوو بەفرین بوو و تەنیا منداڵی بنەماڵە بوو، هەم دایک و باوکی و هەمیش هەموو بنەماڵەی گەورەی حەمزەزادە و مەحموودی ڕێز و خۆشەویستیان بۆ بەرزین بێ سنوور بوو.

بەرزین لەگەڵ ئەوەدا مێرمنداڵێکی تازە پێگەیشتوو بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا خولیای ئازادی و سەرکەوتن بوو، هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لەودا زۆر بە جوانی لە هەڵس و کەوتی دا دەر دەکەوت، لاوێکی خوێن گەرم و لەبەردڵان بوو، وەرزشوانێکی لێهاتوو لە تۆپی‌پێ و واڵیباڵ بوو و شارەزایی باشی لە سەر وەرزش و خۆپێگەیاندن هەبوو.

بەرزین گوڵ خونچەی تەمەنی تازە گەیشت بوو بە ١٤ ساڵ کە شۆڕشی ژینا (ژن ژیان ئازادی) دەستی پێکرد، وەک زۆربەی لاوەکان بە هەستێکی پاک و خاوێن و بە دڵگەرمی‌یەوە تێکەڵ بە خۆپێشاندانی سەر شەقام ببوو، لە ماوەی چەند ڕۆژ خۆپێشاندانەکانی ئێوارانی شاری سەردەشت دا لەگەڵ لاوانی ئەم شارە چالاکانە بەشداری کردبوو، بەشداری بەرزین و بوێری ئەم لاوە وایکرد کە سیخور و جاش و ئیتلاعاتییەکان بە دوای دا بگەڕێن و لە ئێوارەی ڕۆژێکی ساردی پاییزی دا لە کۆڵانێک دا لە لایەن چەند جینایەتکارێکی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشتگەمارۆ دەدرێ و بەداخەوە بە چەند نەفەری زەبەلاح و بە زۆر و بە لێدان سواری ماشێنێکی سەواری سپی دەکەن و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ گرتووخانەی ئیتلاعات و لە گرتووخانە و ژوورەکانی ئەشکەنجەخانەدا زۆر دڕندانە ئەشکەنجە دەکرێ و بە لێدانی مست و پێلاقە و دار جەستەی شلک و منداڵانەی ئازار دەدەن و دوای چەند ڕۆژ ڕاگرتن و هەڕەشەی لێکردن بە ئازارەوە دەنێردرێتەوە ماڵەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی دوای ئازاد بوونی دا شەهید بەرزین لە ماڵی خۆیدا بە ئازارەوە کاتەکان تێپەڕ دەکا و هەر ئەو کات ماڵەوەیان ئاگادار دەکاتەوە کە وەزعییەتی ڕووحی و جەستەیی باش نییە ، هەر بۆیە لە وەرزی ساردی پاییز و زستان دا دایک و باوکی بۆ چارەسەری ئازارەکانی دەیبەنە لای پزیشکی تایبەت و دوای تاقیکاری پزیشکی بۆیان دەر دەکەوێ بە هۆی لێدان و ئەشکەنجە و سترێس و ترسی زۆر، شەهید بەرزین تووشی نەخۆشی گورچیلە بووە و یەکێک لە گورچیلەکانی وەستاوە.

لە ماوەی ١٣ مانگی ڕابردوو دا شەهید بەرزین چەندین جار بۆ چارەسەر چۆتە نەخۆشخانەی شارەکانی دیکەی ئێران. دیارە ڕۆژ بە ڕۆژ باردۆخی گورچیلەکانی بەرزین بەرەو لاوازی و خەراپ بوون دەچێ و دوایین جار بەداخەوە لە ڕۆژی سێ‌شەممە، ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی کە ئیستا تەمەنی نەگەیشتبوو ١٦ ساڵ بە هۆی ئازاری زۆر و هەروەها چارەسەر نەکرانی گورچیلەکانی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ ماڵئاوایی لە ژیان کرد و بەم شیوەیە گەنجێکی دیکە کورد کە خولیای ئازادی و سەرکەوتن بوو شەهید بوو.

تەرمی بێ گیانی شەهید بەرزین حەمزەزادە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٤ ـ ١٠ ـ ١٤٠٢ی هەتاوی لەگەڵ کاروانی سەدان ماشێن لە خزم و ئاشنا و دانیشتووانی سەردەشت و دەوربەری گەڕێندرایەوە سەردەشت و هەر ئەو ڕۆژە لە نیو ئاپۆڕای دڵ بە خەمی کەس و کاری و خەڵکی شاری سەردەشت دا لە خاکی پیرۆزی نیشتمان لە زێدی لە دایکبوونی لە شاری سەردەشت بە خاک سپێردرا.

بە خاک سپاردنی شەهیدی گەنج و لاو بەرزین حەمزەزادە

بە خاک سپاردنی شەهیدی گەنج و لاو بەرزین حەمزەزادە