هێژمونی فێمینیزمی ناوەندگەرا لەسەر فێمینیزمی کوردی. موژگان عەلیپوور

هێژمونی فێمینیزمی ناوەندگەرا لەسەر فێمینیزمی کوردی. موژگان عەلیپوور
بێگومان ژینا ئەمینی تەنیا ژنێک نییە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی مافی پێشێل کرابێ و کۆتا کەسیش نابێ بەڵام قەتڵی حکومەتی ژینای ٢٢ ساڵە لەتاران و سەرهەڵدانی شۆرشی «ژن ژیان ئازادی» خاڵێکی وەرچەرخان لە بزوتنەوەی ژنان لە ئێران بوو و هاوکات ئەزمونێکی تری ژنانی کورد بوو لە ڕەوتی خەباتی یەکسانیخوازی و نەتەوەییدا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەزمونی زیاتر لە یەکساڵی ڕابردوو دەبینین کە بیری تەسکی ناوەندگەرایی باڵی بەسەر هەموو جومگەکانی کۆمەڵاتیی و سیاسیی لە ئێراندا کێشاوە بە جۆرێک کە لە شۆرشی «ژن ژیان ئازادی» سەرەڕای بەشداری بەرچاوی ژنانی کورد و شوێندانەرییان لە نارەزاییەتییەکان، ژنانی ئێرانی نە تەنیا ژنی کورد و فیمینزمی کوردیان نادیدە گرت بەڵکوو بۆ دفاع لە ژینا ناسنامەی کوردیان لێ داماڵی و بێ لەبەرچاوگرتنی بواری نەتەوەیی، جوغرافیای ژیان، مێژوو، زمان و ….فیمینستە ناوەندگەراکان تەنها وەک «مەهسا» کچێکی ئێرانی کەڵکیان لەو بابەتە وەرگرت.
بەو پێیە دەتوانین بڵێین کە فیمینیستە فارسەکان لە هەوڵێ سەپاندنی تاک ناسنامەیی وەک ئێرانی بوون دەدەن و وەک شاهید بووین ئیتنیکی زاڵی فارس، خه‌باتی ژنانی کورد دژی هەڵاواردنی ڕه‌گه‌زییان به‌ مه‌به‌ستی سڕینەوە‌ و هاوئاستکردنی خه‌باتی مێژوویی کورده‌کان بۆ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و زمانییه‌کانیان به‌کار هێنا و کاتی شۆرشی ژینا بە بەرتەسککردنەوەی ویستەکان، مەسەلەی حیجابیان وەک داواکاری هاوبەشی تەواوی ژنانی ئێران هێنایە گۆڕێ کە پێیانوابوو کە بە چاکسازی سیاسی و دابینکردنی مافە مەدەنییەکان و گەڕاندنەوەی ئازادی تاکەکەسی کێشەی خەڵک لە ئێران چارەسەردەبێ. لە بنەرەتدا ئەوان نایانهەوێ ئاڵوگۆڕێکی بنەرەتی لە ئێراندا پێک بهێنن و دان بەمافی نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا بنێن، بەڵکوو لە فکری جێگۆرکێی دەسەڵاتن.
بەو کورتە ئاماژەیە دەبێ بپرسین کە کاردانەوەکانی ژنی کورد دەبێ چ ببن و بۆ ڕوبوڕوبونەوە لەگەڵ سیاسەتی یەکدەست کردن و سڕینەوەی ئەوانی دی؟
ئەگەرچی ژنانی کورد بەبەراوەرد بە ژنانی نەتەوەکانی دیکە زۆرترین بەشدارییان لە بزوتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و ڕەهەندی جیاوازەکاندا بووە و کاریگەری زۆریشیان داناوە بەڵام بەهۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی و ستەمی دەسەڵاتداران ئەو هەوڵانە بڵاو و پەرتەوازەبوون و خەباتەکەیان فۆرمێکی یەکدەستی نەگرتووە و ژنی کورد تا ئێستا نەیتوانیوە وێژمانێکی فیمینیستی ڕوونی ببێ، بۆیە ژنی کوردیش وێڕای خەباتی نەتەوایەتی بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییەکان و تایبەتمەندییە کەلتووری، فەرهەنگی و ئابوری و سییاسییەکەی پێویستە پێناسەی نوێ و دروست لە فیمینیزمی کوردی بکات کە هەڵگری پێناسەی شوناسی بێ و مافەکانی دابین بکات.
نەوەتەی کورد بەدرێژایی مێژووی خۆی کاریگەری نەتەوەکانی فارس و عەرەب و… بەسەرەوە بووە و ئەوە لە بواری خەباتی یەکسانیخوازیش ڕەنگی داوەتەوە وەک لەسەرەوە باسمان کرد لەلایەک فیمینیزمی فارس لە ئێران تا ئێستاش لە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەیی ژنانی کورد دایە و تێدەکۆشێ بۆ فیمینیزمێکی ناوەندگەرا، لەلایەکی دیکەوە بەشێکی دی لە ژنان لە ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر کاریگەری بیری چەپدا فیمینیزمی کوردی دەخەنە پاڵ خەباتی جیهانی ژنان و بە ناوی گشتگیرکردنی ئەو پرسە، خەباتی ژنی کورد لە بیری نەتەوەیی دەسڕنەوە. وجیاوازییەکانی پشتگوێ دەخەن کە ئەو جۆرە ڕوانینەش خەساری لە بزوتنەوەی ژنی کورد داوە. بۆ نمومە پێشکەش کردنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە خاتوو نیرگز محەممەدی کە لە بنەرەتدا لە جێی خۆیدا نەبوو چون بە هەزاران زیندانی سیاسی کورد لە ئێراندا هەن کە زۆر زیاتریان حوکم پێدراوە، زێنەب جەلالیان نمومەی ئەو ژنانەیە، لە ڕوویەکی دیکە کە چاو لە هەڵسوکەوتەکانی خاتوو نیزگز بکەن لە درووستکردنی دێکۆمێنتاری دوو ساڵ پێشی لەسەر دۆخی زندانیانی سیاسی کە کاریگەری زۆری دانا بۆ ناساندانی خۆشی، ناوی یەک زندانی سیاسی کورد ناهێنێ لە حالێکدا لەو کاتەدا باسی زیندانیکردن و حوکمی ناڕەوا لەسەر مامۆستا زارا محەممەدی و موژگان کاووسی باسێکی گەرم بوون، لەپاش پێدانی خەڵاتەکەش میدیایەکی بەهێزی لە پشت بوو تا چەند و چۆنیەتی ئەو خەڵاتە هەڵسەنگێنێ و ڕوماڵی بکا. بەپێچەوانەکەشی لە بەخشینی خەڵاتی ساخارۆف بە ژینا ئەمینی نە ئەو پاڵپشتییە میدیاییە هەبوو نە پشگیری خوشکانی فارس. کەوایە ژنی کورد دەبێ وشیارانە لەو پێوەندییە هەنگاو بنێن و کاتێک باس لە فیمینیزمی کوردی و خەباتی ژنانی ڕۆژهەڵات دەکا بە ڕۆحێکی کوردستانییەوە لە بابەتەکە بڕوانێ.
کەوایە بەو ئەزمونانەی هەمانە دەبێ هەوڵی زیاتر بدەین بۆ درووست پێناسە کردنی و خۆمان وسڵ نەکەینەوە لە خستنەڕووی جیاواییەکانمان لەگەڵ ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران، چون لە ڕاستیدا ئەوەی سنووری نێوانمان دیاری دەکا هەمان جیاوازی مێژویی تێکۆشان، زمان و کەلتوور و…نەیە. ئەوەش بەو مانایە نییە کە ژنی کورد بەتەنیا پێیوابێ دەتوانێ لە ئێران خەبات بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی بکات، بەڵکوو پێیوایە کە بە ناسین و ڕێزگرتن لەو جیاوازییانەی ژنانی نەتەوەکانی ئێرانە کە ئاسۆی خەباتی ژنان لە داهاتووی ئێراندا ڕوون دەبێ.
چون ژنی کورد خەباتەکەی تەنیا یەکسانیخوازی نەبووە و مەسەلەی شوناسخوازی هەمووکات بۆی بابەتێکی سەرەکی خەباتەکەی بووە و پێێوایە کە تا سەروەری نەتەوەیی نەبێ وەک ڕەگەزیش مافەکانی دەستەبەر نابێ. کەواتە خەباتی ڕزگاریخوازی و یەکسانیخوازی بۆ ژنی کورد لێک گرێدراون و زۆر جاران کار لێکدەکەن. نمونەی بەرزی ئەو خەباتە شۆرشی ژینا بوو بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ڕەهەندەکانی هەر لە کوشتنی ژینا تا هاتنە مەیدان و پێشەنگایەتی ژنان، ئەکتی هاوکاتی شوناسخوازی و یەکسانیخوازی بوو. دیتنمان بەو دیدە و بەو پێناسەیەیەکە دەتوانێ زەمانەتی بنیاتنانی حکومەتێکی دێموکراتیک لە ئێراندا دەکا.
هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئێران کوردیان وەک مەترسییەک بۆ هەڵوەشانی قەوارەی ئێران دیوە بۆیە سیستمی سیاسی ئێران لە زۆر بوار هەوڵی سڕێنەوەی شوناسی نەتەوەی کوردی لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە داوە و بۆ ئەو بابەتەش سەرمایەی زۆری داناوە و بەڵام لە بەرانبەردا کۆمەڵگەی مەدەنی بەرپەچی سیاسەتە دژە کوردەکانی داوەتەوە و بە دامەزراندنی ڕێکخراو و کۆمەڵەی جیاواز خزمەتی بەرچاویان بە کۆڵەکەکانی شوناسی نەتەوەیی کردووە کە ژنانی وەک مامۆستا زارا محەممەدی و موژگان کاووسی و فەریدە وەیسی نمومەی زیندووی ئەو ژنانەن کە ئەرکی زۆری پاراستنی ئەو شوناسەیان هەڵگرتووە و تێچووی زۆریشیان بۆ داوە هەر بۆیە جارێکی تر و لە بنیاتنانی دەسەڵاتێکی دیکە لە ئێراندا ئەو هەڵاواردنانە قەبوڵ ناکەن و بێ شک مۆرکیان بەڕوداوەکانی داهاتودا دیارتر دەبێ، هەر وەک لە دوایی سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا شاهیدی بووین.
لەگەڵ ئەوەی ژنانی کورد لە چوارچێوەی رێکخراو و حیزبدا و چ وەک تاک ڕۆڵی باشیان گێڕاوە بەڵام بە هەموو ئەو هۆکارانەی باسکران ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە تا ئێستاش ژنانی ناوەندگەرا تا ئاستێک مەیدانداری ئەو پرسە بە تایبەت لە ئاستی جیهانیدا دەکەن. ئەرکی سەرشانی ژنی کوردە کە هاوکات لە ئیدامەی شۆرشی ژینا بە ناسنامەی کچێکی کوردەوە کار بۆ بەرەوپێشبردنی بکا و هەم بتوانێ پێوەندی خۆی لەگەڵ ژنانی نەتەوە جیاوازەکان قوڵتر بکاتەوە و ڕۆحی هاوکاری لە نێویاندا بەهێزتر بکا تا بتوانێ ئاسەواری هێژمونی دەسەڵاتی زاڵ لەسەر ژنانی ئێران کەم بکاتەوە.
لەبیرمان بێت کە شۆرشی ژینا گەلێک دەسکەوتی هەبوون کە بەرزبوونەوە وشیاری سیاسی نەتەوەکان یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەو دەسکەوتانە بوو کە دەکرێ لەو سۆنگەیەوە ژنی کوردیش دۆستی خۆی ببینێتەوەی و نەیارانی کەمتر بکاتەوە، دیدی دونیای نێونەتەوەیی بە نیسبەت پرسی ژنان لە ئێران ئالوگۆری زۆری بەسەر داهاتووە کە ئەوەش دەتوانێ دەرفەتێک بێ تا ژنانی کورد هاوکات لەگەڵ مەسەلەی ستەمی ڕەگەزی، ستەمی نەتەوەییش بێننە گۆرێ چون ئەو بابەتە بۆ ژنانی کورد ئاوێتەی یەکن.
بەڵام بۆ چڕترکردنەوەی ئەو هەوڵانە و پێکهێنانی گوتارێکی هاوبەشی ژنانی کورد سەرەتا پێویستە کە ڕێکخراوەکانی ژنان ئاستی پێوەندی و کاری هاوبەشیان لەو پێوەندییە پەرە پێبدەن چونکە بەداخەوە لە شۆرشی ژینا ئەو ڕۆڵەی کە بە هاوبەشی دەبوو بیگێرن و یەکگرتووانە دەنگی ژنانی شەقام بن لە ئاستی جیهانیدا، نەیانتوانی و ئەمەش بۆخۆی خەسارێکی ترە.
بابەتێکی دیکە قوڵبوونەوە بۆ چەقی خەباتی خۆمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ڕوداوەکان لەوێ ڕودەدەن و لەوێش چارەسەر دەکرێن. دیاربوون و ڕێبەری کردنی سەرهەڵدانەکان لەلایەن ژنان و دروشمەکانی شۆرشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسن بۆ سەلماندنی ئاستی وشیاری خەلک و دیتنی ئەو هێز و پۆتانسییەلە کە پێماندەڵێ نەسلێکی نوێ بۆ گۆڕانکاری لە ئێراندا لەسەر خەتن. نمونەی زیندوی ئەوانەش گوشارەکانی ڕێژیمە بۆ سەرچالاکانی مەدەنی لە ماوەی ڕابردوودا کە هەرکام بە بیانوویەک و بە وەپاڵنانی تۆمەتێک حوکمی ناڕەوای بەسەردا سەپاندوون کە لە ڕاستیدا بۆ کپکردنی ئەو دەنگە ئازادیخوازانەیە.
بەو ئاوردانەوەیە لە شۆرشی ژینا و خەباتی ژنان لەو پێوەندییەدا دەبێ بڵێن کە تێکۆشانی ژنان لە ئێران و بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی کوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێوە کە پێویستە ژنانی کوردیش بە خوێندنەوەی سەردمیانە و واقعبینانە، یەکگرتوانە بەرەو پێشەوە هەنگاو هەڵگرن.