“من سێ ڕۆژ لە گەڵ قاسملوو لە بەهەشت بووم”. بیرەوەری و نووسینی: تەموورێ خەلیل

“من سێ ڕۆژ لە گەڵ قاسملوو لە بەهەشت بووم”

بیرەوەری و نووسینی: تەموورێ خەلیل
هەڵگەڕاندنەوە بۆ کورمانجی ناوەڕاست: هادی عەزیزی(ئارارات)

چەندین ساڵ لەمەوبەر لە ئاهەنگی یادی بیست و پێنج ساڵەی دامەزراندنی ئەنستیتۆی نەتەوەیی کورد لە پاریس، جوامێرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی “خەسرەو عەبدوڵڵاهی” بۆ لای من هات و گوتی:
خانمێک دەڵێ: رەنگ و ڕووی ئێوە بۆ ئەو گەلێک ئاشنایە، بەڵام وەبیری نایەتەوە کە لە کوێ ئێوە یەکترتان بینیوە.
منیش لێم پرسی: ناوی ئەو چییە؟
گوتی: ناوی نەسرینە.
من هیچ خانمێکم بە ناوی نەسرین نەدەناسی. من بەرەولای ئەو ڕۆیشتم و دەستێک بە سەرەوە تێگەییشتم، کە ئەو هێلین خانمی عەبدووڕەحمانی قاسملوویە، کە بە کوردی پێی دەڵێن: نەسرین و ئێمە سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر، لە پڕاگ یەکترمان دیتبوو.
ئێمە یەکترمان لە ئامێز گرت و هەر بڵێی حەسرەتی سی و پێنج ساڵانمان لە سەر یەک هەڵگرت.
ئەو چاوپێکەوتنە لە گەڵ ئەو خانمە بەڕێزە، منی بۆ سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر و سەردەمی گەنجییەتی گەڕاندەوە، من بیرەوەری خۆشم لەو دیتنە هەیە و هیواداریشم ئێوەش چێژی لێوەرگرن.
ساڵی ١٩٧٤ بوو، من تازە ژیانی هاوبەشم پێکهێنابوو.من دەمویست لە گەڵ خێزانەکەم، بۆ سەیران بەرەو وڵاتێکی ئورووپایی بڕۆین.لەو ساڵانەدا گەڕان لە ئەورووپا بۆ دانیشتووانی سۆڤییەتی ئەو کات قەدەخە بوو، بەڵام هەندێک ڕێگاش هەبوون کە لە گەڵ کاروانە گەڕۆک و تووریستییەکاندا، بۆ وڵاتە سۆسیالیستە ئورووپاییەکان بڕۆین، هەر بۆیە ئێمەش لەو ڕێگەیە کەڵکمان وەرگرت.
لە بەر ئەوەی دایک و باوکی من، ساڵی ١٩٧١ بە بانگێشتی سەرۆکی گۆڤاری “کێشەکانی ئاشتی و سۆسیالیزم” بۆ چێکۆسلڤاکی چووبوون و لە وێ چەند کوردێک وەک، ئاوازدانەری سروودی ئەی ڕەقیب، قادر دیلان و ئەوانیان دیتبوو، ئێمەش بڕیارمان دا بەرەو ئەو وڵاتە بڕۆین.
ئێمە لە ناو کاروانێکی گەنجاندا، بەرەو چێکۆسلڤاکی بەڕێکەوتین.یەکەم شار کە لە پێشەوە گەییشتینە ئەوێ، پایتەختی ئەو وڵاتە “براتیسلاڤا” بوو.
چوونکە کاروانی ئێمە هەموو جەوان بوو، میوانخانەیان بۆ نەگرتین و لە خانوویەکی خوێندکارانی وڵاتە دەرەکییەکان جێیان بۆ دابین کردین.من کە ڕەنگ و ڕوخساری کەسەکانی ناو ئەو خانوویەم دەدیت،هەستم کردبوو کە دەبێ لێرەش کوردی لێبێ.
ئیدی شەو بوو.من چوومە ناو حەوشەکەوە، دیتم کچ و کوڕێک پێکەوە دانیشتوون و دەدوێن.
نازانم چ بوو؟ دەمگوت، تۆ بڵێی ئەوە عەرەب بێ؟
بڕیارم دا لێی نزیک ببمەوە و پرسیاری کوردانی لێبکەم، کە لەو خانوویەدا کوردی لێیە یان نا؟
ئەوجار، نە من عەرەبی و چێکی دەزانم، نە ئەویش ڕووسی و ئەرمەنی دەزانێ؟!
من لە ناکاو یەکسەر لێم پرسی؟
عەرەب؟
ئەویش وەڵامی منی داوە و گوتی: عەرەب!
منیش لێم پرسی: کورد، کورد، ئەکڕاد
گوتی:
من کوردم…
وەک دەڵێن پشووم هاتەوە سەرخۆ و دواتر پێکەوە دەستمان بە قسەکردن کرد. ئەو پێی گوتم کە لەو خانوویەدا ١٧ کوردی لێیە و کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە چێکۆسلڤاکیش هەر لێرەن.
هەمان ئێوارە، من زۆرینەی کوردەکانی ئەوێم ناسی و من و خانمەکەم سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە.ئێمە لە گەڵ کاروانەکە بۆ هیچ شوێنێک نەدەچووین و تەنیا لە گەڵ کوردەکان دەگەڕاین.
ئەو ڕۆژەی کە ئێمە لە براتیسلاڤاوە دەمانویست بۆ پڕاگ بڕۆین، سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکاران، دکتۆر خەلیل ئیبراهیم، ژمارە تەلەفوونی کوردێکی لە سەر کاخەز بۆ نووسیم کە لە پڕاگ بوو.
کاخەزەکەی پێدام و گوتی: ئەگەر دەرفەت هەبوو، تەلەفوونی بۆ بکەم و بیبینم.
ئێمە ماڵاواییمان لە کوردەکانی براتیسلاڤا خواست و بەرەو پڕاگ هاتین.
من کاخەزی ئەو هاوڕێیەم دەرهێنا، هەتا ناوی ئەو جوامێرە و تەلەفوونەکەی بزانم، کە تەلەفوونی بۆ بکەم.
لە سەر کاغەزەکە ناوی ئەو جوامێرە ئەوە بوو، عەبدووڕەحمانی قاسملوو.
من دەمگوت: ئەویش هاوڕێیەکە وەکوو ئەوان، بەو فکرەوە تەلەفوونم کرد.
خانمێک تەلەفوونەکەی وەڵام داوە و گوتی: من هێلینم.
ئەو بەسۆرانی وەڵامی منی داوە و ئەو کاتە کە زانی خەڵکی سۆڤیەتم و بە کورمانجی قسە دەکەم، ئەو جار بە کورمانجی وەڵامی دامەوە و گوتی:
بەداخەوە ئێستا، عەبدوڕەحمانی قاسملوو لە ماڵ نییە، هەر بێتەوە پێی دەڵێ.
لە بەر ئەوەی ئێمە لە پڕاگیش لە ماڵی خوێندکاران دەماینەوە و تەلەفوونمان نەبوو، من ناونیشان و ماڵ و ژمارەی ئۆدەکەشم پێدا.
دوای دوو کاتژمێر، عەبدووڕەحمانی قاسملوو و هێلین خانم، بۆ لای ئێمە هاتن.
ئەوان لە گەڵ ئەو هاوڕێیانەی دیکە جیاوازییان هەبوو و ڕەنکی ئورووپا زۆرتر لە ئەوان دەکاڵاوە، ماقووڵ بوون.
ئێمە بە ماشێنە فیاتە پۆڵۆنیەکەی ئەوان، هەندێک لە ناو شاردا گەڕاین، ئێمە زانیمان کە هەردووکیان مامۆستای زانکۆن.
ڕۆژی دواتر بۆ میوانی بۆ ماڵی ئەوان چووین. لە وێ قاسلوو کتێبەکەی خۆی بە ناوی “کورد و کوردستان” کە بە سۆرانی بوو، لە گەڵ چرایەکی تەباخ کە بە دەست نەخشێندرابوو ( ئێستاش لە ئۆدەکەمان لە جێیەکی بەرچاوە)، پێشکەش بە ئێمە کرد و دوای سێ ڕۆژ گەڕان و بەیەکەوەبوون، ماڵاواییمان لە یەکتر کرد و بە بارێک پڕ لە حەسرەت لە دڵماندا، ئێمە بەرەو وڵاتی خۆمان ئەرمەنستان، گەڕاینەوە.
لە بەر ئەوەی ئێمە سێ رۆژ لە سەر یەک پێکەوە بووین، من وام هەست کرد کە ئەوان ئێمەیان خۆش دەویست.
ئێمەی بۆ “ڕەوان” هاتینەوە و من دەرحەق بە یەکترناسینی خۆمان و عەبدووڕەحمان قاسملوو و خانمەکەی بۆ هەموویانم گێڕاوە، لە ناو ئەواندا کارمەندانی “ڕییا تەزە” ش. ئەوان دەیانگوت: کێ دەزانێ ئەوان کێ بوون؟
من ئەو کات نەمدەزانی کە ئەو قاسملووی گەورەیە، کە لە دوای پڕاگ ماڵی خۆیان بۆ فەڕانسە گواستۆتەوە، کە سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، کە پاریسی بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە چیاکانی کوردستان، کە لە گەڵ پێشمەرگە قارەمانەکانی خۆیان بن.
نە کوردەکانی چێکۆسلڤاکیا و نە بۆخۆشیان لە سەر ئەوەیکە قاسملوو سیاسەتمەدارێکی گەورەیە، هیچیان بە من نەگوت.ڕەنگە ئاوا بیریان کردبێتەوە،کوردن، بەخێر بێن سەر چاومان، بەڵام کێ دەزانێ، ڕەنگە بۆ خێر نەهاتبێن و هەندێک کەس ئەوانیان بۆ لای ئێمە ناردبێت.
ئێمە لە پاشان، لە ساڵی ١٩٧٩ دا بە سەر ئەوەوە چووین، کە ئێمە کێمان دیتبوو، ئەو کاتەی هەموو ڕۆژنامەکانی سۆڤییەتی جاران کە بەناوبانگ بوون و لە سەر شۆڕشی ئێران و بەرگری و قارەمانییەتی کوردەکان بە سەرۆکایەتی عەبدووڕەحمانی قاسملوودا دەیاننووسی.
ئەو زانیارییانە بۆ رۆژنامەی “ڕییا تەزە”ش بەڕێ دەکران و لە بەر ئەوە لە ڕووسیدا “ئە(ع)،ق” نەبوو، بە ئا، کاسیملوو دەنووسرا.
لێرەدا وەبیر خەباتکارانی ڕۆژنامە کەوتەوە، کە من چوار ساڵ لەمەوبەر باسی ئەو مێرخاسەم کردبوو و ناوەکەیان بە ڕاستی دەنووسییەوە، ع. قاسملوو.
ساڵی ١٩٨٩ بوو، من و هاوسەرەکەم و دوو کچەکەم، لە رەوانەوە بە شەمەندەفڕ بەرەو مسکۆ دەچووین، هەتا چەند ڕۆژ سەرمان سووک بێت و کەیفێک بکەین.
لە سەر سنووری گورجستان-ئەبخازییا شەمەندەفەڕەکەی ئێمە چەند کاتژمێرێک ڕاوەستا، بە منیان گوت: لە نێوان گورجی و ئەبخازیدا شەڕ ڕوویداوە. ئێمە دەبێ چەند کاتژمێر یان چەند ڕۆژان لێرە بین، هەتا شەڕ کۆتایی دێت.
ڕۆژەکەی دیکە من لە بەر بەتاڵی چوومە ناو شار هەتا ڕۆژنامە بکڕم، هەتا ئاگاداری دۆخی دنیا بم. لە رۆژنامەی “ئیزڤێستیا” دا من خوێندمەوە، کە سەرۆکی کوردستانی ئێران، عەبدووڕەحمانی قاسمڵوو بە دەستی چەتە و تێرۆریستان، لە ئۆتریش شەهید کراوە.
دوای ڕۆژێک بە ئێمەیان گوت کە شەمەندەفەڕەکەمان، بە هۆی شەڕێ بەردەوام ناتوانێ بچێتە مسکۆ و دەبێ بۆ “ڕەوان” بگەڕێتەوە.
لە رێگادا من تێدەفکریم : هێزێکی گەورە و نادیار بڕیاری داوە، کە ئێستا کاتی خۆشی نییە، بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆتان…

سەرچاوە، Riyataza, riyateze