پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان

پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان
خەڵکی کۆڵنەدەر و پێشمەرگەپەروەری کوردستان!
پێشمەرگە فیداکار و قارەمانەکانی کوردستان!
بنەماڵەی خۆڕاگری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی!
٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان وەک دوو بۆنەی سیاسی و نەتەوەیی گرێدراوی مێژووی ٧٨ ساڵەی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و، ناسنامەخوازیی مۆدێڕنی گەلی کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بەڕێکەوت نییە و پڕ شانازییە کە گرینگترین و پڕواتاترین هێما نەتەوەییەکانی کورد وەک ئاڵا و پێشمەرگە و سروودی نەتەوەیی لە هەناوی مێژووی پڕسەروەریی کۆماری کوردستان و دامەزرێنەرەکەی، حیزبی دێموکراتدا لەدایک بوون و بوونە سیمبولی نەتەوەیی و شوناسخوازیی کورد.
ئەوساڵ ٧٨ ساڵ بەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر خاکی ئازادکراوی نیشتماندا و ناودێرکردنی جەنگاوەری گەل‌ویست و خۆنەویستی کورد بە “پێشمەرگە” تێ‌دەپەڕێ. ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵا لە ڕۆژژمێری کوردیدا تەنیا بۆنەیەک نییە بۆ بیرهێنانەوەی دوو ڕووداوی مێژوویی، بەڵکوو بایەخدانە بە ئاڵا وەک هێمای شوناسخوازی و بەخشینەوەی سەروەرییەکی بەردەوامە بە پێشمەرگە وەک بەهەڵوێستترین و گیانفیداترین ڕۆڵەکانی ئەو نیشتمانە.
دەستنیشان کردنی ٢٦ی سەرماوەز بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سەلمێنەری ئەو شوێندانەرییە بوو کە هێزی پێشمەرگە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی گەلەکەمان و بەتایبەت لە قۆناغی بەشکۆی بەرگریی چەکداریدا هەیبووە و هەیەتی. پێشمەرگە هێزێکی مرۆیی خۆبەخشە لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردستان و بۆ پارێزگاری لە بوون و هەوێتیی کورد دروست بووە. بیروباوه‌ڕ و خسڵەتی شۆڕشگێڕانه‌ و ئامانجی ڕزگاریخوازانه‌ هاندەری سەرەکیی ئەم هێزە خۆبەخشە بۆ پارێزگاری لە نەتەوە و نیشتمان و، تەنانەت گیان‌بەختکردنە لەم ڕێگایەدا. بەو پێناسەیە هونەرمەندان، ژینگەپارێزان، مامۆستایانی زمانی کوردی، ژنانی چالاک و بوێر و هەموو ئەوانەی خەمی گەورەیان نەتەوە و نیشتمانە و خۆیان و گیان و ژیانیانی بۆ بەخت دەکەن لە ڕیزی پێشمەرگەدا جێ‌دەگرن.
ڕۆڵی بەبایەخی هێزی پێشمەرگە لە شەکاوەڕاگرتنی ئاڵای کوردستان و پارێزگاری لە خەبات و شوناسی کورد لە زۆر بڕگە و قۆناغی مێژووییدا وەک سەردەمی کۆماری کوردستان، بزووتنەوەی چەکداریی ساڵانی ٤٧-٤٦ بە دژی ڕێژیمی سەرکوتکەری پاشایەتی و پتر لە چوار دەیە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لای خەڵکی کوردستان و لە بزووتنەوەی سیاسیی کورددا جێی شانازییە و شانازیی پتر ئەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نیزیک بە هەشت دەیەی ڕابردوودا هەموو کاتێک ئاڵاهەڵگری ئازادیخوازی، دێموکراسی و بەها مرۆییەکان بووە. بۆیەشە هۆگریی خەڵکی کوردستان بە پێشمەرگە و خۆشەویستیی پێشمەرگە لەنێو گەلەکەیدا، وایکردوە مەتەرێزی پێشمەرگە ببێتە ڕووگەی عاشقان و ئەویندارانی ئازادی و، کچان و کوڕانی دەروەستی کورد بە دڵێکی پڕ لە هیوا و بە هەستکردن بە شانازییەوە ڕوو لە ڕیزی پێشمەرگە بکەن.
هێزی پێشمەرگە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانییشدا ناوێکی ئاشنا و هاوپەیمانێکی بەپڕستیژ بۆ هێزە دێموکرات و هاوپەیمانەکانە. هێزی پێشمەرگەی کورد لە هەرێمی باشووری کوردستان وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی دژی داعش لە شەڕی دژی تێرۆریزمی نێودەوڵەتییدا تێچووی مرۆیی و گیانیی زۆری داوە و ئێستاش لەو سەنگەرەدا بەرگری لە بایەخە مرۆیی، دێموکراتیک و جیهان‌پەسندەکان دەکات. بۆیە لە قوناغی ئێستای خەباتی نەتەوەیی و دێموکراتیکی نەتەوەکەشماندا پێشمەرگە هەروەک هەمیشە ڕەمزی خۆڕاگری بەرانبەر ستەم و زۆرداری، و لە ڕوانگەی نێونەتەوەییەشەوە وەک هێزێکی مافخواز و داکۆکیکەری ئازادی و ئاشتی دەناسرێت.
لە لایەن ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، بەبۆنەی ئەو ڕووداوە مێژوویی و پڕسەروەرییەوە، وێڕای پیرۆزباییەکی گەرم و تەژی لە بەرپرسیارەتی بەرانبەر بە گەلەکەمان، شانازی بەوەوە دەکەین داهێنەری ئاڵای کوردستان و هێزی پێشمەرگە وەک پارێزەری ناسنامەی کوردی و بایەخە مرۆییە جیهانداگرەکانین. ئەوەش پتر جێی شانازییە کە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە پێشکەش‌کردنی زیاتر لە پێنج هەزار شەهید، لە نێویاندا ڕێبەرانی بلیمەتی وەک قازی، قاسملوو و شەڕەفکەندی و هەروەها ڕەنج و ماندووبوونی هەزاران زیندانی سیاسی و بنەماڵە سەربەرزەکانی پێشمەرگەکان و ئەندامانی حیزب لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات سەلماندوویەتی لەپێناو سەرخستنی خەباتی حەقخوازانە و سەربەرزی و سەروەریی گەلەکەماندا و، لەپێناو بەختەوەرکردنی نەسلەکانی داهاتوودا لە هیچ گیانفیدایی و قوربانیدانێک سڵ ناکا و تا گەیشتن بە ئامانجە بەرزە نەتەوەیی و مرۆییەکانی لە چوارچێوەی پڕەنسیپ و ڕێسا نێودەوڵەتییەکاندا لە خەبات بەردەوام دەبێ.
خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!
بزاوتی مافخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا و لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا قەڵەمبازێکی مێژوویی بەرەو سەلماندنی شێلگیری و نەوەستان تا وەدیهێنانی ئامانجە بەرزە مرۆیی و نەتەوەییەکانی هاویشت. بەشداریی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتییە شۆڕشگێڕانەکانی ئەو ماوەیەدا بەئاشکرا ئاستی وریایی و چاوکراوەیی چین و توێژە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەرخست. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی وەک بەرزترین هاواری مافخوازیی گەلەکەمان لە چوار دەیەی ڕابردوودا، هەڵگری پەیام و واتای گرینگە هەم بۆ خەڵک و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و هەم بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەمێژە لێی تێپەڕیون.
لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا و ڕووداوکانی دواتریش ڕێژیم بە وەگەڕخستنی سەرجەم توانا و پوتانسیەلی سەرکوتی هەمەلایەنەی خۆی، نەک نەیتوانی هاواری مافخوازانەی خەڵک کپ بکا، بەڵکوو ئیرادە و ورەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی بۆ قۆناغێکی نوێ گواستەوە و ڕایەڵەی هاوپەیوەندی و هاوخەباتی گەلانی ئێرانی بەهێزتر کرد و دروشمی داهێنەرانەی ژن، ژیان، ئازادیی وەک مانیفیستی ئەو شۆڕشە لە گۆشە و کەناری ئێراندا بووەتە هەوێنی ئازادیخوازی و تەبایی گەلانی ئێران و ئاماژەی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی.
شۆڕشی ژینا ساڵێک و چەند مانگ دوای هەڵگیرسانی، لە ئێستادا لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێران و بەتایبەت لە کوردستان و بەلووچستان سەرەڕای سەرکوتی بێ‌بەزەییانە و چەندقاتی دەسەڵات بەراورد بە ناوەندی ئێران، لە فۆڕمی جۆراوجۆری خەباتی سیاسی و مەدەنیدا ڕێکخراوتر و بەگوڕتر لە ئارادایە. ئەو جیاوازییەش هەڵگری ئەو پەیامەیە کە کەلێنە نەتەوەیی و ناسنامەییەکان کە بەرهەمی سیاسەتی مەزنی‌خوازانەی ناوەند لە هەر دوو دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی‌دایە، کێشەی سەرەکیی جوغڕافیای سیاسیی ئێرانە و بەبێ چارەسەرکردنی ئەو ستەمە مێژووییە و وەلانانی ئەو ڕوانگە ئەمنیەتییە، سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا نایەتەدی. بێگومان داننان بە فرەنەتەوەیی ئێران و دابینکردنی و دەستەبەری مافی وەک یەک بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی وڵات دەتوانێ دەرفەتێکی باش بێ بۆ داڕشتنەوەی ئێران لەسەر بنەمای بەڕەسمی‌ناسینی فرەیی و پێکهێنانی تۆلێڕانسی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک پێویستییەکانی دیمۆکڕاسی لە ئێراندا.
شۆڕشی ژینا لە هەمان کاتدا هەڵگری ئاماژەیەکی گرینگ بۆ کورد و بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. گەشەی ڕوحی شۆڕشگێڕی و پێگەیشتنی نەسلێکی پێکهاتەشکێن کە پێداگر لەسەر ئازادییە سیاسی و نەتەوەییەکانیەتی، پێویستیی بە پێداچوونەوە و خوێندنەوەیەکی نوێیە و ئەوەش قورسایی دەخاتە سەر شانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە هاوئاهەنگی و هاوخەباتی و خۆڕێکخستنەوەیەک کە وڵامدەری بزووتنەوەی جەماوەریی خەڵکی کوردستان بێ؛ سەنگ و قورسایی ڕێبەریکردنی ئەو شۆڕشە لە کوردستان پێشان بدەن.
هاونیشتمانیانی هێژا!
کۆماری ئیسلامی لەلایەک بە بەردەوامیی دەستێوەردانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی و هەروەها لاساریی لەسەر پەرەپێدانی پڕۆژەی ناوکی و مووشەکیی و، لە ئێستاشدا بەهۆی ڕۆڵی کارەساتباری لە شەڕی حەماس و ئیسڕائیلدا زیاتر بووەتە مایەی نیگەرانیی کۆمەڵگەی جیهانی. هەروەها پێشێلی بەردەوام و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت لە سەرەتای شۆڕشی ژیناوە، هێندەی دیکە بۆتە هۆی شەرمەزارکردنی ڕێژیم لە ئاستی نێودوڵەتیدا و ئابڵۆقە ئابوورییەکانی ڕۆژئاوا بەهۆی ئەو سیاسەتە چەوتانەوە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک داناوە و ناڕەزایەتیی بەرفراوانتر و ڕێکخراوتری چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی لێ‌کەوتۆتەوە. بەردەوامیی ئەو ناڕەزایەتییانە کە بەرهەمی بەدەنگەوەنەهاتنی دامودەزگاکانی دەوڵەت بەدەم داواکارییەکانی خەڵکە، زەمینەی خۆڕێکخستنی زیاتری خەڵکی ڕەخساندوە. ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی و شەڕەنگێزی لە وڵاتانی ناوچە و تەنانەت دوورتریش، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەو یەک‌هەڵوێستیی پتر دژی ئەو سیاسەتانە هان داوە و ڕۆژبەدوای ڕۆژ مەیدانی مانۆڕی کۆماری ئیسلامیی بەرتەسکتر کردۆتەوە. لە پەنا ئەوەشدا، قۆرغکاری و گەندەڵیی ئابووریی توێژێکی دیاریکراوی سەر بە دەزگاکانی دەسەڵات کە فشارێکی لەڕادەبەدەری خستووەتە سەر خەڵکی کەم داهات و هەژاری ئێران وەک زۆرینەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە، بووەتە هۆی بێ‌هیواکردنی خەڵک لە چارەسەری گرفتەکانیان. بە گشتی ئاراستەی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەڕووی ئابوورییەوە بەرەو هەژارترکردنی کۆمەڵگە و لەڕووی سیاسییەوە بەرەو لەگۆڕنانی پتری ئازادییەکان و سەرکوتی زیاتری ئازادیخوازان هەنگاو دەنێ. ئەوەش بایەخ و پێویستیی یەکخستنی وزەی خەباتگێڕی و یەکیەتیی بەکردەوەی هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی وڵات لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی پتر دەردەخات.
پێشمەرگەکان و کۆمەڵگەی خەباتکار و لەسەرهەستی کوردستان!
زیندووڕاگرتن و بەهێزکردنی بنەما نەتەوەییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی ستەم، ڕێکخستنی کۆمەڵگە و پاڵپشتیی بیری شۆڕشگێڕی و پتەوکردنی بڕوا بە دواڕۆژی ڕووناک بۆ گەلەکەمان لە ئەرکە گرینگ و لەپێشترەکانی پێشمەرگە و هەموو چین و توێژە خەباتکارەکانی کوردستانە. ئەمڕۆکە هەموومان ڕەسالەتێکی مێژووییمان لە سەر شانە کە بریتییە لە بەرگریی لە نەتەوە و نیشتمان، پاراستنی نیشتمان بۆ نەوەکانی دواڕۆژی کوردستان و خەمڵاندنی نەتەوە بۆ پارێزگاری لە غوروور و کەسێتیی نەتەوەیی گەلی کورد. خەباتکارانی نەتەوەکەمان پێویستە بە بیر و هزر و قەڵەم و هەنگاوی بەکردەوەی مەیدانی هەوڵ بۆ بەرگری لە شکۆی گەل و ڕەخساندنی بەستێنەکانی بەجەماوەری‌کردنی خەبات و بەهێزکردنی بەرپرسیارەتیی تاکی کورد بەرامبەر بە پرسە چارەنووسسازەکانی نەتەوەکەمان بکەن و شێلگیری لەو خەباتە لە ئامانجەکانمان نیزیکترمان دەکاتەوە.
وێڕای پیرۆزبایی دووبارەی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگە لە پێشمەرگە گیانفیداکان و سەرجەم خەڵکی پێشمەرگەخۆشەویستی کوردستان، بەرامبەر بە شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و بنەماڵە سەربەرزەکانیان بەڵێن نوێ دەکەینەوە تا گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی نەتەوەکەمان لە خەبات و بەرەنگاری بەردەوام دەبین.
سەرکەوێ خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان!
شکۆمەند بێ هێزی پێشمەرگەی کوردستان!
ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی
١٦ی دێسامبری ٢٠٢٣ی زایینی