پڕۆژەی بیری خانزاد ” ئاو” لە گوندی باوزێ لە ناوچەی قەڵادزێ. حەمەڕەسووڵ کەریمی

پڕۆژەی بیری خانزاد ” ئاو” لە گوندی باوزێ لە ناوچەی قەڵادزێ. حەمەڕەسووڵ کەریمی

گوندی باوزێ سەر بە ناحیەی ئیسێوێ لە سەر سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە. دانیشتووانی گوندی باوزێ لە هەموو بوارەکانی ژیاندا جێ دەستیان بە ئاوەدانی، وەرزێری و مەڕداری و کارە کۆمەڵایەتی و هەرەوەزییەکانەوە لە پشدەر دا دیار بووە و لە وەرزەکانی ساڵدا بە پێی دەرەتانی خۆیان گەرمێن و کوێستانیان بۆ هەوارگە و مێرگ و کوێستانەکانی هەر دوو دیوی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان کردووە.

گوندی باوزێ لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەکەشمان دا یەکێک لەو گوندانە بووە کە خەڵکێکی شۆڕشگێر و کوردپەروەر و چاونەترسی هەبووە و بۆ ئازادی و ڕزگاری لە هەموو قۆناخەکان دا ساحەب پێشمەرگە و ساحەب ئیرادە و هەڵوێستی نیشتمانی بوون و لە سەدەی ڕابردوەوە تا تێکشکانی داعش، بە دەیان کەسیان لە بەرەکانی شەڕ و بەرگری دا وەک پێشمەرگە شەهید بوون، باوزەییەکان لە زۆربەی کاتەکانیش دا پشت و پەنای شۆڕش و شۆڕشگێرانی هەر دوو سنووری باشوور و ڕۆژهەڵات بوون و بە دەیان کەسایەتی ناسراوی ئەم دەڤەرە هەنووکەش خزمەت بە گەل و نیشتمان و ئاوەدانی پیرەوڵات دەکەن و جێ پەنجە و دەستیان بە ئاوەدانی ناوچەی پشدەر و گوندی باوزێ و دەوروبەریەوە دیارە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا خەڵکی گوندی باوزێ بە درووست کردنی فستیوال و کۆبوونەوەی جۆراوجۆری جەماوەری لە یەکێک لە سەیرانگاکانی ئەو ناوچەیە بە هەزاران کەس لە خەڵکی دەڤەری بیتوێن و پشدەر و تەنانەت دوورتریش لە دەوری یەک کۆدەکەنەوە و چەند ڕۆژێک بە گشتی لەم ناوچەیە دا بە یەکەوە چالاکی هونەری و کولتوری بەرێوە دەبەن و کاتەکان لە دەوری یەک تێپەڕ دەکەن. لەم کۆبوونەوە و فستیوالانە دا بە دەیان کەسایەتی بە ئەزموون و بە ساڵاچووی ناوچە، گەنج و لاوەکان ، ژن و پیاوان ، کوڕ و کچ و منداڵان بە گەرم و گوڕی و بە جل و بەرگی ئاڵواڵی کوردییەوە بەشداری دەکەن و هەوڵ دەدەن لە سەر مێژووی ناوچە و کار و پیشە ، کشت و کاڵ ، کارە هەرەوەزی و کۆمەڵایەتییەکان و شۆڕش وتار و بابەت پێشکەش بکەن و بە نیشان دانی کولتور و داب و نەریتی کۆنی خۆیان ڕێز لە گەورەکانیان و لە مێژووی گوندی باوزێ و ناوچەکە بگرن.

بێ‌شک هیچ کارێک بێ کەم و کوڕی و بێ گیروگرفت نییە و فستیوالی باوزەییەکانیش بە دوور لەم ئەسڵە نییە، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی بتوانی وێرای بەرێوەبردنی فستیوالەکانی ساڵانە، هاوکات بتوانی کەم و کوڕی و گیروگرفتەکانی ئەم فستیوالانەش چارەسەر بکەی.

لە دوایین فستیوالی گوندی باوزێ دا، بۆ چارەسەرکردنی کەمی ئاوی سەیرانگا و شوێنی لێک کۆبوونەوەی باوزەییەکان، لە سەر دەستی خاتوونێکی بە ڕەوشت و کوردپەروەری گوندی باوزێ خاتوو ” شلێر حەمەی حاجی برایم باوزەیی”، پڕۆژەی بیری “خانزاد” وەک دابین کردنی ئاو لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بەرێوە چوو و بیری خانزاد بۆ خزمەتی هاووڵاتیان تەواو بوو.

پوورە خانزاد ساڵح ڕەحمان ناسراو بە خانزادی ساڵحە جووجکە ، کەسایەتی دیاری سەردەشت و قەڵادزێ. خاتوو شلێر حەمەی حاجی برایم باوزەیی کچی پوورە خانزاد خاوەنی پڕۆژەی بیری خانزاد
پوورە خانزاد ساڵح ڕەحمان ناسراو بە خانزادی ساڵحە جووجکە ، کەسایەتی دیاری سەردەشت و قەڵادزێ. خاتوو شلێر حەمەی حاجی برایم باوزەیی کچی پوورە خانزاد خاوەنی پڕۆژەی بیری خانزاد

بیری خانزاد لە ناوی دایکێکی نیشتمان‌پەروەر و کورد دۆست و بە ئەمەگ، دایکێکی سەربەرز و سەرکەوتوو لە ژیاندا، خانزاد ساڵح ڕەحمان ناسراو بە خانزادی ساڵحە جووجکەی کە بە ئەسڵ خەڵکی شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کەڵک وەر گیراوە. پوورە خانزاد ژیانی هاوبەشی لەگەڵ بەڕێز محەممەد حاجی برایم باوزەیی کەسایەتی دیاری ناوچە پێکهێنا بوو و خاوەنی چەندین کوڕ و کچ بە ناوەکانی ( نەجیبە، ئەحمەد، قومری، مەحموود، فەهمی، جەوهەر، کەیفی ، گوڵەباخ، دڵشاد، دلێر و شلێر) بوو، پوورە خانزاد ژنێکی ڕووسووری تێگەیشتوو، بە مشوور و دەست ڕەنگین و لە هەمان کاتدا خۆش مەشرەف و ژنێکی ئاماڵ سپی و سوور و کەڵەگەت و پێگەیشتوو بوو، ئەو وێرای بەخێو کردن و گەورە کردنی کوڕ و کچەکانی و پەروەردەکردنیان بە هەستی کوردایەتی، هاوکات توانیویەتی کە تەنانەت لە پێڕاگەیشتن بە منداڵەکانی دیکەی بەرێز محەممەد حاجی برایم باوزەیی و خوشک و براکانی لە قەڵادزێ و سەردەشتیش دریغی نەکا و بۆ هەموو لایەک ببێتە پشت و پەنا و ماڵەکەی بکاتە ماڵی هەموو لایەک.

پوورە خانزاد یەکێک لەو ژنە بە هەست و سیما جوانانەی ناوچەی سەردەشت و پشدەر و بیتوێن بوو، کە وەک دایکێک دەیڕوانیە دەرو دراوسێ و خزمان و بە حەق لەم بوارەشدا حەوشەی ماڵیان و سفرە و خوانیان لەگەڵ خەڵک بەش دەکرد و ماڵیان لە میوان و ئاشنایانی دوور و نزیک جمەی دەهات، دڵفراوانی و قسەخۆشی و دڵسۆزییەکەی پوورە خانزاد، وێردی سەر زمانی هەموو ئەو کەسانە بوو کە دەیانناسی و ڕوویان تێدەکرد.

پوورە خانزاد لەگەڵ ئەوەدا خوێندەواری نەبوو، بەڵام مرۆڤێکی کراوە، هێمن و لەسەرەخۆ، تێگەیشتوو، شۆڕشگێر و کوردپەروەر بوو، لە هەر شوێنێک گرێ کوێرەیەک هەبایە ئەوە پوورە خانزاد بۆ کردنەوەی ئەو گرێ کوێرەیە و چارەسەرکردنی گرفتەکان ئامادە دەبوو، خەمی لە هەموو لایەک دەخوارد و هەموو لایەکی خۆشدەویست و هەر بۆیەش لە نێو خەڵکدا خۆشەویست بوو و خەڵکیش وەک دایکێک ڕێزیان لێدەگرت.

بە هۆی ئەوە خەڵکی شاری سەردەشت و کچی گەورەپیاوی شۆڕشگێر و پێشمەرگەی کۆماری کوردستان مام ساڵح جووجکە بوو، هەستی شۆڕشگێری و بوێری لە ژیانی پوورە خانزاد دا زۆر بەرز بوو، لە قۆناخەکانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان دا کە کادر و پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لە ساڵانی شەستەکانی زائینی دا پەڕیوەی باشووری کوردستان ببوون، ئەوە پوورە خانزاد بە پێڕاگەیشتن و حاواندنەوە و پەنادان بە کادر و پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات خزمەتی بە دۆزی ڕەوای گەلەکەی دەکرد و بە شاهیدی بەشێک لەو هاورێیانەی کە ئێستاش ماون ماڵی کاک محەممەدی حاجی برایم باوزەیی و پوورە خانزاد، وەک بنکەیەکی حیزبی دێموکرات خزمەتیان بە شەهیدان مەلا ئاوارە، مینەشەم، موعینی‌یەکان، ئەحمەد تۆفیق، کاوە مارەغانی و چەندین هاورێی دیکەی وەک زیندەیادان حەمەی حاجی سەعیدی، حاجی حەسەن ، کەریم حەدداد و زۆرێکی دیکەش کە ئێستا زیندوون کردووە و خزمەتی خۆیان لەم شۆڕشەش دا بە زیادەوە کردووە و ئەوەش نیشانەی باوەڕی قووڵی کاک محەممەدی رەحمەتی و پوورە خانزاد بوو ، بۆ ڕزگاری گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بە هۆی خزمایەتی نزیکی بنەماڵەکەمان لەگەڵ بنەماڵەی مام ساڵح جووجکە لە ساڵانی ١٩٨٤ تا ١٩٨٨ی زائینی وەک پێشمەرگە تا ڕاگوێزتنی شاری قەڵادزێ بە دەیان جار لە شاخ و پێشمەرگایەتی دا بە ساخی و بە برینداری چووم بۆ شاری قەڵادزێ و زۆربەی کاتەکانیش لە لای پوورە خانزاد و منداڵەکانی بە تایبەت کاکە دلێر و خاتوو شلێر و کاک ڕەحمەت و منداڵەکانی دیکە دەبووم، بە حەق ئەوانیش وەک برایەک و وەک کوڕی ماڵی خۆیان ئاگایان لێم بووە، شایانی باسە کە خزمان بە گشتی هەموویان ئاگایان لێم بووە کە لەم کورتە نووسینە دا لە ناوهێنانی خزمان و ناسیاوان خۆ دەبوێرم، بەداخەوە پوورە خانزاد لە تەمەن ٧٨ ساڵی دا لە ڕێکەوت ٠١ـ٠٣ـ ٢٠٠٥ زائینی کۆچی دوایی کرد. ماوەتەوە ئەوە بڵێم کە لە ناخی دڵمەوە سوپاسی هەست و سۆز و گەورەییان دەکەم و بە تایبەت ماڵی کاک رەحمان ساڵحە جووجکە و براژنە خاتوونی هاوسەری کاک ڕەحمان کە نموونەی فیداکاری و خۆنەویستی بوون بۆ شۆڕش و بۆ شۆڕشگێران.

پڕۆژەی بیری خانزاد لە یەکێک لە سەیرانگاکانی گوندی باوزێ لە سەر دەستی کچی پوورە خانزاد خاتوو ” شلێر حەمەی حاجی برایم باوزەیی” بە ئامادە بوونی خۆی و سەدان کەس تەواو بوو. کانی و ئاو، واتە مانای ژیان بەخشین و ئاوەدانی، ئاو بە مانای وشە هەڵگری جوانییەکانی ژیانە و هەر بۆیە وێرای بەرز نرخاندنی ئەم ئەرکە نیشتمانییەی خاتوو شلێر، هاوکات دەستخۆشی لە زەحمەتەکانی بەڕێزیان و هەروەها هەڵبژاردنی ئەو ناوە پیرۆزەی “خانزاد” و هاوکارییە ماددی و مەعنەوییەکانی خاتوو شلێر و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بۆ ئاوەدانی پیرەوڵات دارێک لە سەر بەردێک دادەنێن، بۆ ئەوەی سیمای ئاوەدانی کوردستان جوانتر و ڕازاوەتر بکەن.

بێ‌شک ئەمڕۆ بە سەدان هەزار کەس و بگرە بە میلیۆن کورد لە هەندەران و لە تاراوگە دا دەژین و بەشێکی بەرچاو لە ڕەوەندی کوردی لە تاراوگە و دیاسپۆرا دا بە خۆشیەوە هەم پێگەیشتوون و هەمیش باری ژیانیان تا رادەیەک مسوەگەرە و بۆ ئەوە دەبێ بۆ ئاوەدانی وڵات و زێدی لە دایکبوونمان لە پڕۆژەی وەک بیری خانزاد کەڵک وەربگرین و بەم شیوەیە وێرای خزمەت کردن بە کۆمەڵگای کوردستان هاوکات ناوی دایکێکی وەک خانزاد و خانزادەکانیش بە زیندوویی لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا بهێڵینەوە.

جارێکی دیکەش دەستخۆشی بۆ خزمانی باوزێ و هیوای سەربەرزی و سەرفەرازی بۆ باوزەییەکان و بۆ خەڵکی پشدەر ، بیتوێن ، سەردەشت و کوردستان بە ئاوات دەخوازم.

لە درێژ بوونەوەی بابەتەکەم داوای لێبوردن دەکەم و هیوادارم کە منیش یارمەتیدەری بەشێک لە خەڵکی کوردستان و پیرەوڵات بم.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٣ ـ ١٠ ـ ٢٠٢٣ی زائینی

پوورە خانزاد ساڵح ڕەحمان ناسراو بە خانزادی ساڵحە جووجکە ، کەسایەتی دیاری سەردەشت و قەڵادزێ. خاتوو شلێر حەمەی حاجی برایم باوزەیی کچی پوورە خانزاد خاوەنی پڕۆژەی بیری خانزاد
پوورە خانزاد ساڵح ڕەحمان ناسراو بە خانزادی ساڵحە جووجکە ، کەسایەتی دیاری سەردەشت و قەڵادزێ. خاتوو شلێر حەمەی حاجی برایم باوزەیی کچی پوورە خانزاد خاوەنی پڕۆژەی بیری خانزاد