یادداشتنامەی لیژنەی بەرگری لە ئاسایشی خەڵکی کوردستان ‎بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

یادداشتنامەی لیژنەی بەرگری لە ئاسایشی خەڵکی کوردستان ‎بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
هەمووان باش دەزانین عێراق و ناوچەکە بە دۆخێکی سیاسیی هەستیار و ئاڵۆزدا تیدەپەڕێت و چارەنووس و ژیانی خەڵک کەوتووەتە بەر مەترسیی جەنگ و ململانێی دەوڵەتەکانەوە و بەشێک لە گەلانی ناوچەکە بە ناچاری لە پەناهەندەیی و ئاوارەییدا دەژین.

‎لە هەرێمی کوردستانیشدا ژمارەیەکی زۆر لایەن و پەنابەری سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەیە کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەولێردا چەندین ساڵە بەپێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لە چەند ئۆردووگایەکدا نیشتەجێن کە لە ئەنجامی نەبوونی ئازادیی سیاسی، زەبروزەنگ، زیندانیکردنی چالاکوانان، کوشتوبڕ و لەسێدارەدان پەنایان بۆ ئێرە هێناوە، بەڵام بەداخەوە چەندین جار کەوتوونەتە بەر هێرشی دڕۆنی و بۆردومانکردن و بە دەیان کەسیان بوونەتە قوربانی و ئەوەی جێگای داخە ئەم کارانە بە بەرچاوی دونیاوە ئەنجام دەدرێت و لێی بێدەنگن.

ماوەی چەند مانگیکە دەوڵەتی ئێران لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم ڕێکەوتنیان کردووە لەبارەی چارەنووسی ئەو لایەنە سیاسی و پەنابەرانە کە زۆرێکیان ئافرەت و منداڵ و خەڵکی بەتەمەنن و شوێنەکانیان تێکەڵە لەگەڵ خەڵکی مەدەنیی ناوچەکە و ئەم شوێنانە بە سەدان کیلۆمەتر لە سنوورەکانەوە دوورن و هیچ مەترسییەکی سەربازییان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە.

بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێکەوتی ١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٣ی دیاری کردووە بۆ جێبەجێکردنی داخوازییەکانی و هەڕەشەی هێرشی زەمینی و ئاسمانی دەکات لەسەریان، لە کاتێکدا ئەم ئۆردووگایانەی هەولێر و کۆیە و زڕگوێز نەبوونەتە جێگای مەترسیی سەربازی بۆ سەر دەوڵەتی ئێران و مافی پەنابەریی سیاسیش مافێکی ڕەوای هەموو ئینسانێکە و بەپێی “ڕێکەوتنامەی جێفی ساڵی ١٩٥١ و بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٨ کە جەخت لەسەر “پاراستنی مافی مرۆڤ و ژیانی پەنابەرانی سیاسی و خزمەتکردنیان لەڕووی ئەمنی و تەندروستی و مافی کار و مافی هەڵسووڕانی سیاسی و مەدەنی دەکاتەوە و دەوڵەتانی پابەند کردووە بە جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێکەوتنامە جیهانییەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی پەنابەران.”

‎بۆیە داواکارین:

‎١- لە حکوومەتی ئێران بیر لە ڕێگەچارەی ئاشتییانە بکاتەوە لە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانی و ڕێز لە سەروەریی دەوڵەتی ئیتحادی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێت.

‎٢- پارلمانی عێراق قەبووڵ نەکات کە دەستدرێژیی ئەمنی و سەربازی بکرێتە سەر ئەو پەنابەرانەی بەپێی عورف و یاسا جیهانییەکان هانایان بۆ وڵاتی دووەم بردووە و لە هەموو توندوتیژی و کوشتن و ڕفاندنێک بیانپارێزێت.

‎٣- هەوڵی بەپەلە و تەواوەتی بدرێت بۆ کۆتاییهێنان بەم بارگرژییانە چونکە مەسئولییەتی ئەمنی و ژیان و گوزەرانی پەنابەران لە ئەستۆی هەردوو حکوومەتی عێراق هەرێمدایە.