هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران مەحکووم دەکەین!

هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران مەحکووم دەکەین!
کاربەدەستانی سیاسیی و نیزامی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڕشەکانی خۆیان دژی خەڵکی سیڤیلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ لە باشووری کوردستان چڕتر کردووە. لە نوێترین لێدوانی بەرپرسانی ڕێژیم، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم وتوویە کە گوایە ئەگەر حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور تا ڕۆژی ١٩ی سێپتامبر چەک نەکرێن، ئەوان هێرشی نیزامی دەکەن. هاوکات بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، ڕێژیم کەرەستەیەکی زۆری نیزامی بۆ شارە سنوورییەکانی کوردستان گواستووەتەوە. هەواڵ و بەدواداچوونەکان دەری دەخەن کە ڕێژیم لە ئامادەکارییەکانی بۆ سنووربەزاندن و هێرشێکی دیکە بۆ سەر پەنابەرانی سیاسیی کوردی دانیشتوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە.

لە پاڵ هەڕەشەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم، هێزەکانی سەر بەم ڕێژیمە لە وڵاتی عێراقیش لە هەڕەشەکانی خۆیان بەردەوامن. جەبار عوده لە ڕێبەرانی هاوپەیمانی ئەلفەتح “الفتح” نوێترین کاربەدەستی نیزامیی نزیک لە ڕێژیمی ئێران لە عێراقە کە هەڕەشەی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتیی پەنابەر لە باشوور کردووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سێ دەیەی ڕابردوودا، سەدان پەنابەر و چالاکی سیاسیی کوردستانی ئێرانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا تیرۆر کردووە، لە کاتی چالاکییەکانی لاوان و منداڵاندا بۆمبی تەقاندووەتەوە، بەتایبەت لە چوار ساڵی ڕابردووشدا چەند جار بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەداخەوە بەو هۆیەوە دەیان کەس سیڤیل و پەنابەر کوژراون و بریندار بوون.

ئێمەی تۆمارکەرانی ئەم داخوازییە، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم هەڕەشانەی کاربەدەستانی ڕێژیم، داوا لە وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین ئاگاداری ئەو پیلانە نیزامی و تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران بن کە بەڕێوەن.
پێویستە ئەم هەڕەشانە بەهەند وەرگیردرێن، بۆیە داوا دەکەین هەموو لایەک بە هەموو تواناوە هەوڵەکانیان بۆ پێشگرتن لە هەر جۆرە هێرشێکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پەنابەرانی کوردی ئێرانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بخەنە گەڕ.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی نێرگز

٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢