چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەژێر ساباتی قاسملوو”

25399422 - blank vertical book cover template standing on white surface perspective view vector illustration

چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەژێر ساباتی قاسملوو”
“لەژێر ساباتی قاسملوو”، نوێترین بەرهەمی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاپ و بڵاو بۆوە.
“لەژێر ساباتی قاسملوو” ٤٨ وتار و توێژینەوەی لە خۆ گرتووە، کە تایبەت بە ٣٤ ساڵەی تێرۆری شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات نووسراون و، نووسەرانی سێ بەشی کوردستان لەو پڕۆژەیەدا وتار و بابەتیان هەیە.
عەلی بداغی، بەرپرسی بەشی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ “کوردستان‌مێدیا” ڕایگەیاند: مەبەست لەو پڕۆژەیە لێکدانەوە و شەن‌وکەوکردنی گۆڕانکارییە سیاسییە ڕۆژەڤەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و پرسی کورد لە ئێران و وڵاتانی دیکە بە ئیلهام‌وەرگرتن لە بیروبۆچوونەکانی د. قاسملوو بوو. تایبەتیتر بە سەرنجدان بە هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینا و لێکەوتە و دەرەنجامەکانی تا ئێستای و، حزووری فکری و ئایدیایی نەمر قاسملوو لەسەر شەقام و لەنێو دڵی ویست و داخوازەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا؛ بە پێویست زاندرا خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ کۆمەڵە چەمکێکی سیاسیی پێوەندیدار بە دۆخی نوێی شۆڕش و بزووتنەوەی سیاسیی کورد بکرێت.
عەلی بداغی لە لێدوانەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوە کە واقعبینیی سیاسی و گرینگیی بەنێونەتەوەیی‌کردنی پرسی کورد، پێگە و ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورددا، پرسی یەکیەتیی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، پرسی هاوچارەنووسیی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و پێویستیی گرێبەستێکی نەتەوەیی لە نێوانیاندا، پرسی لێک‌نیزیکی و هاوپەیمانیی نەتەوەکان بۆ چێ‌کردنەوەی ئێرانێکی دێموکراتیک بۆ هەمووان، نەتەوە و شوناسخوازیی نەتەوەیی وەک پرسێکی سیاسی و مافخوازیی کورد، هێزی یەکلاکەرەوەی خەڵک وەک داینەمۆی شۆڕشی جەماوەری، هونەر و ئەدەبییات لە ڕوانگەی د. قاسملوو، بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان و پرسی بەرگری ڕەوا لە ڕوانگەی یاسای نێونەتەوەیی و، ڕەخنەگرتن لە خۆ و دۆزینەوەی نەخشەڕێی نوێ بۆ پێشخستنی خەبات؛ چەند تەوەرێکی گرینگن کە لە شۆڕشی ژینادا بەرجەستە بوون و پێویستییان بە خوێندنەوە و شرۆڤە لە دەلاقەی ڕوانگەکانی حیزبی دێموکراتەوە هەبوو. ئەم کتێبەش بەرهەمی ئاوڕدانەوە لەو بابەتانەیە.